بڕیارێكی تری ڕه‌شی په‌ڕله‌مانی به‌ریتانی و شكستێكی تر بۆ هه‌موومان
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 28/04/2012
وه‌كو له نووسینه‌كانی پێشترما باسمكردوه باری ئابووری بریتانی زۆر خراپه، ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه تا نووسینی ئه‌م وتاره‌ش له قوڵبوونهوهدایه و ئابووریناسه‌كان و ئاماره‌كانیش ئاسۆیه‌كی ڕوون له داهاتوویه‌كی نزیكدا نابینن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر خه‌ڵكانی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێشی بریتانین به هه‌موو توێژاڵهكانییهوه باجه‌كه‌یان داوه و ده‌یده‌ن.
ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و بزنسمان و كۆمپانییه گه‌وره‌كان، كه له پشت ده‌وڵه‌ته‌وه‌ن و داڕێژه‌ری سه‌رجه‌می سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتن، له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، ئاوه‌ڵا كردووە تاكو له ژێر ناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌جزی مالیی و هێنانەخوارهوهی بڕی قه‌رزه‌كان، ئه‌وانیش و ده‌وڵه‌تیش نه‌ك هه‌ر كه‌وتوونه‌ته هێڕشی ئابوورییانه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی، به‌ڵكو له هێڕشی سیاسیش‌دا به‌رده‌وامن، بۆیه گه‌لێك له‌و بڕیارانه‌ی كه ده‌وڵه‌ت داویه‌تی و ده‌یدات بڕیاری سیاسیانه‌یه و سه‌رتاپای داخوازییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكیش به سیاسی ده‌كرێن، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت ئامانجێكی سیاسی‌یان له پشته‌وه‌یه، كه ئه‌ویش به ته‌نها بۆ زیاتر بێهێزكردنی بزوتنه‌وه‌ی كرێكارانه، بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه، بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكییه و پاشهكشهپێكردنیانه.
هێڕشی ئه‌م جاره‌ی ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مانه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ( كۆمه‌كی یاسایی یا یارمه‌تی یاسایی ، ( Legal Aid )ه كه ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌ڵێن No win, No fee – (نەبردنەوە، خەرج نەدان) بیگۆڕن و ده‌ستكاری بكه‌ن به بیانووی ئه‌وه‌ی كه وه‌زاره‌تی داد بودجه‌كه‌ی به بڕی 350 ملیۆن پاوه‌ند كه‌م ده‌كرێته‌وه، بۆیه ناچارن كه ده‌ستكاری ئه‌م بڕگه یاساییه‌ی كه له سه‌ره‌وه ناوم هێنا بكه‌ن، به حسابی ئه‌وان له‌م بار و دۆخه‌ی ئێستادا پاره‌یه‌كی بێ‌شومار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ڕوات.
“No win, No fee”، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1995. له‌وكاته‌وه له هه‌بوونی كێشه‌یه‌كی یاساییدا، ئیتر هه‌ر جۆرێكیان بووبێت وه‌كو مه‌سه‌له‌ی جیابوونەوەی ژن و مێرد، برینداربوونی كرێكارێك له سه‌ر كار و ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه ( ساڵانه له بریتانیادا 2.5 ملیۆن كرێكار له‌سه‌ر كار و به‌هۆی كاره‌وه بریندار ده‌بن) یا ده‌ركردنی به هۆی چالاكییه‌كانییه‌وه، به‌هۆی جیاوازیی ڕه‌گه‌ز و دین و بنه‌چه و كه‌مئه‌ندامی و ڕه‌نگ و پێست و سه‌ر به سەندیکا بوونی و گروپی ڕادیكاڵه‌وه، یا كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پۆلیسدا، یا كه‌شفكردنی كارێكی ناڕێكی ئه‌ندامێكی په‌ڕله‌مان، كه‌سێكی بەناوبانگ، كۆمپانیایه‌ك، یا ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رێك كه داوای یاسایی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت تۆمار ده‌كات، بێتاوانێك كه له به‌ندیخانه‌دایه و تاوانبار كراوه، گه‌لێكی تر له‌م كێشانه.
تا ده‌ستكاریكردنی ئه‌م یاسایه له زۆربه‌ی ئه‌م كێشانه‌دا گه‌ر بهاتایه خاوهنكێشه بیدۆڕانایه ئه‌وه خه‌رجی دادگە و دادوه‌ر و پارێزه‌ر و یاساناس و هه‌تا قهرهبووكردنهوهكهش ده‌وڵه‌ت بۆی ده‌دا، چونكه كه‌سی دۆڕاو مافی داواكردنی كۆمه‌كی یاسایی له ده‌وڵه‌ت هه‌بوو. بۆیه زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بێده‌رامه‌ت بوون یا ده‌رامه‌تێكی كه‌میان هه‌بوو مافی وه‌رگرتنی كۆمه‌كی یاساییان هه‌بوو، گه‌ر ته‌واوی یارمهتییهكهشیان دستگیر نه‌بووایه ئه‌وا مافی وه‌رگرتنی بڕێك له‌و كۆمهكهیان هه‌ر هه‌بوو، كه ده‌كه‌وته سه‌ر بڕی داهاتیان.
وه‌كو پێشتر وتم ئه‌م یاسایه، “No win, No fee”، له ساڵی 1995 دا به فه‌رمی له بریتانیاندا ناسراو په‌یڕه‌و كرا. ئه‌م یاسایه ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیانهشدا ده‌چه‌سپا، كه كه‌یسێكیان ده‌دۆڕاند، له كاتێكدا سه‌باره‌ت به وێرانكردنی ژینگه‌ی وڵاتێك یان زه‌ره‌رمه‌ندبوونی دانیشتوانه‌كانیان، داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمارده‌كرا.
له ساڵی 2000دا بیانووی كه‌مبونه‌وه‌ی بودجه‌ی وه‌زاره‌تیان كرد به هۆیه‌ك بۆ كردنی چه‌ند گۆڕانكاریه‌ك له یاسای (legal Aid) و ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌شی گرته‌وه. ئه‌و گۆڕانه‌ش ئه‌وه بوو كه ئیتر خه‌ڵكی له‌كاتی چونه لای یاساناسێك یا پارێزه‌رێك تاكو بیكات به نوێنه‌ری خۆیی و سه‌رپه‌رشتی كێشه‌كه‌ی له دادگەدا بۆ بكات، مافی ئه‌وه‌ی نامێنێت كه به ئۆتۆماتیكی ئه‌و یارمه‌تییه‌ی ده‌ست بكه‌وێت. له‌به‌رئه‌مه هاتن (Conditional Fee Agreement)، واته ڕێكه‌وتنێكی مهرجدارانهیان، داسه‌پاند، مه‌رجه‌كه‌ش ئه‌وه بوو كه پارێزه‌ره‌كه، یاساناسهكه، پێش بردنی كه‌یسه‌كه بۆ دادگە ته‌ماشای كه‌یسه‌كه بكات و بزانێت كه كه‌یسه‌كه قابیل به بردنه‌وه‌یه یا نا، بۆ ئه‌مه‌ش ڕێكه‌وتنێكی به نووسین له‌گه‌ڵ كابرای خاوهنكێشهدا ده‌كرد و هه‌ردوو لا واژۆیان لەسەر ده‌كرد كه گه‌ر نه‌برێته‌وه، ئه‌وا خاوهنكهیسی دۆڕاو قه‌ره‌بوو و خه‌رجی لاكه‌ی تر بدات. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه زۆربه‌ی كه‌یسه‌كان له‌لایه‌ن یاساناساكانهوه ده‌زانران كه چ كه‌یسێك ده‌توانرێت ببرێته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه زۆربه‌ی كه‌یسه‌كانیان وه‌رده‌گرت.
بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن شالیاری داد و شالیاری ناوخۆ و گه‌لێكی تریش له ئه‌نجومه‌نی شالیاران ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له تاووتوێدابوو بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانن كه‌لێنی بڕینی 350 ملیۆن پاوهندهكه پڕ بكه‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ویستیان گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌م یاسایه‌دا بكه‌ن. گه‌رچی كه‌مپه‌ینێكی گه‌وره‌و زۆر له‌لایه‌ن گه‌لێک خه‌ڵكی ناسراوه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ و لایه‌نی تریشدا كرا، بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت و په‌ڕله‌مان له ده‌ستكاری كردنی ئه‌م یاسایه‌دا بوه‌ستێنن، به‌ڵام بێسوود بوو. ئه‌وه بوو پاش چه‌ند جارێک ده‌ستکاریکردنی و هێنانوبردنی له په‌ڕله‌ماندا بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی چه‌ند ڕێسا‌و په‌ڕه‌گراف و به‌ندێکی ، توانرا له هه‌ندێک به‌ندیدا وه‌کو خۆی بمێنێته‌وه به‌ڵام له زۆربه‌یاندا یا ئه‌و مافانه‌ی خه‌ڵکی نه‌ما یا به ته‌واوی که‌مکرانه‌وه، ئیدی له‌م مانگه‌دا، مانگی نیسان، بۆ دواجار برایه House of Lords ئه‌وانیش پرۆژه‌که‌یان به‌و ده‌ستکاریکردنه‌وه، که له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و کۆمپانییه گه‌وره‌کان و بزنسمانه گه‌وره‌کان، بوو، قبوڵ کردوو له‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایدا که هه‌یه و بوو به یاسا.
قبوڵکردنی ئه‌م یاسایه به‌و گۆڕانکاری و ده‌ستکاریکردنه‌وه، به ده‌ستكاریكردنی No win, No fee، له ژێر ناوی ڕادیكاڵێتی و ڕیفۆرمكردنی ” كۆمه‌كی یاسایی یا یارمه‌تی یاسایی” Legal Aid كارێكی نامرۆڤانه بوو، زه‌ربه‌یه‌كی گه‌وره بوو، كه له سه‌رجه‌می خه‌ڵكانی هه‌ژار و بێده‌رامه‌تان و كه‌مده‌رامه‌تان، درا، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌لێك گه‌وره‌ی خه‌ڵكی به‌ریتانی زه‌وت كرا، كه نه‌ك تەنیا بهریتانیانییەکان چیتر ناتوانن ئه‌و مافه پێشینه‌یان به‌كار بەرن، به‌ڵكو خهسارهیهكی گه‌وره‌ش بوو بۆ دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له‌سەر ڕێگەی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردنی ئابووریدان، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر خودی دهوڵهتهكانیشیان، كه‌وت.
بێگومان خه‌ڵكانی هوشیار به یاسا و ڕێسای په‌ڕله‌مان و چۆنیەتی كاركردنی و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی لیبراڵ، ئه‌م ده‌نگدانه بۆ ده‌ستكاریكردنی ئه‌م یاسایه، موچڕكیان پیا ناهێنێت، چونكه ئه‌وان پێشه‌كی ئه‌وه ده‌زانن، كه ده‌سه‌ڵات به هه‌موو چه‌شنه‌كانییه‌وه و په‌ڕله‌مان و ئه‌ندامه‌كانی په‌ڕله‌مان، شتێك نین بێجگه له پۆلیس و پاسه‌وان و پارێزه‌ری مانه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی موڵكیه‌تی تایبه‌تی و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی چینایەتی سه‌رده‌م نه‌بێت. كار و ئه‌ركی ئه‌وان ته‌نها بۆ كۆنترۆڵكردنی خه‌ڵكی و زه‌وتكردنی ئازادییهكانیانن، نوێنه‌رایه‌تی بزنسمانه گه‌وره‌كان و كۆمپانییه گه‌وره‌كان ده‌كه‌ن، ده‌نگده‌ری یاسایه‌كن و پهیڕهویكهری یاسایه‌كن، كه به سوود و قازانجی به‌ره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان و كۆمپانییه گه‌وره‌كان، بشكێته‌وه. كۆمپانییه‌كان و بزنسمانه گه‌وره‌كان ده‌توانن به یاسایی یه‌خه‌یان پێبگرن بەكردنی لۆبی و به‌رتیلدان پێیان، سیاسه‌تی خۆیان به ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌و بكه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت به یاسایی له گه‌مه‌ی په‌ڕله‌ماندا، به‌ده‌ستی بهێنن.
بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌م ده‌توانم ده‌یه‌ها نمونه به دۆكۆمێنته‌وه بهێنمه‌وه به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها تازه‌ترین نموونه‌یان ده‌هێنمه‌وه:
له كۆتایی مانگی ئازاردا بوو، ڕۆژنامه‌وانێكی یه‌كێك له ڕۆژنامه‌كانی ئێره خۆی له ئه‌مینی مالییه‌ی پارتی تۆری بریتانی كه ناوی Peter Cruddas، [ ئه‌و پارته‌ی كه له‌گه‌ڵ پارتی لیبراڵدا ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن] گۆڕی و به‌ناوی بزنسمانێكی گه‌وره‌وه، نوێنه‌ری كۆمپانیایه‌كه‌وه، سەردانی ئه‌م كابرایه‌ی كرد و داوای هه‌ندێك ڕێنمایی كرد، تاكو وه‌كو كۆمپانییایەك، چۆن كاریگه‌رییان له سه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ته‌كه‌ی هه‌بێت. ئه‌ویش به‌وپه‌ڕی ڕاستی و ڕاشكاوییه‌وه پێیوت: ده‌توانێت 200 یا 250 هه‌زار پاوه‌ند بدات بۆ خوانێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكشالیاران، ده‌یڤد كامیرۆن و شالیاری دارایی . هه‌ر له‌سه‌ر خوانه‌كه ده‌توانیت كه هه‌موو باس و خواسێكیان له‌گه‌ڵ بكات و ئه‌و كاته‌ش ده‌توانرێت كه ڕێنماییه‌كانی ئه‌و و داخوازییه‌كانی بخرێته لیستی بهرنامهمانهوه و له ئاینده‌دا له نه‌خشه‌ی ئابووریماندا بكرێته سیاسه‌تمان. ئه‌مه شیاوه و پێشتریش كراوه.
دوای تۆماركردنی هه‌موو قسه‌كان و ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی، كابرای ڕۆژنامه‌وان ته‌واوی دیمانه‌كه‌ی دا به میدیا، ئیتر له ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌كاندا هه‌ندێكجار له‌ژێر تایتڵی جیاجیای وه‌كو Cash for Access و Dinner for Donor،Cash for Cameron واته پاره‌ی نه‌خت بۆ هه‌بوونی ئه‌کسێس، خوانی ئێواره بۆ پیتاكی پاره، پاره‌ی نه‌خت بۆ كامیرۆن، بڵاوکرایه‌وه. كابرای ئه‌مینی مالییهش، چاری نه‌ما و پێش ئه‌وه‌ی كامیرۆن ده‌ری بكات، خۆی به‌ناچاری ده‌ستی له كار كێشایه‌وه. به وتنی ئه‌م ڕاستیانه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سه‌رۆكشالیاران و پارتی تۆری دروست كرد، له‌لایه‌ن ئۆپوزسیۆنهوه فشار خرایه سه‌ر سه‌رۆكشالیاران و پارتی تۆری كه ده‌بێت سه‌راپای ئه‌و خوانانه‌ی كه بۆ بزنسمانه گه‌وره‌كان و سهرهکكۆمپانییهكان، ڕێكخراون، هه‌موو بخرێنه ڕوو، ئه‌وانیش هه‌ندێكیان خسته‌ڕوو، كه ته‌نها له نێوانی 2010 وه تا ئه‌مساڵ، 2012، كراون، كه له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌كشالیاران چه‌ند میواندارییه‌كی گێڕاوه، كه بۆ 6 سه‌رۆكی كۆمپانیای گه‌وره كه هه‌ندێكیان سه‌رۆكی سوپه‌رماركێته گه‌وره‌كان بوون، کە به خۆیان و ژنه‌كانیانه‌وه له میوانداریهكهدا به‌شدار بوون و به‌مه‌ش 23 ملیۆن پاوه‌ندیان بۆ بودجه‌ی پارته‌كه‌یان، په‌یداكردووە.
ئه‌مه‌ی كه باسم كرد بێگومان ته‌نها به‌شێكی كه‌می گه‌نده‌ڵییه‌كانه و خاڵێك و نموونه‌یه‌كی زۆر بچووكیشه له پشتیوانیكردنی بزنس و كۆمپانییه گه‌وره‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات كه خۆیان به‌شێكی په‌ڕله‌مانن، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیش بۆ ئه‌وان، ئه‌م نه‌رێته‌ش به‌رده‌وامه و به به‌رده‌وامیش ڕوو ده‌دات.
ده‌ستكاریكردنی ئه‌و بڕگه یاساییه و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئه‌م مافه و ڕێگه‌گرتن له خه‌ڵكانی بێكار و كه‌مده‌رامه‌ت له ته‌حه‌داكردنی پۆلیس و خه‌ڵكانی ده‌ستڕۆیشتوو و كۆمپانیای گه‌وره و میدیا و هه‌تا ده‌وڵه‌تیش و بردنیان بۆ دادگەی بریتانی و دادگەی ئه‌وروپی، هیچ دادوه‌رییه‌كی تێدا نییه، سه‌پاندنی ملكه‌چكردن و ڕازیبوونه به هه‌موو ئه‌و سوكایه‌تی و خراپییه‌ی كه به‌خه‌ڵكی ده‌كرێ، ئاوه‌ڵاكردنی زیاتری ده‌ستی میدیایه به ته‌شهیركردن به هه‌ركه‌سێك كه ده‌یه‌وێت یا تۆمه‌تباركردن و به‌دناوكردنی هه‌ركه‌سێك كه بیه‌وێت، یا ڕێگه‌دان به پۆلیس كه به ئاره‌زوی خۆیان چی‌یان ده‌وێت به خه‌ڵكی بیكه‌ن، له گرتن و سوكایه‌تی پێكردنیان. شایانی باسه لێره‌دا ئه‌وه بڵێم. كه له ماوه‌ی كه‌متر له 20 ساڵدا 17 كه‌س به ده‌ستی پۆلیس گیانیان له‌ده‌ستداوه، له كاتێكدا كه ته‌واوی كۆمه‌كی یاسایی بۆ كه‌سانی نزیكی گیانله‌ده‌ستدراوان هه‌بووه بۆ تۆماركردنی داوای یاسایی له سه‌ر ده‌سگه‌ی پۆلیس، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئه‌م ساته‌وه‌خته هیچ پۆلیسێك نه‌ك هه‌ر سزا نه‌دراوه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت كاره‌كه‌شی له‌ده‌ست نه‌چووه، ئه‌ی كه كۆمه‌كی یاسایی نه‌مێنێت چۆن ده‌توانرێت كه‌یسه‌كان بخرێته دادگەوه؟ له كاتێكدا زۆربه‌ی زۆری كه‌یسه‌كان چه‌ند ملیۆنێك پاوه‌ن خەرجەكهیهتی. كێ هه‌یه له ناو خه‌ڵكانی هه‌ژار و كرێكاراندا یا هه‌تا چینی مامنهوهندیشدا بتوانێت 100 یا دوو سه‌د هه‌زار پاوه‌ند بدات له كاتێكیشدا لای ڕوونه ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ده‌یباته دادگە سامانه‌كه‌ی له بن نایه‌ت و ئاماده‌یه باشترین یاساناس بگرێت بۆ به‌رگری له خۆی، ئیتر له‌وه‌ی گه‌ڕێ، كه بتوانێت ملیۆنێك پاوه‌ند بدات!!!
ئه‌مه‌ی كه كرا خه‌ڵاتێك بوو، بۆ كۆمپانییه گه‌وره‌كان، بانقه‌كان، سوپه‌رماركێته‌كان، چونكه له‌مه‌ولا به ده‌گمه‌ن ڕێكده‌كه‌وێت كه كه‌سێك، لایه‌نێك، هه‌تا وڵاتێكیش بتوانێت له‌سه‌ر وێرانكردن و تاڵانكردنی به‌روبوومی سروشتی و نا شروشتی وڵاته‌كه‌یان، بیاندات به دادگە. هه‌ركه‌س یا هه‌ر لایه‌ك بییه‌وێت داوایان له‌سه‌ر تۆمار بكات، ده‌بێت پێشه‌كی چه‌ند ملیۆنێك بخاته لاوه تاكو هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌و كاره بنێت، له زۆر حاڵه‌تیشدا ده‌بێت ده‌ستیشی لێ بشوات. ناچارم لێره‌دا دوو نمونه‌ی بچووك سه‌باره‌ت به كۆمپانییه‌كان باس بكه‌م، تاكو خوێنه‌ر مه‌به‌ستی وتاره‌كه و ڕاستییه‌كانی زیاتر بۆ ڕۆشن ببنەوە:
یه‌كه‌میان: وڵاتی (IvoryCoast-ساحلالعاج)كه یه‌كێكه له وڵاته هه‌ژاره‌كانی ئه‌فه‌ریکا ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 22 ملیۆنه، تێكڕای داهات و بڕی ساڵانه‌ی مووچه‌ی کەسێك 730 پاوه‌ندی بریتانییه و له سه‌دا42.7ی دانیشتوانه‌كه‌ی له هه‌ژاریدا ده‌ژین و تێكڕای درێژی ڕادەی ته‌مه‌ن له‌وێ ته‌نها 54 ساڵه.
ئه‌م وڵاته به پێی چه‌ند ڕاپۆرتێكی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێشی ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی، بووه‌ته جێگەی فڕێدانی پاشماوه‌ی نیوكلێر پاوه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپی، كۆمپانیایه‌كیش به ناوی Trafigura Company كه سه‌رمایه‌كه‌ی 121.5 ملیارد پاوه‌نده و قازانجی ته‌نها ساڵێكی 1.11 ملیارد پاوه‌نده، كۆنتراكتی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م پاشه‌ڕۆیانه‌ی له گواستنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌هامه‌تییه بۆ ئه‌و وڵاته‌ی كه له‌سه‌ره‌وه ناوم هێنا، بەست. ئه‌مه‌ی كه ئه‌م كۆمپانییه كردی بوهه هۆی تێكدانی ژینگه له (ساحل العاج) و ناڵاندنی خه‌ڵكێكی زۆر له‌وێ که به ده‌ست نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه دەناڵینێت، كه به هۆی زبڵ و پاشماوه‌ی نیوكلێرهوه كه هه‌مووی کەرەستەی كیمیاوی بووه و گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وێ.
سه‌ره‌ئه‌نجام كۆمپانییه‌كه ڕۆژنامه‌ی گاردیانی برده دادگە، كه گوایه به هه‌ڵبه‌ستنی ناڕاستی تاوانباریكردووە، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زڕاندنی ناو و ناوبانگی. ڕۆژنامه‌ی گاردیانیش له سه‌رده‌می ڕۆژانی دادگەدا و پێش ئه‌وه‌ش توانی به دۆكۆمێنت و به‌ڵگه‌ی زانستی و پزیشکی كه‌یسه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت، كه چۆن ئه‌م كۆمپانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی بۆ ژینگه و به‌شێك له دانیشتوانی ئه‌و وڵاته خولقاندوه. سه‌رئه‌نجام كه‌یسه‌كه‌ی برده‌وه و له ڕێگەی دادگەوه 100 ملیۆن پاوه‌ندی بچڕی بۆ حكومه‌تی(ساحل العاج)، تاكو وڵاتەکەی له پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و پاشه‌ڕۆیانه و نەهێشتنی كاریگه‌رییاندا سه‌رفی بكات، له‌هه‌مان كاتیش‌دا 30 ملیۆنی تریش پاوه‌ند له كۆمپانیه‌كه سه‌ندرا بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه به هۆی ئه‌م كۆمپانییهوه توشی جۆره‌ها نه‌خۆشی بوون، تاكو چاره‌سه‌ری خۆیانی پێبكه‌ن.
