له ئیسپانیاش هەروەك لە فه‌ره‌نسا بەرهەڵستییەکی جەماوەریی سەربەخۆ ڕێکخرا
CNT-AIT
و. له فه‌ره‌نسیه‌وه: سه‌لام عارف
بزوتنه‌وه‌یه‌کی هۆشمه‌ندی دژه پارتیی هه‌موو ده‌وڵه‌ته به‌ناو دیموکراتییه‌کانی گرتۆته‌وه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا15ی ئایار له ئیسپانیا خۆپیشاندانێك دژ به پارته ڕامیارییه‌کان ڕێکخرا، له هه‌مان کاتدا ئه‌و خۆپیشاندانه بۆ به‌رقه‌رارگرتنی (دیموکراسی ڕاسته‌قینه!Democracia real-ya)بوو.
وا دوو هه‌فته‌یه خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌کان ئیسپانیایان گرتووەتەوە و لایه‌نگرانی گەلەکۆمەکێی سه‌ربه‌خۆش ته‌واو له‌و خۆپیشاندانه‌دا تواونه‌ته‌وه و سه‌رقاڵن.
ئه‌و ناڕه‌زاییه یه‌کجار قه‌ڵه‌باڵغه و دژی په‌رله‌مانبازی سەرمایەدارییە، ئه‌و دیارده‌یه جارێکی دی ئه‌وه‌مان نیشان دەداته‌وه، که چینە ژێردەستەکان دەتوانن خۆیان ڕێک بخه‌ن و نادەربەست نین و هۆشمه‌ندن.
جۆری ڕێکخستن له‌ناوجه‌رگه‌ی ئاماده‌باشییه‌کاندا نه‌شونما دەکات، نه‌شونماکردنه‌که‌شی له‌و هه‌وڵانه‌دا خۆی ده‌نوێنێت،که بۆ به‌شداریکردن له کۆبوونه‌وه و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کاندا دەدرێن، داواکاریه‌کانمان پێش هه‌موو هه‌ڵوێسته تاکخوازییه‌کان ده‌که‌ون، هه‌ر ئه‌وه‌شه ئاوای له ئێمه کردووه، که چاوەڕوانی ئە‌و سیستمە نیۆنه‌رایه‌تییه نه‌بین، چونکە ئه‌و سیستمه که‌سایه‌تیمان وردوخاش دەکات.
کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کان و کار و وته‌ی لیژنه‌کان وزه‌به‌خشی ئامرازێکن، که دەتوانێت به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵات ببێته‌وه و ته‌نگی پێهه‌ڵبچنێت.
بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و کاره، کاردانه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌سه‌ڵات دوانه‌که‌وت، ئه‌وه بوو هێزی ئاسایشی خاوه‌نشکۆ، ته‌قه‌ی له خۆنیشاندانه‌که‌ی مه‌درید کرد و چەندین که‌س بریندار کران، ئه‌مە بێجگه له‌وه‌ی، که خه‌ڵکێکی زۆر باڵبه‌ست کرا و له‌نێو گیراوەکاندا هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌كه‌ی ئێمه‌ش (کۆمه‌ڵه‌ی نێونەتەوەیی کارگەرانAIT) به‌رکه‌وتن، به‌ڵام دەسەلات نه‌یتوانی به‌زه‌بری پۆستاڵ بزووتنه‌وه‌که بێهێز بکات.
خۆڕێکخستن له ئه‌وروپا (ئیسله‌ند – ئینگلته‌را – پورتگال – ئیسپانیا و یۆنان)ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژی سیستمی په‌ڕپوت و هه‌ژاریی و دژی باجدانی قه‌یرانێك،که قه‌یرانی ئێمه نییه، واته ئێمه دروستکاری نیین، دژی هه‌موو ڕامیارییەکانی ڕامیار‌کاران، خه‌باتی کارگەرانی به‌شه‌کانی دیکەی دونیا به‌رده‌وامه و به‌رفراوانتر ده‌بێت.
سەرەرای ئەوەی که له فه‌ره‌نسا دیوارێکی کپکردن دروستکراوه، تا ده‌نگی ئه‌و بزووتنه‌وه ناڕازییه سه‌ربه‌خۆیه‌ی ئیسپانیا نه‌گاته خه‌ڵکی، ئێمه بۆ شکاندنی ئه‌و گه‌ماڕۆدان و کپکردنه، له زۆربه‌ی شاره‌کانداLille , paris , Clermonferrand , Tolose , Perpigan…. ده‌ستپێشخه‌ریمانکرد…
- کۆبوونه‌وه‌ی هاوپشتی لەتەك چه‌وساوه‌کانی ئیسپانیا، له‌شاریClermontFerrand
له‌سه‌ر داوای ڕێکخراوه‌یCNT-AIT دژی ئه‌و دیواری کپکردنە، ڕۆژی 21ی ئایار کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی بەرپا دەکەین، تاوەکو ئه‌وه بخه‌ینه‌ڕوو، که گشت پارته ڕامیارییەکان دژی ڕزگاربوونن و سه‌ندیکاکانیش ئامرازی ئایدلۆجیی ده‌وڵه‌تن و دژی ده‌وڵه‌ت هیچ کارێك ئەنجام نادەن، نه‌قیزه‌ی ده‌وڵه‌ت خۆی ده‌یانبزوێنێت.
ئێمه زۆر لۆمه دەکرێین، چونکه له پێناوی به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاریی سه‌ربه‌خۆدا خه‌بات دەکه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه خۆمان خه‌باتگێڕانی ئه‌و بواره‌ین و پێویستمان به‌وه نییه NPA وFDG یانSUD-CGT بێن و ده‌رباره‌ی ئیسپانیا چەنەبازیی بکەن و باسی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش لەتەك چەنەبازییەکەیاندا گرێبده‌نەوە، چونکه ئیسته له فه‌ره‌نسه، باس هه‌ر باسی هه‌ڵبژاردنه‌کانه.
ئیسپانیا، سروەی شۆڕش
یه‌كشه‌ممه 15ی ئایار له سه‌رتاپای ئیسپانیادا بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژ بە سیسته‌م و ته‌شه‌نه‌کردنی هه‌ژاری و به‌تاڵانبردنی سامانی دونیا، کۆبوونه‌وه‌کان و خۆپیشاندانه‌کان ڕێك دەخرێن، هاورێ ئیسپانییه‌کانمان به شه‌پۆلی چه‌ند هه‌زاری دژی هه‌ژاری و دێوەزمه‌ی به‌کاربردن (الإستهلاك)ی ده‌وڵه‌ت له ئیسپانیا بەوێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له سوریا، داده‌ڕژێنه سه‌رشەقامەکان، جا ( ئه‌و ده‌وڵه‌ته چه‌پ بێت یان ڕاست) شنه‌بای شۆڕش قبوڵ ناکات و پۆلیس و میدیاکه‌ی له‌سه‌رپێن، تازەترین نموونه، نمونه‌که‌ی مه‌دریده.
له مه‌درید پیاوانی ئاسایش هوروژانه جه‌ماوه‌ریه‌که‌یان دایه به‌ر ته‌قه و ده‌یان که‌سیان بریندارکرد و *** دوای ئابڵوقه‌دانی شار، ژماره‌یه‌کی زۆریش ده‌ستگیرکران و له‌نێو گیراوه‌کانیشدا هاوڕێیانی ئێمه‌ش هەبوون.
کوتوپڕ دوای ئه‌و ڕووداوانه میدیای سەرمایەداری بۆ پاساوهێنانه‌وه هاته گۆڕێ، لەتەك ئه‌وه‌شدا، که میدیا هه‌موو پرسەکان ده‌شێوێنێت، چارەی خۆڕێکخستنی بۆ ناکرێت، چونکه خۆڕێکخستن ڕێچکه‌ی خۆی گرتووه و تادێت فراوانتر و به‌هێزتر ده‌بێت، پێویستە ئه‌مڕۆ به‌ئاگابین و چاوه‌کانمان زیت بن و ئه‌وه بزانین،که دەتوانین ئه‌وه بڕوخێنین، که ده‌مان ڕوخێنێت،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەلەکۆمەکێکە لە زیادبووندایە، (مه‌یدانی پاشا) له مه‌درید جمه‌ی دێت، هه‌ر که تاریکیش تادێت، هێزی پۆلیس ده‌که‌وێته وێزه‌ی جه‌ماوه‌ر.
ئێمه خۆمان بۆ ئه‌وه ئاماده‌کردووه، که پشتگیری ئه‌و جه‌نگه کۆمه‌ڵایه‌تییه بکه‌ین، له (مه‌درید)ه‌وه تا ته‌رابولس، له (تونس)ه‌وه تا پاریس، ئازادکردنی ده‌ستگیرکراوه‌کانی (15ی ئایار)یشمان له‌بیر نه‌چووە****
سه‌رچاوه
http://cnt-ait.info/article.php3?id_article=1883
** ده‌مزانی ئه‌م نووسینه بۆ کاتی خۆی نوسراوه، من مه‌به‌ستم له وه‌رگێڕانی ته‌نها ئه‌وه‌بوو که به‌زمانی کوردی وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا بێت، به هیوای ئه‌وه‌ش، که گه‌نجه‌کانمان له خه‌باتی ڕۆژانه‌یاندا سوودی لێ وه‌ربگرن
*** سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه، هه‌ر له ڕۆژانی ئه‌و ته‌قه‌کردنه‌دابوو، که خاوه‌نشکۆی ئیسپانیا له ته‌له‌فزیۆنه‌وه به فەڕمی داوای لێبوردنی کرد، که ڕۆژێك له ڕۆژان له‌کاتی ڕاوکردندا ته‌قه‌ی له فیلێك کردوه!! و.ك
**** ئه‌و تێکسته به‌شێکه له‌و ( تراکته) که له کۆبونه‌وه گشتییه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار / 1
بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار
و. لە ئاڵمانییەوە: هەژێن
چیرۆکی ڕووداوەکەی هایمارکت (Haymarket)
مشتومڕی نێو بزووتنەوەی کرێکاری سەدەی 19 لە چەند پرسێکدا چەقی بەستبوو، لەوانە دەستلەکارکێشانەوەی هەرەوەزییانە، کە مانگرتنی گشتی کۆمەڵایەتی بوو بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکان. یەکێتییەکانی ئینگلتەرە لە 1ی ئایاری 1833دا 8 کاتژێر ڕۆژانەکاریان کردە ئامانجیان و بڕیاری مانگرتنی سەرتاسەرییان دا، کە تیایدا شتێكی ئاوا نەتوانرا بەتەواوی بهێنرێت دی. سەرمایەداری پیشەسازیی بۆ بزووتنەوەی تازە پێگرتووی کرێکاریی دژێکی بەهێز بوو، لەلایەکی دیکەوە ناسیونالیزم بەزۆری بەری بە هاوپشتییە سنووربەزێنەکان دەگرت.
پاش ئەوەی کە شۆرشی 1848/1849 بە سەرکوتنی بۆرجوازی نەتەوەیی کۆتایی هات،زۆرێك لە کرێکارانی سۆشیالیست بەرەو ئەمەریکا ڕەویان دەکرد. زۆرێکیان هزر و بیرۆکە ئەنارکیستییەکانیان لەتەك خۆیان بردە ئەمەریکا، لەوێ کە ژیان و هەلومەرجی کارکردن زۆر خراپتر بوو لە ولاتانێك کە لێوەی هاتبوون. بەتایبەت لە یەکەمین قەیرانی ئابووریی لە ساڵی 1857وە تا گەرمەی قەیرانەکە “داتەپینە گەورەکە”، لە ساڵی 1883وە کرێکاران بەدەست بێ‌کاری و بێسەرپەناییەوە گیرۆدە بوون.
لەبەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاریی ئە‌و کاتدا، لە ئیمپراتۆریی تازە پێکهێنراوی ئاڵمان‌دا ساڵی 1878 یاسا کۆمەڵایەتییەکان ”لەدژی جالاکییە مەترسیدارەکانی سۆشیال دیمۆکراسی” پەسەند کران. لە پێکهێنانی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکاران (IAA) لەساڵی 1872دا، سۆشیالدێمۆکرات و کرێکارانی ئاڵمان گەورەتری هێز بوون. بەم جۆرە جێی سەرسووڕمان نییە، کە زۆرێك لەو سەدان هەزار کرێکارە ئاڵمانەش لە ئەمەریکا خۆیان لە یەکتییەکاندا ڕێکبخەن. “پاڵەوانانی کار” (Knights of Labor) کە ساڵی 1869 لە فیلادیلفیا پێکهێنران، بوونە پێشینەی “یەکێتییە کرێکارییەکان“ی دواتر.
پرسی توندوتیژی
لە سەردەمی مانگرتنی گشتی هێڵی شەمەندەفەری1877وە، یەکێتییەکان جەماوەرێکی زۆریان لی کۆبووبووەوە، بەڵام لەلایەن بەکڕیگیراوان و مانشکێنانی چەکداری نووسینگەی (Pinkerton Agency) وەك پێسپڕدراوی سەرمایەدارەکان، دژایەتی دەکران. پۆلیس و میدیاکانیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕا، بۆ نموونە ”New York Tribune” ئاوا داوای دەکرد، کە پێویستە خۆپیشاندانی کرێکارانی مانگرتوو بە نارنجۆك تێکبشکێندرێن. لە بەرامبەردا وەك ڕێکخراوی چەکداری خۆپاراستن، لە هەندێك لە شارەکانی ئەمەریکادا یەکێتیی “فێرکاریی و ئەنجومەنی خۆپارێزی” پێکهێنران. هەڵدەستان بە ڕاهێنانی تەقەکردن و ڕێپێوانی ساڵیادی کۆمونەی پاریس. ساڵی 1880 “پارتی سۆشیالیستی کرێکاران” لەسەر پرسی چەکداربوون بوو بە دوو باڵەوە، باڵی ڕاستی پارلەمانی و باڵی چەپی شۆڕشگێڕ.
هاوکات لە نیویۆرك ئەنارکیست و نوێنەری پارلەمانی جارانی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان یوهان مۆست Johann Most نووسەری “زانستی جەنگی شۆڕشگێڕانە” وەك “پرۆپاگەندەی چالاکی”، لە شیکاگۆ ئەلبێرت پێرسن Albert Parsons و ئاوگوست شپیس August Spies ی ئاڵمانی ناسراوترین قسەکەری بزووتنەوەی کرێکاریی توندوتیژ بوون. شپیس لە “ڕۆژنامەی کرێکاری شیکاگۆ“ی ئاڵمانی زماندا کاری دەکرد و پێرسنس ڕۆژنامەی “ئاگاداری” Alarmی ئینگلیزی زمانی دەردەکرد. ساڵی 1883 هەدووکیان لە شاری Pittsburgh پێکەوە لەتەك سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ئەنارکیستەکانی دیکەدا لەسەر شێوازی میخائیل باکونین لە نێونەتەوەیی یەکەم، کۆمەڵەی نێونەتەوەیی خەڵکی زەحمەتکێش (کەسانی کرێکار) „International Working People’s Association (IWPA)“یان پێکهێنا.
تێکەڵەی ئەنارکیزم و سەندیکالیزم ئەوسا وەك “بیرۆکەی شیکاگۆ - Chicago Idea ” دەخرایە ڕوو. لە هەژمارێکی زۆر ڕۆژنامەدا “نێونەتەوەیی ڕەش” پاگەندەی بۆ پلانە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بە زمانی ئاڵمانی، ئینگلیزی و چێچی دەرکرد. بەتەنیا لە شیگاکۆ پێنج ڕۆژنامەی دەردەکرد، لەوانە “ڕۆژنامەی کرێکاران – Arbeiter-Zeitung” کە لەلایەن ئاوگوست شپیس، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer و میشایل شڤاب Michael Schwab ەوە، ڕۆژانە بە تیراژی 6.000 دانە دەردەکرا.
خەبات لەپێناو 8 کاتژێر ڕۆژانەکاردا
ساڵی 1884 “کۆنگرەی یەکێتییە فیدراڵییەکان و کۆمەڵە کرێکارییەکان” دواتر ناسراو بە “فیدراسیۆنی کرێکارانی ئەمەریکا“ی ئەمەریکای باکووری بڕیاری دا داواکاری 8 کاژێر ڕۆژانەکار وەك سەرخەتی ناوەندیی خەباتی داهاتوو بێت.
سەرەکیترین داواکاری کرێکاران کەمکردنەوەی ماوە (کاتژێر)ی کار بوو. هەر لەسەر ئەمە بوو کە کرێکاران لە یەکی ئایاری 1886دا خەباتی خۆیان لەسەر کەمکردنەوەی ماوەی کار، توندتر کردەوە.
لە یەکی ئایاری 1886دا، زیاتر لە 340.000 کرێکار لە ئەمریکا دەستیان لەکار کێشایەوە، تەنیا لە شیکاگۆدا هەژماری کرێکارانی مانگرتوو 40.000 کەس بوو. چەند ڕۆژ دواتر پۆلیس لە مەیدانی هایمارکت Haymarket دەستیان بە ڕەشەکوژی کرد. سەرەنجام لەو پێکدادانەدا زیاتر لە 7 کەس کوژران، لەلایەکی دیکەوە لە راگەیاندنەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیێنرا، کە ئەفسەرێکی پۆلیس بەهۆی بۆمبی دەستی ئەنارکیستێکەوە کوژراوە و هەروەها 6 پۆلیسی دیکە لە پێکدادانەکاندا کوژران. هەژماری برینداران لە هەردوولا لەنێوان 30 تا 40 کەس ڕاگەیێندرا. کەمکردنەوەی دوو کاتژێر لە ( 10 کاژێر زیاتری) ڕۆژانەکار، بۆ سەندیکالیستە ئەنارکیستەکان، ڕیفۆرمیستی دەهاتە بەرچاو، بەڵام سەرەرای ئەوەش پشتیوانیان لە کەمپەینەکە دەکرد. داواکارییەك کە لە ساڵی 1960ەوە لەجێی خۆی مابووەوە، دەبوو لە یەکی ئایاری 1886دا بە مانگرتنی سەرتاسەری بسەپێنرێت. لە شیکاگۆ “یەکێتی ناوەندیی کرێکاران - Central Labor Union” شەممەی پێش 1ی ئایار خۆپیشاندانێکی گەورەی بە بەشداری نزیکەی 25.000 کەس بەرپاکرد. لە خودی یەکی ئایاردا مانگرتن لە ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەمەریکادا زیاتر لە 300.000 کرێکار، بەتەنیا لە شیگاکۆ 40.000 کرێکار دەستیان لە کار کێشایەوە و لەسەر شەقامەکان 80.000 خۆپیشاندەر یەکیان گرتبوو.
پێشتر لە ئەپڕیڵی 1886دا لە شیکاگۆ لە کارخانەی میك‌کارمیك McCormick، کە درەوکەر (ماشێنی درەوکردن / دەراسە) ئامادە دەکرا، زۆربەی کرێکارەکان لەبەرامبەر ڕەفتاری نامرۆڤانەی شوێنی کار، بڕیاری مانگرتن دەدەن. ئە‌و کات لەبەرامبەر 12 کاتژێر ڕۆژانەکار بەگشتی 3 دۆلاری ئەمەریکی دەدرا، کە مرۆڤ دەیتوانی لە چێشتخانەیەکدا تەنیا ئێوارە ئێوارەخوادنێکی هەژارانەی پێ بکڕێت. خاوەنکار ڕێگری لە چوونەسەرکاری تێکرا کرێکارەکان دەکات، تاوەکو نزیکەی 1000 شوێنکاری خاڵی، بە کۆچەرانی تازە پڕ بکاتەوە، کە لە ئاوا بارێک‌دا لەبەر دەرگەی کارخانەکاندا بۆ پەیداکردنی کار دەوەستان. وێڕای بانگەوازی “ڕۆژنامەی کرێکار“، بۆ ئەوەی مانشکێنی نەکرێت، هێشتا 300 کەس بۆ داخوازی کار خۆیان ناونووس کرد. ئێوارەی 1ی ئایاری 1886 لە مەیدانی هایمارکت لە شەقامی ڕاندۆڵفRandolph Streetی شیکاگۆ کۆبوونەەیەکی کرێکاری کرا و ئەوەبوو کە مانگرتنی چەند ڕۆژەی کارخانەی میك‌کارمیك McCormick ی بەدوادا هات.
شیکاگۆ 1886
لە 3ی ئایاردا پۆلیس ڕژایە ئە‌و ناوە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی مانگرتنی 6.000 خۆپیشاندەر لە نزیکی کارخانەی مێك‌کارمیك بڵاوە پێ‌بکات. لە پێکدادانەکانی دواتردا 6 کرێکار کوژران و زۆرێك بریندار بوون. لە شەوی پێش 4ی ئایاردا هەزاران خۆپیشاندەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر توندوتیژی پۆلیس کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی هایمارکت بەرێکەوتن. سەرلەنوێ پۆلیس هەوڵی دا وەك ئەوەی ڕۆژی پێشوو، بە توندوتیژی بڵاوەی پێ بکات. سەرەرای ئەوەش کاروانی ناڕەزایەتی کرێکاران توانی بەرەویێش بڕوات و ئاشتییانە تێپەڕی. پارێزگاری شار هێرسن Harrison، کە بەخۆی لەوێندەرێ چاودێریی ئاساییشی شارەکەی دەکرد، زوو بەرەو ماڵ چووەوە.
نزیکەی 1000 خۆپیشاندەر، کە زۆربەیان کرێکاری ئاڵمانی بوون، گوێیان لە وتاردانەکان ڕاگرتبوو. دەمەو ئێوارە پاش ئەوەی ئەنارکیستانی ناسراو ئەلبێرت پێرسنس، ئاوگوست شپیس و ساموێل فیڵدن وتارەکانیان دا، بارودۆخەکە دژوارتر بوو. هێزی پۆلیس لە کۆڵانەکانی دەوروبەرەوە بە چەکەوە ئامادەباش وەستابوو. هەرکە هەوری باراناوی ئاسمانی تەنییەوە، زۆرێك لە خۆپیشاندەران شوێنی ناڕەزایەتییەکەیان جێهێشت، تەنیا نزیکەی 300 کەس لە وێندەرێ مانەوە.
کەمێك پێش کۆتاییهاتنی قسەکانی ئاوگوست شپیس، پشکێنەری پۆلیس بۆنفیڵد Bonfield فەرمانی هێرشبردن دەدات. 200 پۆلیس بەرەو ئۆتۆمەبێلی سەکۆی قسەکردنەکە کەوتنەڕێ و چوارلایان گرت، کاتێك کە بۆمبەکە هەڵدایە نێوەندی خەڵکەکە. دەستبەجێ پاش تەقینەوەکە، پۆلیس دەستی بە تەقەکردن لە کرێکارەکان کرد. لە شوێنی ڕووداوەکەدا پۆلیسێك کوژرا و شەش کرێکار دواتر بەهۆی برینداربوونیانەوە مردن. ئەوەی کە وتاردەرەکان وەك ئەنارکیست ناسراوبوون، پۆلیس و راگەیاندن ئاوایان لێكدایەوە، کە ڕووداوەکە هێرشێکی ئەنارکیستییە بۆ سەر پۆلیس. هەرچەند لەلایەن دادگەوە هیچ بەڵگەیەك بۆ وەها پەیوەندییەك نەتوانرا بخرێنە ڕوو.
سەرەرای ئەوەی کە لەو ساوە تا هەنووکەش هیچ کەس وەك هەڵدەری بۆمبەکە نەناسراوە، کەچی 8 کەس ، کەسانێك کە بەشداری ڕێکخستنی مانگرتنەکە بوون، سکاڵایان لەسەر تۆمار کرا و لە ئۆگوستی 1886دا تاوانبار کران. هەرچەندە تەنانەت بەڵگەی بەشدارنەبوون و تاوانبارنەبوونیان هەبوو، دادوەر جۆزیف گاری Joseph Gary بە تاوانباری ناساندن، گوایە بۆمبهەڵدەرەکە لەسەر بنەمای بۆچوونی ئەنارکیستانەی ئەم کەسانە بەکارەکە هەستاوە. لەسەر ئە‌و بنەمایە ئەوان تاوانبارن، هەروەك ئەوەی کە بەخۆیان بە هێرشەکە هەستابن. شایانی باسە خەرجی پارێزەری تاوانبارکراوان، نزیکەی 50.0000 دۆلار بوو، کە لە پارەی کۆمەكی هاوپشتی لە هەموو لایەکی جیهانەوە دابین کرا.
سزادراوان گیۆرگ ئێنگل Georg Engel (نیگارکیش خەڵکی کاسڵ- ئاڵمان) ، ساموێل فیڵدن Samuel Fielden (کرێکاری بارکردن خەڵکی لەنکشەیر - ئینگلاند) ، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer (جاپگەر خەڵکی برێمن – ئالمان) ، لویس لینگ Louis Lingg (دارتاش خەڵکی مانهایم-ئاڵمان) ، ئۆسکار نێبە Oscar Neebe (لولەکیش خەڵکی نیویۆرك، تا سەردەمی لاوی لە کاسڵ ژیاوە) ، ئەلبێرت پێرسنس Albert Parsons (جاپگەر خەڵکی ئالاباما) ، میشایل شڤاب Michael Schwab (پەرتووکچن خەڵکی ئونتەرفرانکین- ئاڵمان) ، ئاوگوست شپیسAugust Spies (مۆبیلدانەر خەڵکی هێسن- ئالمان). پاش دادگەییکردنێکی ڕواڵەتییانە (شانۆگەرییانە) بە بەڵگەی دۆرینەوە، لەلایەن لێژنەیەکی سوێندخۆری ساختەوە بە لەسێدارەدان سزا دران. هەروەها ئۆسکار نێبە بە 15 ساڵ زیندانی سزا درا. لویس لینگ لە ژووری زینداندا بەهۆی دەمانجەیەکی بەقاجاخ بەدەستهێنراو خۆکوژی کرد و لایەکی سەری هەڵتەقاند. دادگە و دەسەلاتداران بەزۆر ئە‌و بڕئارەیان سەپاند و داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکە لە سەرەتای نۆڤەمبەری 1887دا لەلایەن دادگەی بالاوە ڕەتکرایەوە.
سزای لەسێدارەدانی ساموێل فیڵدن و میشایل شڤاب لەلایەن فەرماندارOgelsby ەوە گۆڕدرا بە سزای زیندانی هەمیشەیی. ئێنگل، فیشەر، پێرسنس و سشپیس لە ڕێکەوتی 11ی نۆڤەمبەری 1887 لە زیندانی Cook County لەسێدارە دران. سەدان هەزار کەس لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و بەگۆڕسپاردنی لەسێدارەدراواندا لە گۆڕستانی ڤاڵدهایم Waldheim لە ( Forest Park Illinois) بەشدارییان کرد. ڕۆبێرت ڕایتسیڵ Robert Reitzel ی ئەنارکیست خەڵکی بادن Baden، بەو بۆنەوە وتارێكی خوێندەوە. لە ساڵی 1893وە لەم گۆڕستانە، پەیکەرێکی یاداوەی بۆ قوربانیانی ڕووداوەکەی هایمارکت دانراوە.
هەروەها لە ساڵی 1893دا هەر سێ زیندانی، فیڵدن ، نێبە و شڤاب لەلایەن فەرماندار (پارێزگار) جۆن ئاڵتگێڵد John Altgeld وە بە بێ‌تاوان و قوربانی دادگە ناسران و لێبوردیان بۆ دەرچوو. ( ساڵی 1936 دەستەیەکی لێکۆڵینەوە بەو سەرەنجامە گەیشت، کە هەموو 8 سزادراوەکە بێ‌تاوان بوون). ئۆسکار نێبە پاش ئازادکردنی وەك پێشتر لە بزاڤی کرێکاریدا چالاك مایەوە. دواتر بووە ئەندامی کرێکارانی پیشەسازیی جیهان ( IWW – Industrial Workers of the World ) و لە میتینگی 1ی ئایاری 1906ی شیکاگۆدا قسەکەری یەکەم بوو. نێبە ساڵی 1916 مرد و لە گۆڕستانی ڤاڵدهایم لەتەنیشت پەیکەری یاداوەری “گیانبەختکراوانی هایمارکت“دا بەخاك سپێردرا.
پاشان، سەرەڕای ئەوەش، سزاکە و جێبەجێکردنەکەی بوونە هاندەری ناڕەزایەتی بەردەوامی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرتاسەری جیهاندا. 1888 فێدراسییۆنی کرێکارانی ئەمەریکا ( American Federation of Labor – AFL) بڕیاری دا 1ی ئایاری 1890 بکرێتە ڕۆژی خەبات بۆ سەپاندنی 8 کاتژێر ڕۆژانەکار. هەرچەندە کە لە ئاڵمان پارتی سۆشیالدێمۆکرات دژی بانگەوازی مانگرتنی گشتی بوو، لە هەموو شارەکان مانگرتن و کۆبوونەوەی جەماوەری بەرپاکران. زیاتر لە 100.000 کرێکار بەشدارییان تێددا کرد، بەتایبەت شاری هامبورگ Hamburg.
دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی “ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی“ سۆشیالدێمۆکرات لە ساڵی 1889دا بڕیاری دا 1ی ئایاری بکرێتە “ڕۆژی خەباتی” سالانەی بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن دەستی پێکردووە. بەڵام هەروەها هەر لە دەستپێکەوە لەناو بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە1ی ئایار هەبوو: لە فەرەنسە لە ساڵی 1892دا هەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە سیباستیان فۆرێ Sebastien Faure، وتی “چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو سەکۆیەکی دەستەمۆکراوە بۆ هەڵبژاردنی دەسەلاتخوازان، تا لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پارلەمان هەڵببژێردرێن”. ساڵی 1893 لە کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە مارسێل Marseille جارێکی دیکە ئاراستەی خەباتکارانی 1ی ئایار وەك ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر کرایەوە، شتێك کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆشیا دێمۆکرات واوەتر بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی 1896 کاتێك کە ئەندامانی ئەنارکیست لە نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم دەرکران، ئە‌و لێکدابرانە فراوانتر بوو.
هاوپشتی نێونەتەوەیی لەبری ناسیونالیزمی خۆجێی
ئەوڕۆکە بۆ زۆرینەی زۆری کرێکارانی کرێکرتە (پابەند بە مووچە)، 1ی ئایار واتایەکی زۆر نابەخشێت. زۆر دەمێکە چیتر “ڕۆژی خەباتی چینایەتی” نییە. لەبری ئەوە 1ی ئایار بۆ زۆرێك هەلێکی گونجاوە بۆ گەشتێکی خێزانی بۆ ناو سەوزایی (پارك و باخی کەنار شار)، یا لەوانەیە بۆ ڤورست [قیمەیەکی خۆشەکراوە بۆ برژاندن] خواردن لە جەژنی سەرشەقامی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان (DGB). لەوێندەرێ وتاری فریودەرانەی سەرانی یەکێتییەکان، ئەوانەی کە لەبارەی “هاوپەیمانی لەپێناو کار ” لەتەك خاوەنکاران وەك پێداویستی و هەنگاونان بۆ پێشەوە، قسە دەکەن، پەخش دەکرێت.
بۆ ئە‌و مەبەستە سەرانی یەکێتییەکانی (DGB) پارێزگاری لە “ئا‌ڵمانیا” بە هەموو هێزە ناسیونالیستەکانییەوە لەبەرامبەر کێبرکێی وڵاتانی کرێ کەم (کار هەرزان)ی ئۆروپای خۆرهەلاتی و ئاسیا، دەکەن. تەنانەت ئەمە واوەتر دەڕوات، کە (IG BAU ) پێکەوە لەتەك کاربەدستانی گومرگ دەچنە شوێنەکانی کارکردن (خانوو و تەلارکردنەوە)، تاوەکو کاری تۆمارنەکراو (ڕەش) و شێوەکانی دیکەی کارکردنی نایاسایی لەناوبەرن. کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی ئەندامانی، بەشێوەیەکی سەرەکی کرێکارانی شارەزا، بە پاراستنی پلەی مووچە و مافی خانەنشینی، نوێنەرایەتی دەکات. بۆ بەشێکی ڕوو لە زیادی خەڵك، ئەوانەی کە لە دەرەوەی پلەی مووچە ( ناجێگیر/ نایاسایی)ن، 1ی ئایار بەهیچ شێوەیەك ڕۆژی پشوو نییە و پاداشتی پشوویان بەرناکەوێت.
شەقام خاوێنگەران، قاپشۆران و سەرپەشتیگەرانی مناڵان و پیران، چایچی و قاوەچییان، کرێکارانی فەرمانگەکان- بەردەوام زۆتر کارە پێویستەکانی کۆمەڵگە بەهۆی کرێکاری قەرزکراوەوە (کرێکاری کاتیی وەرگیراو لە نووسینەگانی کار)، نیوەکاران یا یەك یۆرۆ کارەوە پڕ دەکرێنەوە. کاری زۆرەملێیانەی دەوڵەتی لەلایەن ARGE (گروپی کار) و فشاری کرێی کەمی بازارەوە لەشکری “کارکەرانی هەژار” لە ئا‌ڵمانیا دەسەبەر دەکەن. بۆ یەکەمین جار پاش دووەمین جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەشێکی دانیشتوان ناچار کراون و خراونەتە ژێر هێڵی هەژاری، لەو شوێنانەی کە دەمێکە “پڕۆلیتاریای بیانی“ی (بە دەربڕینی “یەکێتی پۆلیس“) لێیە. بۆ ئەوەی خەبات دژی وەها بارێك ڕۆژانە بەڕێبخرێت، ئەرکی یەکێتییەکانە. دەی ئەگەر DGB نەیکات، ئەوا ئێمە بەخۆمان دەیکەین!
بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار / 2
بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار
و. لە ئاڵمانییەوە: هەژێن
بەشی دووەم
چیرۆکی (بەشداریی کۆمەڵایەتی)
هاوپەیمانی چینایەتی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان ڕیسا [سوننەتی] خۆی هەیە : ساڵی 1920 لە کۆماری ڤایمارەرWeimarer دا یاسای شوراکانی کارخانەی ئیمپراتۆری ئاڵمان پەسەند کرا. پاش جەنگی دۆراوی یەکەمی جیهانی (1914-1918) و شۆڕشی نۆڤەمبەری کرێکاران – و شوراکانی سەربازان (1918/19) سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانی وەك دەستەبژێری سەروەر خۆیان سەپاند. هەر ئە‌و سۆشیالدێمۆکراتە، ساڵی 1914 دەنگی بە جەنگی ئیمپراتۆریی دا، تاوەکو دیسانەوە لەلایەن هێزە کۆنەپەرستەکانەوە وەك “نانیشتمانی” سووکایەتییان پێنەکرێت.
ڕابەڕانی پارتی سۆشیالدێمۆکرات ئالمان ئیبێرت Ebert و نۆسکە Noske دەیانەویست بەشی خۆیان لە ولاتانی داگیرکراو “شوێنێك لەبەر خۆرەتاو” بپچڕن، لەو ڕووەوە یەکێتییە سۆشیالدێمۆکراتەکانیش لەوپێناوەدا ئامادەبوون، لە کاتی جەنگی ئیمپریالیستانەدا دەم و دەست و پێ بەستراو بن. ئەم گونجانە چینایەتییە وەك “هودنە” بووەتە سیمبوڵی میانجیکاریی و هاریکاریی (corporatism) یەکێتییەکان. ئیمپراتۆر (قەیسەری پروس) بە بەفەرمیناسین لە “یاسای کۆمەکیی خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان“ی 1916دا سوپاسگوزاری کردن. لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان ئەنجومەنی ناوەندیی کار (ZAG) لەتەك پیشەسازیدا سەرلەنوێ لە سالانی 1918 تا 1924 گیانی سازشکارانی تەبایی چینایەتی یەکێتییەکان خۆی دەردەخاتەوە.
1919 : ڕۆژی پشوو و ڕەشەکوژی
لەتەك سەرکەوتنی سۆشیالدێمۆکراتی لە کۆماری ڤایمەر Weimarer دا، ساڵی 1919 ئیتر ڕۆژی 1ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“. بۆ ئەوەی چیتر یاداوەری کوشتاری مانگرتنە جەماوەرییەکەی 1886 لەپێناو 8 کاتژێر ڕۆژانەکاردا، نەبێت. سۆشیالدێمۆکراتەکان دەیانویست پشوویەکی یاساییانەی دەوڵەتیی، وەك “باڵاترین ئامانج پاراستنی کرێکاران و ئاشتی جیهانیی هەمیشە دابین‌کراو” نیشان بدەن. دەبوو ئەمە ببێتە “ئامرازێك بۆ یەکگرتن و تەبایی تەواوی گەل“.
لە یەکەمین 1ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی 1919دا کۆماری شۆڕشگێڕی میونیخ (Münch) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران. هەزاران زیندانی کران و بە کوشتن یا زیندانی هەمیشەیی سزا دران. سۆشیالدێمۆکراتی ترسی ئەوەی هەبوو، کە لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم ڕۆژە دووبارە ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەك کرێکاراندا. هەر لەبەرئەوە ئە‌و “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“یە دەستبەجێ هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام سەرەرای ئەوەش لە زۆر بەشی (کۆماری ڤایمەر)دا ڕۆژی 1ی ئایار بە ڕۆژی پشوو مایەوە.
لە ئەپڕیڵی 1920دا میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات ڕێگەی دا بە کۆمەکی هێزی پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشت‌وبڕ بکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد. ئە‌و هێزە سەربازییانەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان” شۆڕشی نۆڤەمبەری 1918یان سەرکوتکرد، سەرلەنوێ بە چاوپۆشی میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات، بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانیان خەڵتانی خوێن کرد. بەڵام سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانیان لەو ئاستەدا نەبوون ئەزموون وەبگرن و بەر بە هەڵکشانی سۆشیالیزمی نەتەوەیی بگرن.
لە ساڵی 1924ەوە خۆپیشاندانەکانی 1ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە) قەدەخە بوون، لەبەرئەوە لەو سالانەدا هیچ شتێکی ئاوا نەهاتووەتە ڕوودان. ساڵی 1929 لە وەها بارێک‌دا سەرۆکی پۆلیسی بێرلین Zörgiebel خۆپیشاندانی 1ی ئایاری سەرکوت کرد، بۆ ئەوەی بەر بە مانگرتنی ڕۆژی 2ی ئایار، کە پارتی کۆمونیستی ئاڵمانیان (KPD) رایگەیاندبوو، بگرێت. لە (بەرلین) پایتەختی پروس، لەوێ کە 1ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان)ەوە ئەم ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی 8 هەزار کرێکار لە گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆپیشاندانی 1ی ئایاریان بەرپاکرد. هەرچەندە کە پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان تەنیا خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناو هۆڵەکان بوو، سۆشیالدێمۆکراتیك کوژرا، لەسەر ئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرەکەی دابخات. سەرۆکی پۆلیس Zörgiebel ی سۆشیالدێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو ڕۆژی دواتردا هەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتنی بە چەکی قورسی وەك دۆشکە سەرکوت کرد. 30 کەس لە نزیکەی 25 هەزاری خۆپیشاندەری بێچەك کوژران و سەدان کەسیش بریندار کران.
سۆشیالدێمۆکراتی و کۆنفیدراڵی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB)
شالیاری کاری ئەوسای ولات تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری “دێمۆکراتی ئابووری“ی بۆرجوازی) لە ساڵی 1921ەوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو، خۆپیشاندان نییە!” لایپارت هەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرهەڵستی دژە فاشیستانەی کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت.
پاش دەسەڵاتسپاردن بە سەرۆکشالیارانی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان ئادۆلف هیتلەر Adolf Hitler لە 1933دا، لایپارت هەوڵێکی ناکامی دا یەکێتییەکانی ئاڵمان بداتە پاڵ میرایەتی یاسایی نازی. لە ترسی لەنابردنی یەکێتییەکان، ئە‌و لە دژی ڕامیاریی مانگرتنی جەماوەری لە قسەکردن بەردەوان بوو و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی زارەکی و بێلایەنیی ڕامیاریانەی پارتیی، پشتی تێکرد.
دیکتاتۆری نازیی و کولتوری کار (کارپەرەستی)
لە 19. ئەپڕیڵی 1933دا کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان ADGB ڕایانگەیاند، ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لە جەژنیی دەوڵەتیی ئایاردا بەشداری بکەن. کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان داوای لە دەوڵەت کرد، کە “هێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێك لە دەوڵەت”ی پارتی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (سۆشیال نەتەوەیی). لە 1ی ئایاری 1933دا بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەك نازییەکان بەکردەوە ڕێپێوانیان کرد. لە بێرلین لەبەردەم یەك ملیۆن ئاڵمانیدا هیتلەر ڕایگەیاند “سیمبولی خەباتی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی نەتەوە”. ئیتر دژە جولەکەبوون و دژە کۆمونیستبوون کرانە ئایینامەی دەوڵەت.
لە ڕۆژی دووەمدا (02.05.1933) نازییەکان بەهۆی “کۆمیتەکانی چالاکی بۆ پاراستی هێزی کاری ئاڵمانی- Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeit”ەوە کۆمەڵە کرێکارییەکان، بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستیان بەسەردا گیرا و سەرانی یەکێتییەکان (وەك تیئۆدۆر لایپارت) لە “زیندانی چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجە دران و هەندێکیان کوژران.
ناسیونال سۆشیالیستەکان (نازییەکان) لەڕێی زۆرەوە خەباتی چینایەتییان لەنێوبرد و بە “تێکۆشانی نەژادی“ی جێگەیان گرتەوە. لەجێی بەشداریی و دەنگداریی کرێکاران لە کارخانەدا، “رابەری کارخانە” و “بەرەی کاری ئاڵمان(DAF) “یان دانا. هەموو کرێکاران وەك “وەفاداری” کرانە ئەندامی زۆرەملێیانەی بەرەی کاری ئاڵمانی (DAF) و ئەنجومەنە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران و کارمەندان کرانە یەکێتی یەکەیی [تاك یەکێتی - single union].
مافی مانگرتن هەڵوەشینرایەوە و دەبوو “بڕواپێکراوانی کار- Trustees of the work” وەك میانجیکار لە مشتومڕەکاندا ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان خاوەنکار و هێزی کرێکاراندا لە شوێنەکانی کاردا دابین بکەن. دەبوو هەموو ساڵێك بۆ 12 مانگ 1ی ئایار ناو بنێن و ڕاستەوخۆ لەژێر فەامانی شالیاریی کاری دەوڵەتی ئاڵمان‌دا بوون. “ڕۆژی خەباتی چینی کرێکار” ی جاران کرابووە سیمبوڵی “کاری داهێنەرانە” وەك “نیشانەی هاوپشتی نەتەوەیی” لە “شۆشیالیزمی نەتەوەیی“دا.
لە ساڵی 1934ەوە 1ی ئایار چیتر هیچ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکارەوە نەمابوو و ناوی نرا بوو “ڕۆژی پشووی نیشتمانی نەتەوەی ئاڵمان”. دەبوو بە ڕازاندنەوەی درەختی ئایاری maypoles ، گۆرانیبێژیی، کاروانی ترومبێل و ڕپێوانی سەربازیی،1ی ئایار وەك جەژنی نەتەوەیی بێتە بەشی سەرەکی لە ئایدیۆلۆجی شۆشیالیزمی نەتەوەیی (NS). لە زۆر شوێندا وەك لاساییکردنەوەی پێشەنگیی بێرلین لە 1ی ئایاری 1933دا، تەنانەت درەختیان دەچاند، ئەوەی کە پێیان دەوت “داربەڕووی هیتلەر”. هاوکات نازییەکان بە تیرۆر و ڕاونان پاشماوەی بزووتنەوەی کڕیکاریی (ئا‌ڵمانیا و نەمسا)یان سەرکوتکرد. زۆرێك لە ئوردووگەکانی قەڵاچۆکردندا لەتەك جوولەکەکان و “ناکۆمەڵایەتییەکان – Asozialen (لە ڕوانگەی نازییەکانەوە)” بەهۆی کاری زۆرەملێوە لەناو بران. بەڕێکەوت نەبوو، کە لەسەر دەرگەی ئوردووگەی قەڵاچۆکردنی داخاو Dachau ، دروشمی : “کار مرۆڤ ئازاد دەکات - !Arbeit macht frei” نووسرابوو. ئەم بارە بەردەوام دەبێت تا ئە‌و کاتەی کە هێزەکانی بەرەی دژ لەپێس هەموویانەوە یەکێتی سۆڤیە‌ت و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 8ی مای 1945دا کۆتایی بە دیکتاتۆریی سۆشیالیزمی نەتەوەیی دەهێنن.
یەکی ئایار پاش 1945
لە ساڵی 1946دا 1ی ئایار وەك ڕۆژی پشوو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە فەرمی ناسرا. بەڵام هێشتاکە دەتوانرا بانگەواز و کۆبوونەوە ئایارییەکان بەرتەسك بکرێن. ئەمڕۆکە لە ئا‌ڵمانیا یەکی ئایار ڕۆژی پشووی یاسایی و پاڕێزراوە. لە ڕووی یاساییەوە پرسێکی هەرێمییە، بۆ نموونە لە هەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستفالن NRW ئەم ڕۆژە ناوی ” ڕۆژی پابەندبوونە بە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تەبایی نێونەتەوەیی و ڕێزی مرۆڤایەتی“.
لە دەوڵەتەکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی خۆرهەڵاتیدا، ڕۆژی یەکی ئایار وەك “خەباتی نێونەتەوەیی و ڕۆژی پشووی خەڵکی کرێکار بۆ ئاشتی و سۆشیالیزم” لەلایەن فەرمانڕەوایە مارکسیست-لێنینیستەکانەوە دیاری کرابوو. بەشداریکردن لە ڕێپێوانە سەربازییەکاندا بە بەردەم ڕیزی ئەندامانی پارت و میوانەکانیاندا، ئەرکی بێچەندوچوونی کرێکاران و خوێندکاران بوو. وەك سیمبولی 1ی ئایار گوڵەمێخەکێکی سوور پێشکەش دەکرا یا وەك یاداوەریی سەرکوتکرانی بزووتنەوە کرێکارییەکان دادەنرا.
یەکی ئایار وەك نیشانەی دژەکۆمونیستانەی خۆرائاوا
پاپ پیوسی دوازدەهەم Pius XII کە لەسەردەمی کارگێڕییەکەیدا لە ساڵی 1939وە بەبێ ڕەخنە چاوپۆشی لە فاشیزم کردبوو، لە ساڵی1955دا 1ی ئایاری وەك یاداوەری یوسفی پیرۆز (باوکی عیسی) ڕاگەیاند، کە گوایە دارتاش بووە.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست]ەوە لە بێرلین-ی خۆراوایی (BRD) یەکی ئایار بووەتە سیمبولی جەنگی میلیشیایی سەرشەقامەکان لەنێوان ئۆتۆنۆمەکان [خودموختارەکان] و پۆلیس. کە تێیدا سەنگەربەندی جەنگ و زیانگەیاندن، بەشێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکی کرۆیتسبێرگ Kreuzberg ڕوودەدەن، هەروا بەرادەیەك دانیشتوانی ئە‌و گەڕەکە و کەسانی دیکەی کە لە شوێنەکانی دیکەوە هاتوون، چالاکانە بەشداری تێدا دەکەن. بەزۆری ئێوارە خۆپیشاندانی چەپە رادیکاڵەکان، هەل بۆ توندوتیژی پۆلیس و پێکدادانەکانی دواتر دەڕەخسێنن.
لە ساڵی 1911ەوە لە هەندێك شاری ئۆروپیدا ڕێپیوانی “ڕۆژی ئایاری ئۆروپا- EuroMayday ” وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانDGB بەرپا دەرکرێن. چالاکان دەیانەوێت لە وێنای ڕیزبەندی ڕەش و ئاهەنگگێران بە پاپموزیك و پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی بەرهەڵستکاری کرێکارانی ناڕێکخراو و ناجێگیر، دووری بگرن.
ئەورۆکە لە ئا‌ڵمانیا، نەمسا و بەشێکی سویسرا 1ی ئایار ڕۆژی پشووی فەرمییە، هەروەها لە وڵاتانی وەك برازیل، چاینا، فینلەند، فەرەنسە، یۆنان، ئیتالیا، مەکسیکۆ، کۆریای باکووریی، پۆتوگال، ڕوسیا، سوید، تایلاند، تورکیە، عیراق و هەدێك وڵاتی دیکە پشووی فەرمییە. سەرەرای ئەوەش هێشتاکە لە هەندیك وڵات‌دا خۆپیشاندانە ئایارییەکان قەدەخە دەکرێن و بۆ سەرکەوتیان ڕێگە بە توندوتیژی پۆلیس و گرتن دەدرێت. بەڵام زۆربەی خۆپیشاندانە ئایارییەکان لەژێر کارایی بزووتنەوەی سوونەتیی کرێکاران و کۆمونیستەکان و بەرادەیەك پارتە سۆشیالدێمۆکراتەکاندا، لەناو ڕامیاریی نوێنەرایەتی و پارەلەماندا خۆیان گونجاندووە.
ئەوڕۆکە چیتر “بازرگانەکان و پێشڕەوانی بازار”، بۆ ئەوەی کرێکاران ئارام و خاو بکەنەوە، پێویستیان بە 1ی ئایار نییە. ئە‌و کارە یەکە یەکێتییەکان [یەکێتییە پیشەییەکان]ی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمان DGB خۆبەخۆیی ئەنجامیان داوە. هەردەم بەردەام هەوڵ دراوە، 1ی ئایار وەك پشووی فەڕمیی هەڵوەشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەشدا وەك ئاسایی و بەبێ پاداشتی زیادەی کار، کار بکرێت.
بەڵام چ پشوو بێت یان نا: ئەوە تەنیا مانگرتنی هاوپشتی، بایکۆت و خەباتی ڕاستەوخۆن، کە هەموو ڕۆژیك دەکەنە 1ی ئایار!
سەندیکای ئەنارکیستی کۆڵن / بۆن
http://anarchosyndikalismus.org
سەرچاوەکان:
- هافبرۆد، مایکڵ : “مانگرتنی گشتی، 8 کاتژێر ڕۆژانەکار و یەکی ئایار. گەنجینەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کرێکاری“، ئامادەکردنی بلاکبۆکس ، بیلیفیلد 1997
Halfbrodt, Michael: „Generalstreik, Achtstundentag und Erster Mai. Ein Kapitel aus der radikalen Arbeiterbewegung“, Edition Blackbox, Bielefeld 1997
- کاراسێك، هۆرست: “هایمارکت، ئەنارکیستە ئاڵمانەکانی شیکاگۆ. وتە و ژیاننامە.” جاپکراوی کلاوس ڤاگنباخ، بێرلین 1973
Karasek, Horst (Hg.): “Haymarket. Die deutschen Anarchisten von Chicago. Reden und Lebensläufe.” Verlag Klaus Wagenbach, Berlin 1973
سه‌رچاوه‌کانی وزه (1) تاک، (2) جەماوەر
و. لە عەرەبییەوە بە بەراورد لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی: سەلام عارف
( تاک*)
به‌رامبه‌ر به پله‌وپایه‌خوازی و زۆره‌ملێ و ڕقوکینه‌ی سۆسیالیزمی ده‌سه‌ڵاتگه‌را، مرۆی ئازادیخواز -ئه‌نارکی- پێشنیاری دوو سه‌رچاوه‌ی وزەی شۆڕشگێڕ ده‌کات تاك و خۆخۆیی جه‌ماوه‌ر،ئه‌وه‌ش به‌پێی حاڵه‌ته‌کان ده‌گۆڕێت، ئایا ئازادیخواز تاکڕه‌وخوازتره؟ یان کۆمه‌کخوازتر؟ - أغستن هلمون-له گه‌ڕان و ڕاپرسییه‌که‌وه، گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه، که ناتوانین ئه‌وه بهێنیینه پێش چاومان، که ئازادیخوازێکی کۆمه‌کخواز هه‌بێت ته‌واو داماڵراو بێت له تاکڕه‌وخوازی.
ئه‌و ده‌مه‌ی بیروبۆچوونی دژەتاکڕه‌وی antindividualismeی هیگلی باو بوو له مه‌یدانی فه‌لسه‌فی و ڕه‌خنه‌گرتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا (شتێنه‌رstiner) جێگه‌وپێگه‌ی شیاوی گه‌ڕاندەوه بۆ تاك، ئه‌و له‌و بڕوایه‌دا بوو و پرسیای ئه‌وه‌ی ده‌کرد، مه‌گه‌ر خراپه‌کارییه‌کان و بێفه‌ڕی (خۆپه‌رستیی بۆرژوازی) نه‌بوو که پاڵی نا به ڕیفۆرمخوازه‌کانه‌وه به‌ره‌یه‌ك دژی ئه‌و خۆپەر‌ستییه دروست بکه‌ن؟ ئه‌ی له‌دایکبونی وشه‌ی سۆسیالیزمیش دژ به تاکڕه‌وخوازی، هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو؟
-شتێنه‌ر- کاکڵه‌ی تاکی تاقانه، به‌رز ده‌نرخێنێت و پێیوایه، که هیچ نییه له‌و بچێت و سروشتیش، هه‌ر یه‌ك دانه‌ی لێ دروست کردووه. ئه‌و بیروتێگه‌یشتنه‌ی ئه‌و تازه‌ترین لێکۆڵینه‌وه‌ی بایۆلۆجی پشتگیری ده‌کات. ئه‌و فه‌یله‌سوفه گۆشه‌گیره که‌وته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئازادیخوازییه‌وه وه‌ك بێگانه‌یه‌کی سه‌یروسه‌مه‌ره ته‌ماشا ده‌کرا. ئه‌وانه‌ی له ده‌وری مابوون، ته‌نها ئه‌وانه بوون که له خۆی ده‌چوون، که‌چی ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ڕزگارکردنی تاك له نامۆبوون** بۆته ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ئه‌م سه‌رده‌مه و له‌و ڕزگارکردنه‌دا خۆی ده‌رده‌بڕێت. (سێون فیل ) له بابه‌تێکدا ناڕازییه و سکاڵا له ده‌ست ئه‌وه ده‌کات، که ئه‌ده‌بی مارکسی هیچ وه‌ڵامێکی ئه‌و پرسیارانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، که پێویستییه‌کانی به‌رگریکردن له تاك سه‌پاندونی، هه‌روه‌ها هیچیشی پێ نییە ده‌رباره‌ی ئه‌و شێوازه تازه‌نه‌ی داپڵۆسین که دوای سه‌رمایه‌داریی کلاسیك هاتونه‌ته کایه‌وه، که‌چی –شتێنه‌ر پێش ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکی هزری خۆی خستۆته گه‌ڕ دژی ئه‌و شێوازانه‌ی داپڵۆسین.
ڕاسته شێوازی نووسینی –شتێنه‌ر- شێوازێکی په‌خشانی بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا بڵێی بریندارکه‌ر و هوروژێنه‌ر بووه، زۆرجاریش ڕه‌ق و وشک بووه، بۆ نموونه وتویه‌تی: ”هێنده ده‌سه‌پاچه مه‌بن و خۆتان نزم ڕامه‌گرن، له‌بریی ئه‌وه‌ی ئازادیی خۆتان به خۆتان به فیڕۆ ده‌ده‌ن خۆتان به خۆتان بدۆزنه‌وه (…) با هه‌ر یه‌که‌تان - من-أنا-ی جێبه‌جێکار بێت.” ”جگه له‌و ئازادییه، که تاك بۆ خۆی ده‌ستی ده‌خات، ئازادییه‌کی دی بوونی نییه، ئازادیی به‌خشراو ئازادی نییه، چونکه ده‌سه‌ڵاتێکه له خۆتیان دزیوه.” هه‌روه‌ها وتویه‌تی: ”جگه له خۆم هیچ حاکمێك ناتوانێت بڕیاری ئه‌وه بدات، که من هه‌ڵه‌م یا ڕاستم.” ”من ته‌نها ئه‌و کاتانه هه‌ڵه‌م، که ئه‌قڵم ئازاد نییه و، به‌ڵام ده‌مه‌وێت کارێك ئه‌نجام بده‌م، تۆ وه‌ك تاکێکی تاقانه ده‌توانیت، هه‌موو شتێك دروست بکه‌یت، نه ده‌وڵه‌ت، نه کۆمه‌ڵ، نه مرۆڤایه‌تی توانای ئه‌وه‌ی نییه ئه‌و شه‌یتانه، واته ئه‌و تاکه تاقانه‌یه، خه‌فه و سه‌رکوت بکات. بۆ ئه‌وه‌ی تاکێک ئازاد بێت، ده‌بێت ده‌ست بکات به چاوپێداخشانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه، که له باوباپیر و مامۆستاکه‌یه‌وه فێریان بووه، ده‌بێت له‌وێشه‌وه ده‌ست پێ بکات، که ناونراوه ڕه‌وشتی بۆرژوازی، چونکه ڕه‌وشتی بۆرژوازی گۆڕه‌پانی ته‌راتێنی بۆرژوازی خۆیه‌تی و ئه‌و ڕه‌وشته‌ش زۆر نزیکه له ئاسمانی ئایینه‌وه، ئه‌ویش خۆی له خۆیدا په‌ڕپووته و له ڕێساویاسای بۆرژوازی قه‌رزکراوه، چونکه خۆی نه‌یتوانیوه تێگه‌یشتن و بیروبۆچوونی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆی دروست بکات، ناچار یاسا بۆرژوازییه‌کانی گواستۆته‌وە بۆ لای خۆی.”
-شتێنه‌ر- به تایبه‌تی ڕه‌خنه له ڕه‌وشتی سێکسی ده‌گرێت، که نێردراوه عیلمانییه‌کان ئه‌و ڕه‌وشته سێکسییه (خۆشه‌ویستی-شه‌یدایی)ه‌یان له کریستیانیزمه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌وانه‌ش، هیچ گرنگییه‌ك ناده‌ن به بانگه‌وازه جه‌سته‌ییه‌کان و هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان خستۆته گه‌ڕ و شه‌پازله‌ش ده‌ده‌ن له ده‌موچاوی بێڕه‌وشتی، هه‌روه‌ها به‌و حوکمه پێش کاتییانه‌ش، که له کریستیانیزمه‌وه فێریان بوون ڕه‌شبینی له‌ناو جه‌ماوه‌ری میللی‌دا بڵاو ده‌که‌نه‌وە و گه‌لیشی پێ هان ده‌ده‌ن، که به هه‌مان دڕنده‌یی پۆلیس ڕه‌فتار بکات و بجه‌نگێت دژی ئه‌وه، که له‌به‌ر چاوی ڕه‌شکراوه و شوناسنامه‌ی بێڕه‌وشتی پێ به‌خشراوه، ئه‌و دڕنده پۆلیسییه به جۆرێك ڕه‌ووشت ده‌پارێزێت، حکوومه‌ت به‌و حکومه‌تییه‌ی خۆیه‌وه، ئاوه‌ها نایپارێزێت.
-شتێنه‌ر- پێش شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونی هاوچه‌رخ ده‌که‌وێت و تێبینی ئه‌وه ده‌کات که ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه موتووربه ده‌کرێین و ده‌کرێینه کێڵگه‌یه‌ك و به جۆرێك خووڕه‌وشته ئاینییه‌کانمان تێدا ده‌چێنرێن و ڕه‌گه‌کانیان وا ئه‌ستوور و پته‌و ده‌بن، کە قووتاربوون لێیان هه‌روا کارێكی ئاسان نابێت. داپڵۆسینی ئه‌و ڕه‌وشتسازییه ده جار به زه‌برتره له‌وی پێشوو، چونکه له هۆشماندا ژه‌نگ هه‌ڵده‌هێنێت. ”لاوان وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕ ڕاپێچی خوێندگاکان ده‌کرێن، له‌وێ فێری قسه‌وباسه ڕزیو و سواوه‌کان ده‌کرێن، تا ئه‌و قسه‌وباسانه‌ش ته‌واو له به‌ر نه‌که‌ن، به باڵق و ڕه‌شید دانانرێن.” -شتێنه‌ر- دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی بۆده‌قه‌کان و دابونه‌ریته‌کان بووه، وتوویه‌تی خوا هۆشمه‌ندی ئه‌رکه‌کان و یاساکانه، ئه‌وانه‌ش درۆکانن، که مێشکی ئێمه‌یان پێئاخنیوه و دڵمان پڕ کراوه له‌و درۆیانه، جادووگه‌ران، پیاوانی ئایینیش کاروکاسپیان بۆته له خشته‌بردنی گه‌نجان. شتێنه‌ر- له گه‌ڕانه‌که‌یدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگه‌وپێگه‌ی شیاو بۆ تاك (التحت الشعوري)*** فرۆیدی ده‌دۆزێته‌وه، به‌و جۆره پێشانی ده‌دات کە -من-أنا-ی به‌هێز بواری که‌س نادات زاڵ ببێت به‌سه‌ریدا و ده‌سته‌مۆی بکات، ئیمپراتۆریه‌تی هزریش له ئاست-من-دا شکست ده‌هێنێت و، -من-أنا- که‌سێکی تر ناتوانێت ده‌ریببڕێت و پیهێنێته پێش چاوی خۆی و به ده‌سته‌کانی بیگرێت.
ئێمه له‌و قسه‌وباسانه‌ی –شتێنه‌ر-دا، هاواری سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه‌ی بوون -الفلسفة الوجودیة-philosophie extentille- ده‌بیستین، با لێره‌دا له (وایدابنێن یان گریمانێک)ه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش خۆم ده‌که‌مه که‌ره‌سه‌ی ئه‌و گریمانه(…) من ته‌نها -من-ی خۆم به کار ده‌هێنم، تا لێی بخۆم و خۆشی لێ ببینم(…) من ئه‌وه‌نده هه‌م تا لێی ده‌خۆم، به واتایه‌کی تر تا قوتی ده‌ده‌م، ئەگه‌ر ئه‌وه مانایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وه ده‌به‌خشێت،که من بوونم هه‌یه.
پێنووسه‌که‌ی – شتێنه‌ر- گڕ ده‌گرێت و ده‌که‌وێته داوی دژایه‌تییه‌وه، تا ئه‌و ڕاده‌یه که خۆی له به‌ره‌ی دژه‌کۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه و ژیانی ناو کۆمه‌ڵگه به مه‌حاڵ ده‌زانێت ”حه‌ز و ویستی ئێمه ژیانێکی گۆشه‌گیرییه” میلله‌ت مردووه، منم خێر و به‌ره‌که‌تی سبه‌ینێ ”به‌ختیاریی میله‌ت، نه‌هامه‌تی و ناخۆشیی منه.” ئەگه‌ر به دیده و بیروبۆچوونی من مه‌سه‌له‌یه‌ك ڕاست بوو، ئه‌وا ئیتر ڕاسته، ده‌شێت به بیروبۆچوونی ئه‌وان ڕاست نه‌بێت، ئه‌وه گیروگرفتی من نییه، گیروگرفتی خۆیانه، با به‌رگری له بیروبۆچوونه‌کانیان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ناسکی و وڕکگرتنه‌ی ئه‌و و ئه‌وانه‌ش که وه‌ك ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که کاکڵه‌ی هزریان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵدایه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر که‌له‌ڕه‌قه و پرسیاری ئه‌وه ده‌کات، که چۆن چوونه ناو قاوغێکه‌وه ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ت لێناگرێت، به ئاره‌زووی خۆت بژیت؟
له ڕاستیدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لای ئه‌و که‌سه‌یه که به باشی له تاکایه‌تیی خۆی گه‌یشتووه. تاك ده‌توانێت په‌یوه‌ندی دروست بکات له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه نزیکانه‌ی که له خۆی ده‌چن و دەتوانێت له‌گه‌ڵیاندا یه‌ک بگرێت. که‌سێك کاتێك کتێبێك ده‌نووسێت به پێویست، پێویستی به خوێنه‌ره، ئه‌و تاکه به‌وانی تره‌وه نه‌بێت به‌هێز نابێت، هه‌نووکه کۆی هێزی تاکه‌کان به‌هێزتره. کاتێك تاکێك خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند ملیۆنێکی تردا ده‌بینێته‌وه، ئه‌و کاته به باشی تێده‌گات که ده‌توانن داهێنان و دروستکردنکاری بکه‌نه پیشه‌ی خۆیان. له‌و په‌یوه‌ندی و یه‌کگرتنه‌دا، به پێویست به‌خشین و وه‌رگرتنه‌وه، له‌سه‌ر سه‌کۆی هاوبه‌شی سه‌قامگیر دەبن. بێگومان له‌و حاڵه‌ته‌دا که ده‌بێت ئه‌و هاوبه‌شییه ئازاد و ئاره‌زومه‌ندانه بێت، -شتێنه‌ر- ئه‌و کۆمه‌کگه‌رییه به په‌یمانێکی ئازاد ده‌زانێت و سەبارەت به‌وه وتویه‌تی: ”ئه‌و هاوبه‌شییه تۆ به کار ده‌هێنێت، داوای که‌مێکیش خۆبه‌خشینت لێده‌کات، به هه‌مان شێوه تۆش ئه‌و هاوبه‌شییه به کار ده‌هێنیت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆت و داوای خۆبه‌خشینیشی لێده‌که‌یت. ئه‌وه‌ی گرنگه، ئه‌وه‌یه که ئه‌و خۆبه‌خشینه ناڕژێته گۆزه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئامێره‌کانیه‌وه، من ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆم هانده‌رمن بۆ ئه‌و خۆبه‌خشینه.”