حكومه‌تی (ساحل العاج) كه خۆی زۆر له‌پێش گاردیانه‌وه ئه‌م ڕاستیانه‌ی ده‌زانی، به‌ڵام هیچ وه‌خت زات و زوقره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌كرد، كه كۆمپانیه‌كه بداته دادگە، چونكه له وڵاتێكی ئاوادا كه ئه‌وه دۆخ و باری ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت، وه‌كو له سه‌ره‌وه باسم كرد، مه‌حاڵه بتوانرێت چه‌نده‌ها ملیۆن بۆ بردنه دادگەی كۆمپانیه‌كی وا زه‌به‌لاح و پاوهرفول، ته‌رخان بكرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ش، كه ئه‌گه‌رێكی زۆری دۆڕاندنیشی هه‌بوو و ئه‌و كاته‌ش نه‌ك هه‌ر ده‌بووایه كولفه‌ی دادگەی بدایه، به‌ڵكو ده‌بوایه كولفه‌ی تێچوی دادگەییكردنی كۆمپانیه‌كه و قه‌ره‌بووشی بدایه پێیان.
نمونه‌ی دووهه‌م، وڵاتی نایجیریایه له ناوچه‌ی بۆدو، كه به‌هۆی كۆمپانیای شێڵه‌وه ژینگه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه وێرانبووە و بووەته هۆی ئه‌وه‌ی كه 69 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچه‌یه‌دا توشی جۆره‌ها نه‌خۆشی قورس و پیس ببن، كه هه‌ندێكیان بووبوونه شێرپه‌نجه‌ی كوشنده. من له وتارێكی ترمدا كه پێشتر بڵاومكردۆته‌وه سه‌باره‌ت به ده‌وری كۆمپانیا و سوپهرماكێتهكان، باسی ئه‌مانه‌م كردووە، بۆیه لێره‌دا هه‌ر وه‌كو نمونه‌یه‌ك په‌نجه‌ی بۆ ڕاده‌كێشم. ئه‌م كۆمپانیهش به‌هۆی دانی كۆمه‌كی یاساییه‌وه توانرا ببرێته دادگە و له‌وێدا شێڵ دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناو ئاماده‌بوو قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بكات و 800 ملیۆن پاوه‌ندیش ته‌رخان بكرێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له ماك و كاریگه‌ری ئه‌و كیمیاویه‌ی كه ساڵانێكی دوورودرێژ به‌هۆی ده‌رهێنانی نه‌وت و دزه‌ی نه‌وت له بۆرییه‌كانه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی و كێڵگه و كانیاو و ڕوباره‌كان، ڕویداوه و ئامێتەبوونی ئەو مادە کیمیاییانە لەگەڵ سه‌رچاوه‌كانی ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه، بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كان.
به‌زمی سه‌رۆککۆمار و 1ی ئایار له فه‌ره‌نسه
سه‌لام عارف
05.05.2012
ئەگه‌ر پرسیار ده‌رباره‌ی به‌زمی سه‌رۆککۆماری نوێی فه‌ره‌نسا بکرێت و پرسیاره‌که‌ش به‌م جۆره بکرێت “ئه‌رێ ئه‌وه به‌زمی سه‌رۆککۆماره‌که‌ی دیکه گه‌یشته کوێ؟“
خولی یه‌که‌می ده‌نگدان بۆ بهزمەکەی سهرۆککۆمارچییەتیی 22ی ئەپڕیڵ ته‌واو بوو، کاندیداکانی هه‌موو پارت و گروپه چه‌په‌کان، که‌سیان هیچان به هیچ نه‌کرد و فتکران.کاندیدای پارتی ڕاستڕه‌وی خاوه‌نده‌سه‌ڵات (نیکۆلا سارکۆزی) پله‌ی دووه‌می ده‌ستخست و بۆ خولی دووه‌م مایه‌وه. کاندیدای پارتی سۆسیالیست (فرانسوا هۆله‌ند) پله‌ی یه‌که‌می ده‌ستخست و بۆ خولی دووه‌م مایه‌وه، واته بۆ بەدەستهێنانی تەختی سه‌رۆککۆماریی پێشبڕکێکه له نێوان ئه‌و دووانه (نیکۆلا سارکۆزی)و (فرانسوا هۆله‌ند)دایە و له هه‌مووی مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه،که کاندیدای به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی - نیۆنازییه‌کان- (مارتین لۆپێن) له سه‌دا 20ی ده‌نگه‌کانی ده‌ستخست و پله‌ی سێهه‌می هێنا و توانی بۆ خولی دووه‌م ببێته هێزێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه، جا له‌وه‌ها بارێک‌دا که‌شی ڕامیاریی فه‌ره‌نسا ئه‌م پرسیاره‌ی هێناوەتە پێش :
له‌و دوو کاندیدا زه‌به‌لاحانه کامیان ده‌بێت به سه‌ره‌كکۆمار؟
به بیرووبۆچوونی من که‌س نییه، بتوانێت به‌وردی ئه‌وه دیاری بکات،کامیان ده‌بێته سه‌رۆكکۆمار بۆ؟
لاتان سه‌یر نه‌بێت،گه‌ر بڵێم پرۆسه‌ی ڕامیاری به تایبه‌تی له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌یروسه‌مه‌ره و بزێوه و ئاڕاسته‌که‌شی ڕۆشن نییه. پڕۆسه‌ی ڕامیاری زیاتر له که‌وچکێك جیوه ده‌چێت،که کرابێته سه‌ر ڕووبه‌رێکی سافوسفت،یان باشتر بڵێم، له فیشه‌که شێتهیهك ده‌چێت،که به هه‌موو لایه‌کدا پڕیشك ده‌هاوێژێت، ئەوەی ئه‌و نه‌سره‌وتن و ئاڕاسته تاریکه‌ی پرۆسه‌ی ڕامیاری له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، به بیروبۆچوونی من له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، کە له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا جەمسەربەندی (پۆلاریزاسیۆنی - الإستقطاب) چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هێزه ڕامیارییه‌کان زۆر خێرا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، هه‌ندێک جاریش هۆکاره‌کانی ئه‌و خێرایی گۆڕانانه یا دیارنین، یان به ڕواڵه‌ت هیچیان تیادا به‌سته نییه، جەمسەربەندییەکهش پابه‌ندی ئه‌و بارەیه، له‌به‌رئه‌وه‌یه که‌س نییه بتوانێت پێشکات به وردی ئه‌نجامی ئه‌و ده‌نگدانه‌ی خولی دووه‌م دیاری بکات. هه‌ندێك جار ئه‌م و ئه‌و پێش کاتی ڕووداوه‌که ده‌که‌ون و حوکمی خۆیان دهردەکهن، به‌ڵام ئه‌و حوکمدانه ته‌نها مه‌زه‌نده‌کردنه و هیچیتر، ئێستاکه پێشبڕکێکه وا له نێوان پله‌ی یه‌که‌م (فرانسۆ هۆله‌ند)و پله‌ی دووه‌می (نیکۆلا سارکۆزی)دا و (نیۆنازییه‌کان)یش بوونه‌ته هێزی ئه‌و یهکلاکردنهوهیە و سەره‌نجامی کۆتایی خولی دووه‌میش که‌وتووەته کاتژێری8ی ئێواره‌ی ئەم یهکشهمهیە، واته6 ڕۆژی ی ئایار، هەنووکە چاره‌نووسی ئه‌ویان یان ئه‌میان که‌وتووەته سه‌ر هه‌ڵوێستی چه‌په‌کان و ڕاستڕه‌وه پهڕگیرەکان، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شه‌ی خه‌ڵك،که له خولی یه‌که‌مدا نهچوونەتە پای ده‌نگدان.
یه‌کی ئایار و هه‌ڵبژاردنه‌که
ئه‌م ساڵ ئاوا ڕێکه‌وت بۆنەی 1ی ئایار (ڕۆژی جیهانی خەباتی کار و کارگه‌رانی دنیا) که‌وته گه‌رمه‌ی ئه‌و پرۆسه ڕامیارییه‌وه، ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ی به هه‌لزانی بۆ که‌رتکردن و به ڕامیاریکردنی ئەم بۆنەیە، ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌سه‌ڵاتخوازان دوای هه‌وڵێکی زۆر و پارهخهرجکردنێکی زۆر ئەم ڕۆژەیان کرده جه‌ژنێکی ڕامیاریی بۆ ڕاوکردنی ده‌نگه‌کان و ئه‌وه بوو چه‌ند کۆبونهوهیهیهکی جه‌ماوه‌ری بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخران :
1- کۆبونه‌وه‌ی پارتی ڕاستڕه‌وی خاوه‌نده‌سه‌ڵات (نیکۆلا سارکۆزی)
2- کۆبونه‌وه‌ی پارتی ڕاستڕه‌وی پەڕگیر (نیۆنازیه‌کان) (مارتین لۆپێن)
3- کۆبونه‌وه‌ی به‌شێکی زۆری خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و سه‌ندیکاکانن
4- کۆبونه‌وه‌ی پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسی(فرانسوا هۆله‌ند)*
1- کۆبونه‌وه‌ی پارتی ڕاستڕه‌وی خاوه‌نده‌سه‌ڵات، توانی له مه‌یدانێك له مه‌یدانه‌کانی دوو گه‌ڕه‌کی دهوڵهتمهند، گه‌ڕه‌کی15و 16ی پاریس نزیکه‌ی200 هه‌زار که‌س کۆ بکاته‌وه،(نیکۆلا سارکۆزی)ی وتاربێژ سه‌ری زمان و بنی زمانی بوو بوو به پاڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و جامبازه‌کانی بواری پاره‌وپول (بانکه‌کان) و هێرشکردنه سه‌ر کۆمونیزم و سۆسیالیزم و کارهگهرانی بیانی، گوایه ئەوە ئه‌وانن بوونه سه‌رچاوه‌ی گه‌ڕه‌لاوژێ و مه‌ترسی پاشه‌ڕۆژێکی ڕه‌ش بۆ ده‌ستکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و نیشتمان و (35 کاتژێر کارکردنی حه‌وتانه)ی کردبووه فاکته‌ری سه‌ره‌کی هه‌موو نه‌کبه‌تییه ئابویریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و داوای سنورداشکردنه‌وه‌ی بیانییه‌کان و داخستنی سنووره‌کانی دەکرد. (سارکۆزی) به‌سه‌ر هێرشکردنه‌سه‌ر کۆمونیزم و سۆسیالیزم و سروشتی نێونەتەوەیی ڕۆژی 1ی ئایاردا بازینهدا و به‌ناوی یه‌کێتی و تهباییبوونیشهوه، په‌یتا په‌یتا داوای له کارگه‌ران ده‌کرد (ئاڵا سووره‌کانیان فڕێ بده‌ن و ئاڵای -سوور و سپی و شینی- نه‌ته‌وه‌یی) به‌رز بکه‌نه‌وه و به‌ره‌ی نیشتمانی به‌هێز بکه‌ن و فه‌ره‌نسا بپارێزن، چونکه ته‌نها له‌وێوه ده‌توانن پاشه‌ڕۆژێکی به‌ختیار بۆ خۆیان دابین بکه‌ن و بیپارێزن.
2- کۆبونه‌وه‌ی پارتی ڕاستڕه‌وی پەڕگیڕ (نیۆنازییه‌کان) له گۆڕه‌پانی (جه‌ندارك) – جه‌ندارك کابرایه‌کی ناسیۆنالیستی پەڕگیری مرۆڤ‌کوژ بووه،گوایە شه‌هیدی نەتەوەیە- له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا چه‌ند هه‌زار که‌سێك به‌شداربوون، وه‌کو باسمکرد ئه‌و پارته له سه‌دا20ی ده‌نگه‌کانی هێناوە، سه‌روه‌ری پارته‌که (مارتین لۆپێ) له وته‌که‌یدا، هه‌ر قسه‌کانی(سارکۆزی)ی ده‌کرده‌وه، ده‌تگوت نیو کاتژێر له‌وه‌وپێش پێکه‌وه ئەو قسانەیان داڕشتووب، یان لەو بارەوە قسهوباسیانکردوه و له‌سه‌ر خاڵه سه‌ره‌کییه‌کانی ڕێکه‌وتوون. ئه‌ویش وه‌ك(سارکۆزی)ده‌ستکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به زیاد ده‌زانی و داوای ئه‌وه‌ی ده‌کرد ، کە ژماره‌ی کرێکارانی بیانی بگه‌یه‌نرێته(0) واتە هیچ، بێجگە لەمە خەریکی کوڕووزانه‌وه بوو بۆ نه‌ته‌وه و پشتگوێنه‌خستنی په‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، سه‌رباری ئه‌وه تیژکردنه‌وه‌ی ڕکوکینه له کۆمونیزم و سۆسیالیزم و بیرکردنەوە و دەرك و گیانی نێونەتەوەیی.
گه‌ر به وردی ته‌ماشای بزووتنه‌وه‌کان بکه‌ین، له وڵاته ئه‌وروپییه‌کان به باشی هه‌ڵکشانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی پەڕگیر به باشی ده‌بینین، ئه‌و هه‌ڵکشانه مه‌ترسیداره زۆر له هه‌ڵکشانی بزووتنه‌وه‌ی فاشیستی کۆتایی ساڵه‌کانی30ی سه‌ده‌ی ڕابوردوو ده‌چێت هتلەر له ئه‌ڵمانیا، فرانکۆ له ئیسپانیا، موسولونی له ئیتالیا ، جه‌نه‌راڵ پوتان له فه‌ره‌نسا، زیادبوونی ئه‌و هه‌ڵکشانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نازیی مه‌ترسی ئه‌وه دروستده‌کات، دیسانه‌وه مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و مه‌رگه‌ساتێکی دیکە ببرێت.
له‌ڕاستیدا چۆن جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و حه‌سره‌ته،که له وڵاتێکی وه‌ك فه‌ره‌نسادا،که به وڵاتی شۆڕشه‌کان و ڕاپه‌ڕینه‌کان و مانگرتنه سه‌رسه‌خته‌کان و مافه‌کانی مرۆڤ و لانه‌ی گیانی نێونەتەوەیی ناسراوه،بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی به‌و چه‌شنه چوبێته پێشه‌وه، ئاواش جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و ئاخوداخه،که هه‌ندێك که‌س هه‌ن، له هیچی نه‌بوو له خۆیانه‌وه قه‌شمه‌ری به ڕۆژی 1ی ئایار و ناوه‌ڕۆکه ئینتهرناسیۆنالیستییهکهی ده‌که‌ن ، ئه‌وه‌ش به بیانووی ئه‌وه که کارگه‌ران ،هێنده به‌شمه‌ینه‌تن ده‌بێت له‌بری شایی شین بکه‌ن، به بیروبۆچوونی من ئه‌و جۆره که‌سانه له‌وانه‌ن، که هه‌نووکه به تیۆری حازربه‌ده‌ست مامه‌له له‌گه‌ڵ واقعه مادییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که دەکه‌ن، ئه‌وانه کەسانی دابڕاو و گروپچین.چونکه نایانه‌وێت له‌وه تێبگه‌ن، که ته‌نها به گیانی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی ئینته‌رناسیۆنالیستی ده‌توانرێت دژایه‌تی گیانی ناسیۆنالیزمی پەڕگیر و خۆپه‌رست بکرێت، ئا ئه‌وه‌یه کڕۆکی ڕۆژی جیهانی 1ی ئایار، ڕۆژی کارگه‌رانی دنیا ،نه‌ك چه‌له‌حانێ و جوینه‌وه‌ی تیۆره حازربه‌ده‌سته‌کان، بۆ نموونه جوینه‌وه‌ی تیۆری (شۆڕشی کوتوپڕیی تاکه وڵاتی) هه‌ر به‌و واتا ئینتهرناسیۆنالیستییهی بۆنەکە و بڕوانه‌کردن به لۆجیکی بزوێنه‌ری ڕه‌های ده‌ره‌وەی چین و وتنه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانییه له‌و ڕۆژی خرۆشانەدا پڕ به پێستی ڕۆژەکە (بۆنەکە)یە
(کارگه‌رین جه‌نگاوه‌رین، بۆ قه‌ڵای سه‌رمایه‌دار تێکده‌رین …)
-خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵك و سه‌ندیکاکان
خۆپیشاندانی خه‌ڵك و سه‌ندیکاکان وه‌ك هه‌موو جارێکی دی له پاریس، له مه‌یدانی (باستی)یەهوه ده‌ستیپێکرد، مه‌یدانی (باستی) شوێنه‌واری به‌ندیخانه‌ی(باستی) سه‌رده‌می پاشایه‌تیه، ئه‌و مه‌یدانه، هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه بۆته سه‌مبۆلی دژایه‌تیکردنی جه‌ور و سته‌مکاری، خۆپیشاندانه‌که نزیکه‌ی 50.000 که‌س تیایدا به‌شداربوو، خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ری و سه‌ندیکاییه‌کان، هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانیان گرتبووه‌وه، ئه‌و ڕۆژه 200 خۆپیشاندان به ڕێوه‌چوون ، وه‌کو ئاماژەی پێده‌کرا ، کۆی به‌شداربووان گه‌یشتبووه ملیۆن و نیوێك که‌س، له خۆپیشاندانه‌کاندا ئازادی به هه‌موو پارته ڕامیارییه‌کان درابوو تاوەکو به‌شداری بکه‌ن،به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که :
* خۆپیشاندانه‌که نه‌کرێت به گه‌مه و ئامرازی ڕامیاریی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌که، چونکه خۆپیشاندانه ته‌نها بۆ 1ی ئایار ڕێکخراوه و هیچیدیکە
** نابێت پارته ڕامیارییه‌کان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌که‌وه بن و وه‌ك سووره‌ی به‌ر له‌شکر سنگ ده‌رپه‌ڕێنن، ئه‌و پارته‌ی به‌شداری ده‌کات، ده‌بێت ببێت بە پاشکۆی خۆپیشاندانه‌که و ئاژاوه و به ڕامیاریکردنیش بڤه‌یه، ئه ئاواهی بوو، به‌ره‌ی (باستی)، پێش ده‌ستپێکردنی خۆپیشاندانه‌که‌ش ڕێكخەرانی خۆپیشاندانه‌که و چه‌ند که‌سێك له پارت و گروپه شۆڕشگێڕه‌کان به گوڵێکی زۆره‌وه سه‌ردانی ئه‌و جێگه‌یه‌یان کرد،که به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی (نێۆنازییهکان) -کرێکارێکی مه‌غریبی-یان تێدا کوشتبوو، لاشه‌که‌شیان فڕێدابووه ڕووباری سێنه‌وه.
به‌ڵێ به‌ڵێ 1ی ئایار ڕۆژی جیهانی خەباتی کرێکارانی سەرتاسەری دونیایه و دیاری ده‌ستی پیاوماقوڵان نییه، به‌رهه‌می خه‌باتی خوێناوی کارگه‌ران خۆیانه !
به بیروبۆچوونی من شاییگێڕانی ئه‌و بۆنەیە ئه‌و واتایه ده‌به‌خشێت،که کرێکاران هه‌ردەم له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی ئینته‌رناسیۆنالیستی خۆیان سوورن و خۆشیان له‌و خه‌باته‌دا ده‌یسه‌لمێنن،ئەوەی که ده‌یکه‌ن، دژی گیانی ناسیۆنالیستیی بۆرژوازییە !
دروشمه‌کان
لهبهرخۆلادان له ئاڵۆزکردنی باسه‌که،به باشمزانی،خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌و ڕۆژه بکه‌م دوو به‌شه‌وه و ناویان بنێم :
* به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و و ڕاستڕه‌وی پەڕگیر ناو ده‌نێم به‌ره‌ی (جه‌ندارك)
* به‌ره‌ی خه‌ڵك و سه‌ندیکاکانیش ناوئ ده‌نێم به‌ره‌ی (باستی)
دروشمی سه‌ره‌کی و ناوه‌ندی (جه‌ندارك) به‌گشتی داواکاریی ده‌رکردنی بیانییه‌کان و داخستنی سنووره‌کان بوو، به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بوو، گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات و چاکسازی ئامێره‌کانی ده‌سه‌ڵات و سیستەمی بانکه‌کان و لابردنی 35 کاتژێری حه‌وتانه بوو، ئه‌و دروشمانه و زۆری دیکەی دژی مرۆڤه‌کانی ژێر ئاڵا سووره‌کان بوون.
* به‌ره‌ی (باستی) ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی (جه‌ندارك)ه‌وه بوو، بانگه‌واز بوو بۆ به‌رزنرخاندنی 1ی ئایار و له‌یادنه‌کردنی و سووربوون بوو له‌سه‌ر خه‌باتکردن بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و زیادکردنیان، به تایبه‌تی له‌بواری خوێندن و ته‌ندروستیدا، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی بۆ60 ساڵی، زیادکردنی لانی که‌می موچه‌ی بێ‌کاری بۆ 1700 یۆرۆ مانگانه و قه‌ده‌خه‌کردنی هورژمی ده‌رکردنی کرێکاران، که‌مکردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر موچه‌ی کرێکاران، پاراستنی 35 کاتژێری کارکردنی حه‌وتانه، به‌خۆڕاییکردنی ئامرازه‌کانی هاتوچۆکردن بۆ هه‌ژاران، لابردنی هه‌موو به‌ربه‌سته ڕامیاریی و یاساییه‌کان له‌به‌رده‌می جموجۆڵی سه‌ندیکایی، ڕاگرتنی هێرشی دڕندانه و تۆقێنه‌ر بۆ سه‌ر کرێکارانی بیانی و کۆتاییهێنان به‌و بیرکردنەوەیە، که پێیوایه برسێتی کرێکارانی فه‌ره‌نسی له بوونی کرێکارانی بیانییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، ئه‌و دروشمانه و زۆری دیکەیش،که زۆر زه‌ق دیارنه‌بوون، جگه له‌وه گوتاری ڕامیاریی که‌سی و پارتی بڤه بوون
من له قوڵایی دروشمه‌کانی ئه‌مان و ئه‌واندا دوو هه‌ڵوێست و ئه‌قڵیه‌تی دژ به‌یه‌کم ده‌بینی :
له دروشمه‌کانی به‌ره‌ی (جه‌ندارك)دا “بمرێ ژیان“م ده‌بینی و له دروشمه‌کانی به‌ره‌ی (باستی)یشدا “بژی ژیان“م ده‌بینی، به‌کورتی و به‌کوردی شه‌ڕه‌که شه‌ڕی نێوان دوو هه‌ڵوێست و دوو بیرکردنەوەی دژ به‌یه‌ك بوو، واته هه‌ڵوێست و بیرکردنەوەی “بمرێ ژیان” و هه‌ڵوێست و بیرکردنەوەی “بژی ژیان“. ئەگەر بە وردی سەرنجی خەبات و ململانێی هەزاران ساڵەی نێوان چەوساوان و لایەنگرانی چەوسانەوە بدەین، ئەگەر بە روردی سەرنجی خەباتی 126ی کرێکارانی جیهان لەم سەر تا ئەو سەری دونیا لە ڕۆژی یەکی ئایاردا بدەین، ئەوا دەبینین، کە جەنگ و پێکدادانەکان لەنیوان بەرەی ئازادی و سۆشیالزمخواز و بەرەی ناسیونالیزم و دەسەلاتخوازیدا، هەر لەسەر ناکۆکی و دژبەیەکبوونی ئەو وتەیە بووە “بمرێ ژیان” و “بژی ژیان“.
سیساسه‌تی دووفاقه‌یی و دووڕوویی ده‌یڤید کامیرۆنی سه‌رۆکوه‌زیرانمان و ڕاستییه‌کان / 2
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن, 18.04.2012
سێهه‌میان: Extremists ، توندڕه‌وێتی و توندڕه‌وه‌کان:
لێره‌دا کامیرۆن ده‌ڵیت ، ئه‌و باس له ئیسلام ناکات، به‌ڵام وه‌سفی ده‌کات و ده‌ڵێت ” دینێکه بینراوه ئه‌رکه‌کانی خۆی به ئاشتیانه به‌جێده‌هێنێت و زیاتر له ملیارێک خه‌ڵک ده‌یپه‌رستێ و خۆیانیان بۆی ته‌رخان کردوه” هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت ” که دینه‌کانی تریش بۆ توندڕه‌وه‌کان سه‌رنجڕاکێشن“. دوای ئه‌مه یه‌کسه‌ر ده‌ڵێت ” گیروگرفتی ئیسلامه توندڕه‌وه‌کان له‌م گڵۆبه‌ڵه‌دا هه‌یه، که ئایدۆلۆجێتێکی سیاسییه که له لایه‌ن خه‌ڵکانێکی زۆر که‌مه‌وه سه‌پۆرت ده‌کرێن……” وه کۆتایی قسه‌کانی به سه‌رزه‌نشت کردن و لۆمه‌کردنیان ، ده‌هێنێت.
هه‌موومان لێره‌دا ده‌توانین هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و بڵێین باشه ئه‌مانه ڕاستن به‌ڵام توندڕه‌وێتی هه‌ر ئیسلامه‌کان و دیندارو و دینییه‌کانی تری نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵکو توندڕه‌ی ڕێڕه‌وو سیاسه‌تی هه‌موو حیزبه تۆری و موحافیزکاره‌کانن. هه‌ر بۆ نموونه پارته‌که‌ی کامیرۆن، پارتی تۆری ، به درێژایی مێژوه‌که‌ی پارتێکی زۆر توندڕهوو شه‌ڕه‌نگێز بووه، مه‌به‌ستم ئه‌و جه‌نگانه نییه که له دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌مه‌وه به‌رپایان کردوه، یا کاریگه‌رانه سه‌پۆرتیان کردووه . با هه‌ر ته‌نها ته‌ماشای سیاسه‌تی ناوخۆیان له بواری ئابوری‌دا، بکه‌ین، با ئاوڕێک له ساڵانی هه‌شتاکان بده‌ینه‌وه که به سه‌رکردایه‌تی مارگرێت تاچه‌ر و جۆن مه‌یجه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستدا بوو، که ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرا کردیان به‌وه‌رگرتنی دۆکته‌رینی ئه‌مه‌ریکای سه‌رده‌می ڕێگن و ئابوریناسانی لیبراڵ Milton Friedman و Friedrich Hayek: شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی بریتانیان لێکهه‌ڵوه‌شانده‌وه ، بنه‌مای ئابوری ئه‌م وڵاته‌یان تێک‌وپێک شکان، زۆربه‌ی زۆریان فرۆشتن و کردنیان به که‌رتی تایبه‌تی، ته‌نانه‌ت خانوه‌کانی شاره‌وانی، پاسه‌کانی هاتو چۆ، هێڵه ئاسامانییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان ، به‌شێک له هاتووچۆی شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌کان و میترۆکان، بڕێک له خه‌سته‌خانه‌و قوتابخانه‌کان ، که‌م کردنه‌وه‌ی بیمه‌کان و له‌کار خستنی ملێون کرێکار و فه‌رمانبه‌ر …هتد. له‌و لاشه‌وه یارمه‌تیدانی توندڕه‌وه موجاهیدینه‌کانی ئه‌فغانستان که تاچته‌ر ناوی لێنابوون ” Freedom fighter ” . خۆ که پارتی له‌یبه‌ریش له ساڵی 1997 دا هاته سه‌ر حوکم و دواتریش خودی کامیرۆن به‌هه‌ردوولایان کاره‌کانی تاچه‌رو مه‌یجه‌ریان ته‌واو کرد. له ئێستادا سه‌ره‌ی به‌تایبه‌تی کردنی ئه‌وه‌شی که له ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تدا ماوه‌ته‌وه، گه‌یشتۆته سه‌ر به‌شێک له پۆلیس و به‌شێک له کاره‌کانیان که بیفرۆشن به کۆمپانیا تایبه‌تییه‌کان.
باشه، توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان له کاره‌ساته تراجیدیاکه‌ی سێپته‌مبه‌ری 2001 دا 3700 که‌سیان کوشت به‌ڵام خۆ ده‌وڵه‌ته توندڕه‌وه‌کان، ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆرو دیمۆکراسییه‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا هه‌ر له عێراقدا به ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ به پێی ئه‌ژماره‌کانی خۆیان 150 هه‌زار که‌سی بێ‌تاوان کوژراون خۆ له ئه‌فغانستان له‌و ژماره‌یه زیاتر ، له پاکستان‌دا که له جه‌نگیشدا نییه‌و نه‌بووه که‌چی زیاتر له 23 هه‌زارکه‌س، ئه‌میش هه‌ر به پێی ئاماره‌کانی خۆیان، کوژراون. هه‌ر هه‌موو ئه‌و کوژراوانه به‌هۆی داگیرکردنی ئه‌مه‌یکاو هاوپه‌یمانه‌کانییه‌وه بووه و به‌شێکی به‌ده‌ستی هێزه‌کانی ئه‌وان بووه. ئه‌مه له کاتێکدا هه‌ر باس له‌وه ناکه‌ین که له سه‌ره‌تاکانی په‌نجاکانه‌وه تا کۆتایی هه‌فتاکان چی ڕویداوه. که‌واته کێ توندڕه‌وه؟ تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه و ” که‌مایه‌تییه“کان یا ده‌وڵه‌ته‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان؟. که‌سێک هه‌یه ، لایه‌نێک هه‌یه له ده‌سه‌ڵات، ده‌وڵه‌ت، له ژێر هه‌رناوێکدا بێت، توندڕه‌وترو دیکتاتۆر تر‌و فاشی تر بێت؟!!!
چوارهه‌م: Tribalists- خێڵگه‌ری ، خێڵچییەتی :
کامیرۆن له‌م بواره‌دا ئیرله‌نده‌ی باکووری به نموونه وه‌کو ” ژه‌هر“ی خێڵگه‌ری هێنایه‌وه که هەڵاواردنی له‌گه‌ڵ گروپه‌کانی تردا ده‌کرد.
خودی ئیرله‌نده و ئه‌و پرسە بابەتێکی دیکەیە ، من لێره‌دا نامه‌وێت له‌بارەیەوە بدوێم ، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم خێڵگه‌ری ته‌نها تایبەتمەندی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی نییه، هه‌روه‌ها به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستەمی دەرەبەگایەتیش ، خێڵگه‌ری هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه ، به‌ڵکو هه‌ر ماوه، به‌ڵام ناو و شێوه و ناوه‌رۆك و ئەرکەکانی خێڵگه‌ری گۆڕاون. ئه‌وه‌تا خێڵگه‌ری له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریشدا هه‌ر ماوه و بگره له بره‌ویشدایه، به‌ڵام له شێوه‌ی پارتایه‌تیدا، که نوێنه‌رایه‌تی کۆمەڵە خەڵکێك یا توێژێکی هاوبیر و هاوبەرژەوەندی کۆمه‌ڵگه‌که ده‌کات، ئه‌م خێڵگه‌رییه له کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییدا شێوه‌یه‌ک و ناوه‌رۆکێکی مه‌ده‌نیانه ده‌گرێته خۆی و فۆرمێکی ڕێکخراوه‌یی به‌بەری خۆیدا ده‌برێت. ئه‌میش هه‌روه‌کو خێڵایه‌تییه کۆنه‌که سه‌رۆکخێڵی هه‌یه و ده‌مچه‌رمووی هه‌یه، کوته‌کوه‌شێنیشی هه‌یه ، ڕێسای پیاهەڵدان و سوپاسگوزاری و سزادان و تڕۆکردنی ئه‌ندامه‌کانی هه‌یه و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خێڵەکەی کار ده‌کات ، بۆ گه‌یشتن به ئامانجەکانی سەرانی خێل، بۆ سه‌رکه‌وتنی خێڵ به‌سه‌ر دووژمنه چینایه‌تییه‌که‌یدا و پارته نه‌یاره‌کانیدا جۆره‌ها حیله و فێڵی مه‌ده‌نییانه به‌کار ده‌هێنێت.
ئه‌ی کەواتە با بپرسین، پارتی تۆری، پارته‌که‌ی کامیرۆن چی بۆ خێڵه‌که‌ی خۆی نه‌کردوه، نه‌ک هه‌ر ئێستا که ئه‌و سه‌رۆکخێڵه به‌ڵکو له سه‌رده‌می هه‌موو سه‌رۆکخێڵه‌کانی پێشووتریشدا؟!!. به‌درێژایی مێژووی ئه‌مان هه‌ر له خزمه‌تی خێڵه‌که‌ی خۆیاندا یا یانه‌که‌ی (Club ) خۆیاندا کاریان کردوه و به‌رژه‌وه‌ندی چینی باڵاده‌ستیان به هه‌موو توێژاڵه‌کانییەوه، پاراستوه و بره‌وپێداوه. هه‌ر له سه‌رۆکی بانکه‌کان و کۆمپانییه گه‌وره‌کان و خاوه‌نزه‌وی و موڵکداره گه‌وره‌کان و هتد کاریان کردوه. ئه‌مان هەڵاواردنێکی زۆر بەرچاویان له کۆمه‌ڵگه‌دا کردوه ، ئه‌مان که‌لێنی نێوانی ئێمه و خۆیانیان گه‌لێک له جاران گه‌وره‌تر کردۆتەوه. ئه‌مان ئه‌و غه‌دره گه‌وره‌یەی که له باقیه‌که‌ی ترمانیان کردووه، هێشتا مێژووی نوێی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه. گه‌لێك له بیمه‌کانیان بڕیون، ئه‌وانه‌شیان ماونه‌ته‌وه که‌میان کردوونه‌ته‌وه و زه‌حمه‌ت و به‌ربه‌ستێکی زۆریان بۆ خه‌ڵکی دروستکردووه، تاکو به‌ئاسانی نه‌توانن داوایان بکه‌ن، یا ئەگەر دا‌واشیان کردن، ئەوا به‌ئاسانی نه‌توانن ئه‌و مافانه به‌ده‌ست بهێنن. بوونه‌ته هۆی دروستکردنی گرانییه‌کی زۆر ، له‌ولاشه‌وه بۆ خه‌ڵکانی خێڵ ڕێژه‌ی باج له‌سه‌ر داهاتی کەسییان، که 150 هه‌زار پاوه‌ند و سه‌رو ئه‌وه‌وه بێت، له 50%وه هێنایه سه‌ر 45% ، هه‌ر به هه‌مان شێوه باجیشیان له‌سه‌ر کۆمپانییه‌کانیشیان هێنایه سه‌ر له 24% و به‌نیازیشن له یه‌ک دوو ساڵی داهاتوودا بهێننه خواره‌وه بۆ ئاستی 18%، گه‌ر چی له‌ڕاستییدا ئەو 24%ش ناده‌ن، به‌ڵکو به‌پێی دۆکۆمێنته فەڕمییه‌کان زۆربه‌یان 10% ده‌ده‌ن.
له ڕۆژی 2012.04.12، جۆرج ئۆسبۆرنی شالیاری دارایی له ڕاگەیاندنێکیدا وتی “باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد که زیاتر له 100 کۆمپانیا هه‌بێت و داهاتی هه‌ر یه‌که‌یان له 144 ملێون زیاتر بێت، به‌ڵام باج نه‌ده‌ن”. به ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی تێله‌گرافی وت “من تووشی شۆک بووم، که ده‌بینم هه‌ندێک له خه‌ڵکه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان له‌م وڵاته‌دا که کاروباری باجی خۆیان وا ڕێکخستووه، با به ویژدانه‌وه قسه بکه‌ین، ئه‌مه‌یان له‌پاڵ یاسای باجداندا، که به به‌رده‌وامی هیچ باجێک ناده‌ن. باوه‌ڕم وانییه که ئه‌م کاره‌ش کارێکی ڕاستبێت“.
هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌دا قسه‌که‌ری فه‌رمی به‌شی بودجه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی‌ش ڕایگه‌یاند، دوای ئه‌و توێژینه‌وه‌یه و حساباته‌ی که کراون، ده‌رکه‌وتووه که 1000 سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند که داهاتی ساڵانه‌یان یەك ملێون پاوه‌نده، که‌متر 30% باجیان داوه. 200 له‌وانه‌ی دیکەیان که داهاتی ساڵانه‌یان 10 ملێون پاوه‌نده، 12 که‌سیان که‌متر 10% باجیان داوه. 400 که‌سی دیکەشیان که داهاتی ساڵانه‌یان له نێوانی 5 بۆ 10 ملێون پاوه‌نده ، 20 له‌وانه که‌متر له 20% باجیان داوه. قسه‌که‌ره‌که له‌سه‌ر قسه‌کانی خۆی به‌رده‌وام بوو وتی “هەر ئێستاکە کەسانی ملیۆنه‌ر هه‌ن، کە له خه‌ڵکه ئاساییەکە باجی که‌متر ده‌ده‌ن. ئه‌مه ئه‌و سیسته‌مه‌یه که له ئێستادا هه‌مانه، به‌ڵام حکومه‌ت خۆی ته‌رخانکردوه که دادپەروەرانەتری بکات” ئه‌وه‌شی وت که ئه‌م سیسته‌مه‌یان له حکومه‌تی پێشووه‌وه ( له‌یبه‌ر – پارتی کرێکاران)ەوە بۆ به‌جێماوه.
Warren Buffett که پیاوێکی ئێکجار ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌مه‌ریکایه، که سامانه‌که‌ی چه‌نده‌ها ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریکییه ، له سه‌ر ئه‌مه کۆمێنتێکی جوانی دا ، وتی” سکرتێره‌کانیان له خۆیان زیاتر باجی داوه”
ئایا ئەمە خێڵگەرایی نییە و خێڵگەراییش هەر ئاوا نەبووە؟، کە کەسانی دەوروبەری سەرۆکخێڵ و میرزا و هاوبەرژەوەندانی باج و خەراجیان نەداوە!!!!!!
بڕێکی تری ڕاستییه‌کان له وڵاته دیمۆکراتییه‌که‌ی کامیرۆن و کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نییه‌که‌یدا:
ئه‌وه‌ی که له بریتانیادا بژی و دوای ڕووداوه‌کان و ده‌نگوباسه‌کانی ئه‌م وڵاته بکه‌وێت و مه‌به‌ستی بێت ، ده‌توانێت زۆر باش شه‌ن و که‌ونی قسه‌ی سیاسیه‌کان و درۆ‌و ڕاستییه‌کانیان بکات، ته‌نها به خوێندنه‌وی یه‌کێک له ڕۆژنامه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م وڵاته و چاوگێڕانه‌وه‌یه‌ک به ژیانی خۆی و خێزانی‌دا له هه‌موو بواره‌کاندا، ئه‌وکاته جیاوازییه‌کانی پارو ئه‌مساڵ یا ساڵانی پێش‌و تر پێده‌زانێت. ئه‌وکاته ده‌توانێت زانیاریه‌کی ته‌واوی هه‌بێت له‌سه‌ر ڕوداوه‌کان ، له‌سه‌ر سیسته‌می دیمۆکراسی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و یاسا‌و ڕێسای ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌و سه‌رانسه‌ری سیسته‌مه‌که‌ی و چونێتی کارکردنی.
من لێره‌دا هه‌ر زۆر به کورتی په‌نجه بۆ هه‌ندێک ڕاستی تریش به‌ده‌ر له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ڕاده‌کێشم.
له وڵاتی دیمۆکراسی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییدا، هاووڵاتیانی به‌لانی که‌مه‌وه ده‌بێت چه‌ند بنه‌مایه‌کی ژیانیان بۆ مسۆگه‌ر کرابێت له‌وانه: کارکردن، خانووبه‌ره‌یه‌کی نه‌ختێک باش، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و ده‌ست گه‌یشتن به خه‌سته‌خانه‌و دکتۆردا به ئاسانی پێش ئه‌وه‌ی که نه‌خۆشییه‌که‌ی لێپیس بکات، خوێندن له زانکۆکان‌دا به‌لاش بێت قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان له حاڵه‌تێکدا بن که بتوانن هه‌موو منداڵانی گه‌ڕه‌ک به‌بێ هیچ گیر‌و گرفتێک جێگایان ببێته‌وه‌و تێیدا بخوێنن و ته‌وای هۆکاره‌کانی خوێندنیان بۆ دابینکرابێت له پاڵ هه‌بوونی دایه‌نگه‌و باخچه‌ی منداڵانی به‌لاش یا به‌نرخێکی زۆر هه‌رزان تاکو باوکان و دایکان بتوانن به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر کاره‌کانیان . گیروگرفتی سه‌ره‌کی له خوێنداندا له بریتانیا پاش زانکۆکان به‌تایبه‌ت له له‌نده‌ن (دا) قوتابخانه ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌کانن که له زۆربه‌ی زۆری شاره‌وانییه هه‌ژاره‌کاندا که له ژێر سه‌رپه‌رشتی و کۆنترۆڵی پارتی له‌یبه‌ردان. به‌شی زۆری ئه‌م قوتابخانانه به‌هۆی ڕێژه‌ی زۆری بێ‌کاری و هه‌بوونی خه‌ڵکانی بێگانه له شاره‌وانییه‌که‌دا و تهنگو چه‌ڵه‌مه‌ی تره‌وه ، له ڕوی ئاستی زانیاری و ڕێژه‌ی ده‌رچونی قوتابییه‌کانییه‌وه زۆر خراپه، چونکه ئه‌و بودجه‌یه‌ی که بۆیان دادهنڕیت کافی نییه. چاره‌سه‌ری حکومه‌تیش چ له‌یبه‌رو چ تۆریو لیبراڵ داخستنیان و په‌راوێز خستنیانه، یا ئه‌وه‌تا ده‌یانکه‌ن به قوتابخانه‌ی ئه‌کادیمی ، ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌کی نوێیه له به‌تایبه‌تی کردنی قوتابخانه‌کان و له ده‌ر هێنانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانییه‌کان.
له ساڵی 2004 دا حکومه‌تی له‌یبه‌ر ( تۆنی بلێر) یاسایه‌کی دانا سه‌باره‌ت به‌و منداڵه قوتابییانه‌ی که خۆیان ده‌دزنه‌وه له وانه‌کان و له قوتابخانه نابن به‌بێ هۆیه‌کی گونجاو، له بری چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ، ده‌وڵه‌ت بڕیاری دا که سزای دایکان و باوکانی منداڵه‌که، به پاره بده‌ن، که ئه‌ویش بڕی غه‌رامه‌ی هه‌ر منداڵێک که له قوتابخانه خۆی بدزێته‌وه 50 پاوه‌ندی بریتانی بێت، گه‌ر له ماوه‌ی 28 ڕۆژیشدا نه‌یدات ئه‌وه ئه‌م بڕه پاره‌یه ده‌چێته سه‌ره‌وه بۆ 100پاوه‌ند. به پێی ئاماره‌کان له ساڵی 2010 دا به‌هۆی نه‌دانی ئه‌م غه‌رامه‌یه‌وه به‌شی ڕۆشنبیری 9147 باوکان و دایکانیان داوه به دادگا، که له‌مانه 6591 یان به بڕی 165 پاوه‌ند سزا دراون. له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌وڵه‌ت چاوی خشاندۆته‌وه به‌و یاسایه‌دا و سه‌رئه‌نجام بڕیاریان دا که بڕی سزادانه‌که بکه‌نه 60 پاوه‌ند و گه‌ر له 28 ڕۆژیشدا نه‌درێت سه‌رده‌که‌وێت بۆ 120 پاوه‌ند وه ئه‌گه‌ر دایکان و باوکان هه‌ر نه‌یاندا ئه‌وه ده‌بێت له بیمه‌ی منداڵه‌که ببڕێت.
له وڵاته‌که‌ی کامیرۆندا ، ژیان ئه‌وه‌نده گران بووه، نان په‌یداکردن چووه‌ته کۆڵی شێر، له‌م وڵاته‌دا به‌پێی ئاماری ده‌وڵه‌تی 2 ملوێن و 650 هه‌زار که‌س به‌تاڵه‌یه به‌ڵام ئاماری سه‌ندیکای ناوه‌ندی نیشانی ده‌دات که ژماره‌ی ڕاستی به‌تاڵه له سه‌رو 6 ملێونه‌وه‌یه. ئاماری ئه‌م مانگه‌ش ( نیسان) پێمان ده‌ڵێت ڕێژه‌ی به‌تاڵه له ناو هێزی کرێکاراند له %8.4 ، که له له‌نده‌ن (دا) له %10 یه. هه‌ر له له‌نده‌ن (دا) 7 که‌س به‌دوای یه‌ک کاردا ڕاده‌که‌ن، له یه‌کێک له پایته‌خته هه‌ر کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نییه‌کانی جیهاندا، که له‌نده‌نه، 4 منداڵ له 10 منداڵدا، له نه‌بوونی و هه‌ژارییدا ده‌ژین.
ژماره‌ی به‌ندییه‌کانمان له‌م وڵاته‌دا له سه‌رو 87 هه‌زار که‌سه‌وه‌یه ، له هه‌موو ئه‌وروپادا به پێی ڕێژه‌ی سه‌دی ته‌نها تورکیا زیاتر له وڵاته‌که‌ی ئێمه به‌ندیی هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ندێکیان به‌ندیی سیساسین.
هه‌رچیش سه‌باره‌ت به ئازادییه‌کانیشمان هه‌یه ، زۆربه‌ی زۆریمان لێسه‌نراوه‌ته‌وه و شتێکی وامان به ده‌سته‌وه نه‌ماوه.
من له وتاره‌کانی پێشترما باسم له‌و نه‌هامه‌تییه کرده‌وه که هاووڵاتیانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌سای حوکمی حکومه‌تی دیمۆکراتیدا چ تۆری و چ له‌یبه‌ر له‌م وڵاته‌دا چۆن ده‌ژێت هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به ئازادییه‌کانیش، زۆر شتم به به‌ڵگه‌وه وتووه. لێره‌دا ته‌نها به کورتی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشم که له ئێستادا لێدوان و مقۆ مقۆی هه‌نووکه له سه‌ر کۆنترۆڵکردنی زیاترمانه، زه‌وتکردنی ئازادییه‌کانی ترمانه، به هێننانه کایه‌ی یاسای نوێی تره‌وه، له‌وانه:
- به‌کارهێنانی ئاو‌و سه‌یاره‌ی ئاو Water Cannon, ، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران که له کاتێکدا ناتوانن کۆنترۆڵیان بکه‌ن. ته‌نها ئه‌وه‌ی که ئه‌مان سڵی لێده‌که‌نه‌وه بڕی پاره‌که‌یه که بۆ کڕینی 3 دانه نزیکه‌ی 4 ملوێن پاوندیان ده‌وێت.
- به‌کارهێنانی گووله‌ی پلاستیک له‌کاتی خۆپیشاندان و پشێویدا و گه‌ر مه‌ترسی زیاتریش هاته پێشه‌وه به‌کارهێنانی گووله‌ی ڕاستی.
- ناڕه‌زاییکردن له شێوه‌ی که‌مپیندا واته دانانی چادرو خێمه له کاتێکدا خه‌ڵکی ده‌یه‌وێت چالاکی ڕاسته‌وخۆی وه‌کو ئه‌وه‌ی پارو ئه‌مساڵی له‌نده‌ن و شاره‌کانی تر، بکات ، بکرێته شتێکی نایاسایی و قه‌ده‌غه بکرێت تاکو خه‌ڵکی نه‌توانێت په‌نا بۆ شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر له خه‌بات کردن به‌رێت.