نووسه‌ری کتێبی (الواحدي و ملکیته unique et sa propriété )**** کاتێك مه‌سه‌له‌ی حزب ده‌هورووژێنێت و بابه‌ته سه‌رده‌مییه‌کانی ده‌خاته ڕوو، نواندن و هزری نوێنه‌رایه‌تیی حزبی ده‌داته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه و ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وتوویه‌تی: ”حزب له کوێ بوو، پێویسته شوێنی بکه‌ویت، به چاری ناچاری و به‌بێ پێچوپه‌نا و به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها پشتگیری بیروباوه‌ڕه‌کانی بکه‌یت و له‌گه‌ڵی یه‌کانگیر بیت، ده‌بێت ئه‌ندامه‌کان کڕنووش به‌رن بۆ ویست و ئاره‌زووه‌کانی حزب، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و ویست و ئاره‌زووانه‌ش که هیچیان تێدا به‌سته نییه، ناشبێت به هیچ کلۆجێک پرۆگرامی حزب بخەنە خانه‌ی گومانه‌وه و دەبێت به دڵ و به گیان له‌گه‌ڵیدا بن(…) هه‌ر که‌سێکیش له‌م حزبه‌وه هه‌وار بۆ لای حزبێکی تر بگوێزێتەوە، ئه‌وه ئیتر ئه‌و که‌سه له کونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وە و خیانه‌تکاره، حزب تاشه‌به‌ردێکی مۆنۆپۆلکاره.” ئا به‌و مانایه و به‌و چه‌شنه، له دیدی-شتێنه‌ر-ەوە، حزب هاوبه‌شیکار نییه، ته‌نها لاشه‌یه‌که و هیچی تر. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌و حزب ڕه‌فز ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فزکردنه‌شدا، ئه‌و هیوا و خواستی خۆی گرێداوه به هاوبه‌شیکاریی سیاسییه‌وه. ئه‌وه‌تا وتویه‌تی: ”گومانم له‌وه نییه که که‌سانێك هه‌ن هاوبه‌شیم ده‌که‌ن. من ئه‌و که‌سانه ده‌دۆزمه‌وه و سوێندخواردنیش فه‌رز ناکه‌ین به‌سه‌ر یه‌کتردا.” که‌واته به‌و لۆجیکه، ئه‌و ئاماده نییه بچێته حزبێکه‌وه، که چوون و ده‌ستکێشانه‌وه تێیدا ئازاد و ئاره‌زومه‌ندانه نه‌بێت و شتی به‌سه‌ردا فه‌رز بکرێت. ئه‌و، له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا، دژایه‌تی یه‌ك هزری و یه‌ك ڕه‌فتاریش ده‌کات.
ئەگه‌ر سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کان( ئه‌نارکیسته‌کان) ڕه‌خنه‌یان له -شتێنه‌ر- گرتبێت له‌به‌ر ئه‌وه بووه که ئه‌و له که‌مزانیاریی خۆیه‌وه ده‌رباره‌ی –برۆدۆن-، برۆدۆنی خستۆتە خانه‌ی کۆمونیزمی ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌وه. ڕه‌خنه‌ی - برۆدۆن-یش له -شتێنه‌ر- له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. برۆدۆن بڕوای وابووه که ”تاکڕه‌وی ڕیالیستییه‌کی مرۆییه و کۆمه‌کگه‌ری ته‌واوکاریه‌تی.”
که‌سانی ڕێبازی هه‌ڵلووشینی تاك له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه، هیچ به‌هایه‌ك بۆ مرۆ دانانێن، ئه‌و جۆره بیروباوه‌ڕه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ری هاوبه‌شکاریه‌وه‌یه، چونکه داماڵینی تاك له که‌سایه‌تییه‌که‌ی، ئەگه‌ر مانایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وه ده‌به‌خشێت که ڕێبازێك هه‌یه کۆمه‌ڵه له زیندوویی و جمووجۆڵه سه‌ره‌کییه‌کانی دادەماڵێت.
-برۆدۆن- ڕیزکردنی تاکه‌کان به ته‌نیشیت یه‌که‌وه، به‌بێ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانی له نێوانیاندای ڕه‌ت کردۆته‌وه و به یۆتۆبیای تاکڕه‌وخوازانی زانیوه، چونکه ئه‌و بڕوای وا بووه که ”به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان زۆره” و ده‌بێت وه‌ك هێزێکی مه‌زنی کۆمه‌کگه‌رایی له‌به‌ر چاو بگیرێن.
-باکۆنین-، له هه‌مان کاتدا، تاکڕه‌وخواز و هاوبه‌شیخوازیش بووه. هەمیشە جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه، که ”تاکی ئازاد، کۆڵه‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئازاده”. ئه‌و هه‌ر له‌و لۆجیکه‌شه‌وه ڕوانیویه‌ته مافه‌کان، که ده‌بێت مافه‌کانی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کان دابین بکرێن. بۆ نموونه مافی چاره‌نووس، به جیابوونه‌وه‌شه‌وه به‌و مه‌رجه، که تاک سوودمه‌ند بێت ده‌بێت تاك له‌وه‌دا ئازاد بێت و بتوانێت بڕیاری ئه‌وه بدات، که ئایا لای په‌سه‌نده سه‌ر به کۆمه‌ڵ بێت، یا نه‌بێت؟ ئه‌و کاته بەپێی بڕیاری خۆی، چه‌نده سه‌ر به کۆمه‌ڵه، هێنده‌ی ئه‌وه ئه‌رك بکه‌وێته سه‌ر شانی، واته ده‌بێت تاك به بڕیاری خۆی ببێته هاوبه‌شیکار، یا نه‌بێته هاوبه‌شیکار. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئازاد بێت له کوێ ده‌یه‌وێت بژی بتوانێت بژی، له بیابان، له شاخ، له جه‌نگه‌ڵ و…تاد. هه‌ر تاکێکیش ئازاده له خۆسزاداندا، واته مافی په‌یڕه‌وکردنی خۆسزایی ده‌رباره‌ی کرداره‌کانی خۆی، هیچ لایه‌ن و که‌سێکی تر بۆی نییه سزای هیچ لایه‌ن و که‌سێکی تر بدات. مرۆ چه‌نده هۆشمه‌نده له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، هێنده‌ش هۆشمه‌نده به کرداره‌کانی خۆی و سزادانیش. کۆمه‌ڵ ده‌رهه‌ق به تاك ئه‌رکه‌کانی زۆرترن له مافه‌کانی، کۆمه‌ڵ ناتوانێت هیچ جۆره چاودێری و ده‌سه‌ڵاتێك بسه‌پێنێت به‌سه‌ر تاکدا، سه‌باره‌ت به‌و تاکانه‌ش که هێشتا باڵق و ڕه‌شید نین، هه‌موو ئه‌رکه‌کانیان له‌سه‌ر شانی کۆمه‌ڵه.
-باکۆنین- کاتێك دێته سه‌ر باسی ئازادیی ڕه‌ها و کامڵ، ده‌ست ده‌کات به زیاده‌ڕۆیی و ده‌که‌وێته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سنووربه‌زاندن و قه‌به‌کردنی بابه‌ته‌کان و وتویه‌تی: ”خۆم چۆنم ده‌وێت، ده‌توانم ئاوه‌ها هه‌ڵسوکه‌وت به که‌سایه‌تیی خۆمه‌وه بکه‌م، ته‌مه‌ڵ بم، یا بزێو و گورجوگۆڵ، به که‌رامه‌ته‌وه به ڕه‌نجی شانی خۆم بژیم، یا نێتخراپ و چڵیتانه، متمانه و سۆز و به‌زه‌یی که‌سانی تر به کار بهێنم بۆ خۆم و سوودی لێوه‌ربگرم، به‌ڵام به‌و مه‌رجه، که ئه‌و متمانه و سۆز و به‌زه‌ییه ئاره‌زومه‌ندانه پێم به‌خشرابێت، هه‌روه‌ها بۆشم هه‌یه، به‌دڕه‌وشتانه بچمه ناو هاوبه‌شییه‌کانه‌وه و خراپیان بکه‌م، ئازادیی تاک و گشتیش بشێوێنم، ئه‌وه‌ی بۆ خۆمی به ڕه‌وا ده‌زانم، به ڕه‌وای نه‌زانم بۆ که‌سانی تر” ”ئەگه‌ر به ئازادی به‌رگری نه‌کرا له ئازادی، ئه‌وا نه به‌رگری لێده‌کرێت، نه پێویستیشه لێی بکرێت” له‌وه تۆقێنه‌رتر نییه که به ناوی ئازادیپاراستنه‌وه له ئازادی بدرێت.
-باکۆنین- ده‌رباره‌ی بێڕه‌وشتی، بڕوای وا بووه، که بێڕه‌وشتی له بۆگه‌نی و خراپی کۆمه‌ڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه، ڕووخاندنی کۆمه‌ڵی به ئه‌رک و پێویستییه‌کی مێژوویی زانیوه. ئه‌و بڕوای وا بووه که ڕه‌وشتبه‌رزی پابه‌ندی ئازادییه و ته‌سکردنه‌وه‌ی بواری ئازادی و سه‌پاندنکاری له ژێر په‌رده‌ی پارێزگاریی ڕه‌وشتدا، خۆی له خۆیدا، نه‌ك هه‌ر لێدانه له ڕه‌وشت، به‌ڵکوو داپڵۆسینییشه. هه‌نووکه هه‌وڵی نه‌هێشتنی بێڕه‌وشتی مایه‌پووچ بووه، بۆته هۆی به‌رفراوانکردنی بێڕه‌وشتی، سه‌پاندنی یاسای توندوتیژ بێسوود بووە و هه‌ر بێسوودیش ده‌بێت، چونکه تێسره‌واندنه له ئازادیی تاک.
ده‌رباره‌ی ئه‌و که‌سانە که گیروگرفتی ده‌ماغیان هه‌یه، یا ته‌مه‌ڵن، یا خراپه‌کارن، -باکۆنین- له‌وه زیاتر که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه کە مافه سیاسییه‌کان دەبێت لەو کەسانە وه‌ربگیرێته‌وه، له‌گه‌ڵ هیچ جۆره سزایه‌کی تردا نه‌بووه. تاك مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی ده‌سبه‌رداری هه‌موو مافه‌کانی خۆی ببێت. سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانیش، ده‌بێت وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بکرێت و ده‌بێت سزاکان چاکسازی بن، نه‌ك هه‌ر سزای ڕه‌قوته‌ق بن، ده‌بێت تاکه‌کان ئه‌و مافه‌شیان هه‌بێت، بڕیاره یاساییه‌کان ڕه‌ت بکه‌نه‌وه و ملکه‌چیان نه‌بن، ده‌بێت تاك بتوانێت خۆی دەر‌بڕێت و بڕیاری ئه‌وه بدات، که بێبه‌رییه له کۆمه‌ڵ و له کۆمه‌ڵ بچێته ده‌ره‌وه و ئه‌رکی پاراستنی کۆمه‌ڵ له کۆڵی خۆی بکاته‌وه.
-باکۆنین- له‌گه‌ڵ بڕوای ته‌واوی به ئازادی ڕه‌های تاکدا، گرنگییه‌کی مه‌زن و تایبه‌تی داوه به مه‌سه‌له کۆمه‌ڵگه‌ری ”من ئازاد نیم، ئەگه‌ر ئازادییه‌که‌م له ئازادیی ئه‌وانی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت.” ئازادیی تاکڕه‌وی مرۆ ناگاته مه‌نزڵ، ئەگه‌ر ئازادیی هه‌موو تاکه‌کانی تر نه‌بێته ته‌واوکاری، ئه‌وه‌ش خۆی له خۆیدا بریتییه له هاوبه‌شیی ئاره‌زوومه‌ندانه. -باکۆنین- بڕوای وا بووه که هاوبه‌شییه‌کان خه‌ڵکی زۆر ڕاده‌کێشێت، ئه‌و بڕوایه‌شی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، که هاوبه‌شییه ئاره‌زوومه‌نده‌کان زۆر لایه‌نی هه‌مه‌جۆری باشیان هه‌یه، ئا له‌و حاڵه‌ته‌شدایه، که به باشی ده‌رده‌که‌وێت، که تاکڕه‌و زیاتر کۆمه‌ڵخوازه. سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه -باکۆنین- هیچ نه‌رمونیانییه‌کی نه‌نواندووه، به‌رامبه‌ر به -خۆپه‌رستی- به مانا وشک و توندوتیژه‌که‌ی. به واتایه‌کی تر، نه‌رمونیانی له‌گه‌ڵ تاکخوازیی بۆرژوازی، که هانی تاك ده‌دات ببێته دڕنده‌یه‌کی لرفلێده‌ر. به بیروبۆچوونی ئه‌و، ئه‌و جۆره تاکه گۆشه‌گر و نامۆیه، مردووییه‌کی هزری و وره‌یی و مادیشه له هه‌مان کاتدا.
ئه‌قڵییه‌تی –باکۆنین- ئه‌قڵییه‌تێکی ته‌باییکردن و پێکه‌وه‌گرێدانی فراوانه، واته بانگه‌واز و هه‌وڵدانه بۆ دروستکردنی پردێك لەنێوان تاك و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ردا، هه‌موو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له په‌یوه‌ستبوون و شوێنکه‌وتنی -به‌خشین- و -وه‌رگرتنه‌وه-، واته ئاڵوگۆڕکاری نێوان تاك و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر. زیره‌کتره‌کانتان، به‌هێزتره‌کانتان، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌دا نین، واته ئه‌وانه‌ش پێویستییان به‌و په‌یوه‌ندییه هه‌یه و به‌رهه‌می ئیراده‌ی جموجۆڵی جه‌ماوه‌رین و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه هه‌ڵناکه‌ن و ناژین.
میراتگره ڕۆحانییه‌کانی**** -باکۆنین-، واته ئازادیخوازه -ئه‌نارکییه- ئیسپانییه‌کان، له‌گه‌ڵ بڕوای ته‌واویاندا به هاوبه‌شیخوازی، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی1936دا تاك له یاد ناکه‌ن، به ئاشکرا، ده‌ستی ڕێز ده‌خەنە سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی تاك و به‌رز ده‌ینرخێنن -دییغو أباد دو سانتیان- وتویه‌تی: حه‌ز و ویستی تاکخوازی له بن نایه‌ت و له داهاتووشدا به هه‌زاران شێوه خۆی ده‌رده‌بڕێت و هیچ هێزێکیش ناتوانێت خۆی بدات له قه‌ره‌ی و بیگه‌وزێنێت، تاکڕه‌وخوازی گوێ ناداته کۆسپه‌کان و به‌رده‌وام گوژمی خۆی به‌تینتر ده‌کات، تا زه‌مینه‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت و خۆی ده‌سه‌لمێنێت.
سه‌رچاوە: التحرریة من العقیدة الی الممارسه/دانییل غریین
*بڕوانه کۆتایی کتێبه‌که، بابه‌تی -ته‌واوکارییه‌کان ده‌رباره‌ی شتێنه‌ر./ و-ع
** نامۆبوون، aliénation لای مارکس به مانا ئاسایی و یاساییه‌که‌ی به مانای پرۆسیسی فرۆشتن vente دێت. له مارکسیزمدا که‌سی نامۆ ئه‌و که‌سه‌یه که ئه‌قڵ و جه‌سته‌ی خۆی ده‌فرۆشێت به هزری بۆرژوازی و له ڕووی ئایینی، ئابووری و سیاسییەوە نامۆ ده‌بێت و ملکه‌چه‌كپێکردن و داپڵۆسینی کارێکی ئاسان ده‌بێت.-و-ع
*** ما التحت الشعوري-م بۆ وشه‌ی subconscien به‌کارهێناوه، بۆ که‌مهۆشمه‌ندی، یا بۆ ئه‌و ئاسته که نزیك ده‌بێته‌وه له هۆشمه‌ندی، واته هۆشمه‌ند نییه، به‌ڵام ده‌توانێت بگاته هۆشمه‌ندی. و-ع
**** له‌وێدا له‌بریی ڕۆحانییه‌کان، ده‌توانین ده‌روێش، مورید، زاهد و پیری ته‌ریقه‌ت به کار بهێنین، ئه‌وه زیاتر لای سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌کان باوه، چونکه ئه‌وان فه‌لسه‌فه و ڕێبازه‌که‌ی خۆیان به ئایین و ڕاستیی ڕه‌ها ده‌زانن و مامۆستاکانی ئه‌و ڕێبازه‌ش، به دوایین پێغه‌مبه‌ری ڕێبازه‌که ده‌زانن. به‌داخه‌وه ناو به‌ناو لای ئه‌م یا ئه‌و سۆسیالیستی ئازادیخوازیش ئه‌وه به‌دی ده‌که‌ین، جا بۆ ئه‌وانه، هه‌ر ئه‌وه‌م له ده‌ست دێت، بڵێم، جارێك-برۆدۆن- له نامه‌یه‌کیدا بۆ –کارل مارکس- نووسیویه‌تی: تکایه با تۆ و من هه‌وڵی ئه‌وه نه‌ده‌ین ئایینێکی نوێ دروست بکه‌ین، با ئه‌و ئایینه زانست و لۆجیکیش بێت. و-ك-
***** الواحدي و ملکیته، کتێبی ئه‌و فه‌یله‌سوفه 1806-1856 لای هه‌ندێك ڕه‌خنه‌یه له لیبریالیزمی سیاسی، به‌ڵام دانییل غریین به ته‌باییکردنی کۆمونیزم و ئازادیی تاکی ده‌زانێت. و.ع
ئازادیخوازی مردوو- زیندوو*
و. لە عەرەبییەوە بە بەراورد لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی: سەلام عارف
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئازادیخوازه‌کان به‌شدارییه‌کی ڕاسته‌وخۆیان له کرۆنشتاتدا نه‌کرد، به‌ڵام ڕێژیم له فلیقاندنه‌وه‌یاندا سوودێکی زۆری بینی، ئه‌وه‌ی ڕێژیم گه‌ره‌کی بوو قووتاربوون بوو له ئایدیۆلۆژییه‌که‌یان، چونکه ئه‌و له‌و ئایدیۆلۆژییانە زه‌نه‌قی چووبوو، ئه‌وه‌شی باش بۆ ده‌رکه‌وتبوو که به دڕنده‌کارییه‌ك نه‌بێت لەو ئایدیۆلۆژییانە قوتاری نابێت، به چه‌ند حه‌وته‌یه‌ك به‌ر له کرۆنشتات پیره‌مێرد –کرۆپۆتکین**- مرد.
له به‌خاكسپاردنه‌که‌یدا، له‌ژێر سێبه‌ری ئاڵا ڕه‌شوسووره‌کاندا، سه‌دهه‌زار که‌س به‌شدار بوون، له‌سه‌ر زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ئاڵایانه به زمانێکی ئاگرین نووسرابوو: ”له‌و جێێەی ده‌سه‌ڵات هه‌یه، ئازادی نییە.” له‌و کتێبه‌شدا که له‌سه‌ر ژیانی کۆچکردوو نووسرابوو تیایدا وترابوو، ئه‌و خۆپیشاندانه، گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان و دواخۆپیشاندانیش بوو دژی جه‌وروسته‌می سه‌روه‌ریی به‌لشه‌فی.
دوای کرۆنشتات به سه‌دان ئازادیخواز گیران، فانی بارون وهه‌شت له هاوڕێیانی له به‌ندیخانه‌ی -تشیکا-téchka- له مۆسکۆ خنکێنران. ئا به‌و جۆره بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی خه‌باتگێڕ لێدانی کوشنده‌ی خۆی خوارد، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا، ئه‌و به‌ربه‌ریه‌ته تا ڕاده‌یه‌ك بووه مایه‌ی بووژانه‌وه‌ی ئازادیخوازی، چونکه ئه‌و ئازادیخوازانه که له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕووسیدا ژیابوون، کارێکی زۆر و به‌رفراوانیان له بواری ڕه‌خنه‌گرتن و پێداچوونه‌وه‌ی مه‌زه‌بیدا ئەنجام دا. ئه‌و کاره بووه هۆی ژیانه‌وه و زیاتر به‌واقعیکردنی ئازادیخوازی. سه‌ره‌تای 1920 کۆنگره‌ی ئازادیخوازی ئۆکرانیا، که به -النبات- ناوی ده‌رکردبوو، به‌ر له هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌ك دوو خه‌تی ڕاستوچه‌پی هێنا به‌سه‌ر -دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریایی-دا، ئه‌وه‌شی دیاری کرد که ئه‌و دکتاتۆریه‌ته توێژێک له پرۆلیتاریا پراکتیزه‌ی ده‌کات، پاشان ده‌کرێته دیکتاتۆریه‌ت به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ره‌وه، ئه‌و توێژه‌ش که موماره‌سه‌ی ده‌کات چڵکاوخۆره‌کانی حزبن و زیاتر له فه‌رمانبه‌ر و سه‌روه‌ره‌کان پێکهاتووه.
کرۆپۆتکین له په‌یامێکدا بۆ کارگه‌رانی ڕۆژئاوا Message aux travailleur d’occident به حه‌سره‌تێکی زۆره‌وه ناڕه‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێت دژی په‌ره‌سه‌ندنی بیرۆکراتی ونووسیویه‌تی: ”به تێڕوانینی من هه‌وڵدانه بۆ دروستکردنی کۆمارێکی کۆمۆنیزم له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تچێتی و ناوه‌ندێتییه‌کی به‌هێز له‌ژێر سێبه‌ری یاسای ئاسنینی حزبدا، ئه‌وه‌ش مایه‌پووچ ده‌رچوو و ڕووسیا فێری ئه‌وه‌ی کردین که ناکرێت کۆمونیزم فه‌رز بکرێت.”
لە ڕۆژنامه‌ی -لولیبیرتر-le libertaire- له ژماره 7-14ی کانوونی دووه‌می 1921دا، ئازادیخوازه سه‌ندیکالیسته‌کانی ڕووسیا، بانگه‌وازێکیان بڵاو کرده‌وه، تیادا ڕووی ده‌میان کردبووه پرۆلیتاریای دنیا و نووسیبوویان: ”ئه‌ی هاوڕێیان بۆرژوازییه‌کانتان لا ببه‌ن، به‌ڵام هه‌مان هه‌ڵه‌ی ئێمه دووباره مه‌که‌نه‌وه، ڕێگه مه‌ده‌ن کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تگه‌رایی له وڵاته‌کانتاندا دابمه‌زێنرێت.”
له گه‌رمه‌ی ئه‌و بووژانه‌وه و ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌دا، ئازادیخوازی ئه‌ڵمانیاییش؛ ڕودۆڵف ڕۆکر Rudolf Roker، هه‌ر لە 1920ەوه، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سیاسی نووسی به ناوی -مایه‌پووچبوونی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تگه‌رایی- و ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی ساڵی1921 بڵاو کرده‌وه، تیایدا باس له داته‌پینی شۆڕشی ڕووسی ده‌کات و نووسیویه‌تی: ئه‌وه‌ی دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا ده‌ریده‌بڕێت، دیکتاتۆرییه‌تی چین نییه، دیکتاتۆرییه‌تی حزبه و حزبیش خۆی کردۆته ده‌مڕاستی چین، که‌چی له پشتیشه‌وه خه‌نجه‌رهاژنی ده‌کات. له سایه‌ی دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا‌دا چینێکی نوێ دروست بووه و ئه‌و چینه‌ش چینی -حوکمی قۆمیسه‌ره‌کانه commissarocratie و لای جه‌ماوه‌ر چێژی داپڵۆسین هه‌مان چێژی جاری جارانه، حکوومه‌تێك که ئه‌و هه‌موو توانایه‌ی هه‌بێت که به‌پێی پرۆگرامێك ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌نجامه‌که‌ی؛ هه‌ر دروستکردنی پله‌وپایه‌ی فه‌رمانبه‌ری ده‌بێت. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو، که قوڕی کرد به‌سه‌ر شۆڕشی ڕووسیدا و نەیهێشت نه‌شونما بکات و له ناوی برد.
به‌لشه‌فییه‌کان، ته‌نها هه‌ر ئامێری ده‌وڵه‌تیان قه‌رز نه‌کرد له کۆمه‌ڵگه‌ی کۆن، به‌ڵکو هێز و توانایه‌کی وه‌ها بێشوماریان پێبه‌خشی که هیچ ده‌وڵه‌تێکی تر نه‌یبوو.
له حوزه‌یرانی 1922دا کۆمه‌ڵێك له ئازادیخوازه دوورخراوه‌کان له ئه‌ڵمانیا له‌وانە: ئا. غوریلیک، ئا. کومۆف و ڤۆلین، له به‌رلین، نامیلکه‌یه‌کیان ده‌رکرد، په‌رده‌یان له‌سه‌ر داپڵۆسینی ئازادیخوازی و ئازادیخوازان له ڕووسیای سۆڤیه‌تی هەڵماڵی. دواتر، ساڵی1923، ڤۆلین، ئه‌و نامیلکه‌یه‌ی وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسایی و تیایدا بەپێی ڕیزبه‌ندیی پیته‌کان ناوی هه‌موو ئه‌و ئازادیخوازانه‌ی نووسیبوو که کوژرابوون. هه‌روه‌ها، ئەلکساندەر بێرکمان و ئێما گۆڵدمان-یش درێخیان نه‌کرد، ساڵه‌کانی 1921 و 1922 چه‌ند نامیلکه‌یه‌کیان یه‌ك به دوای یه‌کدا نووسی و بڵاویان کردنه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی که ڕووسیا پیایدا تێدەپەڕی. ئه‌وانه‌ش که مابوون له پاشماوه‌ی ماخنۆڤیسییه‌کان و ڕزگاریان بووبوو و گه‌یشتبوونه ڕۆژئاوا، بۆ نموونه: بیار ئارشینوف و نەستور ماخنۆ، بیره‌وه‌رییه‌کان و تاقیکردنه‌وه‌کانی خۆیان نووسییه‌وه.
دوای ئه‌وه، به ماوه‌یه‌کی زۆر (پێش یا دوای؟؟) سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ماکسیموف و ڤۆلین کتێبێکی کلاسیکی ئازادیخوازییان له دوو به‌رگدا نووسی ده‌رباره‌ی شۆڕشی ڕووسی. به تێڕوانینی ماکسیموف، له ده‌قه‌که ئینگلیزییه‌که‌دا، وانه‌کانی ڕابوردوو مژدەبه‌خشی داهاتوویه‌کی باشتره و چینی باڵاده‌ستی تازه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت ناتوانێت بژی هه‌تاهه‌تایه، پێویستیشه نه‌هێڵرێت بژی، سۆسیالیزمی ئازادیخواز جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه‌کان له خزمه‌تی ئه‌و ئاراسته‌یه‌دان، خۆ ئەگه‌ر وه‌ها نه‌بێت، ئه‌ی ئه‌قڵ ده‌یبڕێت)…( که کرێکاران خوازیاری ئه‌وه بن سه‌رمایه‌داری جارێکی تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ کارگه و دامه‌زراوه‌کان؟ نه‌خێر ئەگه‌ر بێت و وا ڕوو بدات کرێکاران یاخی ده‌بن دژی ده‌وڵه‌ت و بیرۆکراتیه‌ت. ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌یه که لێژنه‌ی کارگه‌کان جێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سوڵته‌گه‌راییانه‌ی ئابووری بگرنه‌وه و دواتر ئه‌و لێژنانه ببنه فیدرالییه‌تێك له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت خۆبه‌ڕێوه‌بردنی کرێکارییه، هێنده‌ش که په‌یوه‌ندی به جووتیارانه‌وه هه‌یه، جووتیارانیش تێگه‌یشتوون که نابێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌رهه‌مهێنانی تاکی، له‌وه‌ش گه‌یشتوون یا تێده‌گه‌ن که تاکه‌چاره له بواری کشتوکاڵیدا کۆمه‌کگه‌رییه و ده‌شبێت له هه‌ره‌وه‌زییه کۆمه‌کییه‌کاندا کار بکه‌ن له‌گه‌ڵ لێژنه‌کانی کارگه‌کان و سه‌ندیکاکان. واته، ده‌بێت پرۆگرامی شۆڕشی ڕووسی فراوانتر و گه‌شه‌دارتر بکرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادیخوازی.
ڤۆلین گومانی له‌وه‌دا نه‌هێشتبووه‌وه که هه‌رچ هه‌وڵ و کۆششێك ئیلهام له نموونه‌ی شۆڕشی ڕووسییه‌وه وه‌ربگرێت، ته‌نها ڕووه‌و ”سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی هه‌نگاو ده‌نێت، که ئه‌ویش له‌سه‌ر به‌هره‌کێشی و به‌کۆیله‌کردنی جه‌ماوه‌ر ڕاوه‌ستاوه” و قێزەونترین سه‌رمایه‌داریشه، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیشی نییه به بردنی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌وه به‌ره‌و و کۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیزم” هه‌موو لاسایکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و نموونه‌یه ته‌نها ده‌بێته هۆی نه‌شونماکردنی ”دکتاتۆریه‌تی حزب که به پێویست ده‌بێته مایه‌ی داپڵۆسینی هه‌موو ئازادیه‌کی -ڕاده‌ربڕین، ڕۆژنامه‌گه‌ری، ڕێکخستن و جموجۆڵی هه‌موو ته‌وژمه شۆڕشگێڕه‌کان جگه له حیزبه‌که‌ی خۆیان” هه‌روا ده‌بێته هۆی ”سته‌مکاری کۆمه‌ڵایه‌تی” و ”هه‌ناسه‌ی خودی شۆڕش” دهخنکێنت. ڤۆلین پشتگیری ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه ده‌کات که‌وا، ستالین، له مانگ نه‌که‌وتۆته خواره‌وه و ستالین و ستالینزم ئه‌نجامێکی مه‌نتیقی ئه‌و سیستمه ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه که له نێوان ساڵی 1918 و 1922دا دامه‌زێنرا. ئه‌وه‌شه وانه‌ی تاقیکردنه‌وه بریقه‌داره‌که‌ی به‌لشه‌فیزم؛ وانه‌یه‌که ڕاستی بیروبۆچوونی ئازادیخوازه‌کان ده‌سەلمێنێت که له داهاتوودا له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕووداوه مێژووییه‌کاندا هه‌موو ڕه‌نجکێشان و خه‌باتگێڕان به باشی له‌و وانه‌یه تێده‌گه‌ن.
* سه‌رچاوه -التحرریة من العقیدة الی الممارسة- ن. دانییال غرین ل132 تا ل135
** پیتەر ئەلکسێفیچ کرۆپۆتکین، Kropotkin شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ڕووسی -1842-1921. بۆ یه‌که‌مجار ساڵی 1872 چوو بۆ سویسرا. کاتێك گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕووسیا گرتیان، هه‌ڵهات و چووه ناوچه‌ی -الجورا-ی سویسری و له جنێڤ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك که‌سی تر ڕێکخراوه‌یه‌کی نهێنییان دروست کرد و ڕۆژنامه‌ی -الثائر-یان ده‌رکرد، تیایدا هزره‌کانی ئازادیخوازی پێشکەش دەکران، دوایی له سویسرا ده‌ریانکرد و چووه ناوچه‌ی -الساڤوا- Savoieی فه‌ره‌نسی و نیشته‌جێبوو، له شاری –لیۆن-Lyonی فه‌ره‌نسی به‌ندکرا. دوای به‌ربوونی خۆی گه‌یانده ئینگلته‌را و له‌وێ جێگیربوو و تا ساڵی 1917 گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕووسیا. نووسراوه‌کانی زیاتر باسی مه‌سه‌له ئابوورییه‌کانە؛ ئازادیخوازی داهاتوو -L’anarchie future و بنه‌ما زانستییه‌کانی ئازادیخوازیles baes scintifiques de l’anarchie- هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی -کێڵگه‌کا، -کارگه‌کان و پیشه‌کارییه‌کان - Champs -Usines –et ateliers هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ڕه‌وشت و یارمه‌تیکاریش نووسیویه‌تی. کرۆپۆتکین کاریگه‌ری زۆر بووه له‌سه‌ر ئازادیخوازان، به تایبه‌تی له ئیسپانیا و یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌رکردووه به ناوی -ده‌رباره‌ی ژیانێك-Autour d’une vie – و-ع-جورج سعد.
یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت کۆمونیزمی لێنینییه*
نووسینی: ئێما گۆڵدمان**
و. له فه‌ره‌نسییه‌وە: سه‌لام عارف
به‌لشه‌فیزم=کۆمونیزم؟***
وشه‌ی کۆمونیزم له‌سه‌ر زاری هه‌مووانه، هه‌ندێك له‌وانه، ئه‌و که‌سانه‌ن که تازه ده‌ستیان داوه‌تێ زۆر ساده و ساویلکانه باسی ده‌که‌ن، هه‌ندێكی تریشیان ئه‌وانه‌ن که لێی تۆقیون و نه‌فره‌تی ده‌که‌ن، چونکه به هه‌ڕه‌شه و هێرشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن، من دڵنیام له‌وەی که ئه‌وانه، نه ئه‌وان و نه ئه‌مان، هزرێکی ڕووناکیان نییه و نازانن کۆمونیزمی ڕاسته‌قینه چییه؟ هه‌روه‌ها ناشزانن به‌لشه‌فیزم چییه؟ که ئا به‌و جۆره کراوه‌ته ڕۆحاوی کۆمونیزم.
کۆمونیزم ده‌ربڕین و نوێنه‌رایه‌تیکارییه‌کی نموونه‌یی یه‌کسانی و برایه‌تیی مرۆییه، چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆ له‌لایه‌ن مرۆوه به سه‌رچاوه‌ی کۆیله‌یی و سته‌مدیده‌یی ده‌زانێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانێت و ده‌ناسێته‌وه که نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشنه‌که‌وتنی ڕه‌وشتی و هزری له نه‌بوونی نابه‌رابه‌ری ئابوورییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
دروستبوونی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ‌چین خواست و هیوا و مه‌به‌ستی کۆمونیزمه، واته دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که تیایدا خاوه‌ندێتیی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن هاوبه‌شی کراوه، مرۆ ته‌نها له کۆمینێتییه‌کی بێ‌چین و هاریکاردا ده‌حه‌وێته‌وه و له‌زه‌ت ده‌بینێت.