- دادگا‌و دادگاییکردمی نهێنی: ده‌یانه‌وێت هه‌ندێک له ” تیرۆریزمه‌کان ” به نهێنی دادگایی بکه‌ن، واته میدیا‌و خه‌ڵکانی تر مافی ئه‌وه‌یان نه‌بێت که دانیشن و گوێ له گفتووگۆو بڕیاره‌کانی ناو هۆڵی دادگا بگرن، میدیا مافی په‌خشکردنی هیچ هه‌واڵێکی نه‌بێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت ڕێگا ئه‌دات. له‌م دادگا نهێنییه‌دا پۆلیس و ده‌سگه سیخوڕییه‌کان مافی ئه‌وه‌یان ده‌بێت که که سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانیان له‌سه‌ر ” تاوانبار” نه‌خه‌نه‌ڕوو که ئه‌مه‌ش پارێزه‌ری ” تاوانبار” ده‌وه‌ستێنێت له به‌ڕووداوه‌ستانه‌وه‌ی (ته‌حه‌دا کردنی) لایه‌نی به‌رامبه‌ر و ده‌سته‌ووه‌ستان ده‌بێت له به‌رگریکردن له که‌سی ” تاوانبار” کراودا. هه‌ڵبه‌ته کاری دادگا‌و دادگایی‌کردنی نهێنی ، هه‌ر له‌ماندا ناوه‌ستی، به‌ڵکو په‌لده‌هاوێژێت بۆ هه‌رکه‌سێک که ئه‌وان تاوانباری بکه‌ن به تیرۆریسست ، ئاژاوه‌چی ، مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌و وڵات و هه‌رچییه‌کی تر که خۆیان بیانه‌وێت.
- کۆنترۆڵکردن و چاودێری کردنی سه‌رجه‌می قسه‌وباسی ناو ته‌له‌فون و سکایپ و ئیمهیل و ته‌واوی هۆیه‌کانی تری په‌یوه‌ندیبه‌ستن و ئینته‌رنێت. ئه‌مه‌ش یانی هێڕشکردنه سه‌ر مافی مرۆڤی بریتانی و زه‌وتکردنی ئه‌و مافه. به کورتییه‌که‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته سیخوڕێکی زه‌به‌لاح به‌سه‌ر هاوڵاتییه‌کانییه‌وه.
- له‌کاتی خۆپیشانداندا پۆلیس مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت که ماده‌ی کیمیاوی دژی خۆپیشانده‌ران به‌کاربهێنن. ماده‌یه‌کی کیمیاوی که له دووری 65 مه‌تره‌وه خۆپیشانده‌ر بپێکێت و سڕیبکات، به‌جۆرێکیش ته‌ڕی بکات که ئه‌و که‌سه ده‌بێت خۆپیشاندانه‌که به‌جێبهێڵێت. ئه‌م ماده‌یه ئه‌وه‌نده بۆنه‌که‌ی پیسه به‌پێی قسه‌ی پۆلیس و پسپۆڕه‌کان، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری که‌سی پێکراو، چیتر ناتوانن له‌وێدا خۆیان بگرن و ناچارن بڵاوه‌ی لێبکه‌ن.
له وڵاتی بریتانیای دیمۆکراسی 133 گروپی دژه ئیسلام هه‌ن که 7 یان له وڵاتی نه‌رویجه‌و 22 یان له بریتانیایه ئه‌مه بێ له‌وه‌ی که 33 گروپیش هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له ئه‌مه‌ریکا دروست بوون.
هه‌ڵبه‌ته هه‌بوون و دروستبوونی 22 گروپی دژ به ئیسلام - ده‌ڵێم ته‌نها دژ به ئیسلام ئه‌گینا گروپی تر زۆرن که دژی خه‌ڵکانی ڕه‌ش و بێگانه‌ن که لێره ده‌ژین هه‌روه‌ها دژی که‌سانیێک که مه‌یلی جنسییان بۆ هاوجنسه‌که‌ی خۆیان هه‌یه- له وڵاته‌که‌ی کامیرۆندا نیشانه‌ی هه‌بوونی ماف و سه‌ربه‌ستی و ئازادی نییه، به‌ڵکو نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه یه‌که‌م: که چۆن میدیای دیمۆکراتیخوازی لیبراڵ ته‌غزییه‌ی خه‌ڵکی به‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌کات، که هه‌ر به‌ردێک له‌و ئاسمانه بکه‌وێته خواره‌وه ئه‌وه ئیسلام و موسڵمانه تونده‌ڕه‌وه‌کانن یا ده‌ستی ئه‌وانی تێدایه. دووهه‌م، که‌چۆن قوتابخانه دینی و مه‌زهه‌بییه‌کان له بره‌ودانو ده‌سه‌ڵاتیش چۆن چاوی خۆی لێنوقاندون چ له ئیشرافکردنیاندا چ له په‌یڕه‌وو پڕۆگرامی خوێندنیاندا که ئه‌وان بۆخۆیان سه‌ربه‌ستن چی داده‌نێنن و چۆنی داده‌نێن ، که له‌م په‌یڕه‌وو پڕۆگرامه‌دا چۆن مافی مرۆڤ به خراپی ، abuse ، به‌کارده‌هێنرێت له دژی یه‌کتری و خه‌ڵکانی بێباوه‌ڕ، هه‌روه‌ها چۆن مامه‌ڵه‌ی ناشیرینی منداڵان ده‌کرێت به‌تایبه‌ت له قوتابخانه ئیسلامییه‌کاندا. سێهه‌م: ده‌وڵه‌ت به‌ناوی فره که‌ڵچه‌ری و هه‌لڕه‌خساندن، که به باره خراپه‌که‌یدا به‌کاری ده‌هێنێت، زیاتر موسڵمانه‌کانی ترنجاندۆته گه‌ڕێکێکه‌وه یا شارێکه‌وه، یا ڕێگای بۆ خۆشکردون که ئه‌مه ڕووبدات، له‌مانه‌ش کۆمۆنیتی به‌نگلادیشییه‌کان، پاکستانییه‌کان، هیندییه‌کان و جوله‌که‌کان. هه‌ڵبه‌ته ئا له‌م بارودۆخه‌دا تێکه‌ڵاوبوون و کاریگه‌ر دانان له سه‌ر یه‌کتری ئاسانتر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵاو نه‌بوون به خه‌ڵکانی تری ئه‌م وڵاته‌و ئاشنا نه‌بوون و قه‌بوڵنه‌کردنی کولتور‌و شته باشه‌کانی ئێره. چوارهه‌م: چۆن له‌م وڵاته‌دا که‌لێنی نێوانی خه‌ڵکانی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندوو هه‌ژار له پانبووندایه‌و به‌تاڵه له زیاد بووندایه و ژماره‌ی خه‌ڵکانی بێ لانه خانووبه‌ره له سه‌رکه‌وتندایه، لیستی چاوه‌ڕوانکردنی عه‌مه‌لیات یا بینینی پزیشکه پسپۆڕه‌کان له درێژ بوونه‌وه‌دایه. ئه‌رکی ده‌وڵه‌تیش له‌بری ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی کێشه‌کان بکات ، ده‌هێنێت توانا‌و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی، به‌ناڕاسته‌وخۆ به‌و لایه‌نه خراپانه‌ی وه‌کو دژه ئیسلام یا دژه جوله‌که، یا گیانی ڕایسیسزم یا زاتییه‌ت و خۆپه‌رستی و …هتد بۆ دوور خستنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له کێشه سه‌ره‌کییه‌کان، ڕاده‌کێشێت و به‌هۆی میدیاکه‌یه‌وه به‌کاریان ده‌هێنێت ، که له زۆربه‌ی کاتدا هه‌ر خه‌ڵکانی موسڵمان و ڕه‌ش و بێگانه‌ن ، که قوربانییه‌که‌ی ده‌ده‌ن.
سیساسه‌تی دووفاقه‌یی و دووڕوویی ده‌یڤید کامیرۆنی سه‌رۆکوه‌زیرانمان و ڕاستییه‌کان / 1
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن, 18.04.2012
کاره‌ساته‌که له‌وه‌دایه که زاڵم‌و زۆرداره‌کان باس له عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن، دیکتاتۆره‌کان باس له دیمۆکراسێت و ئازادی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی که ڕه‌وشتت و مۆراڵیان نیییه داوا له خه‌ڵکی ده‌که‌ن به مۆراڵ و ڕه‌وشت بن، ده‌وڵه‌مه‌ندو سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌کان گۆڕانخوازن و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن، داوای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نموونه‌یی یا حکومه‌تێکی شهفافیمان بۆده‌که‌ن.
ئای که دونیایه‌کی سه‌یره. کورد وتویه‌تی درۆ هه‌ژاره‌و هه‌موو که‌سێک پێیده‌وێرێت، ده‌شڵێن بارزانی گه‌وره‌ش جارێک گووتویه‌تی قسه هه‌وایه‌و ناچێته گیرفانی که‌سه‌وه، واته نه ڕه‌قابه‌ی له‌سه‌ره‌و نه باج . هه‌ردوو وته‌که زۆر ڕاستن که له کاتێکیشدا که ئه‌م قسانه له لایه‌ن گه‌وره پیاوێکه‌وه یا که‌سێکی سیاسی وه‌کو ده‌یڤید کامیرۆنه‌وه ده‌کرێت و میدیایه‌کی زه‌به‌لاحی لیبراڵیشی له پشته‌وه‌یه، له کاتێکدا که ئه‌و وه‌کو سه‌ره‌ک شالیارانی بریتانیای گه‌وره، دایکی په‌ڕله‌مان و سیسته‌می دیمۆکراسی، له وڵاتێکی هه‌ژاری وه‌کو ئه‌نده‌نوسیا یا بۆرما که زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ، هه‌ژاری و نه‌بوونی پشتی شکانوون. ئاخر چۆن بتوانن ته‌ته‌ڵه‌و بێژی قسه‌کانی سه‌رۆکه‌که‌ی ئێمه بکه‌ن ، ڕاستییه‌کان له درۆکان جیابکه‌نه‌وه تاکو بزانن ئه‌وه‌ی که ده‌یڵێت ڕاستییه‌و وڵاته‌که‌ی سهرلێوانه له دیمۆکراسی و مرۆڤایه‌تی و دادپه‌روه‌ری و نه‌زاهه‌ت، له کاتێکدا که ڕه‌نگه زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌نده‌نوسیا نه‌ک هه‌ر ئاگه‌داری ئه‌وه نه‌بن که له‌م بسته وڵاته‌ی ئێمه‌دا چ باسه، به‌ڵکو گه‌لێکییان هه‌ر خوێنده‌واریشیان نه‌یێت.
ده‌یڤید کامیرۆن به‌هاوڕێی چه‌ند که‌سێک له سیاسییه‌کان و ڕاوێژکارو بزنسمانی گه‌وره، له گه‌شته‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌مه، 11-04-12 ، بۆ هه‌ندێک له وڵاتانی خواروی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له‌وانه ئه‌نده‌نووسیاو بۆرما، له‌و موحازه‌ره‌یه‌ی که بۆ سیاسییه‌کانی ئه‌نده‌نوسیا، له جاکارتا، دای، داوا له موسوڵمانان ده‌کات ” ده‌بێت ئیسلام باوه‌ش بۆ دیمۆکراسییه‌ت بکاته‌وه‌و توندڕه‌وێتی ڕه‌تبکاته‌وه” نه‌ک هه‌ر که‌وته کردنی هه‌ندێک درۆ‌و ده‌له‌سه‌ی بێبنه‌ما، به‌ڵکو گه‌یشته ئه‌و ڕادهیهشی که بڵێت ” دیمۆکراسیه‌ت و ئیسلام به‌یه‌که‌وه ده‌گه‌شێنه‌وه‌و په‌خشده‌بن “. بێگومان کامیرۆن وه‌کو هه‌موو سیاسسیه‌کانی تری دنیا ئه‌وه‌ی که ده‌یڵێت باوه‌ڕی پێی نییه، به‌ڵام درۆی پیاوی گه‌وره په‌ندو عیبره‌ته.
له په‌یامه‌که‌یدا بۆ موسوڵمانان، ده‌یڤید کامیرۆن، له‌و قسانه‌ی که بۆی نوسرابووه‌وه، درێژه‌ی پێداو وتی: جیهان ده‌توانێت توندڕه‌وه‌کان ببه‌زێنێت، ئه‌وان دووژمنێکی خه‌ته‌رناکن…..جیهان ده‌توانێت ڕه‌تی ئه‌و هه‌ڵبژێره ( ئیختیاره) بکاته‌وه که یا دیکتاتۆریه‌ت یا توندڕه‌وێتی……. دوای ئه‌وه هات به شان‌و باڵی ئه‌نده‌نوسیا که گه‌وره‌ترین وڵاتی ئیسلامییه، دوای ڕوخانی ڕژێمی سوهارتۆ له ساڵی 1998 دا چۆن ڕێگه‌ی خۆی گرتوه‌و بوه‌ته مایه‌ی به‌خشینی ئیلهام که وڵاتان ده‌توانن چاوی لێبکه‌ن. له موحازه‌ره‌که‌ی که هه‌ر له‌وێ بۆ قوتابیانی زانکۆی ئه‌زهه‌ری، دا، وتی ” ئه‌وه‌ی که ئێوه لیره ده‌یکه‌ن زۆر گرنگه ، چونکه دڵ و گیان ده‌دات به‌وانی تر له جیهاندا که به هه‌مان خه‌بات و تێکۆشانه‌وه مه‌شغوڵن”.
ئه‌مه جگه له هێڕشێکی زۆر گه‌وره دژی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆکی سوریا، که چ دیکتاتۆرێکه ، چۆن ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتوه‌و دوژمنی دیمۆکراسسییه. کامیرۆن له‌م سه‌فه‌ره‌یدا، ده‌رئه‌نجامی قسه‌کانی ئه‌وه بوو که که پێناسه‌ی 4 گروپی کرد، که ئه‌و باوه‌ڕی وایه بڕیار‌و په‌یامی ئه‌مان بۆ به‌زاندنی دیمۆکراسییه:
یه‌که‌میان: Authoritarian Leaders ، سه‌رانی ده‌سه‌ڵات، سه‌رانێک که ده‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌گرن:
له‌م نموونهیهیدا کامیرۆن په‌نجه بۆ قه‌زافی و ئه‌سه‌دو موباره‌ک و بن عه‌لی ، ڕاده‌کێشێت که چۆن ئه‌مانه له‌ژێر ناوی پاراستنی ئاسایش و سهقامگیرێتی وڵاته‌کانیانا ئاماده نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ببن تاکو خهڵکهکانیا لێیان ورووژان و هه‌ڵسانه سه‌رپێ لێیان.
که‌س نکوڵی له‌وه ناکات که ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ڕاسته، به‌ڵام با ته‌ماشایه‌کی هه‌موو ڕژێمه دیمۆکراسیه‌کانی سه‌رجه‌می ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی سکه‌ندناڤیا، هه‌تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئیسرائیل و که‌نه‌داو ئۆسترالیا‌و هیندستان و پاکستان و عێراقی نوێی دیمۆکراسی و زۆربه‌ی زۆری شوێنه‌کانی تر که له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا چه‌پ جێگا به ڕاست ، یا موحافیزکار به پارته له‌یبه‌ره‌کان ( کرێکاران) یا سۆشیال دیمۆکراته‌کان، لیبراڵ به‌وانی تریان، چۆڵده‌کات ، یا حوکمی به‌ره‌یی ئێستای بریتانیای لیبراڵ دیمۆکرات و موحافزین ( تۆری) ، چی له مه‌سه‌له ئه‌ساسییه‌کان گۆڕیوه؟ ئاده‌ی با که‌سێک پێمان بڵێت چ كێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی لابه‌لا کراوته‌وه هه‌ر له به‌تاڵه وه تا قه‌یرانی خانووبه‌ره، گرانی هه‌موو پێداویستیه‌کانی ژیان، ئه‌ی ئازادییه‌کان له ههڵکشانان یا له داشکانان؟.
کامیرۆن خۆشی له هه‌ر هه‌موومان باشتر ده‌زانێت که لێره‌ش هه‌ر یه‌ک ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و هه‌ر ئه‌ویش حوکم ده‌کات که ئه‌ویش پێکهاته‌یه‌که یا تێکه‌ڵه‌یه‌که له بانکه‌کان و سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ده‌سگه جاسوسیه‌کان و پۆلیس و بزنسمانه گه‌وره‌کان . ئه‌مانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتداری حه‌قیقی وڵاته‌که‌ن نه‌ک ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مان، که ئه‌مانه‌ش هیچیان نه به پرۆسه‌ی دیمۆکراسیانهدا ده‌ڕۆن نه له هیچ ڕژێمێکی دیمۆکراتی ئه‌م وڵاتانه‌شدا به هه‌ڵبژاردن گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌یانه. هه‌ر بۆیه‌ش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن شتێک نییه جگه له خۆڵ کردنه چاوی خه‌ڵکی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندیان، نه‌بێت. هه‌تا گریمان ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن، خۆ له یه‌ک بڕیاریاندا له سه‌ر هه‌ر کێشيهک بێت ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵیانبژاردوون، به‌ڵکو خۆیان پاش چه‌ند دانیشتنێک به‌ده‌نگدانی نێوانی خۆیان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و ده‌یکه‌نه یاسا. به‌داخه‌وه‌م که ده‌بێت بۆ جارێکی تریش ئه‌و قسه به‌هاداره دووباره بکه‌مه‌وه که ده‌ڵێت ” گه‌ر هه‌ڵبژاردن شتێکی بگۆڕێیایه، ده‌مێک بوو قه‌ده‌غه کرابوو”. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که خۆزگه به‌وه‌ی تریان بخۆیین، به‌ڵام ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌و به‌چاوی خۆمان ده‌یان بینین.
ئه‌ی هه‌ر ئه‌مان نین که ده‌یانه‌وێت شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌کان کهمکهنهوهو ده‌نگی ناڕه‌زاییکه‌ران کپ بکه‌نه‌وه، هه‌ر پۆلیسی ئه‌مان نه‌بوو خه‌ڵکی بێ‌تاوانیان له خۆپیشانداندا کوشت و خه‌ڵکی تریشیان به سه‌ختی بریندار کرد، هه‌ر ئه‌مان نین که ده‌یانه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌و نوزه نوزه‌ش که له سه‌ندیکال و سه‌ندیکالیسته‌کانه‌وه دێت ببڕن ، ئه‌و تاک تاکه مانگرتنانه‌ش که به ده‌گمه‌ن و به پچڕبچڕی رووده‌دات ، نه‌هێڵن ؟!!! ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌مان هاندهرو کۆمه‌ککه‌ری سه‌ره‌کی بوون به خۆپیشاندانه‌کانی لیبیا‌و تونس و سوریا. به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ورته‌یان لێوه نه‌هات له‌و کوشتن و بڕینه‌ی که ده‌سه‌ڵات له به‌حره‌ین کردی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران. بانێکه‌و دوو هه‌وا.
خۆ له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شیان به پارتی تۆری و له‌یبه‌ریشه‌وه وه‌کو سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیان و هێڵی حیزبی‌یان به به‌رده‌وامی پشتگیری ڕژێمه کۆنه‌په‌رسته‌کان و دیکتاتۆرییه‌کانیان کردوه . هه‌ر دوور نه‌ڕۆین: هه‌ڵوێستیان له ڕژێمی ئه‌میرو شایه‌کانی وڵاتانی که‌نداو، کاتی خۆی و سه‌دام و شای ئێران ، پینۆشێت و مارکۆسی فلیپینی و ڕژێمی پێشینه‌ی ئهندهنوسیاو کۆنگۆو ڕه‌گه‌زپه‌رستی خواروی ئه‌فریقاو گه‌لێکی تر چ له وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و ئه‌فریقاو خواروی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا . ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌کی زۆر که‌من و به‌یادی خوێنه‌ری به‌ڕێزیان ده‌هێنمه‌وه.
دووهه‌م: Corrupt elites ، نوخبه گه‌نده‌ڵه‌کان:
له‌مه‌شیاندا کامیرۆن سه‌رنجی گوێگرانی په‌یامه‌که‌ی به وڵاتی تونس ڕاکێشا، که چۆن فه‌رمانبه‌رێکی تونسی وای له میوه‌و سه‌وزه فرۆشێكی وه‌کو موحه‌مه‌د بووئهزیز کرد تا ئاگر له خۆی به‌رداو خۆی بکاته قه‌ره‌بروت. وتی” گه‌نده‌ڵی به‌شداریکردن له ئابوری و سیاسه‌تدا له‌گه‌ڵ هاووڵاتی بووندا، ڕه‌تده‌کاته‌وه، هه‌روه‌ها له ئیش و کار و هه‌بوونی ده‌نگدا که خه‌ڵکی ده‌یه‌وێت. له‌وه‌ش خراپتر قه‌شمه‌رجاڕی و توڕه‌یی بره‌و پێده‌دات”
له ڕاستیدا کامیرۆن ئه‌وه فه‌رامۆش ده‌کات که گه‌نده‌ڵی له وڵاته‌که‌ی ئه‌وه‌وه په‌خش بووه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش ، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌شی که کۆڵۆنی بریتانیا بوون تا ئێستاش له هه‌ندێکیاندا وه‌کو عێراق و هیندو کینیاو غاناو نایجیریاو میسری پێشوو هتد تا بینه‌قاقه‌یان له گه‌نده‌ڵیدا، چه‌قیوه. گه‌نده‌ڵی له بریتانیادا پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه و له هه‌ندێک بواردا سه‌رتاپای ده‌سگه مه‌ده‌نی و به‌شێک له پۆلیس و سیخوڕه‌کانی خودی خۆی گرتۆته‌وه. هه‌ر ماوه‌یه‌کی که‌م لهمهوپێش بوو که چه‌ند ئه‌فسه‌رێکی پله به‌رزی پۆلیس به هۆی دهستتێکهڵاوکردنیانهوه له‌گه‌ڵ میدیا ئیمپراتۆره‌که‌ی ڕوپه‌رت مه‌ردۆخدا که‌وتنه به‌ر لێکؤڵینه‌وه که تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌مانه له‌گه‌ڵ سه‌رنوسه‌ری هه‌ندێک له ڕۆژنامه‌کانی میدیاکه‌ی مه‌ردۆخدا ده‌ستیان تێکه‌ڵ کردبوو تاکو نهێنی و ڕیکۆردی شه‌خسی هه‌ندێک له که‌سایه‌تییه جیاجیاکانی بریتانیا بده‌ن به میدیاکه‌ی مه‌ردۆخ و ئه‌وانیش یا چاودێرییان بکه‌ن یا چیرۆک و نهێنیه‌کانیان له ڕۆژنامه‌کانیاندا بۆ ڕاکێشانی خوێنه‌ر، بۆ په‌یداکردنی قازانجی زیاتر، بڵاوبکه‌نه‌وه. له سه‌رده‌می حوکمی له‌یبه‌ریشدا که گۆردن براون سه‌ره‌ک شالیاران بوو، پۆلیس ئه‌و زانیاریانه‌ی که هه‌یان بوو له‌سه‌ر حسابی بانقی گۆردن براون و ڕیکۆردی خه‌سته‌خانه‌ی کچه نه‌خۆشه‌که‌ی و هه‌ندێک شتی تریش ، دابویانه هه‌مان میدیا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که پێشتریش ده‌رکه‌وت که پۆلیس چۆن ئه‌و ده‌یتاو ڕیکۆرده‌ی که سه‌باره‌ت به سه‌ندیکالیست و قوتابییه چالاکه‌کان ، که له خۆپیشاندان و مانگرتن و کردنی چالاکی ڕاسته‌خۆدا ، چالاکن و به‌شداری ده‌که‌ن، فرۆشتبویانه‌وه به هه‌ندێک کۆمپانیاو خاوه‌نئیش.ا
ئه‌ی ئه‌و هه‌موو میواندارێتی و خوان دروستکردنه چییه که شه‌خسی کامیرۆن و وه‌زیری داراییه‌که‌یی و ئه‌مینداری دارایی پارته‌که‌ی کردویانه‌و ده‌یکه‌ن بۆ سه‌رۆکی کۆمپانیا گه‌وره‌کان و بزنسمانه گه‌وره‌کان – له وتارێکی تردا به درێژی له سه‌ر ئه‌مه‌و سیسته‌می کۆمه‌کی یاسایی ده‌نوسم- بۆ په‌یداکردنی پاره بۆ پارته‌که‌یان له به‌رامبه‌ر هه‌بوونی ئیمتازو داشکانی باج له‌سه‌ریان. هه‌ر له‌م دوو سێ ڕۆژه‌ی پێشودا بوو که ده‌رکه‌وت سه‌رۆکی کۆمپانیای ته‌کسییه‌کانی له‌نده‌ن،John Griffin ، ده‌یه‌وێت که ته‌کسییه‌کانیان مافی به‌کارهێنانی ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامه‌که‌ی هه‌بێت که هه‌ر بۆ ڕۆیشتنی پاس ته‌رخانکراوه، ناڕه‌زایی دژی بڕیاری شالیاری هۆیه‌کانی هاتووچۆ ده‌ربڕی، سه‌رئه‌نجام ئه‌ویش بڕیاریدا که بیبینێت، که‌چی میدیا ده‌ریخست ، ئه‌و کۆمپانیایه 250 هه‌زار پاوه‌ندیان به پارتی تۆری، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌خشیوه.
گه‌نده‌ڵی به ڕاده‌یه‌ک بڵاوو کۆمۆنه ته‌نانه‌ت له‌م مانگانه‌ی پێشوودا ده‌رکه‌وت که سه‌رۆکی دائیره‌ی داهاتی باجی بریتانی،The Inland Revenue ، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا، له سه‌ر داهاتی ساڵانی ڕابوردوویان که هێشتا باجیان لێنه‌داوه، ڕێککه‌وتبوو، تاکو له‌وه که‌متر باج بده‌ن که ده‌بێت بیده‌ن، دوای ئه‌وه‌ش بۆی کردبوونه قیست. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 3 ساڵ لهمهوپێش ده‌رکه‌وت که گه‌نده‌ڵی گه‌یشتۆته ناو دڵی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته دیمۆکراسییه‌که‌ی که په‌ڕله‌مان بوو ، ئاشکرا بوو گه‌لێک له ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان له گه‌نده‌ڵییه‌وه ئاڵابوون که هه‌تا دوانیان دادگایی‌کران . ئه‌مه نه‌ك له سه‌رده‌می حوکمی کامیرۆندا به‌ڵکو له سه‌رده‌می حوکمی له‌یبه‌ریشدا که تۆنی بلێر و گۆردن براون سه‌رۆک وه‌زیران بوون. من لێره‌دا نامه‌وێت بچمه ورده‌کاری تره‌وه چونکه 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتارێکم له‌ژێر ناوی: گه‌نده‌ڵی به ته‌نها خه‌سڵه‌تی ڕژێمی دیکتاتۆری نییه، بڵاو کرده‌وه. ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که جێگای داخه که گه‌نده‌ڵێک یا دیکتاتۆرێکی وه‌کو کامیرۆن له وڵاتێکه‌وه که ته‌نانه‌ت بناغه‌ی بینای په‌ڕله‌مانه‌که‌ی به پاره‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕاووڕوت و تاڵانی گه‌لانی وڵاتانی کۆڵۆنیکراو، داڕێژراوه‌و دروستکراوه، ئێستا موحازه‌ره ده‌دات له دژی گه‌نده‌ڵی و وانه‌ی ده‌ستپاکی و مۆڕاڵ و دیمۆکراسیه‌ت به خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه ده‌ڵێته‌وه.
دوای مانگرتنه گشتییه‌که‌ی ( 29ی مارچی 2012 ) ئیسپانیا به‌ره‌و کوێ؟
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن، 10. 04. 2012
له حاڵی حازردا فشاری گه‌وره له‌سه‌ر ئیسپانیایه‌و خاڵی لاوازی یورۆو یه‌کێتی ئه‌وروپی ئه‌وێیه. چاوی ئابوریناسه لیبراڵه‌کان و ده‌سگه دراویه گه‌وره‌کانی وه‌ک سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانقی ناوه‌ندی ئه‌وروپی و بانقی جیهانی زۆر به دیقه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئیسپانیا‌و باره ئابوری و سیاسیه‌که‌یه‌تی.
ئێستا قورسایی کێشه‌که، قوڵی قه‌یرانه‌که، ململانێ چینایه‌تییه‌که که‌وتۆته وڵاتێکی تری ئه‌وروپی، که بۆ ده‌سگه دراویه‌کانی جیهانی و ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاته‌کاننیشیان ، له گرنگیدا لایان، له‌گه‌ڵ یۆنان‌دا به‌راورد ناکرێت، که ئه‌ویش ئیسپانیایه.
ڕه‌نگه به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێت بتوانن به‌ناچاری ده‌ستبه‌رداری یۆنان ببن، به‌ڵام بۆ ئیسپانیا پێشدانی هه‌ر بڕیارێک ده‌بێت چه‌ند جارێک بیری لێبکه‌نه‌وه. بۆ ئه‌وان ئیسپانیا یه‌کێکه له وڵاته گرنگه‌کانی ئه‌وروپاو وڵاتانی زۆنی یورۆ، ئابوری ئیسپانیا دوو جار به‌قه‌ده‌ر ئابوری یۆنان و پورتوغال و ئیرله‌نده ، هه‌رسێکیان به‌یه‌که‌وه ده‌بێت. ئه‌مه‌ش یانی له‌ده‌ستدانی ئیسپانیا هه‌نگاوی یه‌که‌م و ڕێگاخۆشکردنیشه بۆ له ده‌ستدانی ئه‌و 3 وڵاته‌ی تر، هه‌ره‌س هێنانی وڵاتێکی گرنکی زۆنی یورۆ سه‌ره‌تا ده‌بێت بۆ کفن و دفن کردنی دراوی یورۆ، بۆیه ته‌رخانکردنی چه‌ندێک قه‌رزی تر به‌هه‌ر جۆرێک بێت له لایه‌ن ده‌سگه دراویه‌کانه‌وه ، بۆ خامۆشکردن و شێنه‌یی کردنه‌وه‌ی بار‌و دۆخه سیاسیی و ئابورییه‌که‌ی ئیسپانیا، له خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه بۆ هه‌ره‌س نه‌هێنانی یه‌کێتی ئه‌وروپی و به‌رده‌وامبوونی یورۆ، کارێکه ئه‌وان ده‌بێت ئه‌نجامی بده‌ن. که‌واته ئاشکرایه ئه‌وه‌ی که یه‌کێتی ئه‌وروپی و ده‌سگه دراویه‌کان له‌م بواره‌دا ده‌یکه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌کانی وه‌ک یۆنان‌و ئیسپانیا‌و پورتوغال و ئیرله‌نده‌و هه‌تا شوێنه‌کانی تریش، نییه، به‌ڵکو بۆ پاراستنی پێسته‌که‌ی خۆیانه که نه‌خورێت، بۆ لاواز نه‌بوونی سه‌رمایه‌داری جیهانی و تێکڕای سیسته‌مه‌که‌یه‌تی.
ئه‌وه‌ی که له سه‌ره‌وه وتم ڕاستییه ، به‌ڵام ئه‌مان ئاماده‌ی ئه‌وه‌ش نین که یارمه‌تی هیچ وڵاتێک به ئیسپانیاشه‌وه بده‌ن به‌بێ مه‌رج و به‌ند. ئه‌م وڵاته ڕووبه‌ڕوی قه‌یرانێکی گه‌لێک زه‌ق و قوڵ بۆته‌وه که له سه‌دا 24 ی هێزی کرێکارانی به‌تاڵه‌ن ، له کاتێکدا ئه‌م ڕێژه‌یه له نێوه‌ندی گه‌نجانی ته‌مه‌ن نێوان 16 و24 دا به پێی دوائامار، سه‌رکه‌وتوه بۆ له سه‌دا 50 . کێشه‌ی ئابوری ئیسپانیا هه‌تاکو کۆتایی ئه‌مساڵیش به‌ره‌و قوڵبونه‌وه‌ی زیاتر ده‌ڕوات که به‌پێی ئابوریناسه‌کان ، نشوونمای ئابوری ئیسپانیا به ڕێژه‌ی له سه‌دا 1.07 داده‌به‌زێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان وا پێشبینی ده‌که‌ن که ئیسپانیا توشی دووجار قه‌یرانی ئابوری ده‌بێت چونکه ئه‌وه‌تا 50 مانگی ڕه‌به‌قه تووشی ئه‌م قه‌یرانه بووه‌و له بری ئه‌وه‌ی له ره‌واندنه‌وه‌دا بێت که‌چی قوڵتر ده‌بێته‌وه. له دروستبوونی سیسته‌می یه‌کدراوی یورۆوه تا ئێستا، ڕێژه‌ی به‌تاڵه ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا له ئیسپانیادا به‌رز نه‌بووه‌و ئه‌و کێشه ئابورییه‌ی به‌و قوڵییه‌ی ئێستا که ڕوبه‌ڕوی بۆته‌وه له مێژوی 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌رییه‌وه تا ئێستا، به‌خۆیه‌وه نه‌یبینیوه.
وه‌کو هه‌موو پارتێکی سییاسی ئۆپۆزیسیونی ئه‌م دنیایه، پارتی خه‌ڵک، The People’s Party ، به کۆمه‌ڵی دروشمی بریقه‌داری هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه و به پاگه‌نده کردنی بۆ 3 ڕیفۆرمی بناغه‌یی ئابوری، له ڕۆژی 20-11-2011 دا، هه‌ڵبژاردنی گشتی برده‌وه‌و جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. ڕیفۆرمی یه‌که‌میان له بازاڕی کار‌و کرێدا واته بازاڕ و هێزی کار زیاتر مرونه‌ی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش یانی خستنه بازاڕی کاڵای زیاتر، به‌لام به مووچه‌ی که‌متر ، کرێی که‌متر قبوڵکردنی ههلو مه‌رجی سه‌ختتری سه‌ر ئیش..هتد . دووهه‌میان : مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانی دراویدا که ئیسپانیا له نوقسانی داراییدا ده‌ژی. ئه‌مه‌ش یانی گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ی زیاتر بۆ بودجه، ئه‌ویش به‌سه‌رخستنی ڕێژه‌ی باج و خولقاندنی باجی زیاتر ، به‌تایبه‌تیکردنی زیاتری که‌رته ده‌وڵه‌تییه‌کان، ده‌سگرتنه‌وه‌ی زیاتر له پاره سه‌رفکردن له قوتابخانه‌کان و زانکۆکان و خه‌سته‌خانه‌کان و شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌کاندا، پرنتکردنی کۆمپیاله و فرۆشتنی بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ‌و به سوویه‌کی به‌رز له‌کاتی وه‌رگرتنه‌وه‌یدا. سێهه‌میش : مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست له‌گه‌ڵ ده‌ڤه‌ری Wayward Region بکات که گوایه ئه‌م ده‌ڤه‌ره پاره‌یه‌کی زۆر که‌وتوه‌و ده‌که‌وێت له‌سه‌ر بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت، به کردنی مامه‌ڵه‌یه‌کی تازه ده‌توانرێت بڕێک پاره‌ی باش بگێڕرێته‌وه بۆ بودجه.
ئه‌م پارته به سه‌رۆکایه‌تی Mariano Rajoy که ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، له‌لایه‌ن لیبراڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارو ئابوریناسه‌کانیشیانه‌وه وا چاوه‌ڕوانده‌کرا که ئه‌م پارته به‌هۆی کردنی چه‌ند ڕیفۆرمێکی ڕادیکالانه‌و ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌وانه‌وه بتوانێت که‌مێک له‌و قه‌یرانه بڕه‌وێنێته‌وه، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا ده‌توانێت قه‌رزی تری ده‌ستکه‌وێت.
پاش تێپه‌ڕینی 3 مانگ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی لیبراڵدا قه‌یرانه‌که به بنبه‌ست گه‌یشت و ده‌ردی ده‌رمانی ئه‌م قه‌یرانه‌ش لای سه‌رجه‌می لیبراڵه‌کان به‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان و ئه‌وانه‌شی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، هه‌ر یه‌ک چاره‌سه‌ره ئه‌ویش زیادکردنی باج و بڕینی پاره له سه‌رجه‌می بیمه‌کان و له دامه‌زراوه خزمه‌تگوزارییه‌کان، گوایه کردنی ئه‌مانه ده‌بێته دابه‌زینی ڕێژه‌ی قه‌رزه‌کانی و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی نشونمای ئابوری و داهاتی نه‌ته‌وه‌یی.
ماوه‌یه‌کی زۆر لهمهوپێش نه‌بوو که ئیسپانیا به بڕی 15 ملیار یورۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی کردبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بار‌و دۆخه‌که‌ی به‌ره‌و خراپتر برد بۆ نموونه : خه‌ڵک زیاتر بێکار بوو ، باجی زیاتر هاته کایه‌وه، نرخی پێداویستییه‌کانی ژیان زیاتر سه‌رکه‌وت هه‌تا کاره‌با به ڕێژه‌ی له سه‌دا 7 چوه سه‌ره‌وه چونکه سه‌رفیاتی کاره‌با به‌هۆی داخستنی کارگه‌و شوێنه‌کانی سه‌ر ئیشه‌وه به ڕێژه‌ی له سه‌دا 17 هاتۆته خواره‌وه، نرخی غازیش به ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 5 هه‌ڵکشا، که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌ی هه‌ندێک له کرێکاران و فه‌رمانبه‌رانی که‌رته‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت له ساڵی 2010 و 2011 دا به ڕاده‌ی له سه‌دا 5 ، و هه‌ڵپه‌ساردنی زیادکردنی مووچه‌ش بۆ هه‌موو کرێکارانی که‌رتی ده‌وڵه‌تی هه‌تا ساڵی 2013، به‌ڵام چاوپۆشین له کۆمپانیه گه‌وره‌کان له نه‌دانی ته‌کسی ته‌واودا، به‌گرتنه‌به‌ری جۆره‌ها فێڵ و حیله .
بێگومان کردنی ئه‌م ڕیفۆرمانه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ی که ده‌یویست فه‌شه‌لی هێناو نه‌یتوانی بڕی قه‌رزه‌کانی بێنێته خواره‌وه بۆ ڕێژه‌ی له سه‌دا 5.8 ،که ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش له لایه‌ن ده‌سگه دراوییهکانو یه‌کێتی ئه‌وروپییه‌وه بۆی دانرابوو.
که دوه‌ڵه‌ت بێ‌ئومێد بوو له چاککردنی باری ئابوری وڵات، به ناچاری بۆ جارێکی تر ڕوی له یه‌کێتی ئه‌وروپی و ده‌سگه دراویه‌کانی، نا، تاکو به بڕی 41 ملیار یورۆی تر، قه‌رزی پێبدرێت، ئه‌وانیش داواکه‌یان قبوڵ کرد، ئیتر هه‌ر وه‌کوو هه‌موو جاره‌کانی پێشتر بڕیاڕ درا ده‌وڵه‌ت هه‌مان پرۆسێس بگرێته به‌ر له پاڵ ده‌ستکاری کردنی یاسای کرێ و کرێکاران به گۆڕینی هه‌لومه‌رجه‌کانی سه‌رکارو کرێ و گه‌لێکی تر له‌گه‌ڵ ئاسایی کردن‌و ئاسانکردنی ده‌رکردنی کرێکاران و فه‌رمانبه‌راندا. مه‌رجی ده‌سگه دراویه‌کانیش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسپانیا که‌مکردنه‌وه‌ی نوقسانی دارایی به ڕێژه‌ی له سه‌دا 5.3 که هه‌مان مه‌رج بۆ ئیرله‌نده له سه‌دا 2.6 بۆ پورتوغال له سه‌دا 2.09 یه.
له به‌رامبه‌ر کردنی ئه‌و ڕیفۆرمه‌دا یه‌کێک له ئابوریناسه به‌ناوبانگه‌کانی ئیسپانی به‌ناوی پڕۆفێسه‌ر Luis Goricano وتی ئه‌مه Impossible mission واته په‌یامێکی مه‌حاڵه.
وه‌ڵامی کرێکاران و زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکانی تریش که جگه له زیانی زیاتر هیچی تریان ده‌ستناکه‌وێت له به‌رامبه‌ر قه‌رزکردنی پاره‌ی زیاتر‌و کردنی ڕیفۆرمی نوێ‌دا، چوونه سه‌رجاده‌ی ملوێن خه‌ڵک و ڕاگه‌یاندنی مانگرتنی گشتی، بوو له ڕۆژی 29/03/12 ، که ئه‌مجاره‌یان سه‌پۆرتی مانگرتن و خۆپیشاندانه‌که له دوو مانگرتنه پێشوه‌که‌ی تری ساڵانی 2001 و سێبه‌ته‌مبه‌ری 2010 ، زۆر زیاتر بوو .
ئێستا ئیسپانیا له ژێر چاودێرییه‌کی ورددایه هه‌موو ههنگاوێکی و هه‌موو پێوه‌رێک که ده‌سه‌ڵات ده‌ینێت و ده‌یگرێته‌به‌ر به‌کاتژمێر و به ڕۆژ له لایه‌ن یه‌کێتی ئه‌وروپی و سه‌رجه‌می ده‌سگه دراویه‌کانه‌وه لێکده‌درێته‌وه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، تاکو بزانرێت ئیسپانیا به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات. هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه‌ش چاودێریکردنی ئاستی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکیش و کاردانه‌وه‌یان بۆ ئه‌م سیاسه‌ته ئابوریه‌ی ده‌وڵه‌ت، تاکو بزانن به‌ره‌و کوێ مل ده‌نێت.
ئه‌زمونه‌کانی پێشتر چ له سه‌ر ئاستی خودی وڵاتی ئیسپانیا‌و چ له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌می وڵاتانی ئه‌وروپا و ئاماره‌کان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که ئه‌م ڕیفۆرم و ده‌ستگرۆیی کردنه‌ی ئیسپانیا به‌ره‌و بارێکی باشتری نابات جگه له زیاتر قوڵبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌که، له کاتێکدا باری ئابوری ئه‌وروپا و وڵاتانی زۆنی یورۆ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات . بۆ نموونه ئابوری وڵاتانی زۆنی یورۆ له 3 مانگی ڕابوردوودا به ڕێژه‌ی له سه‌دا 0.5 داکشاوهو له ئایندهی نزیکیشدا به‌ره‌وه باشتر ناڕوات، ڕێژه‌ی تێکڕایی به‌تاڵه‌ش له هه‌مان وڵاتاندا به بڕی له سه‌دا 10.8 ، ئه‌م ڕێژه‌ی بێکارییه‌ش له ئیسپانیا‌و یۆنان‌دا له نێوانی گه‌نجانی ته‌مه‌ن 16 و 24 ساڵدا له سه‌دا 50 یه. له‌به‌ر خراپبوونی باره ئابوریه‌که جێگای سه‌ر سوڕمان نییه که هه‌ندێک له ئابوریناسه‌کان پێشنیاری ئه‌وه ده‌که‌ن که دوو جۆر یورۆ هه‌بێت، یه‌كێکیان بۆ وڵاتانی ئابوری به‌هێز به ڕابه‌رایه‌تی ئه‌ڵمانیا ، ئه‌وی تریشیان بۆ وڵاتانی ئیسپانیا‌و ئیرله‌نده‌و یوێنان و پورتوغال و ئه‌و وڵاتانه‌ی تریش که له دواییدا دێنه ڕیزه‌وه. له لایه‌کی تریشه‌وه بانقی سه‌ره‌کی ئه‌مه‌ریکی ، The US Federal Reserve Bank له ئێستادا چیتر ئاماده نییه قه‌رز بدات. هه‌روه‌ها له ڕۆژی 04-04-12 شالیاری دارایی ئیسپانی،Luis de Guindos ، له دیمانه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ده‌نگووباسی ڕۆیته‌ردا وتی: گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ک که وڵاته‌که ڕووبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه ئه‌و بڕوایه‌یه که مه‌درید ناتوانێت نوقسانی بودجه بێنێته خواره‌وه بۆ ڕێژه‌ی له سه‌دا5.3 .
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نن که چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له ده‌ستی ئه‌واندا نیه‌و ئه‌وان عاجزن له حه‌لیدا، بۆیه ئه‌وه‌ی که زیاتر بارودۆخه‌که ده‌گۆڕێت و چاره‌سه‌رێک بۆ سه‌رجه‌می کێشه‌کان داده‌ننێت بێگومان ده‌سگه دراویه‌کان و دۆکته‌رینی لیبراڵه‌کان به هه‌موویانه‌وه، نیه، به‌ڵکو ناڕازاییه‌کانی خه‌ڵک و پێشه‌وچوونی بزوتنه‌وه‌که‌یانه ، که ئه‌مه‌ش له ئێستادا پێشبینی لێکردنی گرانه که ئایه به‌ره‌و لاوازی ده‌ڕوات یا به‌ره‌و به‌هێز بوون، تاکو بتوانێت ببێته دینه‌مۆیه‌کی بزوێنه‌ر له به جه‌ماوه‌ری کردنی زیاتری بزوتنه‌وه‌که‌و – ناڵێم ڕاماڵینی سیسته‌می کاری کرێگرته- به‌ڵام کردنی چه‌ند گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی.
سه‌روه‌ری یاسا و دادگە، كه‌مپه‌ینی دهستبهسهراگرتنهكهی له‌نده‌نی بڵاوه پێكرد، ئەوەش شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 28.02.2012
ئەو كەمپەینەی كە لە ڕۆژی 15.10.2011 دەستیپێكرد و نزیكەی 4 مانگ و نیوی خایاند، سەرلەبەیانی زووی ئەمڕۆ ،28.02.2012 ، كۆتایی هات.
لە دەوروبەری كاتژمێری 12.30 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆدا ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیس بە هەموو پێویستییەكانی لێدان و شەڕەوە بە هەڵوێستێكی شەڕەنگێزانەوە لەگەڵ ئامادە بوونی ژمارەیەكی زۆری تری پۆلیس بۆ كاتی پێویست و بە یارمەتی ژمارەیەك لە كارمەندانی دیکە بۆ یارمەتیدانی پۆلیس كە پێیان دەڵێن Bailiffs هەڵیانكوتایە سەر كەمپەكە و تەنها پێنج خولەكیان مۆڵەت بە خه‌ڵكه‌كه دا، تاكو شوێنەكە بەجێبهێڵن. لەهەمان كاتدا خۆیان كەوتنە هەڵوەشاندنەوەی هەموو چادرەكان و هەرچییەك لەو ناوەدا هەبوو. سەرئەنجام پاش سووكه شه‌ڕێك و دەستگیركردنی 20 كەس و برینداربوونی چەند كەسێك كەمپەكە چۆڵ كرا.
شایانی باسە كە بزنس (كۆمپانیا گەورەكان) و خاوەن زەوییەكە و كەنیسە هەر لە سەرەتاوە دەیان ویست ئەو كه‌مپه‌ینه له‌وێدا ههڵكهنن، هه‌رچه‌نده لە دواییدا كەنیسە لە ژێر فشاری خەڵكانی خۆیی و دەرەوەی خۆیدا لەو بڕیارە كشایەوە. بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كه‌مپه‌ینه‌كه كۆمپانیاكان و خاوه‌ن زه‌وییه‌كه سکاڵای یاسایی‌یان لە دادگەدا بە بیانووی پیسوپۆخڵی كەمپەكە، زیادبوونی دز ی‌و تاوان لەو ناوەدا، ڕێگرتن لە سەردانیگەرانی كه‌نیسه و خەڵكانی ئاسایی لە كاروباری ڕۆژانەیاندا، نه‌بوونی ئاسایش و پهیڕهوینهكردنی پلانی سه‌لامه‌تی هەروەها بیانووی ناشیرینی دیمەنی كەمپەكهش، تۆمار كرد. گەرچی لە دادگەدا لەلایەن پارێزەری كەمپەكەوە بە بەڵگەنامەوە هەموو بیانووەكانی بزنس و خاوەن زەوییەكە، ڕەتكرانەوە، سەرەڕای ئەوەش دادگە لە ڕۆژی 20.02.2012 بڕیاری ئەوەی دا كە دەبێت شوێنەكە چۆڵبكرێت و هیچ شوێنەوارێكی كه‌مپه‌ینه‌كه نەمێنێت، ئیتر پۆلیسیش سەرلەبەیانی ئەمڕۆیان بە هەل و كاتێكی باش زانی له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگەدا بۆ هێڕش كردنە سەر كەمپەكە.
هه‌ڵبه‌ته من لێره‌دا باس له چونیەتی دروستبوون و ئامانجی ئه‌و كه‌مپه‌ینه ناكه‌م ، چونكه ئه‌مه له كاتی خۆیدا له وتارێكدا، بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا ده‌مه‌وێت بیڵێم كۆتاییهێنانی كەمپهینهكهیه گه‌رچی جێگەی داخه، به‌ڵام ئه‌م سه‌رئه‌نجامه‌ش، واته به‌ده‌رنانیان له‌و شوێنه به به‌كارهێنانی یاسا و زۆری پۆلیس له ژێر فشاری بزنس و كۆمپانیا گه‌وره‌كاندا ، كارێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو.
له‌گه‌ڵ تهمهنكورتی ئه‌م شێوه‌یه‌ی ئەمجارە له خه‌باتدا، كه كاری ڕاسته‌وخۆ بوو، به‌ده‌ر له كۆنترۆڵی پارت و ڕێكخراوه سیاسیه‌كان ، گرتنه‌به‌ری ئه‌م جۆره چالاكیانه ،كاریگه‌ری خۆی هه‌یه و ئه‌زموونێكی باشیشه بۆ كوردستان و شوێنه‌كانی دیکەی وه‌كو ئه‌وێ ، كه كاری ئاوا به‌ده‌ر له خواستی پارته‌كان و سەركرده ناودار و ناسراوه‌كان به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه درێژخایه‌ن نه‌بوو، هه‌روه‌ها نه‌بووه بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ، به‌ڵام به‌ڕای من، ئامانجی خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌و قه‌واره بچووكه‌ی خۆیدا پێكا ، وەكو: هایلایتكردنی به‌ربه‌ریه‌تی ئه‌م سیسته‌مه، وه‌ك كه‌مپه‌ینێكی گه‌وره‌ی پڕۆپاگه‌نده بۆ خواسته‌كانی كه‌مپه‌ینه‌كه به ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكانێكی زۆر ، چالاكییەك كە له ده‌ره‌وه‌ی خواستی پارت و ڕێكخراوه سیاسییه‌كان به چه‌پ و ڕاست و لیبراڵیانه‌وه، ئەنجامدرا ، به‌كارهێنانی دیمۆكراسی ڕاسته‌وخۆ له ده‌ركردنی بڕیار و كردنی چالاكییه‌كانیاندا، په‌یڕه‌ویكردنی پرسی ئاسایش و سه‌لامه‌تی خودی خه‌ڵكانی كه‌مپه‌كه و سەردانیگەرانی، نانه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی گه‌وره و دروستكردنی مشتومڕێكی پەیگیرانەی له نێوانی پیاوانی كه‌نیسه سەبارەت بە خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه كه ئایا كه‌نیسه ده‌بێت چ لایه‌ك هه‌ڵ ببژێرێت ؟ واته له‌گه‌ڵ هه‌ژاران و به‌ش خوراواندا بێت یا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندان و زۆرداران و ده‌سه‌ڵاتداراندا؟ په‌ره‌دان به گیانی به‌یه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و كاركردن به هه‌ره‌وه‌زی و دابه‌شبوونی كار و فه‌رمانه‌كان به‌ڕێكوپێكی، به‌ئاگابوونی زیاتر له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و نیشتەجێی و ڕۆشنبیری و سیسته‌می په‌روه‌رده‌كردن له به‌ریتانیا و په‌یوه‌ستبوونی زیاتر به كۆمۆنێتهكانهوه و كاركردن له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌مانه له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی شاره‌زاوه كه له گۆڕه‌پانی كه‌مپه‌كه یا له‌ناو چادرێك كه هه‌ر بۆ موحازه‌ره‌دان بوو، تیشكیان ده‌خرایه سه‌ر، ڕێزگرتن له ڕای جیاوازی یه‌كتری و هه‌بوونی هه‌موو ئازادییه‌ك له ڕاده‌ربڕین و به‌كارهێنانی مایكرۆفۆنه‌كاندا، هه‌بوونی قاوه‌خانه و چێشتخانه و كتێبخانه و چادری فریاگوزاریی له هه‌بوونی كێشه‌ی ته‌ندروستیدا، شوێنی ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌ی كه‌مپه‌كه و چادری به ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكی له مافی یاساییان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پۆلیس و دادگەدا، ئه‌مانه و گه‌لێكی دیکە، كه هه‌ر هه‌موویان ئه‌زموونێكی گه‌وره‌بوون به‌ڵام له شوێنێكی بچو‌وكدا، كه ده‌بن و بوونه‌ته وانه‌یه‌كی به سوود بۆ هه‌موو لایه‌كمان.
ئه‌وه‌ی كه من لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی زیاتری بخەمە سەر ته‌نها دوو خاڵه:
خاڵی یه‌كه‌م : یاسا و سه‌روه‌رێتی یاسا، كه له وڵاتێكی وه‌كو بریتانیادا چۆن بووه‌ته كۆت و زنجیرێك و ئاڵاوه‌ته گه‌ردنی هه‌موو ئازادیخوازان و ئه‌وانه‌ی كه بیانه‌وێت هه‌ر به حاڵ نه‌ك ته‌نها گۆڕانكارییه‌كی بچووك بكه‌ن، به‌ڵكو گه‌ر بیشیانه‌وێت ده‌ستی بۆ به‌رن و بیری لێ بكه‌نه‌وه. هه‌ر به‌م یاسایه، ده‌توانرێت هه‌موو كار و چالاكییه‌كانیان پێ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه ، خۆ هه‌ر پێیه‌كیش خوار دابنێن ، پۆلیس ده‌توانێت به پاڵه‌په‌ستۆ به‌ره‌و پۆلیسخانه و دواتریش داداگە، ڕاپێچیان بکات.
له ئه‌مڕۆی بریتانیادا ، سه‌روه‌رێتی یاسا، بوار و قه‌واره‌ی ئازادی و سه‌رجه‌می چالاكییه‌كانی وا بەرتهسك كردۆته‌وه كه ئەستەمه له ژێر سایه‌ی یاسادا بتوانرێت شتێك بكرێت كه ئه‌نجامێك بداته ده‌ست . چونكه ڕه‌نگه سه‌روه‌رێتی یاسای پێ له‌كه‌دار و له‌ق بكرێت، كه ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و بزنسه‌وه قه‌بوڵ ناكرێت، ئیدی هه‌ر له په‌خشكردنی بانگه‌وازێكه‌وه ، كردنی لفلێتینێكهوه لە به ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكی لە كێشەیەك، تا خۆپیشاندانێكی بچووك، گردبوونه‌وه له سه‌ر شۆسته‌یه‌ك له‌به‌رده‌می دوكانێكدا ، له‌به‌رده‌می ئۆفیسێكدا، كه‌نیسه‌یه‌كدا ، مزگه‌وتێكدا، كردنی پرۆتێستێكی بچووك له هه‌ر شوێنێكدا، مانگرتن و پشتیوانی و به ده‌مه‌وه‌چوونی مانگرتنێكهوه له‌لایه‌ن كرێكاران كارگه‌رانی دیکەوه، نووسینێك، كۆبونه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت بە هاندانی خه‌ڵكی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌رێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ، یا پڕوپاگه‌نده‌كردن دژی لایه‌نێك، دژی كه‌سێكی پله‌و پایه‌دار كه ڕه‌وایه ئه‌مه‌ی دژ بكرێت، دژی قاوه‌خانه‌یه‌ك، چێشتخانه‌یه‌ك یا شوێنێكی وه‌كو مه‌كدۆناڵد، بهرگهركینگ و گه‌لێكی دیکە. ئیتر هه‌ر له ژێر ناوی پاراستنی ئاسایش، نانه‌وه‌ی پشێوی ، به‌رگرتن له هاتوچۆی خه‌ڵكی كه ڕه‌نگه ببیته هۆی نوچدانی زه‌لامێك له كاتی تێپه‌ڕبوونیدا، یا بە بیانووی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ی ده‌كرێت له‌سه‌ر زه‌وی یا له‌به‌رده‌م موڵكی تایبه‌تی كه‌سانێكدا یا كۆمپانیایهكدایه .
بەم شێوەیە ئه‌و یاسایه‌ی كه هه‌یه ئه‌وه‌نده بیانوو ده‌داته ده‌ست پۆلیس و دادگە و ده‌سه‌ڵات، كه هه‌رچۆن بجوڵێیته‌وه به یه‌كێك له به‌نده‌كانی ئه‌و یاسایه ده‌توانرێت باڵبه‌ست و په‌لبه‌ست بكرێیت و ناویشت لای پۆلیس بچێته لیستی ڕه‌شه‌وه ، دواتریش خۆ ئەگه‌ر چاودێریش نه‌كرێی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ئه‌وه بێگومان پەروەندەیەكت له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆ دروست دەکرێت.
شایانی باسه گه‌ر لێره‌دا بڵێم به‌تایبه‌تیكردنی شوێن و كه‌رته گشتییه‌كانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت، لایه‌نه خراپه‌كانی هه‌ر ئه‌وانه نین كه گه‌لێكمان ده‌یانزانین، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ده‌توانرێت كه ڕاوه‌ستانی خه‌ڵك یا كردنی پرۆتێستێك له به‌رده‌میاندا، له ڕوی یاساییه‌وه به كارێكی نایاسایی و قه‌ده‌غه‌كراو دابنڕێت له‌ژێر به‌ند و بڕگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و شوێنه موڵكی خه‌لكه ، واته موڵكی تایبه‌تییه. ته‌نانه‌ت گه‌لێك شەقام و كۆڵان له بریتانیادا، پیاسه‌كردن یا ڕۆیشتن به‌ناویاندا قه‌ده‌غه‌یه، چونكه تایبه‌تییه.
كه‌چی سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه كه ئۆپۆزۆسیۆنی هه‌موو وڵاتان به كوردستانیشه‌وه به شان‌و و باڵی یاسا و سه‌روه‌رێتی ئه‌و یاسایه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن، كه ئێمه لێره به‌ده‌ستییه‌وه گیرمان خواردووه، خه‌ڵكه هه‌ژاره‌كه‌ش دوایان ده‌كه‌ون بەبێئهوهی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه یاساش وه‌كو هه‌موو شتێكی دیکە له‌م جیهانه‌دا، چینایه‌تییه.
دووهه‌م: بڕیاره‌كه‌ی داداگە به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌مپه‌ینه و بڵاوه‌پێكردنیان ، وه‌كو له‌سه‌ره‌وه باسم كرد ، كارێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو، له هه‌مان كاتیش‌دا نابێت نائومێدیمان بداتێ، به‌ڵكو له بری ئه‌وه ده‌بێت خاڵی لاوازی بزووتنه‌وه‌كه‌مان بزانین و ببێته ده‌رسێك بۆمان، تاكو له داهاتوودا سوودی لێ وه‌رگرین.
به‌ڕای من بەتەنها گردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی له شوێنێكدا و چووونه سه‌رشه‌قامه‌كان و خۆڕێكخستنیان له‌وێ، بەس نییه، چونكه كه‌سێك ناتوانێت بزانێت چاره‌نووسی كردنی چالاكییه‌كی درێژخایه‌ن ، مانگرتن و خۆپیشاندانێكی چه‌ند ڕۆژی یا بزووتنه‌وه‌یه‌ك، به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و چی به‌سه‌ردێت، چونكه هه‌موو ئه‌و چالاكییانه پابه‌ندن به چه‌ند هه‌لومه‌رجێكی خۆیی و بابه‌تییه‌وه، كه له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌بوونی ئه‌م هه‌لومه‌رجانه‌ش قابیلی ئاڵوگۆڕو چڕ بوونه‌وه‌ی بار‌و دۆخ و زهمینهكهن.
ئه‌وه‌ی كه به پله‌ی یه‌كه‌م گرنگه و ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكرێت ، خۆڕێكخستنی خودی خه‌ڵكی خۆیه‌تی پێشهاتنە سەر شەقامیان سه‌باره‌ت به پێداویستیه‌كانی ژیانیان. به واتایه‌كی دیکە باشتره كه خۆ ڕێكخستنیان هانیان بدات بچنه سه‌ر شه‌قام یا هه‌ستان به هه‌ر چالاكیه‌ك ، زیاتر له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی له‌سه‌روبه‌ندی لێکشاوهكهدا خۆیان ڕێكبخه‌ن . گه‌رچی خۆڕێكخستن له كاتی ڕودانی ڕوداوه‌كاندا كارێكی باش و گه‌لێك پۆزەتیڤە به‌ڵام خۆڕێكخستن له‌و قۆناخه‌دا ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه كارێكی گران و ئاڵۆز ده‌بێت به‌پێی تێپەربوونی ڕوداوه‌كان به په‌له، هه‌میشه‌ش ئاوه‌ڵا ده‌بێت بۆ كه‌رت بوون و دەستەمۆكردن و كۆنترۆ كردنییان له‌لایه‌ن پارت و ڕێكخراوه سیاسییه‌كانه‌وه ، كه به ڕێكخراوه‌یی دێنه سه‌ر شەقام و ده‌شزانن چی‌یان ده‌وێت و ده‌مێكیشه له ئاماده‌باشی ئه‌وه‌شدان.
من لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌وه بكه‌م كه پێش ئه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان ڕامان كێشێنه سه‌ر شه‌قام، ده‌بێت چی بكه‌ین و چۆن خه‌ڵكی خۆی ڕێك بخات پێش هاتنه سه‌ر شەقام ، چونكه من ئه‌مه‌م له بابه‌تێكی تایبه‌تیدا له ژێر ناوی بۆچی دروستكردنی گروپه لۆكاڵییه‌كان زه‌رورییه؟ لە مانگی ڕابوردوودا بڵاوكردەوە و به درێژی لەسەری دوواوم.
ده‌ردی یۆنان به ده‌رمانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی چاره‌سه‌ر ناکرێت
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 13/02/12
مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ڕابوردوو بابه‌تێکم سه‌باره‌ت به‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی ئه‌وروپا به گشتی و یۆنان و ئیتالیا به تایبه‌تی، له ژێر ناوی : ئایا گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان ئه‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی که ئه‌وروپا تێی که‌وتوه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، بڵاوکردوه ، ئێستاش پاش 4 مانگ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و بار‌و دۆخه‌داو به‌رده‌وامبوون له حوکمڕانی ده‌موچاوه تازه‌کاندا نه‌ک هه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نه‌کرد به‌ڵکو له ڕاستیدا کێشه‌کانی زیاتر قوڵ کردۆته‌وه‌و گه‌یاندویه‌تییه قۆناغی لابه‌لاکردنه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی.
ئه‌مه‌ی که له‌سه‌ره‌وه وتم ئاماژه‌کردن نییه به‌وه‌ی که گوایه ئه‌وه‌ی من وتومه ئاوا ده‌رچوو یا وادهردهچێت، چونکه نه من پێشبینییه‌کی تازه‌م کرده‌وه و نه شتێکی جیاشم له قسه‌و بۆچونی سه‌ده‌ها هه‌زاران که‌سانی تر له خه‌ڵکه ئاسایییه‌که، وتووه، به‌ڵام نه‌ک سیاسیی و ئابوریناسه لیبراڵه‌کان . ئه‌و ڕه‌وته‌ی که ئێستا یۆنان ده‌یگرێته به‌رو دواتریش پورتوغال و ئیسپانیا‌و ئیتالیا‌و هه‌ندێکی تر له وڵاتانی ئه‌وروپا به دوایدا، چاوه‌ڕوانکراوه.
بانقی ناوه‌ندی ئه‌وروپی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌کێتی ئه‌وروپا، به هه‌رسێکیان ، شه‌ڕێکی گه‌لێک سه‌ختیان به‌سه‌ر نزیکه‌ی سه‌رجه‌می خه‌ڵکی یۆنان‌دا، سه‌پاندووه ، ئیدی خه‌ڵکی ڕێگایه‌ک یا هه‌ڵبژێرێکی تریان له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و که‌وتنه جه‌نگی شه‌ڕی مان و نه‌مانه‌وه. ئاخر له وڵاتێک‌دا که ڕێژه‌ی به‌تاڵه له نێوان گه‌نجانی ته‌مه‌ن 16 بۆ 24 له سه‌دا 43 بێت ، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش له سه‌دا 20.9 بێت و گه‌شه‌ی ئابوری له‌م وڵاته‌دا به به‌راورد له 4 ساڵ لهمهوپێش له سه‌دا 16 دابه‌زیبێت و سێیه‌کی دانیشتوانه‌که‌ی به هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌و فشاری ده‌سگه و دامه‌زراوه دراوییه‌کانه‌وه فڕێدرابێته ژێر هێلی برسێتییه‌وه. وڵاتێک که سه‌رتاپای سه‌روه‌ت و سامانی له ههڕاجدا بێت یا بخرێته ڕه‌هنی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی ئه‌م ده‌سگه دراوییانهوه، ئیدی ده‌بێت چ ڕێگاچاره‌یه‌کی تری له‌به‌رده‌مدا مابێت بێجگه له به‌گژاچوونه‌وه و به‌رگری کردن له ژیانی، له مانه‌وه‌ی ، له که‌رامه‌تی.
دوو ساڵ به‌ر له ئێستا یۆنان به بڕی 109 ملیار یۆرۆ بۆ قورتار بوونی له قه‌یرانه‌که‌ی، قه‌رزی درایه. بێگومان قه‌رزه‌که به‌سترایه‌وه به کۆمه‌ڵێک مه‌رج و به‌ندی قه‌به‌و نابه‌جێوه، تاکو یۆنان بتوانێت ئابورییه‌که‌ی ببوژێنێته‌وه. به‌ڵام وه‌کو ده‌رکه‌وت قه‌رزه‌که بارودۆخه‌که‌ی به‌ره‌و خراپتر برد، بۆیه یۆنان ناچار بوو که داوای قه‌رزێکی تر بکات، سیاسییه‌کان و ته‌کنۆکراته‌کانی ده‌سگه دراویه‌کانیش بڕیاریان دا که به‌بڕی 109 ملیار یورۆی تر ده‌ستگرۆیی یۆنان بکه‌ن، ئه‌م ڕه‌ده‌ڵ و بهدهڵهش بڕیار بوو له کۆتایی ساڵی ڕابوردوودا سه‌ربگرێت و یۆنانیش له سایه‌ییدا بکه‌وێته سه‌ر پێی خۆی. به‌ڵام ئه‌م ده‌ستی ده‌ستی پێکردنهو دانانی کۆمه‌ڵێک به‌ندو مه‌رجی تازه، وایکرد که تا ئێستاش ئه‌و کۆمه‌که نه‌گاته ده‌ستی ده‌وڵه‌تی یۆنان.
یه‌ک ساڵ وتووێژ له نێوانی فه‌رمانڕه‌وایانی یۆنان و سیاسییه‌کان و ده‌سگه دراویه‌کان و زیاتر خراپ بوونی بار‌و دۆخی ئابوری که له‌سه‌ر لێواری هه‌ره‌سهێنانه ، سه‌رئه‌نجام سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆکی پارته‌کان و شالیاری دارایی، به‌م شه‌رته تازانه‌ی ده‌سگه دراوییه‌کان ڕازی بوون، وه‌کو: پاشه‌که‌وتکردنی 3.3 ملیار یورۆ به که‌مکردنه‌وه‌ی لایه‌نی خواروی کرێی کار به ڕێژه‌ی له سه‌دا 22 ، له ماوه‌ی 3 ساڵدا ده‌رکردنی 150 هه‌زار کارمه‌ندو کرێکار له که‌رته‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت، دابه‌زاندنی مووچه‌ی کرێکاران و کارمه‌ندان و پاره‌ی خانه‌نشینی و زیاد کردنی باج بۆ جاری دووههمو دانه‌وه‌ی قه‌رز به‌بڕی 14.5 ملیار یورۆ که یۆنان ده‌بێت هه‌تا 20-03-12 ئه‌م بڕه قه‌رزه بدات.
دوێنێ شه‌و، 12-02-12 ، په‌ڕله‌مانی یۆنان له وتووێژێکی درێژ‌و ئازاراویدا بۆ ده‌نگدان به وه‌رگرتنی قه‌رزه‌که، له لایه‌ن سه‌رۆک شالیارانه‌وه، که شالیاری دارایی و سه‌رۆکی پارته‌کانیش هه‌موویان ڕێکن له‌سه‌ر ئه‌وه ، پێیان ڕاگه‌یه‌نرا: که ده‌نگ نه‌دان یانی داخستنی قوتابخانه‌کان و خه‌سته‌خانه‌کان، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، نه‌دانی کرێی کار‌و موچه‌و پاره‌ی خانه‌نشینی ، یانی ئیفلاس بوونی یۆنان، ده‌گه‌یه‌نێت. به‌م قسه حهماسیانهو له‌پاڵ هه‌ڕه‌شه‌کردن له هه‌ر ئه‌ندامێکی په‌ڕله‌مان که سه‌ر به پارته‌کانی فه‌رمانڕه‌وان، به دوور خستنه‌وه‌یان گه‌ر ده‌نگ بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه نه‌دات. سه‌رئه‌نجام 199 له کۆی 300 ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان ڕازی بوون به مه‌رجه‌کانی قه‌رزه‌که‌و جێبه‌جی کردنی سیاسه‌تی ده‌سگه دراوییه‌کان له به‌رامبه‌ر 74 ده‌نگ که دژی وه‌ستانه‌وه.
هه‌ر دوابه‌دوای ده‌نگدانه‌که بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی 43 ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان که به‌شێکی زۆریان شالیارن، که 20 یان سه‌ر به پارتی پاسۆکن و 23 که‌ی تریان سه‌ر به پارتی دیمۆکراسی نوێن، درا . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که پێشتر 5 له شالیاره‌کان وکو وه‌رگرتنی هه‌لوێست سه‌باره‌ت به ڕازی بوونی حکومه‌ت به مه‌رجه‌کانی ده‌سگه دراویه‌کان، ده‌ستیان له کار کێشایه‌وه.
هه‌رچیش له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی په‌ڕله‌مان بوو خۆپیشانده‌ران له هه‌موو کۆمه‌ڵ و توێژاڵه جیاجیاکانه‌وه ناڕه‌زایی و دژایه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به په‌ڕله‌مان، ده‌رده‌بڕی، به‌شێک له‌مانه‌ش به‌ناچاری که‌وتنه شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه له‌گه‌ڵ پۆلیسدا و زیاتر له 40 پۆلیس بریندار بوون و هه‌روه‌ها زیاتر له 40 بیناو دوکانی جیاجیاش ئاگری لێکه‌وته‌وه.