مه‌به‌ستم له نووسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه، به‌راوردێك بکه‌م له‌نێوان ئایدیالی کۆمونیزم و ئه‌وه‌دا که پراکتیزه ده‌کرێت له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، به‌ڵام بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌نجامدانی کارێکی وا، هه‌روا ئاسان نییه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له ڕاستیدا یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت کۆمونیزمی لێنینییه، نه‌ك هه‌ر کۆمونیزمی لێنینییه، حزبی کۆمونیست، هیچ ڕێنماییه‌ک و پرانسیپێکی کۆمونیزمی جێبه‌جێ نه‌کردووه، له‌و وڵاته به بیروبۆچون و تێڕوانینی هه‌ندێك که‌س ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی من سووک و هیچووپووچه، لای هه‌ندێکی تریشیان، من زۆربڵێ و شتزلکارم، به‌ڵام من بۆ خۆم دڵنیام له‌وه که مه‌به‌ستی من، ته‌نها پشکنین و هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ئێستای ڕوسیایه و هیچی تر، کاریشم بۆ ئه‌وه‌یه، بتوانم خوێنه‌ر بهێنمه سه‌ر ئه‌و بڕوایه که نیازم پاکه و ڕاستی ده‌ڵێم.
با سه‌ره‌تا ئێمه گرنگی بده‌ین و سه‌رقاڵی ئه‌وه بین و وه‌های دابنێین که کاکڵه‌ی هزری به‌لشه‌فییکه‌کان کۆمونیزمه، به‌ڵام بنه‌مای هزری به‌لشه‌فیکه‌کان بریتییه له ناوه‌ندێتی و سه‌روه‌ری و ده‌وڵه‌تگه‌رایی و توندوتیژی و داپڵۆسینی ده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه‌ش هه‌موو ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی هاوبه‌شیخوازیی ئازاده‌وه‌یه، واته مه‌سه‌له‌که لای ئه‌وان ده‌سه‌ڵات و زۆره‌ملێییه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش له یاد نه‌که‌یین که مێتودی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تی، مێتودێکه و خوازیاری ئه‌وه‌یه نه‌غمێکی کۆمونیستخوازی ببه‌خشێت به جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌کانی خۆی.
- به ناسیۆنالیزمکردن یا به سۆسیالیزمکردن؟
به سۆسیالیزمکردن یه‌که‌م مه‌رجی به ئه‌نجامگه‌یاندنی کۆمونیزمه، به سۆسیالیزمکردنی زه‌وییه‌کان و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن، ئامێره‌کان و زه‌وییه‌کان ده‌که‌ینه هاوبه‌شی تا به شێوازێکی تاکی، یا گرووپی، به‌گوێرەی پێویست به کار بهێنرێن، به‌ڵام له ڕوسیا له‌بریی ئه‌وه‌ی به سۆسیالیزم بکرێن، به ناسیۆنالیزم کراون. به ناسیۆنالیزمکردن هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه، چونکه له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌تمه‌ندی ناسیۆنالیستی بوونی نییه ، به ناسیۆنالکردن کیانێکی داماڵراو و کورتکراوه‌یه abstraite. بۆ ئه‌وه‌ی ببیته خاوه‌ندار، جا ئه‌و خاوه‌ندارییه تاکگه‌رای بێت، یا گرووپگه‌رایی بێت، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا به‌پێی )چه‌ندایه‌تی( دیاری و پێوانه ده‌کرێت. موڵك تاکی بێت یا گرووپی، ده‌بێت یا سۆسیالیزه بکرێت، یا ناسیۆنالیزه بکرێت، چونکه چاره‌ڕێگه‌یه‌کی تر نییە. ئەگه‌ر ناسیۆنالیزه کرا، ئه‌وا له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌کرێته موڵکی ده‌وڵه‌ت و، حکوومه‌ت هه‌ڵیده‌سووڕێنێت، هه‌موو که‌سێك پابه‌ندی بڕیاری ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ته، ئەگه‌ر به پێچه‌وانه‌وه ئه‌نجام درا، واته به هاوبه‌شی کرا؛ ئه‌وا له‌م حاڵه‌ته‌دا، هه‌ڵسوڕانکارییەکه‌شی ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت، واته هه‌ر که‌سێ ده‌توانێت ئاره‌زوومه‌ندانه ڕووی تێبکات و به‌کاریبهێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هێزێك هه‌بێت و بتوانێت ڕێگری بێت.
له ڕوسیا نه زه‌وی، نه به‌رهه‌مهێنان، نه دابه‌شکردن، به هاوبه‌شی نه‌کراون، هه‌موو ئه‌وانه ناسیۆنالیزمه کراون و وان به ده‌ست حکوومه‌ته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن پۆست له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و شه‌مه‌نده‌فه‌ر له ئه‌ڵمانیا وان به ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه، پێکهاته‌ی ئه‌و په‌یکه‌ره ئابوورییه‌ش به هیچ کلۆجێك فڕی به‌سه‌ر کۆمونیزمه‌وه نییه.
پێکهاته و په‌یکه‌ری ئابووری له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت له‌وه ده‌رچووه و، یا بڵێین له‌وه‌دا نه‌ماوه، که په‌یوه‌ندی به کۆمونیزمه‌وه هه‌بێت. حکوومەتی ناوه‌ندی بۆته خاوه‌نی زه‌وی و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌رچاوه‌کانی تر، هیچێك نه‌ماوه ئه‌و، واته حکوومه‌ت، خاوه‌نی نه‌بێت و به ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵسوکه‌وتی پێوه نه‌کات. به هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌هاشی هه‌یه به‌سه‌ر بواری بازرگانیی ده‌ره‌وه‌دا. هه‌رچی چاپه‌مه‌نیش هه‌یه، هه‌ر موڵکی خۆیه‌تی، هه‌موو کتێبه‌کان و لاپه‌ڕه‌کان و کاغه‌زه‌کان بۆ بڵاوکراوه ڕه‌سمییه‌کان به کار ده‌هێنرێن، وێنه‌ی سه‌رده‌می -تزاره‌کان-، هه‌رچی هه‌یه، موڵکی ده‌وڵه‌ته، ته‌نها هه‌ندێك موڵك نه‌بێت که ناسیۆنالیزه نه‌کراون، ئه‌وانه‌ش بریتین له هه‌ندێك خانووبه‌ره‌ی داته‌پیوو له مۆسکۆ، یا هه‌ندێك دوکان و بازاڕی خۆجوانکردن. ئه‌وانه‌ش حکوومه‌ت ده‌توانێت له‌چاوترووکانێکدا بیانکاته موڵکی خۆی، له حاڵه‌تێکی ئاوه‌هادا ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دارمان، یا باشتر بڵێین ده‌وڵه‌تی خاوه‌نکارمان، پیشان ده‌درێت. که‌واته هیچ زیاده‌ڕۆیی و خه‌ووخه‌یاڵ و داڵغه‌لێدانێك نییه ئەگه‌ر بووترێت و وا ده‌ربخرێت که ئه‌و حاڵه‌ته هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به کۆمونیزمه‌وه نییه.
به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنان
با ئاوڕێکیش له به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنان بده‌ینه‌وه، تا بتوانیین ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڵیبسه‌نگێنین، هه‌ر هیچ نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه به‌شکو که‌مێك کۆمونیزم بدۆزینه‌وه، یا بتوانین پله‌یه‌ك له پله‌کانی ژیان له یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت دیاری بکه‌ین و که‌مێك به شانوباڵیدا هه‌ڵبده‌ین.
له‌مه‌وبه‌ر باسی ئه‌وه‌م کرد که زه‌وی و ئامرازه‌کانی تری به‌رهه‌مهێنان کراونه‌ته موڵکی ده‌وڵه‌ت، واته ئه‌و چه‌ندایه‌تییه‌ی به‌رهه‌مهێنان که پێویسته له‌لایه‌ن یه‌که‌پیشه‌سازییه‌کانه‌وه -فابریکه‌کان- کارگه‌کان- به‌رهه‌م بهێنرێت هه‌مووی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌تی ناوه‌ندی له مۆسکۆ دیاری ده‌کات و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت وڵاتێکی فراوانه، یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی جیهانه، ژماره‌ی دانیشتوانی خۆی ده‌دات له 165 ملیۆن که‌س، چه‌ند کۆمارییه‌کی ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی له‌خۆگرتووه، هه‌ر ناوچه‌یه‌کی وه‌ربگریت، به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، گومان له‌وه‌دا نییه که نه‌خشه‌کێشانی پیشه‌سازی و ئابووری گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها گومانیش له‌وه‌دا نییه که باشگوزه‌رانی کۆمینێتگه‌ری و یه‌کسانیی ئابووری نێوان مرۆکان و کۆمیونێته‌کان بوونی حزبێکی کۆمونیستی به‌فه‌ڕ و نێتپاك فه‌رز ده‌کات، هه‌ر کۆمیونێتێییه‌ك وه‌ربگریت پێویستی به باشترین و کاریگه‌رترین نه‌خشه‌ی ئابووری هه‌یه، به‌گوێرەی پێویستی و تواناکانی ناوچه‌که خۆی، ئه‌وه جگه له‌وه که ده‌بێت ئازادیی ته‌واو ببێته بنه‌مای نه‌خشه‌کێشانی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك. هه‌روه‌ها پێویسته هه‌ر کۆمیونێتێییه‌ك هێنده‌ی پێویستییه‌کانی خۆی خاوه‌نی به‌رهه‌می خۆی بێت. دیاریکردنی ئه‌و پێویستییانه ئه‌رکی تایبه‌تی خۆیه‌تی، ده‌شبێت کۆمیونێتییه‌کان خۆیان سه‌روه‌ری ئاڵوگۆڕکاری بن. لێره‌دا مه‌به‌ست له ئاڵوگۆڕکردنه به‌و به‌رهه‌مانه که له پێویستییه‌کانی خۆیان زیاتره، که‌واته ده‌بێت نه‌هێڵرێت هیچ هێزێکی ناوه‌ندی له ده‌ره‌وه‌ی کۆمیون ده‌ست وه‌رداته ئه‌و ئاڵوگۆڕانکارییه.
له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری، کۆمونیزم به‌و چه‌شنه نییه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه هه‌ڵنه‌چنراوه و هه‌ڵناسووڕێت. ئێمه ته‌نها له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه که باسمان کرد دەتوانین بڵێین که به پێویست کۆمونیزم ئازادیخوازه -ئه‌نارکییه-، ئێمه به هیچ کلۆجێك نه کاریگه‌ری، نه شوێنه‌واری ئه‌وه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت به‌دی ناکه‌ین. ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه، نه‌ك هه‌ر به پێچه‌وانه‌وه‌یه، به‌ڵکو هه‌موو هه‌وڵێکیش بۆ ڕێکخستن و پراکتیزه‌کردن له‌و چه‌شنه، واته کۆمونیزمی ئازادیخواز، کراوه‌ته تاوانێکی گه‌وره و سزاکه‌شی کوشتنه.
نه‌خشه‌کێشانی پیشه‌سازی و پرۆسیسی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن وا له مشتی حکوومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووریدا، واته وا له مشتی حزبی کۆمونیستدا. ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووریش ته‌واو دابڕاوه له خه‌ڵکانی کۆمارییه سۆسیالیسته سۆڤیه‌تییه‌کان، بڕیاره‌کانیشی کراونه‌ته هه‌لومه‌رجی کارکردنی خودی ئه‌نجومه‌ن خۆی، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که بووه مایه‌ی ئه‌وه که ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌شێکی زۆر زۆری گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ی باشوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی نارده ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ش بووه هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی کوشتنی دوو ملیۆن که‌س له‌ژێر باری برسێتییه‌که‌ی 1932-1933دا.
ده‌وڵه‌ت له‌وه‌شدا تاوانباره که ته‌واوی هۆی دروستبوونی ئه‌و باروزووفه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه که پێشه‌واکان هه‌ر سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه که هه‌ر درێژه بده‌ن به سه‌روه‌ریی خۆیان. پێویسته ئه‌وه‌ش له یاد نه‌که‌م که سه‌رباری ئه‌وه که برسێتی هه‌موو وڵاتی ته‌نیبوو، نه‌خشه‌ی ڕۆژانه‌ش بریتی بوو له‌وه که ده‌بێت گرنگییه‌کی تایبه‌ت بدرێت به پیشه‌سازیی گه‌وره و پێش بخرێت، به‌ڵام کام پیشه‌سازیی گه‌وره و چ جۆره پێشخستنێك؟ بێگومان ئه‌و پیشه‌سازی و پێشخستنه، که‌وا کراوه‌ته خزمه‌تکاری مه‌به‌سته سه‌ربازییه‌کان.
دابه‌شکاری و هه‌موو چالاکییه‌کانی تریش هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه، بۆ پای نەگبه‌تیی ئه‌وه ته‌نها هه‌ر له شار و شارۆچکه‌کاندا وا نییه، له هه‌موو ئه‌و هه‌رێمانه‌شدا وایه که یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیان لێ پێکهاتووه هه‌ر به‌و چه‌شنه‌یه، که‌واته هه‌رێمه‌کان سه‌ربه‌خۆ نین هه‌موویان ژێرده‌سته و ملکه‌چی مۆسکۆن، هه‌موو چالاکییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کانیش به زۆری زۆرداری له‌ژێر چه‌پۆکی -دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا-دان له مۆسکۆ. له‌وه خراپتریش ئه‌وەیه که له کۆمارییه سۆسیالیسته‌کاندا هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی ژیانی ناوچه‌یی و ژیانی تاکه‌کانیش به‌پێی –هێڵی گشتی- ده‌برێن به‌ڕێوه، ئه‌و هێڵه‌ش ده‌ستودیاریی ناوه‌نده، به واتایه‌کی دی لیژنه‌ی ناوه‌ندی و مه‌کته‌بی سیاسیی حزب دایناوه، ئه‌و پێکهاته‌یه‌ش وا له چنگی پۆڵایینی یه‌ك زه‌لامدا. پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن که‌سێك ده‌توانێت نازناوی کۆمونیزم ببه‌خشێت به‌و دیکتاتۆرییه‌ته؟ ئه‌وه ئۆتۆکراتییه‌تێکی ڕه‌هایه، هێزی تزاری به تۆزی پێیدا ناگات، هه‌ر ئه‌وه‌شه که ناچێته ئه‌قڵه‌وه و منی سه‌رسام کردووه.
ژیانی ڕۆژانه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت
با ئێسته پشکنینکاری بکه‌ین، تا بزانین -کۆمونیزم- به‌لشه‌فیك چۆنچۆنی کاری کردۆته سه‌ر ژیانی جه‌ماوه‌ر و تاك له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت.
هه‌ندێك که‌سی ساده و ساکاری ساویلکه بڕوایان وایە که هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی کۆمونیزم چۆته ژیانی جه‌ماوه‌ری ڕوسه‌وه. من حه‌زم ده‌کرد ئه‌وه وا بووایه، چونکه هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وه ئاسۆیه‌کی ڕووناکی ده‌رده‌خست، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌و ئاڕاسته‌یه، هیچ گه‌شبینییه‌ک و گه‌شه‌کردنێك دیار نییه له ژیانی سۆڤییه‌تییه‌کاندا، نه له بواری په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، نه له بواری تاکیدا، هیچ هه‌وڵێك نه‌دراوه بۆ جێبه‌جێکردنی پرانسیپه‌کانی کۆمونیزم. پێشان جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه کرد و ده‌رمخست که ده‌بێت کۆمونیزم ئازاد و ئاره‌زوومه‌ندانه بێت، به‌ڵام ئه‌وه له ڕوسیا حه‌رامه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که ئه‌و جۆری بیرکردنه‌وه ئازادیخواز و ئاره‌زووخوازییه خراوه‌ته خانه‌ی دژه‌شۆڕشه‌وه و مه‌زنتریین خیانه‌تیشه که ده‌کرێت ده‌رهه‌ق به ستالینی هه‌ڵه‌نه‌ناس و حزبی بێگه‌رد -حزبی کۆمونیست-.
لێره‌دا باس له کۆمونیزمی ئازادیخواز -ئه‌نارکیزم- ناکه‌ین و وه لاوه‌ی ده‌نێین، ئێمه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت هیچ جێگه‌ده‌ستی کۆمونیزم نادۆزینه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تگه‌راییه و سه‌روه‌ریخوازیش سمبولێتی.
له‌ناوبردنی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وزه‌به‌خشی کۆمونیزمه، ته‌نانه‌ت لای کۆمونیزمه زوڵمکاره‌که‌ش هه‌ر به‌و جۆره‌یه.
قۆناغی یه‌که‌می کۆمونیزم به‌رقه‌رارکردنی یه‌کسانیی ئابوورییه، هه‌ر ئه‌وه‌شه بناغه‌ی جه‌می فه‌لسه‌فه‌ی کۆمونیزم. جا ئەگه‌ر هه‌ندێك جیاوازیش هه‌بێت، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که هیچ خاڵێکی هاوبه‌ش نییه. نه‌خێر ئامانجی هاوبه‌ش هه‌ر زامنکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌موو مه‌سه‌له‌کانیش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که سه‌ره‌تا ئێمه ناتوانین دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی بچه‌سپێنین، به‌بێ به‌رقه‌رارکردنی یه‌کسانیی ئابووری، ته‌نانه‌ت –ئه‌فلاتۆن-یش، به‌بێ هیچ چه‌ندوچۆنێك و بگره‌وبه‌رده‌یه‌ك، له کۆماره‌که‌ی خۆیدا به ته‌واوی لایه‌نگری یه‌کسانیی ئابووری کردووه، ئه‌وه له کاتێکدا بووه که پێشبینی هه‌موو جۆره جیاوازییه ڕۆشنبیری و ڕه‌وشتییه‌کانیشی کردووه. ئه‌و، واته -ئه‌فلاتۆن-، دژی ئه‌وه بووه که خاوه‌نئیمتیازه‌کان، ئیمتیازه‌کانیان زیاتر بکرێت، چونکه ده‌بێته هۆی له‌قکردنی پارسه‌نگی یه‌کسانیی ئابووری، که‌چی تازەبەتازە له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت به پێچه‌وانه‌وه‌یه. له ڕوسیا به‌لشه‌فیزم چینه‌کانی له‌ناو نه‌بردووه، ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی ته‌نها په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئاوه‌ژوو کردۆته‌وه و که‌له‌به‌ره چینایه‌تییه‌که‌ی پێش شۆڕشی فراوانتر و قووڵتر کردووه.
-به‌ش و ئیمتیازه‌کان
ئه‌و ده‌مه‌ی خۆم بینییه‌وه له ڕوسیا، واته جه‌نیوه‌ریی 1920، به چاوانی خۆم بینیم که به‌شێکی یەکجار زۆری هه‌مه‌چه‌شنه هه‌بوو که حکوومه‌ت خواردنی ده‌دانێ. ئه‌و به‌شه هه‌مه‌چه‌شنه‌یه، به‌شه‌کانیان له ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه زۆر بوو هه‌مه‌جۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو، چۆنایه‌تییه‌که‌شی له هه‌ره باشه‌کان بوو. ئه‌وانه ئه‌ریستۆکراته‌کانی شۆڕش بوون، له ڕووی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو، ئه‌وانه خاوه‌نئیمتیازه‌کان بوون. دوای ئه‌وانه سه‌ربازه‌کان و پیاوه‌کانی سوور دەهاتن، ئه‌مانه وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێشوو نه‌بوون، تا به‌شه‌کانیان له هه‌ره باشه‌که بێت. دوای ئه‌وانه‌ش کارگه‌رانی بواری چه‌کسازی بوو، دواتر وه‌ستا و پیشه‌زانه‌کان بوون و…تاد. ئه‌وانه حاڵیان شڕ بوو، له ڕیزی هه‌ره خراپه‌کاندا بوون، به‌شێکی زۆر که‌م و خراپیان ئه‌دانێ له نان، چەوری، شەکر و تووتن، ئەگه‌ر له‌به‌ر ئه‌وانی تر بمایه‌ته‌وه هه‌ندێك کاڵای تریشیان ئه‌دانێ. دوای ئه‌مانه‌ش ئه‌و که‌سانه بوون که کاتی خۆی سه‌ر به چینی بۆرژوازی بوون، واته ئه‌و چینه که به ڕه‌سمی له‌ناوبرابوو. ئه‌و نه‌گبه‌تانه هه‌ر هیچیان نه‌ده‌دانێ، زۆریشیان مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو خانووشیان هه‌بێت، بۆشیان نه‌بوو هیچ جۆره کارێک بکه‌ن، ئه‌وانه ناچار یا ده‌بوون به دز و جه‌رده، یا پاڵیان ده‌دا به سووپای دژه‌شۆڕشه‌وه.
ئه‌ندامانی حزبی کۆمونیستیش خاوه‌نی کارتی سوور بوون، پله‌وپایه به‌رز بوون. لەناو ئه‌و کارت سوورانه‌شدا پله‌ی جیاواز جیاواز هه‌بوو، هه‌ندێکیان به ئیمزای سه‌روه‌رێکی حزبی ڕووخسه‌تی ئه‌وه‌یان پێ ده‌درا له چێشتخانه حیزبییه‌کاندا چێشت بخۆن. ئه‌وانه ژێر به‌رگیان گه‌رموگوڕ بوو، پێڵاوه‌کانیان چه‌رم بوو، هه‌روه‌ها پاڵتۆکانیشیان خووری بوو. به‌لشه‌فیکه باڵاده‌سته‌کان چێشتخانه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو، قەدەغە بوو به‌لشه‌فیکه‌کانی خواره سه‌ری پێدا بکه‌ن و چێشت بخۆن. ئه‌و چێشخانانه له گه‌ڕه‌که گشتییه‌کان بوون. دوو جۆر چێشتخانه هەبوو، یه‌که‌میان بۆ کۆمونیسته هه‌ره زه‌به‌لاحه‌کان بوو، دووه‌میش بۆ ئه‌و کۆمونیستانه بوو که که‌مێك له خواره‌وه‌تر بوون. -زینۆفیف- سه‌رۆکی سۆڤیه‌تی پترۆگراد دەبووایه له‌وێ نانی بخواردایه، واته ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که پله‌ی به‌رز بوو بۆی نه‌بوو له چێشتخانه‌ی زه‌به‌لاحه‌کان چێشت بخوات. سه‌رباری ئه‌و ئیمتیازانه، ماوه‌یه‌کیش جێگه‌ی شاره‌وانی کرایه یانه‌ی سه‌فاهه‌تی ئه‌و کۆمونیستانه به خۆیان و خاووخێزانیانه‌وه، له‌وێکه ڕایانده‌بوارد. لە مۆسکۆ، خارکۆڤ، کیێڤ و ئۆدێسا ئە‌و بەزمی سه‌فاهه‌ته هه‌ر به‌و جۆره بوو، له سه‌رتاپای ڕووسیا به باو کرابوو.
ئه ئاواهی بوو –کۆمونیزم-، -به‌لشه‌فیزم-. ئه‌و سیستمه کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی خوڵقاند و بووه مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایی و هه‌ستونه‌ستی دژایه‌تکاری هورووژاند، ئه‌وه‌ش بووه مایه‌ی تێکوپێکشکاندن و په‌کخستنی کارگه‌کان. لە دێهاته‌کانیش مانگرتن و ڕاپه‌ڕینه‌کان به‌رده‌وام بوون، ده‌وترا و ده‌وترایه‌وه که مرۆ ته‌نها به نانه‌سکێ ناژی، مه‌سه‌له‌ی ئازادیی وڵات لای جه‌ماوه‌ری خوێنڕژاو گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو. جگه له‌وانه که باسمان کردن، سیستەم دروستکردنی جیاوازی نێوان ناوچه‌کان و هه‌رێمه‌کانی کردۆته سه‌مبولی ڕژێمی نوێ، لای جه‌ماوه‌ر به‌لشه‌فیزم بۆته درۆیه‌کی زل، چونکه به‌ڵێنه‌کانی به درۆ ده‌رچوون، به تایبه‌تی به‌ڵێنی به‌رقه‌رارکردنی ئازادی، لای جه‌ماوه‌ر ئازادی ته‌نها یه‌ك مانای ده‌به‌خشی، ئه‌وه‌ش دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانیی ئابووری بوو. به ده‌گمه‌ن غه‌ریزه‌ی جه‌ماوه‌ر به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، ئا لێره‌دا ئه‌و پێشبینییه پێغه‌مبه‌رانه‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئێمه له‌وه سه‌رسام نابین که کاتێك ده‌بینین گه‌رموگووڕیی گشتی جه‌ماوه‌ر بۆ شۆڕش ده‌گۆڕێت و ده‌بێته دژایه‌تیکاری و ڕقوکینه دژی و چێشتنی تاڵاوی نائومێدبوون.
چه‌ند جار؟ کرێکاران هاتنه لای من و سکاڵایان ده‌کرد له ده‌ست )نانەزگێ له‌بریی کارپێکردنی زۆر و قورس و نادادپه‌روه‌ری. ئه‌و کرێکارانه ده‌یانگووت چ قه‌یدی نییه ئەگه‌ر وڵات هه‌ژار و نه‌بووەیه و نان نییه، به‌ڵام با ئه‌وه‌ی هه‌یه له ناوخۆماندا یه‌کسان به‌شی بکه‌ین، هه‌ندێك زۆر زۆر وه‌رده‌گرن، هه‌ندێك که‌مێك که‌متر وه‌رده‌گرن، هه‌ندێکیش هه‌ر هیچ وه‌رناگرن، ئه‌م سیستمه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئیمتیازچێتی هه‌ڵچنراوه، ته‌نها که‌مێك ده‌ستکاری و ورده‌کاری تێدا کراوه، ئەگه‌ر نا هه‌ر وه‌ك سیستمی پێشوو وایه(.
ناخی شۆڕشی ڕووسی، هه‌ڵچوون و هورووژانێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و مه‌یله‌که‌شی مه‌یلێکی ئازادیخوازانه‌یه و ئامانجی سه‌ره‌کیشی یه‌کسانیی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه. ماوه‌یه‌کی زۆر پێش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر، نۆڤه‌مبه‌ری 1917، کرێکارانی ناو شاره‌کان ده‌ستیان کردبوو به که‌ڵكوه‌رگرتن له جێگه پیشه‌ییه‌کان -فابریکخانه‌کان-، -کارگه‌کان-، له هه‌مان کاتدا جووتیاره‌کانیش ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر موڵکه گه‌وره‌کاندا و به کۆمه‌کی به‌کاریان ده‌هێنان، پێشکه‌وتن و نه‌شونماکردنی شۆڕش به‌رده‌وام بوو به‌ره‌و کۆمونیزم، شۆڕش پشتئه‌ستوور بوو به یه‌کێتیی هێزه شۆڕشگێڕه‌کان و ده‌ستپێشخه‌ری دروستکارانه‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر کارگه‌ران، گه‌ل به گشتی گه‌رموگوڕ و بێئارام بوو بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئامانجه که له‌به‌رده‌میدا بوو، ئه‌و ئامانجه‌ش بریتی بوو له دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ له جێگه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بوو ده‌یچه‌وساندنه‌وە. جه‌ماوه‌ر خۆی ئه‌و توانایه‌ی هه‌بوو به خۆی ڕێگه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه ڕووه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ، هه‌روه‌ها ئه‌و توانایه‌شی هه‌بوو که به‌رده‌وامیدان به نوێکردنه‌وه زامن بکات، به‌ڵام مه‌زه‌به ده‌وڵه‌تگه‌راییه‌که‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان کرایه کۆسپێکی کوشنده له به‌رده‌می هه‌موو چالاکییه‌کی دروستکارانه‌ی جه‌ماوه‌ردا. گومان و سڵکردنه‌وه بووبوونه سیمای سه‌ره‌کی ده‌روونی Psychologie به‌لشه‌فیك، خواست و ویستی تیۆریی مارکس‌یش، هه‌ر ئه‌وه بوو که ده‌بێت ده‌سه‌ڵات له قووله‌مستی حزبدا بێت، دڕندانه و به‌زۆری زۆرداری دژی هه‌موو هاریکارییه‌کی نێوان شۆڕشگێڕان و حزبه سیاسییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی بوو، سیاسه‌تی به‌لشه‌فی دژی لانی که‌می هه‌موو ناڕه‌زاییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بوو، هه‌موو ڕه‌خنه و بیروڕایه‌کی سه‌ربه‌خۆی یاساغ ده‌کرد و ده‌یخنکاند، ده‌سپێشخه‌ری جه‌ماوه‌ر قەدەغە کرابوو. هه‌موو ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ژێر چه‌پۆکی به‌لشه‌فیدایه و جموجووڵی ئابووری و پیشه‌سازی وڵاتی ئیفلیج کردووه، جه‌ماوه‌ر بۆی نییه و ناتوانێت توخنی نه‌خشه‌کێشانی سیاسیی شۆڕش بکه‌وێت، ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ر مافی ئه‌وه‌شی نییه که‌مێك به‌شداریی کاغه‌ز و قه‌ڵه‌مکاری بکات، ته‌نانه‌ت لەو بوارانه‌شدا که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه به کاروباره‌کانی خۆیه‌وه.، سه‌ندیکاکان کراونه‌ته نۆکه‌ر و خزمه‌تکاری ده‌وڵه‌ت، هه‌موو چالاکییه‌کانی سه‌ندیکاکان له بواری هاریکاری نێوان شار و شارۆچکه‌کان و هه‌رێمه‌کاندا به‌سته‌ڵه‌ك کراوه، سۆڤیه‌ته‌کانی جووتیاران و کرێکاران پووچه‌ڵ کراونه‌ته‌وه، کۆمویته‌کان کراونه‌ته کۆڕوکۆمه‌ڵی -به‌ڵێ-به‌ڵێ-به‌ڵێ-قوربان، واته هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنترۆڵکراون و وان به ده‌ست حکوومه‌ته‌وه و ئامێرێکی بیرۆکراتی ده‌به‌نگ و بووده‌ڵه دامه‌زرێنراوه که له گه‌نده‌ڵ و دڕنده‌کاری زیاتر هیچ کارێکی تری نییه، خۆی له جه‌ماوه‌ر دوور خستۆته‌وه، شۆڕش حوکمی مردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، جه‌ماوه‌ر ته‌واو پڕ و ناڕازییه له تۆقاندنکاریی به‌لشه‌فیك، به‌تایبه‌تی ئه‌و شێوازی داپڵۆسین و تۆقاندني به‌لشه‌فییه که له سه‌ره‌تادا پراکتیزه ده‌کرا له‌ژێر ئاڵای )جه‌نگی کۆمونیزم(دا. جه‌نگی کۆمونیزمیش بریتی بوو له به‌سه‌ربازکردنی جووتیاران و کرێکاران، که خۆی له خۆیدا بریتییه له کاولکردنی دێهاته‌کان و شارۆچکه‌کان به تۆپهاوێژه به‌لشه‌فییه‌کان. برسێتییه سامناکه‌که‌ی1921 له‌و هه‌نگاو و پلانه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
له1921وه چ گۆڕاوه؟
ئه‌مڕۆ چ باسه؟ گه‌یشتوونه‌ته کوێ؟ ئایا کۆمونیزم سروشتی خۆی گۆڕیوه و بەڕاستی جیاوازه له کۆمونیزمه‌که‌ی1921؟
جارێکی دی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌مه‌وه، که له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بڕیاره سیاسی و هاتوهاواری نه‌خشه‌کێشان و هه‌نگاوه ئابوورییانه‌دا، به‌لشه‌فیزم-کۆمونیزم-، هه‌ر کۆمونیزمه‌که‌ی جاری جارانه، واته کۆمونیزمه‌که‌ی 1921. ئه‌مڕۆ جووتیاران زه‌وییه‌کانیان لێ زه‌وت کراوه به ناوی هه‌ره‌وه‌زیکارییه‌وه، کێڵگه‌کان حکوومه‌تین و جووتیاران کراونه‌ته -سه‌پان-، واته وێنه‌ی کرێکارانی کارگه‌کان کرێگرته‌ن، به‌لشه‌فییکه‌کان ئه‌و به‌زمه‌یان ناو ناوه بەپیشه‌سازیکردنی کشتوکاڵ، گۆڕینی جووتیار بۆ پرۆلیتار، زه‌وییه‌کان هه‌ر به ناو هیی دێهاته‌کان و شارۆچکه‌کانن، له‌ڕاستیدا هی ده‌وڵه‌تن، هه‌نووکه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت بڕیار بدات و به هه‌ره‌وه‌زکار بڵێت شڕوشیتاڵت کۆ بکه‌ره‌وه و بڕۆ له ناوچه‌یه‌کی تر کار بکه، له کاتی سه‌رپێچیکردن و بێگیۆییکردنیشدا، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت گوێی با بدات و شاربه‌ده‌ری بکات. ڕاسته کێڵگه‌کان هه‌ره‌وه‌زیین، به‌ڵام له‌ژێر ڕکێفی حکوومه‌تدان به پاساوی ئه‌وه که زه‌وییه‌کان موڵکی ده‌وڵه‌تن و ده‌وڵه‌ت بۆی هه‌یه به ئاره‌زووی خۆی باج و نرخی دانه‌وێڵه و به‌رهه‌مه‌کانی تر دیاری بکات، له کڕینی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا قسه‌ی هه‌ره‌وه‌زیکاران هیچ به‌هایه‌کی نییه و بڕ ناکات و ناخوات، ئیتر ده‌وڵه‌ت چۆن و چه‌ندی دیاری کردووه هه‌ر ئه‌وه‌یه و به‌س، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ته‌نها ده‌وڵه‌ت خۆی بڕیاری قه‌رزپێدان ده‌دات و فه‌رزیشی ده‌کات. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر دانه‌وێڵه و به‌رهه‌مه‌کانی تردا، چونکه به موڵك و مافی ڕه‌وای خۆی ده‌زانێت. به بیروبۆچوونی من برسێتییه گه‌وره‌که‌ش له زه‌وتکردنی زه‌وییه‌کانی جووتیارانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، هه‌ر ئه‌و برسێتییه‌ش بوو وایکرد ناڕه‌زایی و هه‌ڵچوون سه‌رهه‌ڵ بدات و کاریگه‌ری ئه‌و ناڕه‌زایی و هه‌ڵچوونەش بوو که لێنینی ناچار کرد سیاسه‌تی –نی‌پ-Nep- بهێنێته گۆڕێ، به‌پێی ئه‌و سیاسه‌ته که‌مێك زیاتر به‌شی جووتیاران ده‌درێت، من ئه‌و ڕاستییه ده‌ڵێم، که ئه‌و سیاسه‌ته که‌مێك باروزروفی وڵاتی ئه‌هوه‌ن کرده‌وه.