له‌گه‌ڵ قوڵ بوونه‌وه‌ی کێشه‌که‌دا ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران و کۆمه‌ک پێکهرانیان ڕۆژ به ڕۆژ له زیاد بووندایه. ڕۆژی هه‌ینی ڕابوردوو، 10-02-12 نیقابه‌ی پۆلیس ئیننزارێکی بۆ پیاوانی ته‌کنۆکراتی ده‌سگه دراویه‌کان، به تایبه‌ت به‌رپرسه‌کانی ده‌سگه‌ی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ، ده‌رکردوه‌و داوای له داوه‌رو دادگا کردوه که ئه‌مری گرتنیان سه‌باره‌ت به‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی که به‌رامه‌به‌ر به خه‌ڵکی یۆنان، کردویانه، ده‌ربکه‌ن. ئه‌م نیقابه‌یه که نوێنه‌رایه‌تی دووبه‌ش له سێ به‌شی پۆلیسی یۆنان ده‌کات، له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کدا که هه‌ر ئه‌و ڕۆژه ده‌ری کردوه ده‌ڵێت” له کاتێکدا که هه‌ر به‌رده‌وامن له سه‌ر سیاسه‌تی وێرانکاری ، به ئاگاتان ده‌هێنینه‌وه ، که ئیتر ئێوه ناتوانن به‌کارمان بهێنن له به‌شه‌ڕ دانماندا له‌گه‌ڵ براکانماندا، ئێمه قه‌بوڵ ناکه‌ین که دژی باوک و دایکمان، براکانمان، منداڵه‌کانمان، هاوڵاتیانمان، که پرۆتێست ده‌که‌ن و داوای گۆڕینی ئه‌و سیاسه‌ته ده‌که‌ن، به‌شه‌ڕمان بده‌ن “ درێژه به به‌ڵگه‌نامه‌که‌یان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن “ ئێمه که نوێنه‌ری یاسایی پۆلیسی یۆنانین ، ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه ، که ئێمه ئه‌مری گرتن بۆ ئه‌وانه ده‌رده‌که‌ین که یاسایان پێشێل کردوه به دانی به‌رتیل و له‌باربردنی دیمۆکرسیهت و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی”
ئه‌م بڕیاره‌ی نیقابه‌ی پۆلیس بڕیارێکی گه‌لێک گرنگه‌و ناوه‌رۆکه‌که‌ی گه‌ر به ته‌واویش جێبه‌جێ نه‌کرێت، درزێک ده‌خاته ڕیزه‌کانی پۆلیسه‌وه‌و دڵی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران له ئاستی هێزی پۆلیسدا کرمێ دهکاتو تین و وزه‌یه‌کیش به بهرههڵستیکهران و خۆپیشانده‌ران ده‌دات.
لێدوان و مشت و مڕ کردن و دواتر بڕیاردان له سه‌ر به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات، ڕوتانه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵک، زیاد کردنی باج ، که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌و کرێی کار، کهمکرندوهی خزمه‌تگوزارییه‌کان و فرۆشتنی ئه‌وانه‌شی که ماوه‌ته‌وه ، به برسی کردن و خستنه سه‌ر جاده‌ی خه‌ڵکانی زگورت و خێزان و خانه‌واده‌یه‌کی زۆر به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ی کرێی خانوو سلفه‌ی عه‌قاره‌وه، ئه‌مانه‌و گه‌لێکی تر، که له ناو هۆڵی په‌ڕله‌مان له‌لایه‌ن ئه‌و په‌ڕله‌مانتارانه‌وه مشتومڕی له‌سه‌ر کراوه، کارێکی ناڕه‌واو نادروسته، چونکه ئه‌مان بۆ ئه‌مه هه‌ڵنه‌بژێرراون، واته له لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه مافی ئه‌مه‌یان پێنه‌دراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که Lucas Papademos ، سه‌رۆکی حکومه‌ت ، به ده‌نگدان نه‌بوه‌ته سه‌رۆک شالیاران ، به‌ڵکو له لایه‌ن سیاسییه‌کان و ده‌سگه دراویه‌کانه‌وه دانراوه. ئه‌مانه هه‌مووی جێگای سه‌رنجن و حه‌قیقه‌ت و جه‌وهه‌ری دیمۆکراسیه‌ت و حوکمی لیبراڵ و حکومه‌تی مه‌ده‌نی ، ده‌رده‌خات.
ئه‌م ڕۆژانه‌ی دووایی له ژیانی خه‌ڵکی یۆنان‌دا ڕۆژانێکی کاربڕن (حاسم)، که به‌ڕای من ڕه‌نگه ته‌نها 3 چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌که‌یان، بهێڵێته‌وه: یه‌که‌م: یا ده‌بێت ده‌سگه دراوییه‌کان له سه‌رجه‌می قه‌رزه‌کانی یۆنان خۆش بن و بۆ ئه‌وه‌شی ئابوری یۆنان ببوژێته‌وه ده‌بێت قه‌رزی تازه‌شیان به بێ سوودو بێ مه‌رج پێبده‌ن. دووهه‌م: یا حکومه‌تی یۆنان ناتوانێت مه‌رجه‌کانی ئه‌م ده‌سگه دراویانه به‌جێبگه‌یه‌نێت ، ئیتر ناچار ده‌بێت له زۆنی یورۆ بێته ده‌ره‌وه که ئه‌مه‌ش که‌لێنێکی گه‌وره له‌و زۆنه‌دا دروست ده‌کات و ڕه‌نگه هه‌ندێک له وڵاتانی تریش به‌دوای خۆیدا ڕاکێشێت، سه‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ره‌سی ته‌واوی یورۆ قوڵ بوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌زمه‌ی دراو‌و ئابوری له سه‌رانسه‌ری جیهاندا. سێهه‌م: یا سه‌رکه‌وتنی ده‌سگه دراوییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداران به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕیو دا که ئه‌مه‌یان کارێکی تا ڕاده‌یه‌ک مه‌حاڵه هه‌م به هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆژ به ڕۆژ بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ، جه‌ماوه‌ر، له یوناندا به‌هێز تر ده‌بێت به له ده‌ستدانی باوه‌ڕ به سه‌رجه‌می سیاسیه‌کان چ له یۆنان و چ له ئه‌وروپادا ، هه‌م به‌گرتنه‌به‌ری چالاکی ڕاسته‌و خۆ که ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ده‌سگه خزمه‌تگوزارییه‌کان و بانق و کارگه‌و شوێنه‌کانی تر ده‌خاته پلانی کارکردنه‌وه، چونکه ئه‌م جۆره چالاکیانه کاریگه‌ره‌و له بره‌ودایه و له هه‌فته ی ڕابوردووه‌وه ده‌ستی پێکردوه ئه‌ویش له ده‌ست به‌سه‌راگرتنی خه‌سته‌خانه‌ی گشتی کلیکس، Klkis ، له ئه‌سینا و دواتریش به‌شێکی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندان که له‌لایه‌ن کارمه‌ند و کارگه‌رانی ناو خۆیانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی که گروپی لۆکا‌ڵی یه‌کجار زۆر بۆ مه‌به‌ستی جیاجیا له یۆنان‌دا دروست بووه.
http://romaan.kurdblogger.com/159257/
http://romaan.kurdblogger.com/159258
شۆڕش پاڵه‌وانه‌کان ده‌یکه‌ن، گه‌مژه و گه‌نده‌ڵه‌کان بهرهەمهکهی ده‌خۆن
ئه‌نوه‌ر فه‌تاح محه‌مه‌دئه‌مین
وردبونه‌وه‌یه‌ک له رووخاندنی ئه‌م رژێمانه‌ی میسر، تونس، لیبیا‌و عێراقیش. ئه‌بینین که خه‌ڵک دێته سه‌ر شهقاماکان و خۆیان به‌کوشت ده‌ده‌ن و داوای ڕوخاندنی سه‌رۆکی ڕژیم ده‌که‌ن، واده‌زانن که ئه‌و سه‌رۆکه روخا له دوای ئه‌و که‌سێکی تری فه‌رمانره‌وا دیت ئیتر هه‌موو گیروگرفته‌کانی خۆپیشانده‌ر له ته‌وته‌می عەقڵیا حه‌ل ده‌کات.
به‌شی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه ناموو بێئیراده کراون، مه‌ستبوونیان به فکری دینی و قه‌ومی یان فکری گاڵته‌جاڕی دیمۆکراتخوازان. به‌جۆرێک ئاگایان له برسێتی خۆشیان نه‌ماوه، بوونه‌ته یان کراونه کۆیله‌ی شیعاری به‌تاڵی حیزبایه‌تی،خه‌ڵکی کراوه به ئاله‌تێکی قورمیشکراوی حیزبی و کاری خۆبه‌خشی کۆیلایه‌تی به‌به‌رداکراوه، بۆته ئامڕازێکی سودمه‌ند بۆ نوخبه‌یه‌کی سیاسی، که ئه‌و نوخبه‌یه‌ش ئه‌و بزوتنه‌وانه ده‌که‌نه ئامرازێک بۆ ئه‌وه‌ی به په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ربکه‌ون و له بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیه‌وه که له سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتدان ببنه ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌مان دامه‌زراوه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی رژیمی پیشوو به‌کار بهیننه‌وه بۆ لیدانی خه‌باتکه‌رانی ئەمڕۆکە به‌بیانووی درۆینە و روکه‌شانه‌ی دروستکراو و ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی که پیش‌تر دوایان که‌وتبوون بۆ وه‌ده‌سهینانی کورسی ده‌سه‌ڵاتیان ، ئیستا له مه‌حکه‌مه‌ی شۆرشدا به‌سزای گه‌ل و میله‌تیان ده‌گه‌یه‌نن و ئەو میله‌ته‌ش که به‌ده‌ست بازرگانانی خوینه‌وه بێهۆشکراوه و کراوه‌ته خوێنه‌خۆر و خوێنی خۆی ده‌خواته‌وه.
ئه‌م باسه‌ی که من کردومه به‌ده‌ها جار زیاتر تکرار بۆته‌وه، من لیره‌دا نامه‌وێت ئامۆژگاری که‌س بکه‌م، به‌ڵکو من ئه‌م واقعه ئاوا ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ڵبه‌ته خه‌ڵک که به‌شداری بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ده‌کات له‌پیناو باشکردنی ئاستی ژیانێتی، واته بزوتنه‌که ناوه‌رۆکێکی چینایه‌تی هه‌یه و زۆرینه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وانه ئه‌نجامێکی پێچه‌وانه‌یی پێ هاتۆته‌دی له جیاتی قوربانیه‌کان که بونهتهسوتهمهنی بزوتنه‌وه‌که سودمه‌ند بن، جه‌لاده‌کان خۆیانیان پێ تازه ده‌که‌نه‌وه، شـمشێڕی زوڵمی تیا تیژ ده‌کرێته‌وه بۆ ملی خه‌ڵکانی دژ به ده‌سه‌ڵآت. ئه‌وه‌ی که‌پێی ده‌وترێ به‌هاری عه‌ره‌بی یان کوردی له بیبهختیدا ئه‌وه‌ی دواییان بوو، که ئاراسته‌که‌ی بۆ جیگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بوو و گۆڕینی ده‌مامک نه‌ك ماف و نان .
هیوم، فه‌یله‌سوفێکی ئینگلیزه ده‌ڵێ: ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌سته به ملکه‌چکردنه‌وه، ملکهجکردنیش په‌یوه‌سته به سودمهندیییەوه،ئه‌و که‌سه‌ی له‌پێناو سودێکی که‌مه‌وه خۆی ملکه‌چکردووه به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێت یان شتێکی تر ئه‌وا ئه‌و که‌سه نامۆ بو ئیراده کراوه و وا تێگه‌یه‌ندراوه که له گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتێک بۆ یه‌کێکی تر ئوتوماتیکی چی چه‌وسانه‌وه‌یه له‌سه‌ری نامێنی وه‌ک گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سونه بۆ شیعه، عه‌ره‌ب به کورد ،ڕژێمی حوسنی موباره‌ک بۆ ئیخوان موسلمین، یان ئوپۆزسێونێکی تر له‌هه‌ر به‌رگ و پۆشاکێکدا بێت. ئیتر ئه‌وه‌ی له مێژوو نه‌گات مێشکی ده‌بێته زبڵخانه‌ی فکری حیزبی و ژیانیشی ده‌کرێته ژیانی بێهوده و سه‌گ مه‌رگی.
کاری ئوپۆزسیونی حیزبی ئه‌وه‌یه که جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیکی شلۆق و پەککەوتەیە که نه‌توانێ خزمه‌ت به سسته‌می به‌رهه‌مهینانی سه‌رده‌م بهێنێ به‌شێوه‌یه‌کی کارا و ئه‌م ئۆپۆزسیونهیه ده‌یه‌وێت ببێته نوێنه‌ری سسته‌مه‌که له دووتوێی سودمه‌ندی نوخبه‌وه ( کۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێرراو بۆ ده‌سه‌ڵات)
محه‌مه‌د ئاراگۆن ده‌ڵێ: حیزبی فه‌رمانڕه‌وا یان ئه‌و حیزبه‌ی ده‌خوازێ شوێنی حیزبی فه‌رمانره‌وا بگرێته‌وه، ئه‌وا بهزهروریهت پڕۆسه‌یه‌ک له پڕۆسه‌کانی شاردۆته‌وه و په‌رده‌پۆشی کردووه، ده‌مامک به‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی شته‌کاندا ده‌کات و له واقعی مێژوویی دایانده‌بڕێ.
حیزبه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیا سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی تاڵان ده‌که‌ن و ده‌یکه‌ن به‌گه‌رووی خۆیان و خێزانهکانیاند او واش له خه‌ڵکی بێ ئاگا ده‌گەیێنن، که ئەگەر ئه‌وان (نوخبه) نه‌بێت نه‌ک گورگ، رێوتش میله‌ت ده‌خوا، به‌ڵام حیزب به‌ناوی ڕزگارکردنه‌وه ، میله‌ت کۆیله ده‌کات و خه‌ڵکیش هه‌یه دیفاع له کۆیله‌یه‌تی خۆی ده‌کات.
نیتشه ده‌ڵێ: ئه‌وانه‌ی دژی درنده‌کان ده‌وه‌ستن و جه‌نگیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن نابێت له ئاکامدا خۆیان ببنه دڕنده. من پێم وایه حیزب ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدایه و یان به‌ته‌مای ده‌سه‌ڵاته شه‌ڕ له‌سه‌ر کێکی ده‌سه‌ڵات و به‌شی گه‌وه‌ره ده‌که‌ن و خۆیان به مرۆڤی مه‌زن ده‌زانن و هەره بۆیه‌ش به‌شی مه‌زنیان گه‌ره‌که. ئه‌و ئۆپۆزسیونه‌ی که دێته سه‌ر حوکم وه‌کو ده‌سته‌براکانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ره‌ی خۆدهزانێ که سه‌ره‌یه‌تی له‌و راوروت و تاڵانییەی که نوێنه‌رانی میله‌ت لێی بەهرەمەندن، ده‌بێت لێی بێبه‌ش نه‌بێت و نه‌کرێت.
با بێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ که‌س ده‌ڵێن یان گهرهکیانە له ڕێی په‌رله‌مان و مهجالسهکانی سهربهدهسهڵاتهوه یان ئه‌م نقابه و ئه‌و نقابه و دامه‌زراوه‌کانی سێبه‌ری حوکمه‌تی ده‌سه‌ڵاتداردا ماف و نان بۆ خه‌ڵکی په‌یدا بکه‌ن، ئه‌وانه ته‌نها خه‌ڵک یه‌کسان ده‌که‌ن به خۆیان و له جیاتی خه‌ڵک، به‌شه‌کەی خه‌ڵکی ده‌خۆن، که ئه‌وه‌ش چڵکاوخۆری و کاسهلێسییه به‌ڵام تواناکه‌ی ئه‌و دامهزاوانه بای ئه‌وه‌نده‌یه له‌به‌رده‌م پشکی مام شێر و پڵنگا. جا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که ئاوات و هیواکانی ده‌به‌ستیته‌وه به‌و دامه‌زراوانه‌وه که شایسته‌ی هیچ نین ،فریو ده‌خۆن و دهکەونه سێبه‌ری که‌سانی دۆراو و فێڵبازانه‌وه. ئه‌و دامه‌زراوانه کاریان ڕاکێشانی خه‌ڵکی نائاگایه بۆ سێبه‌ری ههوانتهچییهکانی ده‌سه‌ڵآت و خه‌ڵکی ملکه‌چ بکه‌ن بۆ سه‌رۆکی که‌ڵه‌گا، له‌ژیر دروشمی به‌تاڵ و به‌رنامه‌ی ناڕۆشن و تێکئاڵاودا. من ده‌ڵێم پێویسته ئه‌و خه‌ڵکانه که که‌وتونه‌ته دوای حیزبایه‌تی و ریابیکرێنهوه، دەرچوونیان له‌و نامۆییه‌ی که تییکهوتون که ئه‌وه کاری مێژوو ده‌بێت، له‌بری ئه‌وه له ده‌وری داواکارییه ئابووریی و کۆمه‌ڵاییه‌تیه‌کانی خۆیان کۆ ببنه‌وه و له ڕێکخراوێکدا خۆیان ڕێک بخه‌ن که خاوه‌نی ده‌نگ و ماف و ئیراده‌ی خۆیان بن و سه‌رکرده و بنکرده‌ی نه‌بێ، به‌وه‌ش کۆیله و کرێگرته‌ی تێدانابێ ، ده‌بێت هه‌رکه‌سه خاوه‌نی خۆی و چاره‌نوسی خۆی بێت و له وه‌ش بگات که‌س ناتوانێ که‌سیکی تر رزگار بکات یان له نامۆی ده‌ریبهێنێ ، ئه‌گه‌ر رۆڵی مێژووی خۆی نه‌دۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ش مێژوو واته چالاکی ژیانی رۆژانه و داواکاریه‌کانی ده‌تگه‌یه‌نێته ئه‌و قه‌ناعه‌ته. ئایا ئه‌و ڕێکخستنه وه‌کو ریکخستنی حیزبه لینینیهکانه؟ هه‌ڵبه‌ته پێشتر له‌وه دواوم لێره‌دا دوباره‌ی ناکه‌مه‌وه ، نه‌خێر وه‌ڵامه‌که‌یه‌تی . چونکه حیزب کۆیله دروستده‌کا ت و به‌شه‌ر رزگار ناکات، سه‌رۆک به‌هۆی حیزبه‌وه ده‌بێته خاوه‌ن سه‌روه‌ت و سامانێکی مه‌زن هه‌ر له‌وێشه‌وه چه‌وسانه‌وه زیاتر ده‌بێت.
ئه‌نجلس ده‌ڵێ که‌سانی خێڵ راوروتیان له‌لا ئاسانتر و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌تره له‌کاری به‌رهه‌مهێنان. بۆیه زۆر ئاساییه له کۆمەڵگەی خێڵەکیدا خه‌ڵک له ده‌وری حیزب کۆببێته‌وه، ببیته که‌ره‌سه‌یه‌کی سه‌رکوتکه‌ریش له‌سایه‌ی ئه‌و حیزبه‌شدا، وه‌کو هیگڵ ده‌ڵێ ده‌سه‌ڵات سه‌ربه‌ستی خه‌ڵکی تر ره‌فز ده‌کات تا سه‌ربه‌ستی خۆی بپارێزێ ، بۆیه حیزب که پاره‌ی گه‌یشته ده‌ست زیاتر خه‌ڵک ده‌خه‌نه سه‌رچۆک بۆ کڕنوشبردن بۆ عائله‌ی فه‌رمانڕه‌وا که‌چی که‌سانێك هینده نائاگان، به قسه‌ی خۆش و ئامۆژگاری ده‌یه‌وێت به‌گورگ بڵێ گؤشت مه‌خۆ، نازانێ ده‌ست هه‌لگرتنی ده‌سه‌ڵات له گه‌نده‌ڵی و کۆیله‌کردنی خه‌ڵکی مانای نه‌مانێتی.
که ده‌سه‌ڵات وه‌عدی درۆ به‌خه‌ڵک ده‌دا و وته‌ی نامه‌عقول به میله‌ت ده‌ڵێت، ئەوانهش که ده‌ڵێن ئیمه هه‌موومان یه‌ک میله‌تین به‌وه یه‌عنی هه‌موو جیاوازیه‌کانی کۆمه‌لگا مه‌حف ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی دکتاتۆریه‌ته ، من ده‌ڵێم چۆن زەرورەتی مێژوو سیسته‌می خێڵایه‌تی تێکشکاند ئاوا ده‌بێت خه‌ڵكی حیزب تیکبشکێنێ یان ژیانی ئاسووده بونی نییه.دیمکراتییه‌ت له‌م سسته‌مه‌دا بۆته درۆیه‌کی زه‌ق و ئیسک قورس، به‌جۆرێک په‌رله‌مان بۆته به‌شێکی ته‌واوی جهازی داپڵۆسیین، خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێک نامۆ و نابینا نه‌بێ ناتوانێ خۆی له‌و ڕاستییه لابدات. بۆیه به‌هاری عه‌ره‌بی و کوردی به‌هاری ده‌سه‌ڵاتدارانه و پاراستنی جهازی داپلۆسینه.ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یر بکه‌ین که‌س داوای لابردنی دامه‌زراوه‌کانی قه‌مع و ئیرهاب و حوکمی ئیعدام و بهدادگایکردنی قه‌سابه‌کانی کۆمه‌ڵ نه‌کردووه و ناکات، هه‌ر له‌وه ده‌چێ که زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ حه‌زیان به‌قامچی لێدان و دارکاری جهڵادهکان بێت . هه‌ڵبه‌ته مێژوو شتی باشتری له هه‌گبه‌که‌یدا هه‌یه که کۆمەڵگە به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی تر به‌رێت ئیتر له کۆمۆنه دروستکردن بێت یان ڕێکخستنی خۆجێیی (لۆکه‌ڵ گروپ) که کاری ته‌نها داواکاری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه مه‌به‌ست ئه‌مه‌ی دواییانه ، ئه‌و ڕێکخستنه‌ی که من به‌ڕاستی ده‌زانم پێوستی به ڕسته‌و و ده‌سته‌واژه‌ی شادیهێنه‌ر و قه‌شه‌نگ نییه به‌ڵکو ڕسته‌ی ساکار و مانابه‌خش و میکانزمی عه‌مه‌لی ئه‌وێت، که وه‌ک مۆم به‌رده‌مان ڕۆشن کاته‌وه، که وازی له ملکه‌چی گوتاری رابردوو هێنابێ و توانای حه‌لی گیروگرفتی ژیانی خه‌ڵکی پێبێت، به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه که ته‌نها نوێنه‌ری چینی مشه‌خۆری کۆمەڵگەن، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م وتانه‌ش ده‌چنه خانه‌ی مردوانه‌وه ئه‌گه‌ر کۆمەڵگە و میژوو نه‌یکاته به‌شێك له بیکردنه‌وه‌ی خۆی.
ئاشکرایه حقیقه‌ت هه‌مووی لای چه‌ند که‌سێك نییه ، به‌ڵام ئه‌وه‌م له‌لا ئاشکرایه که گره‌وی ریکخستنی حیزبایه‌تی ته‌نها فریودان و کۆنترۆڵکردنی خه‌ڵکه، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی نوخبه‌دا که ئه‌وانیش هه‌زاره‌ها بیری به‌د له‌ژیر په‌رده‌ی گوڵینیدا له کاردایه بۆ لێدان و دارکاری دواتری هاتنه سه‌ر حوکم، خەڵکانێکیش هەن هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش ده‌زانن به‌ڵام هێشتا دیفاع له کۆیلایه‌تی خۆیان ده‌کەن.
هیگڵ ده‌ڵێ: به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی کۆیله‌یه‌ک ، وه‌کو زاتێک جارێکی تر خۆی بخاته‌وه ناوجهنگهوه و سه‌ربه‌ستییه‌که‌ی له خاوه‌نه‌که‌ی وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌م به‌ئاگاهاتنه‌وه‌یه هه‌موو جارێك ببێته بنچینه‌یه‌ک بۆ شۆڕش و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێکی تر، زۆرجار کۆیله ئه‌م ڕاستییه ده‌زانێ به‌ڵام هێشتا غه‌ریزه‌ی ژیان به‌سه‌ریا زاله و له مردن ده‌ترسێت …کۆیله‌که ده‌یه‌وێت خۆی له‌و لێپرسینه‌وه مێژوویه بدزێته‌وه و به‌شوێن بیانودا ده‌گه‌ڕێ، که شؤڕش له‌پێناوی سه‌ربه‌ستیدا پێوێست نییه.