دواتر هه‌مان باروزروفی 1921 ده‌بینینه‌وه، که چۆن –ستالین- له‌وه تێگه‌یشت و ناچار بوو چاو بخشێنێته‌وه به سیاسه‌تی خۆید او دان به‌وه‌دا بنێت که ڕوسیا وڵاتێکی کشتوکاڵییه و پێویسته به‌شێك له موڵکی وڵات بدرێت به جووتیاران، ئه‌و سیاسه‌ته فڕوفێڵ و پشوودانێکی کاتییه و دیاره که فڕی به‌سه‌ر کاری کۆمونستییه‌وه نییە. تا باشتر بێت له‌وه‌ی پێشوو له بواری کشتوکاڵیدا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ره‌وه ده‌وڵه‌ت و دیکتاتۆرییه‌تی به‌لشه‌فییه، که ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر کاری ناردنه‌ده‌ره‌وه‌دا، ئه‌و مۆنۆپۆلکارییه‌ش که‌م و زۆر له توندوتیژیی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندندا خۆی ده‌نوێنێت، باش دیاره که له‌و بواره‌شدا هه‌ڵسوکه‌وتی تساریزمی tsarismeی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م پیاده ده‌کرێت، که‌واته سته‌مکاریی به‌لشه‌فی بێکۆتاییه، ئازادییه‌که‌شی لاقزنجیرکردنه، بۆیه سه‌یر نییه که به‌لشه‌فیزم ئازادی به ته‌نته‌نه و عه‌نته‌نه و- فه‌نتازی-ی بۆرژوازییانه ده‌زانێت.
خۆهه‌ڵواسه‌ر و پیاهه‌ڵده‌ره زمانلووسه‌کانی thuriféraires یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت سه‌رقاڵی پاساوهێنانه‌وه‌ن بۆ )جه‌نگی کۆمونیزم(، وه‌های ده‌رده‌خه‌ن که ئە‌و جه‌نگه له خودی شۆڕش خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئابڵووقه‌دان و باری سه‌ربازی سه‌رسنووره‌کان فه‌رزیان کردووه. ئه‌و پاساوانه به‌تاڵن، وا شانزه ساڵ تێپه‌ڕ بووه، نه ئابڵووقه ماوه، نه شه‌ڕی سه‌ر سنووره‌کانیش، نه دژەشۆرشیش ماوه، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌ته زه‌به‌لاحه‌کانیش نه‌ماون، هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیان بە ڕەوا ناسیوە و بڕوای خۆیان پێ به‌خشیووه، یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیش ئاماده‌باشیی خۆی پیشان داوه بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و له‌نێوانیاندا بۆته جامباز و چه‌رچی و بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌کات و بازاڕه‌کانیانی بوژاندۆ‌ته‌وه، له‌و بواره‌دا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش هه‌نگاوی ناوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ -هتلر- و مۆسۆلۆنیش ده‌کات، ئه‌و پاڵه‌وانه ئازادیخوازه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی گه‌رده‌لووله ئابوورییه‌کان بگرێت، که‌وتۆته یارمه‌تیدانی کاپیتالیزم و به ملوێنه‌ها دۆلار ده‌ستاوده‌ست پێ ده‌کات بۆ کردنه‌وه‌ی بازاڕه تازه‌کان.
به شێوه‌یه‌کی گشتی، ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دراوه له ڕوسیای سۆڤیه‌تی، له ماوه‌ی ئه‌و حه‌ڤده ساڵه‌دا، به هه‌ندێك ده‌ستکاری ڕووکه‌شی له بواری ئابووری و سیاسی‌دا، ته‌نها درێژه‌دانه به حوکمڕانییه‌که‌ی پێشوو، ده‌وڵه‌ته‌که‌ش هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌ی جارانه، هه‌روه‌ك جاری جارانیش ده‌هێڵرێته‌وه. به واته‌یه‌کی دی، زوڵم و سته‌مکاری و تو ندوتیژی هه‌روه‌ك ساڵی1920-1921 ده‌هێڵڕێنه‌وه.
زیادبوونی توێژ و چینه‌کان
ئه‌مڕۆ له ڕوسیای سۆڤیه‌تی هه‌ندێك توێژ و چین دروست بوون که کاتی خۆی، واته 1917 نه‌بوون، به‌لشه‌فیك له جووتیاران و کرێکاران بیرۆکراتێکی زۆری دروست کردووه ،ئیمتیازێکی زۆری پێ به‌خشیوون، لغاوی ئه‌وانه‌شی داوه‌ته ده‌ست ئه‌وانه که خاوه‌نی ئیمتیازی زیاترن، واته هاوڕێ سه‌روه‌ره‌کان -ئه‌ریستۆکراتی نوێی سۆڤیه‌تی. چینی کرێکاریش دابه‌ش کراوه به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێکی تایبه‌تیدا، جۆرێکیان oudarmiki ئه‌م جۆره له کارگه‌کاندان به به‌شی -شۆك- CHOC-ناوبانگیان ده‌رکردووه و کراونه‌ته خاوه‌نی چه‌نده‌ها ئیمتیاز، ئه‌وانه له -پسپۆڕان، پیشه‌کاران-کرێکاری ساده، ئه‌مانه جگه له‌وه‌ی که ئه‌ندامی کۆمیته‌ی کارگه‌کانن، ئه‌ندامی حزبیشن. جۆرێکی دی ناسراوه به -کومسومۆل- ئه‌مانه جگه له ئیمتیازه مادییه‌کان، باڵاده‌ستیش. هه‌روه‌ها چینێکی گه‌وره‌ش هه‌یه به ناوی -Lishenti-، ئه‌مانه هیچ مافێکی سیڤلیان نییه، زۆربه‌یان بۆیان نییه هیچ کارێك بکه‌ن، هه‌روه‌ها بۆشیان نییه له هه‌ندێك جێگه بژین. سه‌رده‌می تزار به‌تایبه‌تی ده‌فته‌رێك هه‌بوو بۆ جووه‌کان، جووه‌کان مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو له هه‌ندێك جێگه‌ی دیاریکراوی وڵات بژین، ئێسته ئه‌و ده‌فته‌ره کراوه به په‌ساپۆرتێکی سۆڤیه‌تی، هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ی جاران به‌کاره. له سه‌روو ئه‌و هه‌موو چین و توێژانه‌وه، دامه‌زراوه‌یه‌کی تۆقێنه‌ر و به‌هێز هه‌یه به ناوی Guépéou حوکم ده‌کات. ئه‌و دامه‌زراوه‌یه خۆی بۆ خۆی حکوومه‌تێکه له‌ناو حکوومه‌تدا، چه‌نده‌ها پله‌وپایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تیایه، خاوه‌نی هێزی چه‌کداری خۆیه‌تی. هه‌روه‌ها دامه‌زراوه بازرگانی و پیشه‌سازییه‌کان سه‌ربه‌خۆ نین، په‌یڕه‌وی ناوخۆ و یاساکانیشی تایبه‌تن به کاره‌کانی خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، کۆیله و به‌ندکراوێکی زۆریشی هه‌یه، هه‌موویان له که‌مپه‌کاندا دانراون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا پله‌وپایه‌ی جیاوازجیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رقه‌رار کراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه و باسمانکرد به‌بێ هیچ چه‌ندوچۆنێک و بگره‌وبه‌رده‌یه‌ك، به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها دژەکۆمونیزمه.
دیکتاتۆرێك بێبه‌زه‌ییتر ده‌بێت
ئاواهین پرانسیپه‌کانی سیستمی سۆڤیه‌تی
به‌لشه‌فیکه ده‌مارگرژه سه‌رسه‌خته‌کان، پێمان ده‌ڵێن که کارپێکردنی زۆره‌ملێ له بواری به‌رهه‌مهێناندا به‌ره‌و خۆڕێکخستنمان ده‌بات، ده‌بێت ئێمه بیسه‌لمێنیین که بڕواکردن به‌و ناماقوڵییه، ساویلکه‌ییه و دووڕووییه و هیچ پاساوێکی نییه، لێبووردن نییه به‌رامبه‌ری. من سه‌رسام دەبووم به‌وه که کاتێك ده‌گه‌یشتم به هه‌ندێك که‌س که به ڕواڵه‌ت دانا و زانا بوون، بڕوایان وا بوو و بانگی ئه‌وه‌شیان ده‌دا که به‌لشه‌فیکه‌کان خه‌ریکی دامه‌زراندنی )کۆمونیزمن(. هه‌ندێکیشیان وایانده‌زانی که دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ، پێویستی به‌وه‌یه که به‌رزترین به‌های جه‌سته‌یی و ڕه‌وشتیی مرۆڤایه‌تی تێکوپێك بدرێت. هه‌ندێکی تریشیان داوای ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ده‌بێت ڕێگه‌ی ئازادی و هه‌روه‌زیکاری به به‌کۆیله‌کردنی کارگه‌راندا تێ بپه‌ڕێت، ده‌بێت ڕۆشنبیران له ناو ببرێن، چونکه ژه‌هرێکه پێکهاتووه له ڕقوکینه و حه‌ز و ئاره‌زوو و چاوچنۆکی. ئه‌وانه، واته ئه‌و به‌لشه‌فیکانه، لایان وایه که به‌و جۆره تۆوی گیانی برایه‌تیی کۆمونیستی ده‌چێنرێت له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا. هه‌روه‌ها ئه‌وانه دامه‌زراندنی داموده‌ستگایه‌کی سیخووڕیی تۆقێنه‌ر به پێویست ده‌زانن ، تا وه‌ك ئامرا وو مێوۆدێك به کار بهێنرێت بۆ گه‌یشتن به ئامانجێك، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ن به‌وه که ئه‌و ئامراز و مێوۆده خۆی له خۆیدا ده‌بێته ئامانجێك. ده‌مێکه به‌لشه‌فیکه سه‌روه‌ره‌کان وازیان له‌وه هێناوه که کۆمونیزم و سۆسیالیزم وه‌ك ئایدیالێك ئیلهامیان بێت، ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه ده‌سه‌ڵات و به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاته، بێگومان ئه‌وه‌ش به به‌باوکردنی ملکه‌چیی کوێرانە و چه‌وساندنه‌وه و داڕماندن و شێواندنی ئه‌قڵی خه‌ڵك.
نه‌وه‌ی نوێ گۆشه‌کراو به‌رهه‌می ئه‌و پرانسیپ و مێتوده‌ی به‌لشه‌فیکه‌کانه، له ڕوسیای سۆڤیه‌تی ئه‌وه‌ی که قەدەغە نییه بیروبۆچوونی به‌لشه‌فییه، بیروبۆچوونی ڕه‌سمی له ده‌ست ده‌وڵه‌تدایه، ئه‌و دایده‌ڕێژێت و کۆنترۆڵی کردووه.
گه‌نجی سۆڤییه‌تی به ده‌ردێك براوه هیچ زانیارییه‌کی نییه له‌سه‌ر ڕوسیا و وڵاتانی تر، به‌شێك له‌و گه‌نجانه ده‌مارگیره کوێرکراوه‌کانن، ئه‌و به‌شه ته‌واو ئاسۆته‌سکن و هیچ لێبووردنێکیان نییه، ته‌واو بێڕه‌وشت و چڵیتن، ئاڕاسته‌ی دادپه‌روه‌ری و ماف لای ئه‌و به‌شه هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت. هه‌لپه‌رسته‌کان، خۆهه‌ڵواسه‌ره ده‌ملووسه‌کان له‌ناو ئه‌و به‌شه‌دان، هه‌موویان ئه‌قڵ به‌لشه‌فیکن. له‌ناو گه‌نجاندا به‌شێکی تر هه‌یه که هۆشیاره به به‌رپرسیاریی خۆی، ئه‌وه‌ش باش ده‌زانێت که حزب داوا و زوڵمێکی زۆر ده‌کات، هه‌روه‌ها هۆشیاره به‌وه که جه‌ماوه‌ر قوربانی خیانه‌تکارییه. پێویسته ئه‌وه بزانین که گه‌نجان هه‌موویان ملکه‌چ و بووکه‌سه‌ماکه‌ره نین، داماو و ترسنۆك نین، خۆیان نه‌کردۆته ساقه‌سه‌ری- ستالین- و مه‌رقه‌ده‌که‌ی- لینین-.
ڕژێم به‌بێ کاره‌که‌ری و خزمه‌تکاریی دیکتاتۆر کاری مه‌ره‌خه‌س نابێت، له هەر کوێ سیستمی چینایه‌تی باو بێت، نابه‌رابه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیش باوه و فه‌رزیشه که ده‌وڵه‌ت په‌نا بباته به‌ر هێز و سته‌مکاری. تاقیکردنه‌وه‌کان لای جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه که تاڵاو و ده‌رده‌سه‌ری لەوێوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئەگه‌ر به‌راوردی داپڵۆسین له وڵاته شارستییه‌کان بکه‌ین به داپڵۆسین له ڕوسیای سۆڤیه‌تی، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که داپڵۆسین له ڕوسیا زۆرتره. ئەگه‌ر وا نه‌بێت به‌کۆیله‌کردنی سه‌د ملیۆن جووتیار بۆ –ستالین- نەده‌چووه سه‌ر. داپڵۆسین، هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووە. ڕقوکینه و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر له ڕژێم سه‌رچاوه‌یه‌کی تره. ئه‌ی ده‌بێت ڕقوکینه و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت؟ بێگومان له وێرانکردنی پیشه‌سازی و ئیفلیجکردن پێشکه‌وتنی وڵاته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌وه سه‌رباری په‌ڕپووتیی باری هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌ش، که شانزه ساڵه کراوه‌ته خزمه‌تکاری بواری سه‌ربازی.
ئێمه گومانمان له‌وه نییه که برسیه‌تییه‌که‌ی باشوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌و هۆیانه‌وه که باسمانکردن سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ئەگه‌ر بڕوا وا بێت که له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، ئه‌وا ئێمه ڕوونکردنه‌وه و شکردنه‌وه‌یه‌کی تر شك نابه‌ین بۆ ئه‌و دیارده‌یه، ئه‌و مه‌رگه‌ساته، ناتوانین هۆکاری ئه‌و برسێتییه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ که‌شوهه‌وا و ته‌مه‌ڵی و خاووخلیچکاریی جووتیاران، چونکه له‌و ناوچه‌یه‌دا که‌شوهه‌وا زۆر له‌باره، جگه له‌وه‌ش که جووتیاران پابه‌ندی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان کراون و به زۆری زۆرداری کارێکی زۆر و چڕیان پێ ده‌کرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی زۆر زیاتر له توانای خۆیان. هه‌روه‌ها گواستنه‌وه و ده‌ستاوده‌ستپێکردنیان به باو کراوه، زیاتر له یه‌ك ملوێنیشیان لێ ته‌فروتونا کراوه. به‌لشه‌فیك باڵاده‌ستی ڕه‌ها ده‌گه‌یه‌نێت، به‌رده‌وام ڕه‌قتر و توند‌وتیژتر ده‌بێت، خزمه‌تگوزارێکی باشه و ده‌توانێت هه‌موو بیروبۆچوونێکی نه‌یار له ڕه‌گه‌وه ببڕێته‌وه. ئه‌و توندوتیژییه ڕیزه‌کانی حزبیشی گرتۆته‌وه، که‌چی له ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا وای پیشان ده‌دات که هه‌موو شتێك ئاساییه و باش ده‌ڕوات. به‌لشه‌فیکه‌کان به دڵنیایی و خه‌مساردییه‌کی زۆره‌وە ئه‌و قسه‌وباسانه کاوێژ ده‌که‌ن، له‌ولاشه‌وه -هیتلر- سه‌رقاڵی زیادکردنی هێزه‌کانی خۆیه‌تی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مان گوێ بده‌ن به‌وه و به‌لایانه‌وه گرنگ بێت.
بارمته‌گرکاری و نیشتمانچێتی
دکتاتۆر گرژ و شپرزه‌یه، ڕۆژ دوای ڕۆژ، بێبه‌زه‌یی تر ده‌بێ. دوامه‌رسووم که ده‌رکرا دژی ئه‌وانه بوو که له ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه و خیانه‌تی لێده‌که‌ن، واته )دژەشۆڕش(ن. له پشت ئه‌و مه‌رسوومه‌وه مه‌رامێکی تر خۆی مه‌ڵاس دابوو، ئه‌و مه‌رامه‌ش ئه‌وه بوو که بڕوای خۆهه‌ڵواسه‌ره ده‌ملووسه‌کان، دووڕووه ده‌روونگه‌رمه‌کان، به هێزتر بکه‌ن به‌و مۆجوزانه که ئه‌نجامدراون له ڕوسیا. جگه له‌وه ئه‌و مه‌رسومه پته‌وکه‌ری ئه‌و یاسایه‌ی پێشوو بوو که پراکتیزه ده‌کرا، یاساکه‌ش دژی ئه‌وانه بوو که ناتوانن یا نایانه‌وێت ڕێزی سێ کۆڵه‌که پیرۆزه‌که -مارکس، لێنین و ستالین-بگرن. مه‌رسوومه‌که هیچ لێبووردنێکی تیادا نه‌بوو، هه‌تا بڵێی ڕه‌ق و توندوتیژ بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه که تاوانبار ده‌کران و حوکم ده‌دران. بەبارمته‌گرتن کردار و مه‌سه‌له‌یه‌کی نوێ نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه له هیچی خۆڕایی نه‌بوو که له‌وه‌وپێش کرۆپۆتکین و ڤێرا فینجنەر دژی ئه‌و له‌که ڕه‌شه بوون که لکێنرابوو به شۆڕشی ڕوسییه‌وه. تازەبەتازە دوای حه‌ڤده ساڵ به‌لشه‌فیکه‌کان، ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تی ده‌رکردنی ئه‌و مه‌رسوومه به پێویست ده‌زانێت و شه‌لم کوێرم و ناپارێزم ئاسایی که‌وتۆته وێزه‌ی خه‌ڵکی، ته‌ماشایه‌کی ئه‌و مه‌رسوومه چه‌وته بکه‌ن )هه‌رچ هاونیشتمانییه‌ك زیان بگه‌یه‌نێت به هێزی سه‌ربازی یه‌کێتیی سۆڤیە‌ت و حورمه‌تی سنوور ڕانه‌گرێت و سیخوڕی بکات و نهێنییه سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تییه‌کان بدرکێنێت لای دوژمن، یا هه‌وڵی ئه‌وه بدات به فڕۆکه به‌ره‌و وڵاتێکی بێگانه بڕوات، ئه‌و که‌سه لاسار و تاوانباره( مه‌رسوومه‌که ئه‌وه‌شی دیاری کردووه که هه‌ر که‌سێكیش به هپشیارییه‌وه، یا بە ناهۆشیارییەوە یارمه‌تیی ئه‌و جۆره که‌سانه بدات، به هاوکار داده‌نرێت و سزای قورس ده‌یگرێته‌وه -به‌ندکردن-ده‌ربه‌ده‌رکردن و…تاد، دیاریی چه‌ور و به‌له‌زه‌تیش ده‌درێت به‌و که‌سانه که زانیاری ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی هه‌وڵدانی خۆقووتارکردن، جگه له‌وه ئه‌و که‌سانه‌ی زانیارییه‌کان ده‌گه‌یه‌نن، هه‌رچی تاوانێکیان له‌سه‌ر بێت له‌سه‌ریان لاده‌برێت. ئه‌و تێکسته هه‌موو داواکارییه ڕیشه‌ییه‌کانی پرۆلیتاریای خستۆته مه‌ترسییه‌وه، ئێستا سروودی ئه‌نته‌رناسیۆنالیزم کراوه به گۆرانیی پیاهه‌ڵدان و شانازی‌کردن به وڵاته‌وه، واته به کار دە‌هێنرێت بۆ گوڕدان و به‌هێزکردنی گیانی وڵاتچێتی. وه‌کو وتمان یاسا ڕه‌هاکانی ڕژێمی سته‌مکار دژی ئه‌وانه‌یه که خیانه‌ت له وڵات ده‌که‌ن، یا نیازیان خراپه و ده‌یانه‌وێت خیانه‌تی لێ بکه‌ن. له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووریش ڕێژیم ڕێژیمێکی سته‌مکاره. له باشترین حاڵه‌تدا، ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تێکی سه‌رمایه‌داره. به واتایه‌کی تر، په‌یوه‌ندیی به‌رهه‌مهێنان، په‌یوه‌ندیی نێوان کاری کرێگرته‌وه و ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داره، خاوه‌نکاره.
سه‌رچاوه:
فه‌ره‌نسی :
http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/goldman/nocominrussiafr.html
** ئه‌م بابه‌ته به ئینگلیزی له The American Mercury ;vol.xx lv بڵاو کراوه‌ته‌وه، ئه‌پریلی 1935 به فه‌ره‌نسی بڵاوکراوه‌ته‌وە.
*** ناوی به‌شه‌کان وه‌رگێڕ N.D.L.R. دایناون.
تێبنی: به دووری نازانم که‌سێك بڵێت دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌سه‌ر نه‌مانی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا، خێروبێری وه‌رگێڕانی ئه‌و بابه‌ته چییه؟ من له وه‌ڵامی ئه‌و که‌سه‌دا ئه‌مانه دەڵێم:
- به‌و نووسینه و سه‌دان نووسینی تردا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که ده‌یان ساڵ به‌ر له شۆڕشی ڕوسی سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کان -ئه‌نارکییه‌کان- په‌رده‌یان له‌سه‌ر ماهیه‌تی سۆسیالیزمی ده‌وڵه‌تخواز لاداوه و له ئه‌نجامه مه‌ترسیداره‌که‌ی گه‌یشتوون،
- ڕاسته یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت نه‌ماوه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش ئه‌و سیستمه به‌لشه‌فییه پراکتیزه ده‌کرێت له چین، کۆریا، کوبا و ڤێتنام.
- له دنیای ئه‌مڕۆدا سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان له کار نه‌که‌وتوون، له‌به‌رئه‌وه خه‌باتی هزری بۆ ده‌رخستنی ماهیه‌تی سۆسیالیزمی ده‌سه‌ڵاتخواز، نه‌ك هه‌ر ئه‌رکێکی مێژوویی سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کانه، به‌ڵکو به‌رده‌وامیدانیشه به خه‌باتی هزری ئازادیخوازان.
- ئەگه‌ر له نزیکه‌وه ئه‌و بابه‌ته بخوێنینه‌وه، زیاتر باس له داپڵۆسین و مرۆڤکوشتن و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات. نه‌بوونی ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ش، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ نه‌بوونی یه‌کسانیی ئابووری. جا پرسیار ئه‌وه‌یه، مه‌گه‌ر له کوردستانیش هه‌ر به‌و چه‌شنه نییه؟
ئەنارکیزم و ئەنارکۆسەندیکالیزم
ئەنارکیزم و ئەنارکۆسەندیکالیزم
نووسینی: ڕودۆلف ڕۆکەر
و. لە فارسییەوە: هەژێن
بەڕاییەکی کورت لەمەڕ ئەنارکۆسەندیکالیزم
ئەنارکۆسەندیکالیزم، شێوازی خەبات و ڕێکخستنی ئازادیخوازانەیە لە بواری خەباتی جەماوەریدا، کە لەسەر پایەی خۆڕێکخستن و خۆچالاکی و خۆبڕیرادان و خۆجێبەجێکردنی تاکی چەوساوە لە خواڕەوەڕا لە بنکەی جەماوەریی فراوان و لە ناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیدا وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخستن و چالاکی و فەرمانبەری و جێبەجێکردن لەسەر بنەمای گوێرایەڵیی بۆ سەرەوە و شێوازی قوچکەییانەی(هیراشی) ڕێکخسنی باو، کە دەسەڵات و ئاراستە ڕامیارییە دەسەلاتخوازەکان بۆ ڕاگرتن و پاراستنی سیستەمی چینایەتی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پێ لە قاڵب دەدەن و گیانی ئازادیخوازیی و کارابوون و دەستپێشخەریی لە تاكی چەوساوە دەسێننەوە و دەیکەنە تاکی خۆسباوەڕ و پاشکۆ و ملکەچی بڕیارە پێشتر دریاریکراوەکان. ئەم شێوازە لە کوشتنی گیانی کارابوون و چالاک‌بوون و بەدەربەستبوون، تەنیا لەلایەن دەسەڵات و پارتە پارلەمانیییەکانەوە نەگیراوەتەبەر، بەڵکو فێرگە و ئاراستە سۆشیالیستییە دەسەڵاتخوازەکان(پڕۆ-مارکسیزمەکان)نیش ئەوەی کە بۆرجوازی نەیتوانیوە کۆمەڵایەتی بکاتەوە، ئەوان بەلەخۆبوردوویەوە بۆ کۆمەڵگەی چینایەتی یەنجامیان داوە.
ئەناکۆسەندیکالیزم وەك ڕێبازی یەکێتیگەرایی شۆڕشگێرانە لەبەرامبەر هەوڵە خۆشباوەڕگەر و خەڵەتینەرەکانی بۆرجوازی بەوەی بە پارانەوە و چاوەڕوانی و متمانە بە نوێنەرە پارلەمانییەکان، بەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ژیان و گوزەرانی چینە ژێردەستەکان (ناسەروەرەکان) باشتر دەبێت، هەروەها لەبەرامبەر خۆشباوەڕیی و پاشکۆکردنی چین و توێژە ژێردەستەکان لە دووی پارتە ڕامیارییەکانی دەستەبژێران، بەوەی ئەگەر چەوساوان وزە و هێزی خۆیان بکەنە پاڵپشتی پارتی ڕابەر و دەستەبژێرە فەرماندەرەکەی، ئەوا پاش بەدەسەلاتگەیشتنی ئە‌و ئاغایانە، چەوساوان بە ئاواتەکانی خۆیان دەگەن و جیاوازییە چینایەتییەکان وەك بەفری بەهاران بە جادووی ڕابەری ئەوان دەتوێتەوە. ئەنارکۆسەندیکالیزم لەبەرامبەر ئە‌و فریوکارییە هەزارانباربووانەدا وەك ئەلتەرناتیڤی خۆڕابوونی چەوساوان و خۆرزگارکردن چەوساوان لە نوێنەرایەتی پارلەومانی و ڕابەرایەتی دیکتاتۆری پارتەکان، وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستی خەباتی چینایەتی لە دەروونی خودی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی چەوساوانەوە هاتووەتە مەیدان و هەر لە سەرەتاوە لە شێوەی ڕێکخستن و شێوازی خەبات و میکانیزمەکانی کار و چالاکی و ڕۆڵی تاکە چەوساوەکان لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیاندا لەتەك یەکێتیگەرایی یاسایی و پاشکۆگەرایی پارتە چەپەکاندا سنووربەندی کردووە. لە هزر و ئایدیای ئەنارکۆسەندیکالیستیدا ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و خەباتی کۆمەڵایەتی سەنگەری لاوەکی و کاتی خەباتی چینایەتی نین، بەڵکو تاکە سەنگەری شۆرگێڕانە و چەکی کارای ئە‌و خەباتە پێکدەهێنن و هاوکات یەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی داهاتوون. لەمەش واوەتر یەکێتییە شۆڕشگێرەکان لە ژیان و کاروبار و چالاکی ڕۆژانەدا هەوڵی لێدان لە پایەکانی سیستەمی چینایەتی دەدەن و دەخوازن هەر ئەمڕۆ و لە دەروونی سیستەمی چینایەتیدا سوونەت و کو‌لتوور و پایەکانی ژیان و مامەڵەی مرۆڤی نوێ جێخستنە بکەن و هاوسەنگی هێز لە خەباتی ڕۆژانەدا بەلای کۆمەڵگەی هاوبەش و هەرەوەزیدا بشکێننەوە.
جیاوازییە سەرەکییەکانی ئەنارکۆسەندیکالیزم وەك هزر و ئایدیای یەکێتییە شۆڕشگێڕانەکان لەتەك یەکێتییە زەردە یاساییەکان و پاشکۆکان، ئەوەن، کە لەبەرامبەر ناوەندگەرایی بڕیاردان و سنوورداریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، خۆجێی چالاکی دەکەن و جیهانی بیردەکەنەوە، لەبەرامبەر پێهکاتەی قوچکەیی ڕێکخستندا، خوازیاری یەکێتی پیشەیی یەکگرتوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەسەر بنەمانی فیدرالیستین، لەبەرامبەر گوڕیڕایەڵی ناوەندی و یاسا و دەوڵەت، خەریکی هەڵخڕاندنی خەباتی ڕاستەخۆ و کت‌وپڕ و مانگرتنی گشتی دەبن، لەبەرامبەر دەوڵەتیکردنەوە و بازاری لیبراڵ، کار بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییە ئازادەکان و خۆبەڕێوەبەرایەتی چین و توێژە بندەستەکانن لە شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا، بە واتایەکی دیکە واتە دەستکۆتاکردنی هەنگاوبەهەنگاوی سەروەران و سیستەمی چینایەتی لە ژیانی ڕۆژانەدا پێبەپێی هوشیاربوونەوە و ڕیکخرانوون و دەستبەکاربوون و پەرەگرتنی هێزی یەکگرتووی چەوساوان بۆ سەپاندنی ویست و خواستیان و کۆمەڵایەتیبوونەوەی کولتووری هاوبەشیی و هاریکاری و هەرەوەزی ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگە ئازادە بێسەروەرەکاندا و کۆتاییهێنانی یەکجاری بە سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی. (و.ك)
بۆ داگرتنی نوسخەی ئینتەرنێتی کلیکی ئێرە بکە
ئایدیۆلۆجی ئه‌نارکیزم
ڕودۆڵف ڕۆکه‌ر
و. لە فارسییەوە*: هه‌ژێن
ئه‌نارکیزم ڕه‌وتێکی دیاریکراوی هزرییە له هزری کۆمه‌ڵایه‌تییدا، که په‌یڕه‌وانی خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌پاوڵگه‌رییه (monopolies) ئابوورییه‌کان و له‌ناوبردنی گشت ده‌زگه ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن. له‌بری سیسته‌می ئابووریی سه‌رمایه‌داری، ئه‌نارکیسته‌کان خوازیاری کۆمه‌ڵه ئازاده‌کانی گشت هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای کاری هه‌ره‌وه‌زی، که تاکه ئامانجیان، دابینکردنی پێداویستییه‌کانی هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌وان له‌بری ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه هه‌نووکه‌ییه‌کان و دەزگە ڕامیارییە دابڕاو و بیرۆکراتیكه‌کانیان، خوازیاری فیدراسیۆنی کۆمیونیتییە ئازاده‌کانن، که له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌رژه‌وه‌ندێتی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییان پێکه‌وه په‌یوه‌ستن و به هاریکاری بەرامبەرانە و ڕێکه‌وتنی ئازادانه، کاروباره‌کانیان جێبه‌جێ دەکه‌ن.
هه‌ر که‌سێك بە وردبینیییەوە له گه‌شه‌ی ئابووریی و ڕامیاریی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نووکه‌یی بکۆڵێته‌وه، بۆی ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م ئامانجانه له بیرۆکەی یوتۆپیایی کەمایەتییەکی خەیاڵپەروەرەوە سه‌رچاوه ناگرن، به‌ڵکو سه‌ره‌نجامی لوجیکییانه‌ی توێژینه‌وه‌ی قوڵی ناڕێکییه کۆمڵایه‌تییه جێکه‌وته‌کانن، که له‌ته‌ك هه‌ر قۆناخێکی تازه‌ی بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی هەنووکەییدا، خۆیان به شێوه‌یه‌کی ئاشکراتر و زیانمەندتر دەخەنەڕوو. سه‌رمایه‌داری چه‌پاوڵگه‌رانەی هاوچه‌رخ و ده‌وڵه‌ته سه‌رتاپاگیره‌کان، ته‌نیا دواقۆناخی په‌ره‌سه‌ندنێکن، که به ناچاریی بە لووتکه‌ی دەگات و دەرباز و کۆتاییه‌کی دیکەی نابێت.
په‌ره‌سه‌ندنی نه‌هامه‌تباری سیسته‌می ئابووریی هه‌نوووکه‌یی، که بووه‌ته هۆی که‌ڵه‌که‌کردنی تەواوی سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ستی که‌مایه‌تیکی به‌رته‌ر و سه‌رکوتی به‌رده‌وامی جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵك، بواری بۆ کاردانه‌وه‌ی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌نووکه‌یی ڕه‌خساندووه و ته‌نانه‌ت له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه بووه‌ته هاوه‌ڵدوانه‌ی. سیسته‌می هه‌نووکه‌یی، به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی، کردۆته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چه‌ند که‌سێك و سه‌ره‌نجام به‌شێوه‌یه‌کی سیستیماتیك، په‌یوه‌ندی ڕاستینه‌ی نێوان مرۆڤه‌کانی له‌نێو بردووه. خه‌ڵکی ئەوەی له بیری کردووه، که پیشه‌سازی بۆخۆی ئامانج نییه، به‌ڵکو ده‌بێت ته‌نیا ئامرازێك بێت بۆ دابینکردنی ژیانی مرۆڤ و که‌ره‌سته پێویستەکان و ده‌سه‌به‌رکردنی هه‌لی به‌هره‌مه‌ندبوون له ڕۆشنبیرییه‌کی باڵاتری کولتووری. له هه‌ر کوێ پیشه‌سازی ببێته هه‌موو شتێك، له‌وێنده‌رێ کار گرنگی ئاکاریی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و مرۆڤ ده‌بێته هیچ، لێره‌وه ڕێڕه‌وی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی ئابووریی ده‌ست پێده‌کات، که نه‌هامه‌تباریی شێوازه‌کانی کارکردن هیچیان له سه‌رکوتگه‌ریی ڕامیاریی که‌متر نابێت. له‌ڕاستیدا سه‌رکوتی ڕامیاریی و ئابووریی، هه‌ردووك به‌شێوه‌یه‌کی هاوتا ته‌واوکه‌ری یه‌کدین و له یه‌ك سه‌رچه‌شمه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن.
سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچەرخ، له ناوه‌وه‌ڕا، ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر وڵاتێكی به‌سه‌ر چینی دژبه‌یه‌کدا دابه‌شاندووه و له ده‌ره‌وه‌ش ڕا، بازنه هاوبه‌شه ڕۆشنبیرییه‌کانی، له نه‌ته‌وه دژبه‌یه‌که‌کاندا تێكشکاندووه؛ هه‌ردووك، چینه‌کان و نه‌ته‌وه‌کان، له دوژمنایەتییەکی بێکۆتاییدا ڕووبەڕووی یه‌کدی ده‌بنەوە و به‌هۆی جه‌نگه بەردەوامەکانیانەوە ژیانی کۆمه‌ڵایەتییان لە بارگرژیی به‌رده‌وامدا ڕاگرتووه. دوو جه‌نگی جیهانی له نیو سه‌ده‌دا و شوێنەوارە ترسناکه‌کانیان و مه‌ترسی بەردەوامی هه‌رساته ڕوودانی جه‌نگه تازه‌کان، که ئه‌وڕۆکه باڵی به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لاندا کێشاوە، ته‌نیا سه‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی وه‌ها بارودۆخێکی له توانابه‌ده‌رن، که بۆی هەیە ببێتە هۆی نه‌هامه‌تیی زیاتری جیهانی. هۆکاری ئاشکرای ئه‌وه‌یە، که ئه‌وڕکه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان وابەستەەن، به‌شێکی زۆر له داهاتی ساڵانه‌ی بەرهەمی کۆمەلایەتی بۆ به‌ناو پارێزگاری نه‌ته‌وه‌یی و دانه‌وه‌ی قه‌رزی جه‌نگه‌کانی پێشووتر بخه‌نه‌لاوه، ئەمە سه‌لمێنه‌ری ناله‌باری و چاره‌هه‌ڵنه‌گری بارودۆخی ئه‌وڕۆکه‌ییه؛ پێویستە بۆ هه‌ر که‌سێك ڕوون بێت، ئاساییشێك که ده‌وڵه‌ت پاگه‌نده‌ی دابینکردنی بۆ تاکه‌کان ده‌کات، خه‌رجی له سوودی زیاتره.
ده‌سه‌ڵاتی گەشەسێنی دابڕاوی بیرۆکراسی ڕامیاریی، کە له‌لانکه‌وه تا گۆڕ ژیانی مرۆڤ، چاودێری و سه‌رپه‌رستی ده‌کات، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێگری زیاتر له‌سه‌ر ڕێی هاریکاری نێوان مرۆڤەکان دروست ده‌کات. سیسته‌مێك که له هه‌ر کارکردێکیدا خۆشگوزەرانی به‌شێکی زۆری خه‌ڵك و تەنانەت نه‌ته‌وه‌کان به قوربانی هه‌وه‌سی خۆپه‌رستیی له‌پێناو ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی که‌مایه‌تییه‌کی بچووك ده‌کات و به‌پێی پێداویستی ده‌بێته هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایتییه‌کان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی هه‌ر که‌س و لایەك دژی هه‌مووان. ئه‌م سیسته‌مه ته‌نیا ڕێکخەری (نەزمبەخشی) ده‌سته‌بژێرانی دیار و کاردانەوەی کۆمەڵایەتییە، که ئه‌وڕۆکه به‌رجه‌سته‌بوونی ته‌واوه‌تی له فاشیزمی نوێ و ده‌وڵه‌تی سه‌راپاگیردا ده‌رده‌که‌وێت. زۆر له ده‌سه‌ڵاتخوازی پاشایه‌تی بێچه‌ندوچوونی سه‌ده‌کانی رابوردوو تێپەڕیکردووە و هەوڵ دەدات هه‌موو چالاکییه مرۆییه‌کان بخاتە ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تەوە. ” هەموو شتێك بۆ ده‌وڵه‌ت؛ هەموو شتێك له ڕێی ده‌وڵه‌ته‌وه؛ هیج شتێك بەبێ ده‌وڵه‌ت نابێت!” تیئۆلۆگی (اللاهوتی) بووه‌ته بیرۆکەی دووبارەبووی ڕامیاریی نوێ، که جیاوازی سیستەمەکەی له‌ته‌ك تیئۆلۆگی (اللاهوتیة) کلیساییدا ”خوا هه‌موو شتێكە و مرۆڤ هیچ”، لە باوەڕی ڕامیاریی نوێ‌دا دەکاتە ”ده‌وڵه‌ت هه‌موو شتێکه و هاووڵاتی هیچ” نییە. به هه‌مان شێوه، کە ده‌ربڕینی “ویستی خوا” بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به ویستی (ئیرادەی) چینە بەرتەرەکان بەکار دەبرا، هەرواش ئه‌وڕۆکه‌ش له‌پشت په‌رده‌ی ”ویستی ده‌وڵه‌ت”ه‌وه، ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆپه‌رستانه‌ی ئه‌وانه شاردراوه‌ته‌وه، کە خۆیان ڕاسپیردراو دەبینن، ئەم ویستە بە تێگەیشتنی خۆیان لێکبدەنەوە و به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بیسەپێنن.
له ئه‌نارکیزمی هاوچه‌رخدا، دوو ڕه‌وتی گه‌وره به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، که لە پێش و له ده‌می شۆڕشی فه‌ره‌نسه‌دا، ئاوا دەربڕینێکی بەرجەستەی لە ژیانی ڕۆشنبیریی ئەوروپادا هەبوون : سۆشیالیزم و لیبرالیزم. سۆشیالیزمی هاوچه‌رخ کاتێك گەشەی کرد، که چاودێرانی وردبینی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به دڵنیاییەکی زۆره‌وه بۆیان ده‌رکه‌وت، که دەستوورە ڕامیارییەکان و گۆڕینی شێوەکانی میرایەتی (حکومه‌ت) هیچ کات ناتوانن ڕیشه‌ی گرفتە گه‌وره‌که، کە به ”پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی” ناوی ده‌به‌ین، چاره‌سه‌ر بکەن. لایەنگرانی به‌م سه‌ره‌نجامه گه‌یشتن، که یەکسانی کۆمەلایەتیی و باری ئابووریی لە بەرژەوەندی هەمووان لە توانادا نییە، تا کاتێك کە خه‌ڵك له‌سه‌ر بنچینه‌ی دارابوون و دارانەبوونی خاوەندارێتی به‌سه‌ر چینه‌کاندا دابه‌ش بووبن، چینگەلێك کە لەئارادابوونیان پێشوەخت هەر بیرۆکەیەکی کۆمەڵگەی کەتواریی دوور دەخاتەوە. به‌م جۆره ئە‌و بڕوایە گەشە دەکات، که ته‌نیا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چەپاوڵگەرییە ئابوورییه‌کان و دامەزراندنی خاوه‌ندارێتی هاوبه‌شی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، مەرجی لەتوانادابوونی هاتنەدی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تییە، تەنیا بەو مەرجە کۆمه‌ڵگه، دەبێتە کۆمەڵگه‌یه‌کی ڕاستینه و ئامانج لە کاری مرۆڤ، به‌هره‌کێشی نایێت، به‌ڵکو لەپێناو به‌خته‌وه‌ری هه‌موواندا ده‌بێت. به‌ڵام هه‌ر کە سۆسیالیزم دەستی بە کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی کرد و بوو بە بزاڤێك، بە هۆی کارایی هەلومەرجی کۆمەڵایەتییەوە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا، له پڕ هەندێك جیاوازی له تێڕوانیندا ده‌رکه‌وتن. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که هه‌موو چەمکە ڕامیارییەکان، له تیئۆکراسییەوە (فەرمانڕەوایی ئایینی-theocracy) تا ئیمپراتۆری و دیکتاتۆری، کارایی‌یان له‌سه‌ر به‌شگه‌لێکی دیاریکراوی بزاڤی سۆشیالیستی داناوە.
لە هەمان کاتدا، دوو ڕه‌وتی گه‌وره‌ی دیکە لە هزری ڕامیارییدا، کارایی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی بۆچوونه سۆشیالیستییه‌کان دانا: لیبرالیزم، بە توندی هۆشمەندانی پێشکەوتووی وڵاتانی ئه‌نگلۆساکسۆن، به‌تایبه‌تی هۆڵه‌نده و ئیسپانیا و چەمکی دێمۆکراسی هەژان، ئەوەی که ڕۆسۆ له ”ڕێکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی”ی‌دا ده‌ری بڕیبوو و هەروا کارایی بەرچاوی لەسەر نوێنەرانی لەنێو ڕابەرانی ژاکوبینگه‌ری فه‌ره‌نسه‌دا دانابوو. لە کاتیكدا کە لیبرالیزم له تیئۆرییە کۆمەڵایەتییەکانیدا لە تاکه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد و هیواداربوو، کە ڕادەی کاکردەکانی ده‌وڵه‌ت تا کەمترین ڕادە سنووردار بکات، لە بەرامبەردا دێمۆکراسی له‌سەر چەمکێکی ئەبستراکتی کۆمەڵگەرایانە پێداگری کرد، ویستی گشتی ”general will”ی ڕۆسۆ، کە هەوڵی دەدا له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا پیادەی بکات. لیبرالیزم و دێمۆکراسی چه‌مکی به‌رجه‌سته‌ی ڕامیاریی بوون، به‌ڵام له‌وێوه که لایه‌نگرانی سه‌ره‌کی هەردووك زۆر به‌که‌می پرسه ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان لەبەرچاو دەگرت، په‌ره‌سه‌ندنی فرەتری ئە‌و بارودۆخە، به‌کرده‌وه نەیدەتوانی لەتەك بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌کانی دێمۆکراسی بگونجێت و هەروا کەمتر لەتەك ئەوانەی لیبرالیزمدا دەهاتەوە. دێمۆکراسی بە دروشمی ”یه‌کسانی هه‌موو هاووڵاتیان له‌به‌رده‌م یاسا” و لیبرالیزم، بە دروشمی ”مافی مرۆڤ به‌سه‌ر خۆدا بوون”، هه‌دووكیان لە که‌توارییه‌کانی ئابووری سه‌رمایه‌داریدا شکستیان خوارد. تا کاتێك که میلیۆنان مرۆڤ له هه‌ر وڵاتێک‌دا ناچارن، کاری خۆیان به که‌مایه‌تییه‌که‌ی که‌می دارا‌کان بفرۆشن و ئه‌گه‌ر کڕیارێك به‌ده‌ستنه‌هێنن، تووشی خراپترین نه‌هامه‌تی ده‌بن، ئەوەی پێی دەوترێت “یه‌کسانی هەمووان له‌به‌ردەم یاسا”، هه‌ر لەو کاتەوەی کە یاساکان لەلایەن ئه‌وانەوە ده‌نووسرێنەوە، که خۆیان بە خاوه‌نی سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی دەزانن، تەنیا فێڵێكە لەوانەی کە بڕوایان پێی هەیە. به‌ڵام هەروا لە هەمان ڕێوە، ناتوانرێت قسه له “مافی تاك بەسەر خۆیدا” بکرێت، ئە‌و مافە لەوێدا کۆتایی دێت، کاتێك کە کەسێك بۆ ئەوەی نەمرێت، ناچار بێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی ئابووریی که‌سێکی دیکەوە.
لە خاڵی ناوکۆیی لەتەك لیبرالیزمدا، ئه‌نارکیزم نوێنەرایەتی بۆچوونی ”کامه‌رانی و خۆشگوزاری تاك دەبێت له گشت پرسە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێوه‌ر بێت” دەکات. هه‌روه‌ها، وه‌ك خاڵی ناوکۆیی لەتەك نوێنەرایەتی فراوانی تێڕوانینی لیبرالی، ئەنارکیزم هەمان بۆچوونی ”که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و کارکردەکانی میرایەتی، تا کەمترین ئاست”ی هه‌یه. لایەنگرانی تا ئەوپەڕی ڕادە پەیگیرییان لەسەر ئەم بیرۆکەیە کردووە و خوازیاری لەنێوبردنی هەموو دامودەزگەکانی دەسەڵاتی ڕامیاریی له ژیانی کۆمه‌ڵایەتیدا بوون. کاتێك جێفرسۆن [Jefferson ] چەمکی بناخه‌یی لیبرالیزمی به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت ” باشترین میرایەتی ئه‌وه‌یه، که که‌مترین فه‌رمانڕه‌وایی هەبێت ”. لای ئه‌نارکیستەکانیش وەك سۆرۆ (Thoreau) ده‌ڵێت : “ باشترین میرایەتی ئەوەیە، که له بنه‌ڕه‌ته‌وه هیچ فه‌رمانروایی ناکات”.
وەك خاڵی ناوکۆیی لەتەك بنیاتنەرانی سۆشیالیزم‌دا، ئه‌نارکیسته‌کان خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت فۆرم و شێوه‌کانی پاوانگه‌ری ئابووریین و پێداگری لەسەر خاوه‌ندارێتی هاوبه‌شی زه‌مین و گشت ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌کەن، به‌جۆرێك که سوودوه‌رگرتن لێیان، به‌بێ هه‌ڵاواردن، بۆ هه‌مووان لوا‌و بێت؛ لەوێوە کە ئازادی کەسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، ته‌نیا له‌سه‌ر بناخەی هه‌لومه‌رجی یه‌کسانی ئابووریی بۆ هه‌مووان دەتوانرێت ده‌سه‌به‌ر بکرێت. له‌نێو خودی بزاڤی سۆشیالیستیشدا، ئه‌نارکیسته‌کان نوێنەرایەتی ئە‌و ڕوانگه‌یە دەکەن، که خه‌بات دژی سه‌رمایه‌داری، لە هەمانکاتدا ده‌بێت خه‌بات بێت دژ بە گشت ده‌زگه سه‌رکوتگه‌رییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییش، چونکە به درێژایی مێژوو، به‌هره‌کێشی ئابووریی، هه‌رده‌م شان بە شانی چه‌وسانه‌وه‌ی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی بووه. به‌هره‌کێشیی مرۆڤ لە مرۆڤ و زاڵبوونی (domination) مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤدا، هاوەڵدوانەن و هەریەکەیان مه‌رجی مانه‌وه‌ی ئەوی دیکەیانە.
تا کاتێك لەنێو کۆمه‌ڵگه‌دا دوو دەستەی دژبەیەکی دارا و نه‌دار لە ڕووبەڕووبوونەدا بن، ده‌وڵه‌ت وەك ئامرازی پارێزگارییکردن لە بەرتەرییەکانی که‌مایه‌تی دارا، پێویستییەکی بێچەندوچوون دەبێت، تاوەکو بتوانێت پارێزگاریی لە خاوەنداییەتەکەی خۆی بکات. کاتێك ئه‌و باره نادادوەرانە کۆمه‌ڵایه‌تییه نامێنێت و نه‌زمی باشتری بەڕێوەبەرایەتی شتەکان جێی دەگرێتەوە، لەوێدا هیچ مافێکی تایبه‌ت به فه‌رمی ناناسرێت و تەنیا ئامانجی سەرەکیی بەرژوەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەبێت، دەبێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاروباری ئابورریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی جێگەی فه‌رمانڕه‌وایی سەرووخەڵکیی بگرێتەوە، یا وەك سانت سیمۆن (Saint Simon) دەڵێت ”ڕۆژگارێك دێت، کاتێك کە هونه‌ری فه‌رمانڕه‌واییکردن بەسەر مرۆڤدا ئاسەواری نامێنێت، هونه‌رێکی نوێ جێگه‌ی ده‌گریته‌وه، هونه‌ری به‌رێوه‌به‌بردنی شتەکان”. لەم ڕووەوە، ده‌توانرێت ئه‌نارکیزم به جۆرێك له سۆشیالیزمی خۆبه‌خشانه (voluntary Socialism) دابنرێت.
ئه‌مە ئە‌و تیئۆرییه‌ش دەگرێتەوە کە لەلایەن کارل مارکس و په‌یڕه‌وانییەوە داڕێژراوە، ئەوەی که ده‌وڵه‌ت، له شێوه‌ی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا‌دا، قۆناخێکی پێویستی [بێچەندوچوونی] گواستنه‌وه‌یه بەرەو کۆمه‌ڵگەی بێ‌چین، کە تێیدا ئه‌و ده‌وڵه‌ته، پاش کۆتاییهاتن بە ململانێ چینایه‌تییەکان و له‌ناوچوونی خودی چینه‌کان، بەخۆی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شینێته‌وه و له‌سه‌ر تابلۆکان ون ده‌بێت. ئه‌م چەمکه، له‌مه‌ڕ سروشتی کەتواریی ده‌وڵه‌ت و گرنگیی لە مێژووی هۆکارەکانی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریدا، بەتەواوی بە هه‌ڵه‌دا چووە، بەتەنیا سەرەنجامی لۆجیکیانەی ئەوەیە، کە بە ماتریالیزمی ئابووریی ناودەبرێت، کە لە هەموو دیاردە مێژوویەکاندا، تەنیا کارایی بێچەندوچوون (بێگەڕانەوە)ی شێوازەکانی بەرهمهێنانی ئە‌و ساتە دەبینێت. لەژێر کارایی ئەم تیئۆریەدا خەڵكی وەك ”سەرخانێکی بێوێنەی دادوەرانە و ڕامیارانەی ژێرخانی ئابووری“، گشت جۆرە جیاوازەکانی ده‌وڵه‌ت و شێوه‌کانی دیکەی ده‌زگه‌کۆمه‌ڵایەتییەکانی لەبەرچاو گرت. له ڕاستیدا هه‌ر به‌شێك له مێژوو هه‌زاران نموونه‌ی ئە‌و ڕێگەیانەمان بۆ دەخاتە ڕوو، که تیایاندا گەشەکردنی ئابووریی وڵاتان بە هۆی دەوڵەت و ڕامیاریی دەسەڵاتەکەیەوە، چەندین سەدە دواکەوتووە.
بەر لە سه‌رهه‌ڵدانی پاشایه‌تیی کلیسایی، ئیسپانیا، پێشکه‌وتووترین وڵاتی ئەوروپایی بوو و له زۆربه‌ی بواره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ئابوورییدا، لە پله‌ی یه‌که‌مدا بوو. به‌ڵام پاش تێپەڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك بەسەر سه‌رکەوتنی پاشایه‌تی مه‌سیحییدا، زۆربه‌ی پیشه‌سازییه‌کانی تەفروتونا بوون؛ ئه‌وی کە مابووه‌وه، له خراپترین باردا بوو. له زۆربه‌ی پیشەسازییه‌کاندا، گه‌ڕابوونه‌وه سه‌ر شێوازه سەرەتاییەکانی به‌رهه‌مهێنان. کشتوکاڵ له‌ناو چوو، کاناڵه‌کان و جۆگه‌کان وێران بوون و ناوچه‌گه‌لێكی زۆر له وڵات بووبوونه بیابان. سەرکوتگەریی خانزادان له ئەوروپا، به ”فەرمانە ئابوورییە” گەللایی (ئەحمەقانە)ەکانی و ”یاسادانانی پیشەسازی”ی، که بچووکترین لادانی له شێوه پێشتر دیاریکراوه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا به تووندی سزا ده‌دا و مۆڵه‌تی هیچ داهێنان و پێشخستێکی نەده‌دا، بۆ ماوەی چه‌ندین سه‌ده له وڵاتانی ئەوروپایی به‌ری به پێشکه‌وتنی پیشه‌سازیی گرتبوو و بووبووە ڕێگری گەشەی سروشتییانەی. ته‌نانه‌ت هەنووکەش پاش ئه‌زموونی ترسناکی دوو جه‌نگی جیهانی، ڕامیاریی دەسەڵاتی دەوڵەتە نەتەوەیییە گەورەکان جێگیر دەبێت و دەبێتە گه‌وره‌ترین ڕێگری بەردەم نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ئابووری ئەوروپا.
له ڕوسیا، سەرەڕای ئەوەی که دیکتاتۆری به‌ناو پرۆلیتاریا که‌تواریی بووه‌ته‌وە، ئامانجە تایبەتەکانی پارت به‌ری به‌هه‌ر جۆره ڕێکخستنه‌وه‌یه‌کی نوێی ڕاستینەی سۆشیالیستیی ژیانی ئابووریی گرتووه و وڵاتی ناچار بەکۆیلایەتی سه‌رمایه‌داری-دوڵه‌تی کردووە. دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا، که سادە بڕواکان پێیانوابوو قۆناخێکی ناچاریی گواستنەوەیە بەرەو به سۆشیالیزمی ڕاسته‌قینه، ئه‌وڕۆکه وەرگۆڕاوە بۆ سه‌رکوتێکی ترسناك و ئیمپریالیزمێکی نوێ، که لە هیچ شتێکدا لەتەك دەوڵە فاشیستەکاندا جیاوازی نییە. پاگه‌نده‌ی ئەوە، تا کاتێك که کۆمه‌ڵگه هێشتا به‌سه‌ر چینی دژبەیەکدا دابه‌ش بووبێت، هەر دەبێت دەوڵەت درێژەی هەبێت، له‌به‌ر ڕۆشنایی گشت ئه‌زموونه مێژوویه‌کاندا، لە نوکته‌یه‌کی بێتام بەولاوەتر نییه.
هه‌موو جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، بۆ پاراستنی ئەوەی کە لەپێناویدا سەریهەڵداوە، جۆرێکی تایبه‌ت له کۆیله‌تی مرۆڤ دەسەپێنێت. دەوڵەت بەڕووی دەرەوەدا، بەو جۆرەی کە دەرکەوێت، له په‌یوه‌ند به دەوڵەتانی دیکە، بۆ ڕەوایەتیدان بەبوونی خۆی، جۆره دوژمنایه‌تییه‌کی ده‌ستکرد دروست دەکات، هه‌روا له ناوه‌وه‌ش ڕا، وەك مەرجی سەرەکی مانەوەی، کۆمەڵگە بەسەر هۆز و توێژ و چینه‌کاندا دابەش دەکات. گه‌شه‌ی بیرۆکراسی بۆلشه‌ڤیکی له ڕوسیا، له‌ژێر نێوی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا - که هیچ کات، بێجگه له دیکتاتۆری تاقمێکی بچووك به‌سه‌ر پرۆلیتاریا و ته‌واوی خەڵکی ڕوسیادا، شتێکی دیکە نه‌بووه- تەنیا نموونه‌یه‌کی تازەیە له ئه‌زموونه کۆنە مێژووییه‌کان، که بێئەژمار هه‌موو جارێك خۆی دووباره کردووه‌ته‌وه. ئەم چینە سه‌روه‌رە تازەیە، که تاکو ئه‌وڕۆکه به خێرایی به‌ره‌و ئاریستۆکراسییەکی نوێ گەشە دەکات، به هه‌مان ڕۆشنی، که چین و توێژە بەرتەرەکان لە وڵاتانی دیکە له جەماوەری خه‌ڵك جیان، له جەماوەری جوتیاران و کرێکارانی ڕوسیه جیا بووەته‌وه. ئه‌م باره هێشتاکە تواناپروکینتر ده‌بێت، کاتێك که دەوڵەتی سه‌رکوتگه‌ر، مافی سکاڵاکردنی چینه‌کانی خواره‌وه لە بارودۆخی جێگیر ڕەت بکاتەوە و هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕێنێك بە مه‌ترسییەك بۆ سەر گیانیان تەواو بێت.
به‌ڵام تەنانەت پلەیەکی بەرزتریش لە یه‌کسانی ئابووریی، له‌وه‌ی که له ڕوسیا بوونی هەیە، ناتوانێت مسۆگه‌رییه‌ك بێت، له به‌رامبه‌ر نادادوه‌ری ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی. به ته‌نیا یه‌کسانی ئابووری، ناکاتە ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تی. ڕێك هه‌ر ئه‌م خاڵه‌یه، که هیچ یه‌ك له فێرگە سۆشیالیستییه دەسەلاتگەراکان لێی تێنه‌گه‌یشتوون. لە زینداندا، لە تەکیەدا (الدير - cloister) ، یا سەربازگەکاندا پلەیەکی بەرز لە یەکسانی ئابووریی بەدی دەکرێت، هەروەك چۆن گشت زیندانیان لە زیندانێکدا، هەمان سەرپەنا، هەمان خواردن، هەمان پۆشاك (uniform) و هەمان ئەركیان بۆ دیاری دەکرێت. ده‌وڵه‌تی کۆنی ئینکا (Inca) له پێرۆ و ده‌وڵه‌تی یەسوعی (Jesuit) له پاراگوای، دابینکاری یه‌کسانی ئابوورییان بۆ هه‌موو دانیشتوانیان، وەك سیستەمێکی جێگیر، دابین کردبوو، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، لەوێدا دڕندەترین سه‌رکوتگری سەروەر بوو و مرۆڤ وەك ڕۆبۆت کایەی دەستی سەران بوو و هیچ کارایی لەسەر بڕیارەکانی نەبوو. بەبێ هۆ نه‌بوو، که پرۆدۆ‌ن لە ”سۆشیالیزم”ی بێ ئازادی‌دا، خراپترین شێوە لە شێوەکانی کۆیله‌تی بەدی دەکرد. ئارەزووی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی، ته‌نیا کاتێك ده‌توانێت به دروستی پەرەبسێنێت و کارایی دابنێت، که هه‌ستی ئازادیخوازیی و لێپرسراوه‌تی له مرۆڤدا گه‌شه بکات و پشتی پێ ببەستێت. به واتایه‌کی دیکە، سۆشیالیزم یا ئازادیخوازانەیە یا هەر بوونی نییە. له بەفەرمیناسینی ئەم ڕاستییەدا، به‌ڕاستی و قوڵی بەڵگەکانی دروستی ئه‌نارکیزم ده‌گه‌ین.
ده‌زگه‌کان له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا هەمان کار دەکەن، که ئه‌ندامه فیزیکییه‌کان لە گژوگیا و گیانداراندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئه‌ندامەکانی جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ن. ئه‌ندامه‌کان به شێوەی خۆسەرانە گەشە ناکه‌ن، به‌ڵکو بنەڕەتیان بۆ هه‌ندێك پێداویستی دیاریکراوی دەوروبەری مادیی و کۆمەڵایەتیی دەگەڕێتەوە. گۆڕانی هه‌لومه‌رجی ژیان، گۆڕانی ئه‌ندامەکان بەرهەم دەهێنێت. به‌ڵام ئه‌ندامـێك، هه‌میشه ئه‌رکێكی دیاریکراو یا پەیوەندیدار ئەنجام دەدات، که لەپێناو ئەنجامدانیدا گەشەی کردووە. هەروەها هەر لەتەك ئەوەی کە چیدی ئەرکەکەی بۆ بوونەوەرەکە پێویستی نامێنێت، بەرە بەرە لەنێو دەچێت یا دەگەڕێتەوە دۆخە سەرەتاییەکەی.
هه‌مان شت بەسەر ده‌زگه کۆمه‌لایه‌تییه‌کاندا دەگونجێت. ئه‌وانیش، به شێوەیەکی خۆسەرانە دروست نابن، به‌ڵکو بۆ دابینکردنی پێداویستی دیاریکراوی کۆمه‌ڵایەتی دێنە بوون. هەر لەم ڕێگەیەوە دەوڵەتی هاوچەرخ گەشەی کردووە، پاش ئەوەی که بەرتەرییە ئابوورییەکان و دابه‌شبوونە چینایه‌تییەکان و لەتەکیدا یەکانگیر بوون، دەستی بە بەرجەستەکردنی هەرچی زیاتری خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی کۆندا کرد. چینه دارا تازه دروستبووه‌کان پێویستییان به ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی هه‌بوو، بۆ ئەوەی پارێزگاری له بەرتەرییە ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییەکانی خۆیان لە بەرامبەر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدا بکه‌ن. به‌م جۆره هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تیی گونجاو بۆ گەشەکردنی ده‌وڵه‌تی هاوچەرخ، وه‌ك دەزگەی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، بۆ سه‌رکوتکردنی چینە ناداراکان و ژێرچەپۆکخستنیان پێكهات: ئەم ئەرکە هۆی سەرەکی بوونییەتی. لە ڕەوتی گەشەکردنە مێژووییەکەیدا شێوه دەرەکییەکانی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام هەردەم ئەرکەکانی وەك خۆیان ماوه‌ته‌وه. تەنانەت بەردەوام خۆیان بەو ئەندازە فراوانکردووەتەوە، کە پشتیوانگەرانی خوازیاریبوون، کە خۆیان لە بواری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بخەنە گەڕ. ڕێك به‌و جۆره‌ی که ناتوانرێت کارکردی ئه‌ندامێکی ژیان خۆسەرانه بگۆڕدرێت، بۆ نموونه، که‌س ناتوانێت به چاوانی ببیستێت یا به گوێیه‌کانی ببینێت، هه‌رواش له توانای هیچ که‌سێکدا نییه، بتوانێت بە حەزی خۆی دەزگەی چه‌وسانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، [دەوڵەت]، بگۆڕیت بە ئامرازی ڕزگارکردنی چه‌وساوان.
ئه‌نارکیزم ڕێگه‌چاره‌ی ئامادەکراوی هه‌موو گرفته مرۆییه‌کان نییه، یا ئوتۆپیای نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی بێ که‌موکوڕیی نییە (به‌و شێوەی کە زۆر جار ناوبراوە)، لەو کاتەوەی، بەپێی بنچینەکانی، هەموو نەخشەڕێژیی و چەمکە بێچەندووچوونەکان ڕەتدەکاتەوە، باوه‌ڕی به هیچ ڕاستییه‌کی بێچه‌ندوچوون یا هیچ دوائامانجێکی دیاریکراو بۆ پێشکه‌وتنی مرۆڤایەتی نییه، به‌ڵکو باوه‌ڕی به پێگەیینی (الكمال- perfectibility) ناکۆتای شێوازە کۆمه‌ڵایه‌تییەکان و هه‌لومه‌رجەکانی ژیانی مرۆڤ هه‌یه، که هه‌رده‌م له دووی شێوەی باڵاتری خۆدەربڕینن و لەبەر ئەم هۆیە، هیچ که‌س ناتوانێت هیچ پێناسەیەكی کۆتایی یا ئامانجێکی دیاریکراویان بۆ دەستنیشان بکات. ترسناکترینی شێوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕێك هه‌ر ئه‌وه‌یانه، که هەردەم هه‌وڵ دەدات بە زۆر هەمەڕەنگی شێوه‌کانی ژیانی کۆمه‌لایه‌تی له‌نێو چوارچێوەی دیاریکراو و بنەمای (قواعد-norm) تایبەتدا بیگونجێنێت. هه‌رچەندێك لایه‌نگرانی خۆیان به به‌هێزتر بزانن، هەوڵدەدەن هەرچی زیاتر بوارەکان ژیانی کۆمه‌ڵایەتی بخه‌نه خزمه‌تی خۆیانه‌وه. کارایی له‌سه‌ر کارکردی گشت هێزه ڕۆشنبیرە داهێنەرەکان گه‌وجگه‌رانه‌تر ده‌بێت و لە هەمووی خراپتر کارایییەتی لەسەر پێشکه‌وتنی هزریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشبینی سەردەمی ئێمە، بە ڕۆشنییەکی ترسێنەرەوە نیشانی دەدات، کە بۆی هەیە چ دێوودرنجێکی ترسناکی هۆبز لێڤیاسان (Thomas Hobbes’ Leviathan) گەشە پێبدرێت. زاڵبوونی ته‌واوەتی ده‌زگه‌ی ڕامیاریی به‌سه‌ر هۆش و جه‌سته‌ی مرۆڤه‌کان و لە قاڵبدانی تێڕوانین و هه‌ست و ڕه‌فتارە مرۆییەکاندا، تەنیا به‌پێی بنەما سەپاوەکانی سه‌روه‌ران و دواجار مراندنی گشت کولتورە هزرییە ڕاستینەکان، مەیسەر دەبێت.
ئه‌نارکیزم ته‌نیا دان بە واتای ڕێژه‌یی بۆچوونه‌کان، دەزگەکان و هه‌لومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دەنێت. هەر لەبەرئەوەیە، کە سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆداخەر و و جێگیر نییه، به‌ڵکو ئاراستەیەکی دیاریکراوە له گەشەی مێژوویی مرۆڤایەتیدا، که بەپێچەوانەی دەمڕاستی هزری گشت دەزگە ئایینی و ڕامیارییه‌کانەوە، لەپێناو گەشەی ئازادانەی به‌ربه‌ستنەکراوی تاکەکان و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تێده‌کۆشێت. هەروەها لای ئەنارکیستەکان ته‌نانه‌ت ئازادیش ڕێژەییە نه‌ك چه‌مکێکی بێچه‌ندوچوون، بەو پێیەی، کە به‌رده‌وام تێده‌کۆشێت ڕەهەندەکانی فراوانتر بکات و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە کارایی لەسەر بازنەکانی دیکە دابنێت. بۆ ئه‌نارکیستەکان، ئازادی چه‌مکیکی ئەبستراکتی فیلۆسۆفیی نییه، به‌ڵکو توانایەکی بەرجەستەی زیندوویە، بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدانی تەواوەتی هەموو توانایی و بەهرەکانی گشت مرۆڤێك، که سروشت پێی به‌خشیوە، تاوەکو لەبواری کۆمه‌ڵایەتییدا بیانخاتە گەڕ. ئەم گەشەی سروشتییانەی مرۆڤ چەندێك کەمتر لەلایەن دەستەمۆگەرانی کلیسایی و ڕامیاریی دەستیتێوەربدرێت، که‌سێتی تاکه‌کان کارامه‌تر و هاوسه‌نگتر ده‌بێت و لەوەش زیاتر ئاستی هوشیاری کۆمه‌ڵگه پەرەدەسێنێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆیەیه، که هه‌موو سه‌رده‌مە ڕۆشنبیرییە گەورەکان لە مێژوودا، سه‌رده‌می لاوازیی ڕامیاری بوون، لەبەرئەوەی سیسته‌مه ڕامیارییه‌کان هه‌میشه لەسەر بنەمای میکانیکی دامەزراون نەك گەشەی ئۆرگانیکی هێزە کۆمەڵایەتییەکان. ده‌وڵه‌ت و ڕۆشنبیری دژەبەیەکن، لەتوانادا نییە پێکه‌وه بگونجێندرێن. نییتشه (Nietzsche)، که ئه‌نارکیست نه‌بوو، زۆر بە ڕۆشنی دانی بەمەدا نا، کاتێك کە نووسی “سەرەنجام هیچ که‌س ناتوانێت زیاتر له‌وه‌ی که هه‌یه‌تی، خه‌رج بکات. ئه‌مه بۆ تاکه‌سه‌کانیش هەر وایە، بۆ نه‌ته‌وه‌کانیش هەر وایە. ئه‌گه‌ر کەسێك خۆی بخاتە پێناو دەسەڵات، لوتکەی ڕامیاری، کشتکاری، بازرگانی، پارلامانتاریزم یا کاروباری سه‌ربازی– ئه‌گه‌ر کەسێك ئە‌و هەمووە هۆکارانە، پەیگیری و ویست و خۆ-سەروەری (self-mastery) بخاتە لاوە، تاکو خودێکی ڕاستەقینە بۆ شتێك پێکبهێنێت، ئیدی بۆ شتەکانی دیکە هیچی نییە. کو‌لتوور و ده‌وڵه‌ت -بوار نەدەن لەو بارەوە، که‌س بخەڵەتێت- دوژمنی یه‌کدین: دوڵه‌تی کولتووری تەنیا بیرۆکەیەکی هاوچه‌رخه. یەکیان لەسەر ئەوی دیکەیان دەژی، یەکیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان پەرەدەسێنێت. هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی هەڵکشانی [پڕشنگداری] کو‌لتوور، سه‌رده‌می داکشانی [پوکانەوەی] ڕامیاریین. هه‌رچییه‌ك لە هەستی کولتوورییدا گەورە [پڕشنگدار] بێت، ناڕامیارییه، بەڵکو دژه ڕامیارییشه“.
له هەر شوێنێك کارای ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری له‌سه‌ر هێزه داهێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه تا کەمترین ئاست کەم بکرێتەوە، لەوێدا ڕۆشنبیری به‌باشترین شێوە پەرەدەسێنێت، چونکه سەروەری ڕامیاریی هه‌میشه هەوڵ بۆ یه‌كجۆرکردن دەدات و ده‌خوازێت هه‌موو لایه‌نێك لە لایەنەکانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بخاته ژێرڕکێفی خۆی. لێرەدایە، کە ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی ده‌که‌وێته ناکۆکییه‌کی بێچەندوچوون لەبەرامبەر چاوەڕوانییە پەرەپێدەرە کولتوورییە ئافه‌رێنه‌ره‌کاندا، که هەردەم لە گەڕاندان بەدوای شێوە و مەیدانی نوێی چالاکی کۆمەڵایەتی و ئازادی دەربرین وزۆرێکی دیکە - فرەلایەنی و ئاڵوگۆڕی به‌رده‌وامی شته‌کان، پێویستییەکی زیندوون بۆ کۆمەڵگە، بەهەمان ڕادەی پێویستبوونی فۆرمە بەستووەکان [نەگۆڕەکان]، ڕێنوێنییە مردووەکان و سەرکوتی بیرۆکەکان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی ڕامیاریی. هه‌موو کارێكی سه‌رکه‌وتوو، کارایی لەسەر ئارەزوومەندی بۆ هەڵکشان [پێگەیین] زیاتر و سروشی قوڵتر دادەنێت، هه‌ر فۆرمێکی نوێ دەبێتە مژەدەری ئەگەری پێشکه‌وتنی نوێ. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌دات شته‌کان به‌و جۆره‌ی که هه‌ن، بە خەیاڵ ئاسوودەییەوە لەنگەرخستوو، بیانهێڵێته‌وه. بە درێژایی مێژوو، ئه‌مه هۆکاری گشت شۆڕشه‌کان بووە. دەسەڵات تەنیا خەریکی وێرانگه‌رییه، هه‌رده‌م لە هەوڵی یەخسیرکردنی هەموو دیارده‌یەك لە دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بووە، لەنێو کۆتوبەندی بنەماکانیدا. دەربرینی هزریی دەسەڵات دۆگمایەکی مردووە، فۆرمە فیزیکییەکەی هێزیکی دڕەندەیە. ئه‌م گه‌وجییەی ئامانجەکانی، هەروا مۆری خۆی له نوێنه‌رانی ده‌دات و به زۆری دەیانکاتە گه‌مژه و دڕنده، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی لە بنەڕەتدا خاوه‌نی باشترین بەهرە بوو بن. که‌سێك که بە بەردەوامی هه‌وڵبدات بەزۆر هەموو شتێك بترنجێنێتە نێو سیستەمی میکانیکییەوە، دواجار به‌خۆشی ده‌بێت بە ده‌زگه‌یه‌ك و هه‌موو هه‌سته مرۆییه‌کانی له ده‌ست ده‌دات.
هه‌ر له‌م تێگه‌یشتنه‌وە بوو، که ئەناکیزمی هاوچەرخ له‌دایك بوو و هێزی ئاکاریی خۆی خستەڕوو. ته‌نیا ئازادی ده‌توانێت لە کاری گه‌وره‌دا سروشبەخشی مرۆڤ بێت و ئاڵوگۆڕی هزری و کۆمه‌ڵایه‌تی بێنێتە بوون. هونه‌ری کەسی فەرمانڕەوا، هیچ کات هونه‌ری فێرکردن و سروشبەخشین نەبووە بۆ ڕێکخستنی نوێی ژیان. ناچارییەکی دڵتەنگگەرانە، که [هونەری فەرمانڕەوایی] ده‌یسه‌پێنێت، ته‌نیا فەرماندانێکی سه‌ربازیی بێگیانە و هه‌ر جۆره داهێنانێك له ده‌می له‌دایکبووندا لەبار دەبات و تەنیا کۆیلە باردەهێنێت، نەك کەسی ئازاد. ئازادی کرۆکی ژیانه، هێزی به‌ره‌وپێشبه‌رە لە هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنە هزریی و کۆمه‌ڵایەتییەکاندا، ئافەرێنەری هه‌موو ئاسۆیەکی نوێیە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی. ئازادی مرۆڤ له به‌هره‌کێشی ئابووریی و سەرکوتی هزریی و ڕامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی، که له فیلۆسۆفی ئه‌نارکیزمدا لە بەرزترین ئاستدا دەربڕدراوە، مەرجی یەکەمی گەشەکردنی باڵاترین کولتووری کۆمەڵایەتی و مرۆڤایه‌تی نوێیه.
* ئەم وەرگیانە لەتەك دەقە ئینگلیزییەکەی بەراورد کراوە..
سەرچاوەی دەقە ئینگلیزییەکەی :
http://theanarchistlibrary.org/HTML/Rudolf_Rocker__Anarchism_and_Anarcho-Syndicalism.html#toc1
سەرچاوەی دەقە ئاڵمانییەکەی : http://www.anarchismus.at/txt2/rocker4.htm
سەرچاوەی دەقە فارسییەکەی : http//khushe.org ، بەداخەوە لە ئیستادا ئەم سایتە نەماوە.
مێژووی فیلۆسۆفی ئه‌نارکیزم له لائۆ تسه «Lao-Tse»وه تا کرۆپۆتکین
نووسینی: ڕودۆڵف ڕۆکه‌ر
و. له فارسییه‌وه: هه‌ژێن
بیرۆکە ئه‌نارکیستییەکان لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا به‌رچاو ده‌که‌ون. لە ئەندێشەی حەکیمی چینی لائۆ- تسە (وانە و ڕێگەی ڕاست- The Course and The Right Way) و فیلۆسۆفانی دواتری یۆنانی و هێدۆنیسته‌کان (Hedonists) و سینیکه‌کان (Cynics ) و پەیرەوانی دیکەی لایەنگری ”مافی سروشتی”، بەتایبەت لە ئەندێشەی زێنۆ (Zeno) بنیاتنەری قوتابخانەی ڕەواقی (The Stoic ) و نه‌یاری ئەفلاتون دا، شوێنپای ئەم فیلۆسۆفییه بەدی دەکرێت. ئەم ده‌ربڕینانه لە وانە عیرفانییه‌کانی کارپۆکراتیس لە (ئەسکەندەریە) دا هاتوون و کارایی بەرچاویان لەسەر هەندێك ئاراستە کریستییەکانی سەدەکانی نێوەراست لە فەرەنسە، ئاڵمان، ئیتالیا، هۆلەند و ئینگلاند هەبووە، کە بە زۆری ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبوونەوە. لە مێژووی چاکسازییەکانی (بۆهێمیایی) دا، پیتەر چێلکیسکی (Peter Chelcicky) بەوپەری تواناوە پشتیوانی لەم باوەڕە کرد و لە پەرتوکەکەی خۆیدا «پاکیی باوەڕ»، هەمان هەڵسەنگاندنی بەرامبەر دەوڵەت و کلیسا خستەڕوو، کە چەند سەدە پاشتر تۆلستۆی بەوە گەیشت. لە نێوان مرۆڤدۆستانی دیکەدا، ڕابێلایس (Rabelais)یش دیارە، لە پیاهەڵدانی شاری خۆشبەختی (Theleme Gargantua)دا وێنایەك لە ژیان دەخاتەڕوو، کە لە گشت کۆتوبەندەکانی سەروەری ئازاد بووە. لە نێو لایەنگرانی دیکەی ئەندێشەی ئازادیخوازیدا، دەتوانین ناوی لو بوتیە (La Boetie) ، سیلویان مارشال Sylvain و لە هەمووان بەرچاوتر، دیدروت Diderot ناوبەرین، کە نووسینە درەشاوەکانی نیشانەیەکن لە ئەندێشەی ئازادبوونی لە هەر جۆرە دەمارگیرییەکی سەرکوتگەرانە.
لە هەمان کاتدا، پەرەسەندنی چەمکی ئەنارکیزم لە مێژووی تازەدا تێگەییشتنێکی ڕۆشنتری بە ژیان بەخشی و وەڵامدانەوەكی دەستەبەجێ بوو بە ڕەوتەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی کە لە سەدەکانی دواتری مێژوودا هاتنە ئاراوە. بۆ یەکەمین جار ئەمە لەلایەن ولیەم گودوین (1756-1836)ەوە لە نووسینە سەرنجراکێشەکەیدا (لێکۆڵینەوەیەك لەمەڕ یەکسانی ڕامیاری و کارایی لەسەر خۆشبەختی و بەختەروەری گشتی (لەندەن 1793)دا ئەنجام درا. دەتوانین بڵێین کارەکەی گۆدوین، بەرهەمی پێگەیینی درێژماوەی چەمکە ڕادیکاڵە ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئینگلاند بوو، کە لە جۆرج بوچانانGeorge Buchanan دەستپێدەکات و لە ڕیچارد هۆکەرRichard Hooker، گێرارد وینستانلی Gerard Winstanley، ئالگێرنۆن سیدنی Algernon Sidney، جان لۆكJohn Locke، ڕۆبێرت والاسRobert Wallace، جان بلێرزJohn Bellers، بە جێرمی بێنتام Jeremy Bentham، جۆزیف پریستلیJoseph Priestley، ڕیچارد پرایس Richard Price و تۆماس پاین Thomas Paine دەگات.
گۆدوین زۆر بە ڕۆشنی ئەوەی خستەڕوو، کە هۆی خراپکارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە شێوەکانی دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لە بوونی خودی دەوڵەتدایە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، کە مرۆڤ ناتوانێت ئازادانە و بە شێوەیەکی سروشتی لەتەك یەکدا بژین، بەبێ ئەوەی مەرجە ئابورییە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە دابین بکرێن و هیچ کەس نەکەوێتە بەهرەکێشی کەسانی دیکە؛ ئەوەی کە زۆربەی قسەگەرانی ڕادیکالیزمی ڕامیاری لە ئاستیدا بە تەواوی چاویان نووقاندبوو. لەم ڕووەوە بوو،کە دواتر ناچاربوون بەرتەری فرەتر بە دەوڵەتێك بدەن، کە لە سەرەتادا دەیانویست بۆ لایەنی کەم بەرتەسکی بکەنەوە. بیرۆکەی گودوین لەمەڕ کۆمەڵگەی بێ دەوڵەت، خاوەنداریەتی کۆمەلایەتی (هەمووانیی هاوبەشی) زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی لەبەرچاو دەگرت و پشتی بە ژیانی ئابووریی ئازادانەی بەرهەمهێنەران لە هەرەوەزییەکاندا دەبەست. بیرۆکەکەی گۆدوین کاراییەکی فراوانی لەسەر نێوەندە پێشکەتووەکانی کرێکارانی ئینگلاند و بەشە فرە کراوەکانی ڕۆشنبیرانی لیبراڵ هەبوو. لە هەمووی گرنگتر، بەشداری وی بوو لە بزووتنەوەی نۆپای سۆشیالیستی (ئینگلاند)دا، ئەوەی کە دواتر پەرەسەندنی بەرچاوی لە کارەکانی رۆبێرت ئۆئێنRobert Owen، جۆن گرەی John Gray و ولیام تۆمسۆن William Thompson دا لەخۆ گرت و بۆ ماوەیەکی درێژ ڕوخسارێکی ئاشکرای ئازادیخوازانەی وەهای لە خۆ نیشان دا، کە سۆشیالیستەکانی ئاڵمان و وڵاتانی دیکە هیچکات نەیانبوو.
هەروەها سۆشیالیستی فەرەنسی، چارلز فۆریە (1772 – Charles Fourier 1832)ش لەم مەیدانەدا کارایی داناوە و پێویستە لێرەدا لەتەك تێئۆرییەکەی لەمەڕ سەرنجراکێشی کار، وەك یەکێك لە پێشڕەوانی هزری ئازادیخوازانە ڕۆشنایی بخەینە سەر.
بەڵام کەسێك کە کارایی فرەتری لەسەر پەرەسەندنی تێئۆری ئه‌نارکیستی دانا، پییەر ژوزێف پرۆدۆ‌ن (1809- Pierre Joseph Proudhon 1865) بوو. یەکێك لە لێهاتووترین و پەیگیرانەترین نووسەرانی فرە لایەنی سۆشیالیزمی هاوچەرخ بوو. پرۆدۆ‌ن بە قوڵی ڕۆچووبووە ژیانی هزری و کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی و ئەمە کارایی لەسەر هەڵوێستی وی لە سەر وەڵامدانەوە بەهەر پرسێك دانابوو. لەبەر ئەوە داوەریکردن لەسەر وی لەسەر بنچینەی پێشنیارە کردەییە تایبەتەکانی، پێشنیارگەلێك کە وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئە‌و ساتە سەریان هەڵداوە، وەك ئەوەی دواتر هەندێك لە لایەنگرانی پێیهەستان، کارێکی نابەجێیە. لەنێو زۆربەی بیریارانی سۆشیالیستی ئە‌و سەردەمەدا، ئە‌و تەنیا کەسێك بوو، کە هۆی نالەباریی کۆمەڵایەتی بە قوڵترین شێوە تێگەیشتبوو و لەو بارەوە ڕوانگەی فراوانتری هەبوو. ئە‌و بێپێچوپەنا دژی هەموو سیستەمە دەستکردە کۆمەلایەتییەکان بوو و لە گەشەی کۆمەڵایەتیدا ئارەزوومەندیی هەمیشەیی بۆ شێوە نوێ و باڵاکانی ژیان کۆمەڵایەتی و هزری بەدی کرد؛ پێیوابوو کە ئەم گەشەکردنە ناتوانێت پابەندی هیچ فۆرمۆڵبەندییەکی ئەبستراکت (abstract)ی دیاریکراو بێت.
پرۆدۆ‌ن بەرهەڵستی کارایی سونەتیی ژاکۆبین (Jacobin)ی کرد، کە باڵی بەسەر هزری دیموکراتەکانی فەرەنسە و زۆرێك لە سۆشیالیستەکانی ئە‌و سەردەمەدا کێشابوو، بەهەمان پەیگیرییەوە دەستتێوەردانی دەوڵەتە نێوەندییەکان و چەپاوڵگەریی ئابووری لە ڕەوتی سروشتیی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتیدا ڕەتدەکردەوە. بۆ ئە‌و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە ڕیشاڵی ئە‌و دوو وەرەمە (سرطانە)، ئەرکی سەرەکی شۆڕشی سەدەی نۆزدەهەم بوو. پرۆدۆ‌ن کومۆنیست نەبوو. ئە‌و خاوەندارێتی وەك بەرتەریدەری بەهرەکێشی ڕەتدەکردەوە، بەڵام دانی بە خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمێناندا بۆ هەمووان دەنا، کە تێیدا لە ڕێی ڕێکەوتننامەی ئازادەوە گروپە پیشەسازییەکان کارایی لەسەر یەکدی دادەنێن، تا ئە‌و جێیەی کە ئە‌و مافە نەبێتە هۆی بەهرەکێشی کەسانی دیکە و بەرهەمی کارەکەش بە شێوەیەکی تەواو بخرێتە بەردەست ئەندامانی کۆمەڵگە. وەها کۆمەڵەیەك لەسەر بنەمای هاریکاری بەرامبەرانە (ئاڵووێریی)، بەهرەمەندیی هەمووانی لە مافی یەکسان و گۆڕینەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەلایەتییەکان، دابین دەکات. ماوەی نێوەنجی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێك دەبێتە پێوەری نرخەکەی و پێكهێنەری بنەمایەك بۆ ئاڵووێری بەرامبەرانەی بەرهەمەکانی کار. بەمجۆرە سەرمایە لە هێزی جێکەوتە و ئاسایی خۆی بێبەش دەبێت و بەشێوەیەکی تەواو پابەندی کارکردی کار دەبێت. هەل بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت، کە بەر بە سوودوەرگرتن لێی وەك ئامرزای بەهرەکێشی، بگرن. وەها شێوەیەك لە ئابووری هەرجۆرە دەزگەیەکی سەرکوتگەرانەی ڕامیاریی دەکاتە شتێکی زیادە و ناپێویست. کۆمەڵگە دەگۆرێت بۆ کۆی کۆمیونیتییە ئازادەکان، کە کاروبارەکانی خۆیان بەپێی پێداویستی ڕێکدەخەن. لەلایەن خۆیانەوە یا بە هاوبەشی لەتەك ئەوانی دیکە ئەنجام دەدەن و لەوێدا ئازادی بە واتای یەکسانی لەتەك ئازادی کەسانی دیکە دێت، نەك بەرتەسکگەرەوەی، بەڵکو وەك ئاساییشپارێزی و پشتیوانیگەری دەبێت. “هەرچەندی تاکەکان ئازادتر، سەربەستتر و ئامادەتر بن، بۆ کۆمەڵگە باشترە”.
ڕێکخراوەیی فێدرالیزم، که پرۆدۆ‌ن داهاتووی نزیکی مرۆڤی تێدا ده‌بینی، هیچ به‌رته‌نگییه‌کی دیاریکراوی له‌بەردەم له‌توانادابوونی گەشەسەندنه داهاتووییەکان دانانێت و فراوانترین زەمینە بۆ هه‌موو جۆره چالاکییه تاکیی و کۆمه‌ڵایه‌تییەکان ده‌ره‌خسێنێت. له خاڵی دەستپێکی فیدراسیۆنەوە، پرۆدۆ‌ن بە هەمان شێوە دژایەتی ئامانجی کۆتایی یه‌کێتییە ڕامیاریی و نه‌ته‌وه‌ییەکانی ناسیونالیزمی تازه پاگرتووی ئه‌و سه‌رده‌مه دەکات، که که‌سانی ناوداری وه‌ك مازینی Mazzini، گاریبالدی Garibaldi، لێلێویلLelewel و که‌سانی دیکە قسەگەری بوون. له‌م بارەوە، ئە‌و زۆر له هاوڕێ هاوچه‌رخەکانی ڕۆشنتر سروشتی ڕاستەقینەی ناسیونالیزمی ده‌ناسی. پرۆدۆ‌ن کاراییه‌کی زۆر به‌رچاوی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی سۆشیالیزم دانا، به‌تایبه‌ت له وڵاتانی لاتین.
بیرۆکەگه‌لی لە جۆری تێڕوانینە ئابووریی و ڕامیارییەکانی پرۆدۆ‌ن، له‌لایه‌ن لایەنگرانی به‌ناو (ئه‌نارکیزمی تاکگه‌را)ی وەك وه‌ك جوسیه وارنJosiah Warren ، ستێفان پێرڵ ئاندرێوسStephen Pearl Andrews ، ویلیا‌م بی. گرین William B. Greene ، لیساندەر سپونەرLysander Spooner ، بێنیامین توکەرBenjamin R. Tucker ، ئەزرا هێیوود Ezra Heywood ، فرانسیس دی. تاندی Francis D. Tandy و زۆرێکی دیکەەوە له ئه‌مه‌ریکا پاگەندەیان بۆ دەکرا و پەرەیان پێدەدرا، هەرچەندە هیچ یه‌ك له‌وانه نه‌یانتوانی بگه‌نه دووربینی ڕوانگەی پرۆدۆ‌ن. تایبه‌تمه‌ندیی ئازادئەندێشی ئەم فێرگەیە ئە‌و ڕاستەیە، که زۆربه‌ی بیریارانی ئە‌و فێرگەیە، بیرۆکە ڕامیارییه‌کانیان لە (پرۆدۆ‌ن)ەوە وەرنەگرتوون، به‌ڵکو له سونەتی لیبرالیزمی ئه‌مه‌ریکاییه‌وه هاتوون، به جۆرێك که توکەر ده‌توانێت پاگه‌نده‌ی ئه‌وه بکات، که ”ئه‌نارکیسته‌کان پێشەنگانی دێمۆکراتە (جێفرسۆن Jefferson)ییەکانن”.
یەکێك لە ده‌ربڕینە بێوێنەکانی بیرۆکە ئازادیخوازه‌کان، دەتوانرێت له په‌رتووکەکەی ماکس شتینەر (یۆهان کاسپار شمیتJohann Kaspar Schmidt 1806 – 1856) تاك و خاوەندارییەتییەکەی (Der Einzige und sein Eigentum)دا، به‌ده‌ست بهێنرێت، که زۆر زوو فه‌رامۆش کرا و کاراییه‌کی وەهای له‌سه‌ر بزاڤی ئه‌نارکیستی دانه‌نا. په‌رتووکەکەی شتینەر فرەتر کارێکی فیلۆسۆفییه، که شوێنپای وابەستەیی مرۆڤی به‌وانەوە کە پێیاندەوترێت ده‌سه‌ڵاته باڵاکان له هه‌موو ڕێگە پێچاوپێچەکانییەوە هەڵگرتووه، هیچ سڵی لە نیگارکیشانی بەدەستهێنراوە زانستیییەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە، نەکرد. ئه‌م په‌رتووکه یەکێکە لەو یاخیبوونە ئاگاهانه و بەئەنقەستانە، که ڕێز بۆ هیچ ئوتوریته‌ك دانانێن، هه‌رچه‌نده به‌ده‌سه‌ڵاتیش بێت. هەروەها لەبەرئەوە بە تەواوی هێزییەوە خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی بیرکردنەوەیە.
ئه‌نارکیزم تین و وزەی شۆڕشگێڕانەی، لە میخائیل باکونین ( Michael A. Bakunin 1814-1876) وەرگرت، که بیرۆکەکانی بە فێرکارییەکانی پڕۆدۆن پشتئەستوور بوون، به‌ڵام له بواری ئابووریدا پەرەی پێدان، کاتێك کە شانبەسانی باڵی فیدرالیستی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، بانگەوازی بۆ خاوه‌ندارێتی گه‌لیانه (به‌کۆمه‌ڵ)ی زه‌مین و ئامرزه‌کانی دیکەی به‌رهه‌مهێنان کرد و خوازیاری به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی بوو، تەنیا بۆ به‌رهه‌می کاری که‌سیی. هه‌روا (باکونین)یش نه‌یاری کۆمونیزم بوو، که له سه‌رده‌می ئەویشدا، تایبەتمەندییەکی فره دەسەلاتگەرایانەی هه‌بوو، وه‌ك ئەوەی ئه‌وڕۆکه له بۆلشه‌ڤیزمدا خۆی نیشان دەداتەوە. – باکونین لەو بارەوە ده‌لێت: “من کۆمونیست نیم، چونکه کۆمونیزم گشت هێزه‌کانی کۆمه‌ڵگه له ده‌وڵه‌تدا یه‌کده‌خا و به‌خۆی هه‌ڵیانده‌لوشێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌ناچاری به‌ره‌و کۆکردنه‌وه‌ی گشت داراییه‌کان له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا ملده‌نێت، لە کاتێکدا کە من خوازیاری له‌نێوبردنی ته‌واوەتی بنچینەکانی دەسەلاتگەرایی و چاودیریی میرایەتیم، که تاوه‌کو ئه‌وڕۆکه، لەژێر پاگه‌نده‌ی مۆڕالیکردن و شارستانیکردندا، خه‌ڵکی لە کۆیلایەتیدا ڕاگرتووە و به‌هره‌کێشیی لێ ده‌کات“.
باکونین شۆڕشگێڕێکی په‌یگیر بوو و باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ری دۆستانه و ئاشتیخوازانه‌ی کیشەکانی نێو کۆمه‌ڵگه نه‌ده‌کرد. ئە‌و لەوە تێگه‌یشتبوو، که چینه فه‌رمانڕه‌واکان، کوێرانە و سه‌رسه‌ختانه به‌ر به هه‌ر لەتوانادابوونێك بۆ جەێبەجێکردنی چاکسازییە کۆمەلایەتییە گه‌وره‌کان ده‌گرن، بۆیە ته‌نیا ڕێگه‌چارەی له شۆڕشی کۆمەڵایەتیی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بینی، که لە توانایدا هەیە گشت داموده‌زگه‌کانی دەسه‌ڵاتی ڕامیاریی و به‌هره‌کێشی ئابوورییی له‌نێو به‌رێت و له جێی ئه‌واندا فێدراسیۆنی ئه‌نجومه‌نه ئازاده‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌کاربه‌ران بۆ دابینکردنی پێداویستییه ڕۆژانه‌ییه‌کانی ژیانیان، به‌رپا بکات. له‌وێوه، که ئه‌ویش وه‌ك زۆرێك له هاوسه‌رده‌مه‌کانی، باوه‌ڕی به نزیکی ڕوودانی شۆڕش هه‌بوو، دڵسۆزانه هه‌موو هێزی خۆی خستبووه پێناو یه‌کێتی که‌سانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز له نێوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی نێونەتەوەیی (ئینته‌رناسیونال)ی یەکەمدا، تا له‌به‌رامبه‌ر دیکتاتۆری یا هه‌ر جۆره گه‌رانه‌وه‌یەك بۆ هه‌لومه‌رجی پێشێن، پارێزگاری له شۆرشێك بکات، کە بەڕێوەیە. له‌به‌رئه‌وه‌یه، که ده‌توانرێت له زۆر ڕووه‌وه، ئە‌و به بنیاتنه‌ری بزاڤی ئه‌نارکیزمی هاوچەرخ بژمێردریت.
یه‌کێكی دیکە له تێئۆریدارێژه‌رە ناسراوەکانی ئه‌نارکیزم، پێته‌ر کرۆپۆتکین (Peter Kropotkin 1842-1921)بوو، که خۆی بۆ بەکاربردنی ده‌ستکه‌وته‌کانی زانستی سروشتی هاوچەرخ لەپێناو پەرەدان بە چه‌مکی کۆمه‌ڵناسییانه (sociological)ی ئه‌نارکیزم، تەرخان کردبوو. ئە‌و له په‌رتووکە داهێنەرانەکەیدا ”هاریکاری بەرامبەرانە - هۆکاری گەشەکردن”، بە خستنەڕووی به‌ڵگه‌کانی خۆی، دژی داروینیزمی کۆمەلایەتی (Social Darwinism) وەستایەوە، که لایه‌ندگرانی هه‌وڵیان ده‌دا به‌سودوه‌رگرتن له تیئۆری داروینی -ململانێ له‌پێناو مانه‌وه (the Struggle for Existence)، ئەوە بسەلمێنن، کە جەنگی بەهێز بەرامبەر لاواز، یاسایەکی نەگۆڕ (ئاسنینی)ی سروشتییە و مرۆڤیش دەگرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم چەمکە بە توندی لەژێر کارایی ڕێڕەو (مذهب)ی مالتوس (Malthus)ی‌دا بوو، ئەوەی ”خشتەکی ژیان بۆ هەمووان بڵاونەکراوەتەوە و پێویستیان نییە، تەنیا دەتوانن خۆیان لەتەك ئە‌و ڕاستییەدا بگونجێنن”. کرۆپۆتکین نیشانی دا، که وەها تێگەیشتنێك بۆ سروشت وەك مه‌یدانی بێسنووری جه‌نگ، ته‌نیا کاریکاتۆرێکه له ژیانی ڕاستەقینە، لە هاوشانی جه‌نگی دڕندانه بۆ مانه‌وه، که به چنگ و کەڵبە ده‌کرێت، لە سروشتدا ئاراستەیەکی دیکەیش هه‌یه، که خۆی له پەیوەندی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆره لاوازه‌کان و هەوڵی مانەوەی جۆرەکان له‌سه‌ر بنه‌مای گەشەکردنی غەریزی کۆمه‌ڵایه‌تیی و هاریکاریی بەرامبەرانە ڕاوەستاوە. به‌م جۆره، مرۆڤ ئافه‌رێنه‌ری کۆمه‌ڵگه نییه، به‌لكو کۆمه‌ڵگه ئافه‌رێنه‌ری مرۆڤه، لەوەدا کە ئە‌و لەو جۆرانەی کە ئەویان لێوە هاتووە، غەریزەی کۆمەڵایەتیی بۆ لەپاش ماوە، ئە‌و توانایەی پێدەبەخشیووە کە بەتەنیا لە دەوروبەری یەکەمیدا لەبەرامبەر زاڵی جەستەیی (فیزیکی) جۆرەکانی دیکە پارێزگاری لە خۆی بکات و پێشکه‌وتنێکی چاوەڕواننەکراوی باڵاتر مسۆگه‌ر بکات. ئه‌مەی دووه‌میان هەروا کە له پاشڕەوی بەردەوامی ئە‌و جۆراندا نیشاندراوه، کە تیایاندا حه‌زی ململانێی مانەوە تا هەنووکە بەسەر یەکەمیاندا، واتە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، زاڵترە و ته‌نیا پشت به هێزی جەستەیی خۆی دەبەستێت. ئه‌م بیرۆکە، ئه‌وڕۆکه به‌رده‌وام له ئاستێکی فراواندا لە بواری زانستی سروشتی و لێکۆڵینه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێشوازی زیاتری لێ ده‌کرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ گەشەکردنی مرۆڤ، گشت دەرگەکان بەڕوویدا ئاوەڵا کراون.
بەپێی تێڕوانینی کرۆپۆتکین، ئه‌م ڕاستییه ته‌نانه‌ت له سه‌رکوتگه‌رترین هه‌لومه‌رجدا ڕاسته، که فره‌تر په‌یوه‌ندییه که‌سییه‌کانی مرۆڤ له‌ته‌ك هاوجۆرانی، لەسه‌ر بنەمای ڕێسا کۆمه‌ڵایه‌تییەکان، ڕێککەوتنی ئازاد و هاریکاری به‌رامبه‌رانه ئه‌نجام ده‌درێن و به‌بێ ئه‌وانه، ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هەرگیز له توانادا نەدەبوو. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره نه‌بووایه، ته‌نانه‌ت به‌هێزترین ده‌زگه سه‌پێنه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تیش نه‌یانده‌توانی نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بپارێزن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم شێوە سروشتییانەی ئاکار، که له قوڵایی سروشتی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، تاکو ئەمڕۆکەش بەهۆی ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وام و بەرئەنجامه‌کانی به‌هره‌کێسی ئابووریی و جێگیریی میریییەوە، کە نوێنەرایەتی شێوەیەكی دڕندانە لە شێوەکانی ململانێی مانەوە لە کۆمەڵگەی مرۆیی‌دا دەکات، لەکار دەخرێن، پێویستە شێوەیەکی دیکە لە شێوەکانی هاریکاری ئازاد و یارمه‌تی به‌رامبه‌رانه بەسەریدا زاڵ ببێت. هوشیاری لەمەڕ لێپرسراوه‌تی که‌سیی و توانای هاوده‌ری له‌ته‌ك که‌سانی دیکە، کە گشت ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان و گشت بیرۆکەکانی یه‌کسانی کۆمه‌لایه‌تی دروست ده‌که‌ن، له سایەی ئازادی‌دا باشتر گه‌شه ده‌که‌ن.
هەروەك باکونین، (کرۆپۆتکین)یش، شۆڕشگێڕ بوو. به‌ڵام ئە‌و، وه‌ك ئێلیزە ڕێکلوس (Elisee Reclus) و ئه‌وانی دیکە، لە شۆڕشدا ته‌نیا قۆناخێکی تایبەتیی پرۆسیسی پەرەسەندنیی بەدی کرد، ئەوەش کاتێك دەردەکەوێت، که هیوایەکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تیی لە گەشەسەندنی سروشتییانه‌ی خۆیدا بەڕادەیەك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رته‌سك بکرێته‌وه، که پێش ئەوەی وەك هۆکارێکی نوێ لە ژیانی مرۆڤدا بتوانێت کار بکات، ناچار بێت بە توندوتیژی قاوخە کۆنەکان بشکێنێت.
به پێچه‌وانه‌ی هاریکاریگه‌رایی بەرامبەرانەی پرۆدۆ‌ن و کۆمه‌ڵگه‌رایی (باکونین)ەوە، کرۆپۆتکین بانگەوازی بۆ خاوه‌ندارێتی هاوبه‌ش کرد، نەك تەنیا ئامرزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵکو هەروا به‌رهه‌مەکانی کاریش، لەبەرئەوەی پێیوابوو لە باری هه‌نووکه‌یی تەکنۆلۆجیادا هیچ پێوه‌رێكی ورد بۆ نرخاندنی کار بوونی نییه. بەڵام، له‌لایه‌کی دیکەه‌وه، به ئاراستەی ئاوەزگیرانەی شێوازه هاوچەرخه‌کانی کارەوە، لە توانادا هەیە فراوانییەکی ڕێژەیی بۆ هه‌موو مرۆڤێك دابین بکرێت. ئەنارکیزمی کۆمونیستی، پێش کرۆپۆتکین لەلایەن که‌سانی وه‌ك ژوزیف دێجاك (Joseph Dejacque)، ئێلیزە ڕێکلوس (Elisee Reclus)، کارلۆ کافییرۆ (Carlo Cafiero) و که‌سانی دیکەوە پێشنیار کرابوو ، دره‌وشاوه‌ترین و به‌رجه‌سته‌ترین نموونه‌ی ئه‌م هزرە، کە لەلایەن زۆرینەیەکی بەرچاوی ئەنارکیستەکانی ئەمڕۆوە پەسەند کراوە، له کاره‌کانی (کرۆپۆتکین)دا بوو.
لێره‌دا پێویسته یادێکیش له لیئۆ تۆلستۆی ( Leo Tolstoy -1828-1910) بکه‌ینه‌وه، که له مەسیحیەتی سەرەتایی و له‌سه‌ر بنچینەگەلێکی مۆڕالیی کە لە وانەکانی ئینجیل‌دا هاتوون، به بیرۆکەی کۆمه‌لگه‌ی بێسەروەر گه‌یشت.
خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌نارکیستەکان خوازیاریی پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاڵییە له هه‌موو ده‌زگه رامیاریی و کۆمه‌لایه‌تییه سەپێنراوەکان، کە لەبەردەم گەشەی مرۆڤایەتی ئازاد دا ڕێگرن. له‌م چەمکەدا، نابێت هاریکاریی بەرامبەرانە، کۆمه‌ڵگه‌رایی و کۆمونیزم به واتای سیسته‌می ئابووریی داخراو لەبەرچاو بگیردرێن، که بوار بۆ پێشکه‌وتنی زیاتر و بەردەوام ناهێڵێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌مانه ته‌نیا ئامرازی ئابووریین بۆ پارێزگاری له کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد. تەنانەت بۆی هه‌یه له هەموو شێوەکانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازادی داهاتوودا، شێوەی جیاوازی ئابووری هاریکاریی لە پاڵ یەکتردا هه‌بن، لەوێدا هه‌ر بەرەوپێشچوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستە بۆ ئه‌زموونگیری ئازادانه و تاقیکردنه‌وه‌ی کرده‌یی شێوازه تازه‌کان، له کۆمه‌ڵگه ئازادی کۆمیونیتییە ئازادەکاندا هه‌موو هەلێك له ئارادا ده‌بێت.
هه‌مان شت لەتەك هەموو شێوازە (method) جۆراوجۆره ئه‌نارکیزم دەگونجێت. کاری لایەنگرانی بە دیاریکراوی، پەروەردە و ئاماده‌کاریی هزریی و ده‌روونیی خه‌ڵکه بۆ ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی خۆیان. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ سنووردارکردنی کارایی پاوانگه‌ری ئابووریی و ده‌سه‌لاتی ده‌وڵه‌ت، هه‌نگاوێكه به‌ره‌و که‌توارییبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه. هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنێکی ڕێکخراوه خۆبەشکارەکان له بواری جۆراوجۆری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا به ئاراسته‌ی ئازادی که‌سیی و دادپەروەریی کۆمه‌ڵایه‌تی، هوشیاری خه‌ڵکی قوڵتر و لێپرسراوه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییان زیاتر ده‌کات و به‌بێ ئه‌مانه، بەدیهێنانی هیچ ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی له توانادا نابێت. زۆربه‌ی ئه‌نارکیسته‌کانی ئەم سەردەمە لەو بڕوایەدان، کە وەها ئاڵوگۆرێکی کۆمه‌لایه‌تیی چه‌ندین ساڵ دەخایێنێت و کاری بنیاتنان و پەروەردەی پێویستە و به‌بێ هەڵچوون و بارگرژییەکی شۆڕشگێڕانه کە تا هەنووکە هەموو بەرەوپێشچوونێکی کۆمەڵایەتی ئافراندووە، بەدیهاتنی لە توانادا نییە، هه‌ڵبه‌ته تایبه‌تمه‌ندی وەها هەڵچوون و بارگرژییەك بە ڕادەی بەهێزیی بەرهەڵستیێکەوە بەستراوە، که چینه فه‌رمانرواکان بۆ به‌رگرتن له که‌توارتیبوونه‌وه‌ی بیرۆکە تازەکان له خۆیان نیشانده‌ده‌ن. هەچەندی بازنه‌کانی ڕێکخستنەوەی کۆمه‌ڵگه بە ناوەڕۆکی ئازادیخوازیی و سۆشیالیزمەوە فراوانتر بن، ژانه‌کانی لە دایکبوونی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی لە داهاتوودا که‌متر و ئاسانتر دەبن. تەنانەت شۆڕشه‌کان ده‌توانن تەنیا گەشە بە بیرۆکەگه‌لێك بدەن و پێبگەیێنن، که هه‌نووکه بوونیان هه‌یه و بووەتە بەسێك لە هوشیاری مرۆڤ: به‌ڵام بەخۆیان ناتوانن بیرۆکەگەلێکی نوێ، یا دونیایەکی نوێ له هیچه‌وه بئافرێنن.
پێش ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تە سەراپاگیرەکان له ڕوسیه، ئیتالیا، ئاڵمان و دواتر له پورتوگال و ئیسپانیا و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ڕێکخراوه و بزاڤی ئه‌نارکیستی له نزیکەی زۆربەی ولاتاندا بوونیان هه‌بوو. به‌ڵام وه‌ك هەموو بزاڤه سۆشیالسیتییه‌کانی دیکەی ئه‌و سه‌رده‌مه، که‌وتوونه‌ته به‌ر سه‌رکوتی فاشیزم و هێرشه‌کانی سوپای ئاڵمان و ته‌نیا توانییان بە نهێنی بمێننەوە. له پاش کۆتایی جه‌نگەوە، هه‌ستانه‌وه‌ی بزاڤه ئه‌نارکیستییه‌کان له گشت وڵاتانی ئەوروپای خۆراوایی شتێکی بەرچاوە. فیدراسیۆنی ئه‌نارکیستانی فه‌ره‌نسه و ئیتالیا یەکەم پێکهاتنیان بەست، هەروەها ئه‌نارکیستانی ئیسپانیا که هیشتاکه هه‌زارانیان له دوورخراوگه‌ن و به زۆری له فه‌ره‌نسه، به‌لجیکا و ئه‌فریکای باکووری دەژین بە هەمان کار هەستان و هه‌ر به‌و جۆره ڕۆژنامه و گۆڤاره ئه‌نارکیستییەکان له زۆر ولاتی ئەوروپا و ئه‌مه‌ریکای باکوور و باشووری بڵاو ده‌کرێنەوە.
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێرانه فارسییه‌که‌ی: http://khushe.ir
ئەم وەرگێڕانە لەتەك دەقە ئینگلزییەکەی بەراورد کراوە..
بۆ خوێندنەوەی دەقە ئینگلیزییەکەی:
http://theanarchistlibrary.org/HTML/Rudolf_Rocker__Anarchism_and_Anarcho-Syndicalism.html#toc2
بۆ خوێندنەوەی دەقە ئاڵمانییەکەی : http://www.anarchismus.at/txt2/rocker4.htm
ڕه‌خنه له به‌رنامه‌ی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان
میخائیل باکونین (1870)
و. له فارسییه‌وه: هه‌ژێن
با له بارودۆخی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسه، بکۆڵینه‌وه، که تیایاندا بزاڤی سۆشیالیستی بووه‌ته هێزێکی که‌تواریی…. پارتی کرێکارانی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان (S.D.W.P) و یەکێتی گشتی کرێکارانی ئاڵمان (G.A.G.W) که فێردیناند لاساڵ دایمەزراندوون، هه‌ردووك سۆشیالیستن، به‌و واتایه‌ی که ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندی نێوان کرێکار و سه‌رمایه‌دار به شێوازی سۆشیالیستیی بگۆڕن[هەڵوەشاندنەوەی سه‌رمایه‌داری]. هه‌م لاساڵییه‌کان و هه‌م پارتی ئایزناخ [نێوه‌که‌ی له کۆنگره‌ی 7-9ی ئۆگوستی 1869 وه‌رگیراوه، که له ئایزناخ Eisenach به‌رپا کرا] به ته‌واوی له‌ته‌ك یه‌کدی هاوڕان، که بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ها گۆڕانێك، بێچه‌ندوچوون پێویست ده‌بێت، که سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌ت ڕیفۆم بکرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره له ڕێگه‌ی پاگه‌نده‌ی به‌رفراوان و بزاڤێکی کرێکاری یاسایی ئاشتیخوازه‌وه نەتوانرا ئه‌نجام بدرێت، له‌و باره‌دا ده‌بێت ده‌وڵه‌ت به زۆر ڕیفۆرم بکرێت، واته لە ڕێگەی شۆڕشێکی ڕامیارییەوە.
گشت سۆشیالیسته‌کانی ئاڵمان له‌و باوه‌ڕه‌دان، که ده‌بێت شۆڕشی ڕامیاریی پێش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی بکەوێت. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه. هه‌ر شۆڕشێك که پێش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕوو بدات، به‌ناچاری شۆڕشێکی بۆرجوازیی نوێ و بەتواناتر ده‌بێت – که ته‌نیا ده‌توانێت به سۆشیالیزمی بۆرجوازی کۆتایی بێت- واتە شێوازێکی فرە زیرەکانەتری پەردەپۆشکراوی بەهره‌کێشیی پرۆلیتاریا لەلایەن بۆرجوازییه‌وه. [بە هۆی ''سۆشیالیزمی بۆرجوازییەوە''، بەو جۆرە باکۆنین و هەروا مارکس دەریدەبڕن، واتە هاوکاریی نێوان سەرمایەدار و کرێکار، ''جەماوەر'' و دەوڵەت. - لە ئا‌ڵمانیا لە سەردەستی بیسمارك، لە سەردەمی ئێمەدا لەلایەن باڵی ڕاستی سۆشیال دێمۆکراتەکان ''سەرمایەدارە ڕۆشنبیرەکان'' و لیبراڵەکانەوە بە گشتی بانگەوازی بۆ دەکرێت].
ئه‌م بنچینە درۆزنانه‌یه – ئە‌و بۆچوونه‌ی که شۆڕشی ڕامیاریی ده‌بێت پێش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی بکەوێت-، لە ڕاستیدا بانگه‌وازێکی کراوه‌یە بۆ گشت ڕامیارانی بۆرجوا لیبراڵی ئاڵمان بۆ چوونە ناو پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان( S.D.W.P). ئه‌م پارته له زۆر بۆنەدا لەلایەن ڕابه‌رانییه‌وه – نه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئاسایی خاوه‌ن بیری ڕادیکاڵییه‌وه– خرایه ژێر فشار تاوه‌کو له‌ته‌ك دێمۆکراته بۆرجواییه‌کانی پارتی گه‌ل(Volkspartei) بچێته به‌ره‌وه، پارتێکی هه‌لپه‌رست، که ته‌نیا سه‌رقاڵی ڕامیارییه و به توندی دژی بنچینەکانی سۆشیالیزمه. ئه‌م دژایه‌تییه، بە ڕۆشنی له ڕێگه‌ی هێرشی دڕندانه‌ی قسه‌گه‌رانی نیشتمانپه‌روه‌ریی و چاپه‌مه‌نییه فه‌رمییه‌کانه‌وه دژی سۆشیالیسته شۆڕشگێڕه‌کانی ڤییەنا به فراوانی بەرپا کرا.
ئه‌م په‌لاماره دژی سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانه، توڕه‌یی و نه‌یاریی زۆرینەی ئاڵمانییه‌کانی به‌رزکرده‌وه و لیبکنێخت(Liebknecht) و ڕابه‌رانی دیکەیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانی به شێوه‌یه‌کی په‌یگیرانه شه‌رمه‌زار کرد. ئه‌وان ده‌یانویست کرێکاران ئارام بکه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی کۆنترۆلی خۆیان به‌سه‌ر بزاڤی کرێکاری ئاڵمان‌دا بپارێزن و له هه‌مان کاتدا، له‌ته‌ك ڕابه‌رانی بۆرجوا دێمۆکراتی پارتی گه‌ل دۆستایه‌تییان هه‌بێت؛ که ڕابەرانی پارتی ناوبراو زوو تێگه‌یشتن، بە وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر بزاڤی کرێکاری ئاڵمان، که به‌بێ پشتیوانی ئه‌و نه‌یانده‌توانی به ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری بگه‌ن، هه‌ڵه‌یه‌کی تاکتیکی گه‌وره‌یان کردووه.
له‌م باره‌وه، پارتی گه‌ل، ڕیسای بۆرجوازیانه‌ی گرتەبەر، که هیچ کات خۆیان نه‌که‌نه شۆڕشگێڕ. هەرچەندە تاکتیکه‌کانیان بەشێوەیەکی لێزازانه جێبەجێ دەکەن، هه‌میشە به‌م بنه‌مایه پشتئه‌ستوورن: ڕاکێشانی پشتیوانی کارای خه‌ڵك بۆ ئه‌نجامدانی شۆڕشی ڕامیاریی، به‌ڵام چنیننه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی بۆ خۆیان [پارتە ڕامیارەکان،و.ک]. تێڕوانینێکی لەو جۆرە بوو، که پارتی گه‌لی ناچار کرد تاکو پاشەکشە لە ڕێوشوێنی دژه-سۆشیالیستیی خۆی بکات و ڕای بگه‌یێنێت، که هه‌نووکه ئه‌ویش پارتێکی سۆشیالیسته…. پاش ساڵێك له دانیشتن و گفتوگۆ، ڕابه‌رانی پایه‌به‌رزی پارته کرێکاریی و بۆرجوازییەکان به‌رنامه‌ی (ئایزناخ)یان په‌سه‌ند کرد و به هێشتنه‌وه‌ی ناوی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان (S.D.W.P.)، تاکه پارتێکیان پێكهێنا. ئه‌م به‌رنامه‌یه لە ڕاستیدا تێکەڵەیەکی سەیر بوو لە به‌رنامه‌ی شۆرشگێڕانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرێکاران (ئینته‌رناسیونالی یەکەم،و.ک) و به‌رنامه‌ی هه‌لپه‌رستانەی ناوسراوی دێمۆکراسی بۆرجوازیی….
به‌شی(1)ی به‌رنامه‌که له ڕاستیدا له‌ته‌ك ڕامیاریی بنچینه‌یی و گیانی نێونه‌ته‌وه‌یی ناکۆکه. پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێکی ئازادی گه‌لی دابمەزرێنێت. به‌ڵام واژه‌کانی ئازاد و گه‌ل، به واژه‌ی ده‌وڵه‌ت، پوچ دەکاتەوه؛ ناوی نێونەتەوەیی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دەگەیێنێت. ئایا ڕێکخه‌رانی به‌رنامه‌کە له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی یا گەردووییه‌وه قسه ده‌که‌ن، یا ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك دابمەزرێنن، کە تەنیا هەموو وڵاتانی ئەوروپای خۆراوایی بگرێته‌وه – ئینگلاند، فه‌ره‌نسه، ئاڵمان، وڵاتانی ئه‌سکه‌ندیناڤی، هۆڵه‌نده، سویسرا، ئیسپانیا، پۆرتوگال و وڵاتانی سلاڤی ژێرچەپۆکی نه‌مسا؟ نه‌خێر. گه‌ده‌ی ڕامیارییان ناتوانێت هاوکات ئه‌م هه‌مگه وڵاتانه هەرس بدات. سۆشیال دێمۆکراته‌کان به شەیداییه‌که‌وه که ته‌نانه‌ت هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ناده‌ن، ڕایده‌گه‌یێنن، که ده‌یانه‌وێت وڵاتی باوکیان ئاڵمانی گەورە دامەزرێنن. هەروەها ئه‌مه ئە‌و هۆکارەیە، که تاکە ئامانجی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان، دروستکردنی ده‌وڵه‌تی گشت ئاڵمان، لە یه‌که‌مین به‌شی به‌رنامه‌که‌یاندا دێت. ئه‌وان پێشی گشت نیشتمانپه‌روه‌رانی ئاڵمانییان داوه‌ته‌وه.
کرێکارانی ئاڵمان له بری ئه‌وه‌ی خۆیان بخه‌نه پێناو دروستکردنی ده‌وڵه‌تی گشت ئاڵمان، پێویستە به هاوچینە چەوساوەکانیانەوە له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا په‌یوه‌ست بن، تاوه‌کو پشتیوانی له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان بکه‌ن. هەروەها پێویستە بزاڤی کرێکاریی هه‌ر وڵاتێك ته‌نیا پشت بە بنه‌ماکانی هاوپشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی ببەستێت. … ئه‌گه‌ر له ناکۆکی نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا، کرێکاران به‌پێی بەشی (1)ی به‌رنامه‌ی سۆشیالی دێمۆکرات کار بکه‌ن، ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و بەرژەوەندی چینایەتییانەوە، له دژی هاوڕێیانی کرێکاریان له وڵاتانی دیکە، به بۆرجوازی خۆییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن. به‌و جۆره، هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌نه قوربانی نیشتمانپه‌روەری نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه ڕێك هه‌ر ئە‌و کاره‌یە، که هەنووکە کرێکارانی ئاڵمان له جه‌نگی فه‌ره‌نسه (Franco-Prussian) پروسدا ده‌یکه‌ن. تا کاتێك کرێکارانی ئاڵمان لە هەوڵی دامەزراندنی ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌دا بن – ته‌نانه‌ت ئازادترین ده‌وڵه‌تی گه‌لی- ئه‌وا به‌ناچاری و بەتەواوەتی ئازادی خه‌ڵك دەکەنە قوربانی شکۆداری ده‌وڵه‌ت، سۆشیالیزم دەکەنە قوربانی ڕامیاری، دادپەروەری و هاوڕێیەتی نێونەتەوەیی دەکەنە قوربانی نیشتمانپه‌رستی. ئەستەمە لە یەك کاتدا بە دوو ئاراستەی جیاواز ببزوێی. سۆشیالیزم و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بەرەو وردوخاشکردنی دەوڵەت ملدەنێن:- سەرەنجام. ئەوانەی کە دەوڵەتیان دەوێت، دەبێت قوربانی بەڕزگاری ئابووریی جەماوەر بۆ چەپاوڵی ڕامیارییانەی پارتی بەرتەر بدەن.*
پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان، قوربانی بە ڕزگاری ئابووریی و له‌ته‌کیشیدا ڕزگاری ڕامیاریی پرۆلیتاریا دەدات– یا ڕاستر بوترێت، دەربازبوون له ڕامیارییەکان و ده‌وڵه‌ت – لەپێناو سه‌رکه‌وتنی دێمۆکراتی بۆرجوازی. ئه‌مه به ڕوونی له‌بەشی دووه‌م و سێیه‌می به‌رنامه‌ی سۆشیال دێمۆکراسی دێت. سێ بەندی یه‌که‌م له بەشی دووه‌م له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له‌ته‌ك بنه‌ماکانی نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیوناڵ)دا گونجاون: له‌ناوبردنی سه‌رمایه‌داری؛ یه‌کسانی ته‌واوی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی؛ هه‌ر کرێکارێك ده‌بێت ته‌واوی به‌رهه‌می کاره‌که‌ی وه‌ربگرێت. بەڵام بەندی چواره‌م، ڕایدەگه‌یێنێت، کە ڕزگاری ڕامیاریی پێشمه‌رجی ڕزگاری ئابووریی چینی کرێکاره، به‌وه‌ی که چاره‌سه‌ری پرسە کۆمه‌ڵایەتییەکان، ته‌نیا له سایه‌ی ده‌وڵه‌تێکی دێمۆکراتیکدا چارەسەر دەبن، بەم جۆرە ئە‌و بنه‌مایانه پوچه‌ڵ دەکاتەوە و کرده‌ییکردنه‌وه‌یان ئەستەم ده‌کات. خاڵی چواره‌م به‌گشتی ئه‌مه ده‌ڵێت :
„ کرێکاران، ئه‌نگۆ کۆیله و قوربانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌دارین. ئایا ده‌تانه‌وێت خۆتان له‌و کۆتوبەندە ئابوورییانە ڕزگار بکه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ته که ده‌تانه‌وێت و بێگومان مافی خۆتانه. به‌ڵام بۆ بەدیهێنانی داخوازییه‌کانتان، سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌نگۆ یارمەتی ئێمە بدەن تاکو شۆڕشی ڕامیاریی بکه‌ین. پاشان، ئێمه‌ش یارمه‌تی ئێوه ده‌ده‌ین، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن. بوارمان بدەن سه‌ره‌تا، به هێزی ئێوه ده‌وڵه‌تی دێمۆکراتی دابمه‌زرێنین، ده‌وڵه‌تێکی دێمۆکراتی باش وه‌ك ئەوەی لە سویسرا: ئە‌و کات، ئێمه به‌ڵێنتان ده‌ده‌ینێ، که هه‌مان ئە‌و دەستکەوتانە به ئه‌نگۆ بده‌ین، که هەنووکە کرێکارانی سویسرا لێیان به‌هره‌مه‌ندن ….” (سه‌رنجی مانگرتنه‌کان له باسل و جنێڤ(Genève) بده‌ن، که به شێوه‌یه‌کی دڕندانه له‌لایه‌ن بۆرجوازییه‌وه سه‌رکوت ده‌کرێن.)
بۆ خۆیەکلاییکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم فریوە باوه‌ڕنه‌که‌رده‌نییه، ڕێك ڕەنگدانەوەی ئاراستە و گیانی سۆشیال دێمۆکراسیی ئاڵمانییه، ناچار دەبێت له‌بەشی 3 بکۆڵدرێته‌وه، که ته‌واوی ئامانجه ده‌ستبه‌جێیەکانی ڕیز ده‌کات، تاوه‌کو ببێتە پێشەکی پاگه‌نده‌ی یاسایی و ئاشتیخوازیی و کەمپەینە هەڵبژاردنییەکانی پارت. ئه‌م داخوازییانه ڕێك کۆپیکردنی به‌رنامه‌ی ناسراوی دێمۆکراسی بۆرجوازییه: مافی ده‌نگدانی گشتی له‌ته‌ك یاسادانانی ڕاسته‌خۆ لەلایەن گەلەوه؛ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت بەرتەرییە ڕامیارییه‌کان؛ جێگرتنەوەی سوپای هه‌میشه‌یی جێگر به میلیشیای خۆبه‌خش و هاووڵاتیی؛ جیاکردنه‌وه‌ی کلیسا له ده‌وڵه‌ت و فێرگه‌گان له کلیسا، خوێندنی سه‌ره‌تایی به خۆرایی و هەمووانی، ئازادی چاپه‌مه‌نی و کۆبوونه‌وه و پێکهێنانی کۆمەڵەکان، جێگرتنەوەی گشت باجوخەراجە ناراستەوخۆکان بە یه‌ك سیسته‌می باجوخه‌راجی ڕاستەخۆ له‌سه‌ر داهات و بەرزبوونەوەی بەپێی بەرزبوونەوەی قازانجەکان.
ئایا ئه‌م به‌رنامه‌یه ئەوە ناسه‌لمێنیت، که سۆشیال دێمۆکراته‌کان – بەتەواوی گرنگی بە ڕیفۆرمی ڕامیاریی لەمەڕ ده‌زگه‌کان و یاساکانی دوڵه‌ت دەدەن و سۆشیالیزم بۆ ئه‌وان خەونێکی پوچە، که له باشترین باردا له داهاتوویه‌کی زۆر دووردا دێتەدی؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاستییە نه‌بووایه، کە ئاره‌زوو و هه‌ستە ڕاسته‌قینه و ڕادیکاڵەکانی ئه‌ندامانیان، واته کرێکارانی ئاڵمان، زۆر واوه‌تر له‌م به‌رنامه ده‌ڕۆن، ئایا دەماندەتوانی پاساوی ئەوە بکەین، که بڵێن پارتی سۆشیالی دێمۆکراتی ئاڵمان، ته‌نیا به مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له جه‌ماوه‌ری کرێکاران وه‌ك ئامرازی ناهوشیارانە بۆ پتەوکردنی پێگه‌خوازیی ڕامیاریی بۆرجوا دێمۆکراته‌کانی ئاڵمان په‌یدا بووه؟
له‌م به‌رنامه‌دا ته‌نیا دوو به‌ش هه‌ن، که ناسەرمایەگوزارییین و سه‌رمایه‌داران حەزیان لێناکەن. یه‌که‌میان، له نیوه‌ی کۆتایی خاڵی 8 ی بەندی3 دایه، که خوازیاری دیاریکردنی ڕۆژانه‌کارێکی ئاسایی (سنووردارکردنی کاتژێره‌کانی کارکردن)، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کاری منداڵان و سنووردارکردنی کاری ژنانه؛ پێوەرگەلێك که کۆمپانییە تایبەتەکان ده‌خه‌نه له‌رزه‌وه. سەرمایەداران ئەوینداری شه‌یدای هەموو ئازادییکن، کە دەتوانن به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان سوودی لێ وه‌ربگرن، ئه‌وان خوازیاری مافی به‌هره‌کێشی بێسنووری پرۆلیتاریان و به توندی له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت هه‌راسانن. سه‌ره‌رای ئه‌وه، سه‌رمایه‌دارانی بێچاره، که‌وتوونه‌ته ڕۆژگارێکه‌وه، ناچار بوون تا ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت ته‌نانه‌ت له ئینگلاند، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سۆشیالیستی نییه، په‌سه‌ند بکه‌ن.
به‌شی دووه‌م، - بەندی 10 له‌بەشی 8– ته‌نانه‌ت له‌وه گرنگ تر و سۆشیالیستی تره. خوازیاری یارمەتی، پشتیوانی و پارێزگاری و بایەخدانە بە هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کان، بەتایبەت هه‌ره‌وه‌زییەکانی به‌رهه‌مهێنه‌ران ( به گشت دابینکارییه پێویسته‌کانه‌وه، بۆ نموونە ئازادی پەرەسەندن) لەلایەن ده‌وڵه‌وه بووه. سەرمایەگوزارانی ئازاد (تایبەت)، ترسیان له کێبركێ له‌ته‌ك هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کاندا نییه، چونکه سه‌رمایه‌داران ده‌زانن، که کرێکاران، به داهاتی که‌می خۆیانه‌وه، هیچ کات به‌خۆیان ناتوانن، به ڕاده‌ی پێویست سه‌رمایه کۆبکه‌نه‌وه، تاوه‌کو بتوانن ببنه ڕکه‌به‌ری سه‌رچاوه گه‌وره‌کانی چینی خاوه‌نکار … به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کان له‌لایه‌ن دەسەڵاتەوە بایەخیان پێبدرێت و لە پشتیوانی بەرفراوانی دەوڵەت بەهرەمەند بن، ده‌ست به خه‌بات دەکه‌ن و بەرە بەرە سه‌رمایه‌ی تایبه‌تی و کۆمپانییە (پیشه‌سازیی و بازرگانییەکان) دەگرنەدەست، بەم جۆرە بارودۆخه‌که پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه …. بۆیە سه‌رمایه‌داران بە کردەوە له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تدا دەکەونە ڕکەبەری و بێگومان ده‌وڵه‌ت لە هەموو سەرمایەداران به‌هێزترە. [ لە دووتوێی پەرەگرافی داهاتوودا دەردەکەوێت، کە باکونین یارمەتی دەوڵەت بۆ هەرەوەزییە کرێکارییەکان وەك بەشێك لە گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزمی دەوڵەتی دەبینێ.]
کرێکار له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دادەمەزرێت- ئه‌مه بنچینەیە، بنه‌مای کۆمونیزمی ده‌سه‌ڵاتگەرایە، بنەمای سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تییه.کاتێك کە ده‌وڵه‌تێك دەبێتە تاکە خاوەن (مالك)– له کۆتایی سه‌رده‌می ڕاگوزاریی پێویست بۆ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه و به‌بێ ئاڵوگۆڕێکی وەها له ڕێکخستنی هه‌نووکه‌یی بۆرجوازی له ده‌سه‌ڵاتدا، به ڕێکخستنی ئاییندەی یه‌کسانی فه‌رمی بۆ هه‌مووان – دەگۆڕێت به تاکە بانکدار، تاکە سه‌رمایه‌دار، تاکە بەرنامەداڕێژەر و تاکە به‌ڕێوه‌به‌ری گشت کاروبارە نیشتمانییەکان و بەخۆی تاکە دابه‌شگه‌ری ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کان ده‌بێت. ئەمەی نموونەی باڵای بنچینه‌ی سەرەکیی کۆمونیزمی هاوچه‌رخه.
سەرچاوەی وەرگێڕانە فارسییەکەی : سایتی( کاوشگر) :
http://www.kavoshgar.org/Translations/Bakunin_SD.htm
ئەم وەرگێڕانە لەتەك دەقە ئینگلیزییەکەی بەراورد کراوە:
* دوو دێری دوایی ئەم پەرەگرافە لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا ناهاتوون.
مکتبة القط الاسود الالکترونیة
ئیندمێدیا
الفسائل
الانارکیین اردن
جغرافیای آنارشی
سەکۆی ئەنارکیستان
شقیق
leave a comment