بۆچی دروستکردنی گروپه لۆکاڵییه‌کان زه‌رورییه؟ / 3
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 16/01/2012
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گروپه لۆکاڵییه‌کان و گرنگیان:
1- له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو خواست و ئامانجه‌کانی گروپه‌کان خواستێکن لەبهرژهوهندی هه‌موو تاکه‌کانی گروپه‌که و سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌ر لەبه‌ر ئه‌مه هیچ جۆره ئیمتیازاتێکی تاکه که‌سی تیدا به‌دی نایه‌ت، هه‌موو که‌سێک به‌قه‌ده‌ر ئه‌وی تر له‌وه‌ی به‌دی هێنراوه به‌سوود ده‌بێت بۆی ، ئیدی شوێنه‌واری جیاوازیه‌ک یا نایهکسانییەک له‌وێدا نا‌بینیت هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش دروستبوونی کۆمه‌ڵێک یا ده‌سته‌یه‌ک که جیابێت له‌وانی تر مه‌حاڵ ده‌بێت.
2- دروستکردنی گروپه لۆکاڵییه‌کان و ڕێکخستنیان و یه‌ککه‌وتنی تاکه‌کانی ناو گروپه‌کان لەبه‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیاندا هۆشمه‌ندییه‌کی ته‌واوی تێدا دروست ده‌بێت ، هه‌ر به‌و پێیه هه‌موو که‌سێک به ئاگایه لەبهرژهوهندییهکان و کار بۆ ئه‌وه ده‌کات ، ئه‌مه‌ش ڕێگر ده‌بێت له بردنی ڕێڕه‌وی گروپه‌که به لاڕێدا یا به‌خراپ به‌کارهێنانی بۆ مه‌به‌ستێکی تر، به‌ده‌ر له مه‌به‌سته سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆی .
3- له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌وای گروپه‌کان به خواستێکی ئازادانه‌ی خه‌ڵکه‌که دروست بوون و شێوه‌یه‌کی دیمۆکراتیانه دهگرێنەبهر له بڕیاره‌کانیاندا که ده‌یدەن و کاره‌کانیان هه‌ر هه‌موو به هه‌ره‌وه‌زی ده‌کەن و لەبهرژهوهندی هه‌موویان ده‌بێت . هه‌روه‌ها هه‌موویان ڕێز له ڕای جیاوازی یه‌کتری ده‌گرن بۆیه به ئازادییه‌کی ته‌واوه ڕاو و بۆچونی خۆیان له‌سه‌ر ته‌واوی مه‌سه‌له‌کان ده‌رده‌بڕن، هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانن هه‌موو یه‌کێکیان موباده‌ره‌ی خۆی بکات ئیدی هه‌موو که‌س ده‌توانێت مێشکی خۆی به‌کاربهێنێت و قسه‌ی ده‌م و دڵی خۆی بکات که ئه‌مه‌ش ڕێگرێکی ته‌واوه له دروستبوونی خه‌ڵکانێک که به‌ڵێیان پێویست بێت، یا خۆیان ئه‌هلی به‌ڵێ بن. ئه‌مه‌ش یانی پارێزگاریکردن و به‌رده‌وامبوونی دیمۆکراتیه‌تی ڕاسته‌وخۆ و چالاکی هه‌ره‌وه‌زییانه، یانی ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی خه‌ڵکانی بیرۆکرات و دیکتاتۆر و گروپی بیرۆکراتییانه و دیکتاتۆرییانه.
4- کارکردن له ناو گروپه لۆکاڵییه‌کاندا خه‌ڵکێکی زۆری پێوه ده‌لکێته‌وه و مه‌ودایه‌کی فراوانتری له‌به‌رده‌مدایه بۆ کار و چالاکیکردن، چونکه ئه‌مان به پێچه‌وانه‌ی حیزبییه‌کان که لەسەر بیر و باوه‌ڕ و خاڵی تیئۆری یه‌کده‌که‌ون، ئه‌مان له‌سه‌ر ته‌واوی به‌رژه‌وه‌ندی کۆمۆنێتیه‌که که به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو تاکه‌کانێتی یه‌کده‌گرن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دروستکردنی خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و گیانی به ته‌نگه‌وه هاتن و دوورکه‌وتنه‌وه له ڕۆحیه‌تی سکتاریزم و ده‌سته‌گه‌ری ، که هه‌مه‌موو ئه‌مانه‌ش ڕێگەی گه‌یشتن به ئامانجی گروپه‌کان خۆشتر ده‌کات و خێرایی ده‌دات به به‌ده‌ستهێنانیان. هه‌رچی حیزبه‌کانیشه هه‌ر لەسەرهتاوه لەسەر بناغەی قوچکەیی (هەرەمی – هیراشی) دروست ده‌کرێن و لەسەر گیانی خۆبه‌زلزانین و تاکڕه‌وایه‌تی و خۆبه‌ڕاست زانین و وابه‌سته‌یی بۆ سه‌رکرده‌کان و ده‌سته‌گه‌ری و زۆربه‌ی کاتیش پیلانگێڕان دژی یه‌کتری و له دواقۆناغیشیدا گه‌ر سه‌رکه‌وتن یا فاشیل بوون، به‌شیان بێت، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکیکی سه‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که ده‌خرێته پێش به‌رژه‌وه‌ندی ” نەتەوە ” و ” چینه‌وه ” .
5- لەبه‌ر ئه‌وه‌ی له‌م شێوه کارکردنانه‌دا نه سه‌رکرده هه‌یه و نه بنکرده، نه ئیمیتیازی شه‌خسی به‌ده‌ست ده‌هێنرێت نه بۆ تاکه گروپێکیش به ته‌نها. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ڕێگه‌گرتن لە سەرهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی و پارێزگاریکردن لەبهرژهوندی تاکه که‌سێک یا چه‌ند که‌سێک.
6- له‌به‌رئه‌وه‌ی چالاکییه‌کانی گروپه‌کان بۆ به‌رژه‌وندی هه‌موو کۆمۆنێتیهکهیه به خلاف به به‌رژه‌وه‌ندی حیزبێک لێره و له‌وێ ، یا ته‌یارێکی سیاسی ، یا به‌شێک له بزنس ، که بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵێکی زۆر که‌م کار ده‌که‌ن، به دڵنیاییه‌وه چالاکی ئه‌م گروپانه ڕووبه‌ڕووی به‌ژه‌وندی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌وه‌ستێته‌وه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌م گروپانه ده‌ربڕی خواست و پێداویستییه‌کانی کۆمۆنێتیهکهن سه‌رئه‌نجام هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه لەبه‌ر هێز و توانای زۆربه‌ی ئه‌م خه‌ڵکانه‌دا له پاشه‌کشه‌دا ده‌بن، چاره‌یه‌کی تریان له‌به‌ردمدا نامێنێته‌وه جگه له ته‌سلیم بوون به ئه‌مری واقیع نه‌بێت.
7- به هۆی خه‌باتی سه‌رجه‌می گروپه لۆکاڵێیهکانهوه ، هه‌موو شتێ ده‌که‌وێته‌وه ده‌ستی کۆمۆنێتیه‌که و له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه کۆنترۆڵ ده‌کرێت، خودی کۆمهنێتییهکه خاوه‌نی بڕیار ده‌بێت له هه‌موو شتێکدا بۆیه ئیتر ده‌وری ئیداره بیرۆکراتییه‌کان و ده‌سه‌ڵات (ده‌وڵه‌ت) نامێنێت. ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی حیزبه سییاسییهکانهوهیه که مه‌هامی سه‌ره‌کییان گه‌یشتنه به کورسی ده‌سه‌ڵات له‌و کاته‌شدا ئه‌وان فه‌زڵی مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا و پارێزگاریکردن لێی دیسانه‌وه ده‌بێته ئامانجی یه‌که‌می حیزب، بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌مه‌ش جارێک په‌نا ده‌به‌ن بۆ به‌کارهێنانی دیمۆکریتیهت و جارێ تر په‌نا دهبهنەبهر دیکتاتۆریه‌ت، دیاره ئه‌مه‌ش به‌پێی خواستی بارودۆخه‌که ده‌بێت.
8- تاکه‌کانی گروپه‌کان، به‌م جۆره کارکردنانه ، که‌متر ڕووبه‌ڕووی گرتن و کوشتن و توندوتیژی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بنه‌وه به حوکمی ئه‌وه‌ی که ئه‌وان داخوازییه کۆمهڵایهتییەکانیان، داخوازی ژیانن، نه‌ک سیاسی و دهستبەسهراگرتنی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که خهباتهکەیان به‌رده‌وام بێت و گروپه‌کانیش به‌رنامه‌ی شاراوهییان نه‌بێت که ئه‌مه‌ش جۆری خه‌باته‌کان ئاسانتر ده‌کات.
9- به ئه‌نجامدانی کاره‌کان به ده‌سته جه‌معی و له ڕێگەی گروپه لۆکاڵیهکانهوهیه، یانی به جووڵه‌خستنی هه‌موو کۆمه‌ڵگه، یانی کۆمه‌ڵگه به‌رده‌وام له هه‌وڵی چاککردنی ژیانیدایه، له هه‌نگاو نانی گه‌وره‌دایه به‌ره‌و شۆڕشی ئایەنده. بهرپرسیارکرنی هه‌مووانه چ له هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنانی داخوازییه‌کان و چ له دابه‌شکردن و خواردنی به‌ر و ڕه‌نجی به‌ده‌ست هێنراودا.
10- به دروستکردنی گروپه لۆکاڵییه‌کان یانی دروستکردنی بناغه‌یه‌ک، بڵاوبوونه‌وه‌ی هۆشیاریه‌ک له‌ناو هه‌موواندا سه‌باره‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان. ئه‌مه‌ش یانی ئاماده‌بوونیان بۆ کاتێک که بارودۆخێکی تر دێته پێشه‌وه ، که هه‌موو خه‌ڵک ده‌ڕژێته سه‌رشه‌قامه‌کان ، وه‌کو ئه‌وه‌ی که ده‌یبینین ئه‌مڕۆ له هه‌نذێک وڵات‌دا هه‌یه ، تاکو بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌که نه‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری ده‌سه‌ڵات و ئه‌حزابه ئۆپۆزۆسیونهکانهوه یا کۆنترۆڵ و ئیحتواکردنی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه. هه‌بوونی ئه‌م گروپه لۆکاڵییانه زه‌مانه‌ت و ده‌سته‌به‌ری هاتنه‌دی سه‌رجه‌می داخوازییه‌کانی هه‌موو خه‌ڵکان ده‌کات که ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناهێڵێت ببنه پارویه‌کی چه‌ور تاکو ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازان قووتیان بده‌ن.
11- گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و به‌رده‌وام ته‌نها له ڕێگەی خه‌ڵکی خۆیانه‌وه دێت، ئه‌وه‌یش به ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و کۆنترۆڵکردنی هه‌موو داهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاره‌کان بۆ ده‌ستی ئه‌وان. ئه‌وکاته خه‌ڵکه‌که خۆی به‌ده‌سته‌جه‌معی بڕیاره‌کان ده‌دات ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌ساسی پێویستییه‌کانی که به هه‌قه‌ت خه‌ڵکی ده‌یه‌وێت و پێویستێتی، ئه‌وه‌ی که ئاره‌زوویانه و زه‌روریه، که ئه‌مانه‌ش هه‌ر ته‌نها ئاره‌زوویه‌کی ڕووت نین، به‌ڵکو کارێکی پراکتیکهڵیشه و شیاوی جێبەجێکردنن، ئه‌مانه‌ش شتێکی نوێ نین و تۆوه‌که‌یان له شؤڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانی خه‌ڵکیدا، پێشتر بینراوه.
هه‌موو ئه‌م کارانه‌ش تین و گه‌شه‌یه‌کی گه‌وره ده‌ده‌ن به بزوتنه‌وه‌که و به‌ره‌و بزوتنههیهکی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بەن له خهباتکردنیا، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ش ده‌بێته دروستکه‌ری پاوه‌رێکی تر، ده‌سه‌ڵاتێکی تر ، که ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ره له پاڵ پاوه‌ری فاسیدی مه‌وجوددا، ده‌خولقێنێت، که پاوه‌ری خه‌ڵکه به به‌به‌رده‌وامی له کۆنترۆڵکردن و دهستبەسهراگرتنی هه‌موو شتێكدایه و کۆمه‌ڵگه‌ش له قۆناغی کۆتایی گۆڕانیدایه ، که له‌م قۆناغه‌شدا ده‌سه‌ڵات و ، ده‌وڵه‌ت و بزنس، هه‌موویان وه‌کو ئیداره‌یه‌کی یا لایه‌نێکی لاوه‌کی ناپێویست و نازهروری ده‌بینرێن و مانه‌وه‌شیان به‌ربه‌ست و ڕێگر ده‌بێت لەبهردهوامی و پێشه‌وه‌چوونی کۆمه‌ڵگه‌دا، تا وای لێدێت که به ته‌واوی په‌راوێز ده‌خرێن و ههڵدهوشێنرێنهوه.
پەراوێز
* دهستبەسهراگرتن و داگیرکردن (بەواتای سەندنەوەی سامان و داهات و کارگە و خانووبەرە و کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و خزمەتگوزاری و پەروەردەییەکان لە پارت و سەرمایەدار و حکومەت و گێڕانەوەی بۆ کۆمەڵگە و بەهرەمەندبوونی گشت ئەندامانی کۆمەڵگە لێیان ).
بۆچی دروستکردنی گروپه لۆکاڵییه‌کان زه‌رورییه؟ / 1
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 16/01/2012
کۆمپانیاکانی پیشه‌سازی و بازرگانی مۆدیرن، کاپیتاڵیست و کاپیتاڵیزم، ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایان که کۆمه‌ڵگه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ، تا بیناقاقهیان گه‌نده‌ڵه و ده‌ستیان له هه‌بوونی برسێتی و به‌دەستهێنانی پاوه‌ر و چه‌وساندنه‌وه و پڕوپاگه‌نده‌کردن و توندوتیژی و دانانی یاسا و ڕێسایه‌ک که به به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بشکێته‌وه، وێرانکاری و وێرانکردنی هه‌موو که‌ڵچه‌ره‌کان و نامۆیی و شه‌ڕ و تێکدانی سروشتی سروشت و هه‌تا به‌کارهێنانی توندوتیژی و دڕندهیهتیش به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵ و گیانلهبهرانیشدا، هه‌یه.
ده‌بینین کاپیتاڵیزم وه‌کو سیسته‌مه‌که، لیبراڵیه‌ت وه‌کو شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانڕه‌واییه‌که‌ی، پارت و ڕێکخراوه وابه‌سته‌کانی و ده‌سگای ڕاگهیاندنییەکهی وه‌کو ئامرازێکی پڕوپاگه‌نده‌چی به گه‌یاندنی بۆ پای ده‌سه‌ڵات، دێوجامه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌کو کڵێشه‌یه‌کی دیمۆکراتیانه، کۆمه‌ڵگەکه‌ی وه‌کو پێکهاته‌یه‌کی مه‌ده‌نی، سه‌روه‌ریه‌تی بازاڕه‌که‌ی وه‌کو بازاڕی ئازاد و زۆری تریش ، گه‌یشتۆته بنبه‌ست و چی تر ڕێگەچارهیهکی پێ نییە نه بۆ ئه‌و قه‌یرانه که خودی سه‌رجه‌می سیسته‌مه‌که تێی که‌وتووه نه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ریه‌تیش که به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
گه‌رچی زیاتر له سه‌ده‌یه‌که ته‌واوی پارته چه‌پ و ڕاسته‌کان و لیبراڵه‌کان سوشیال دیمۆکراته‌کان له ژێر ناوی ئه‌م به‌ناو شۆڕش و ئه‌و کوده‌تاوه، له ڕێی هه‌ڵبژاردنه بهدناوهکانهوه هیچیان نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی له پایه و بناغه‌ی سیسته‌مه‌که، سه‌رمایه‌داری، بێننه خواره‌وه و شتێکی زۆر که‌م بۆ خه‌ڵکانی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و به‌شخوراوان به‌ده‌ستبهێنن ، به‌ڵکو له ڕاستیدا ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌م سیسته‌مه‌یان برده پێشه‌وه و به‌هێزیان کرد. ئه‌مان له خودی سیسته‌مه‌که خۆی زیاتریان داوه له بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان، بهدهستهمۆکردنیان، تاودانیان بۆ ” شۆڕش ” و کوده‌تا و بهکێشکردنیان بۆ گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و به نائومێدکردنیان.
ئه‌وه‌ی که هه‌ر له چه‌رخی ڕابوردووه‌وه به‌ڕێ ده‌کرێت و دێت و ده‌ڕوات، تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه . هه‌ر له‌و کاته‌شه‌وه تا ئێستا یه‌ک پرسیار له لای هه‌مووان ته‌رح ده‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه : بۆچی و چۆن ئه‌و هه‌وڵانه، ئه‌و بزوتنه‌وانه به تێکشکان کۆتای‌یان هات؟!! ، وه‌ڵامه‌که‌ش لەگەڵ تازه‌بوونه‌وه‌ی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کدا، یا له‌گه‌ڵ دروستکردنی هه‌ر پارتێک، ڕێکخراوێکی نوێ‌دا، هه‌موو وه‌خت یه‌ک شت بووه: ده‌رسوه‌رگرتن له ڕابوردوو به هه‌موو باشی و پۆخڵاواتهکانییهوه، یاخود گه‌ڕان به‌دوای هۆکاره لاوه‌کییه‌کاندا، بووه ، وه‌کو، نه‌بوونی یارمه‌تی ناوخۆیی یا ده‌ره‌کی، لۆمەکردنی ئه‌م سه‌رکرده و ئه‌و بنکرده، یاخود سازنه‌بوونی زه‌مینه‌ی له‌بار و گه‌لێکی تر له‌م بیانوانه هه‌میشه دڵی شکاوی خۆمانمان پێداوه‌ته‌وه.
به‌درێژایی زیاد له چه‌رخێک ئێمه هه‌مان به‌یت و بالۆره لێ ده‌ده‌ینه‌وه و هه‌مان کاریش دووباره و ده‌باره ده‌که‌ینه‌وه ، هه‌مان ڕێگەی فاشلی دهستپێکردووی شوێن و وڵاته‌کانی تر ده‌گرینه‌وه به‌ر، بەبێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئیتر له خهباتکردنماندا پێویستمان به ڕێگەیه‌کی تر هه‌یه بیگرینه‌به‌ر. به درێژایی سه‌ده‌یه‌که ئه‌م ئه‌زموونی تێشکاو دهمانداتهدهست ئه‌و ئه‌زموونی تێشکاو ، بەبێ ئه‌وه‌ی به خۆماندا بچینه‌وه ، بەبێ بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه ، که نه‌ک ئه‌مه‌ی که ئه‌یکه‌ین دیسانه‌وه هه‌ر دهستداخکردنه، به‌ڵکو ناشمانگهیهنێته هیچ شوێنێک.
مێژووی ڕودانی ” شۆڕشه‌کان ” ڕاپه‌ڕینه‌کان ، ته‌واوی بهیهکاندانهکان له جیهاندا ، یا پێمانده‌ڵێن، هیچ به هیچ نه‌کراوه و سه‌رئه‌نجام بوونه‌ته‌وه به دژه‌شۆڕش و دژهڕاپهڕین یا ئه‌وه‌تا له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا ، ئه‌و نیەته باشه، ئه‌و ڕوداوه مه‌زنه هه‌ر هەموویان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌وه، ئیحتیوا کراون. ته‌نها به ته‌نها له هه‌موو مێژووی چه‌رخی ڕابوردوودا ، له هیچ پێگه‌یه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا نموونەیهکی سەرکەوتوومان نییه، که تا ماوه‌یه‌کی درێژ بڕی کردبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، هه‌ر وه‌کو پێشتر باسم کرد وه‌ڵامی ئێمه‌ش ، ده‌رسی ئێمه‌ش، دووبارهکرهنهوه و ده‌باره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان شت بووه، که پێشوه‌خت گه‌ر که‌سێک تۆزێک به قوڵی بیری لێ کردبێته‌وه ، زانیویەتی که سه‌ر ئه‌نجام ئه‌م شته تازه‌یه‌ش له کۆنه‌کان باشتر نابێت.
هه‌ڵبه‌ته دیاره قسه‌ی من له‌سه‌ر پارته سوشیالیست و کرێکاری و کۆمۆنیسته‌کانن که هه‌موویان خوازیاری بزوتنه‌وه‌ی سوشیالیزم و شۆڕشی سۆشیالیستین. من لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر پارته چه‌په‌کان و سۆشیال دیمۆکراته‌کان و ڕاستڕه‌وه‌کان و لیبراڵه‌کان نییە چونکه له هه‌قه‌تدا ئه‌وان ئه‌وه‌ی که ویستویانه کردوویانه و هێناویانه‌ته دی ، که به سهرمایهدارکردنی هه‌موو شتێک بووه له دونیادا به بنه‌ما ماتریاڵه‌کان و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و پهیوهوندی نێوانی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگە و چینهکانیشهوه، پێیان له‌سه‌ر چڕبوونه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه و خۆخزاندنه یه‌که‌مین و سه‌ره‌تاییترین یه‌که، یا شانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه، که خێزانه و له‌وێشه‌وه تا سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به هه‌موو داموده‌سگه کۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاری و بهرههمهێنهرهکانییەوه، داگرتووه.
به‌ڕای من ده‌رککردنیش به‌و سه‌رئه‌نجامه ، کارێکی زه‌حمه‌ت نییە و نه‌بووه، چونکه هه‌رچی شتێک کرابێت گۆڕانکارییه‌کانی لەسەرهوه ئه‌نجام داوه. بێگومان گه‌ر تۆ چاره‌ی هه‌ر کێشه‌یه‌ک بکه‌یت به کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیشه‌وه ده‌بێت له ڕه‌گ و ڕیشه‌که‌یه‌وه ده‌ستیان بۆ به‌ریت ، به واتایه‌کی تر ده‌بێت گۆڕانکارییه‌کان له بنه‌وه، له ڕیشه‌وه بن ، نه‌ک لەسەرهوه ، یا له لق و پۆپهکانییەوه.
به ڕای من ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراون گۆڕانکارییه‌کان بوون لەسەرهوه ، هه‌ر بۆیه‌ش خۆئاماده‌بوون بۆ ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ش به خۆڕێکخستن بوو بێت، به گردبوونه‌وه بوو بێت له ناو پارتێک ، گروپێک، یا قه‌واره‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی، جا له هه‌ر زروفیکدا بوو بێت یا له هه‌ر ده‌رفه‌تێکدا بوو بێت ، شتێکی تری به ئه‌نجام نه‌گه‌یاندوه جگه له گۆڕانکاری نابناغهیی که لەسەرهوهی کۆمه‌ڵگه‌که‌وه ده‌ستی پێکردوه. به مانایاکی تر، بنه‌مای کارکردنت ، داڕشتنی بناغه‌ی هه‌ر کارێکت، ته‌حدیدی سه‌رئه‌نجامی کاره‌که‌ت ده‌کات.
هه‌ر به‌و پێیه‌ش ده‌توانین زۆر به ئاسانی ههڵسهگاندنێک بکه‌ین بۆ ڕاپه‌ڕینه‌کانی خه‌ڵک و ڕژانه سه‌رجاده‌یان له تونس . لیبیا، میسر ، سوریا، ئیمارات و ساڵ پاری کوردستانی خۆشمان . زۆر به ئاسانی ئه‌وه تێده‌گه‌ین که ئه‌و بزوتنه‌وانه بزوتنه‌وه‌یه‌کی سۆشیالیستی نه‌بوون و نیین، سه‌رئه‌نجام گه‌ر باری ژیانی خه‌ڵکی له بواری ئابوورییدا به‌رەو خراپتر نه‌بات زۆر گرانه بگه‌یته ئه‌و ڕایه‌ی که بڵێیت ، ژیانی خه‌ڵکی ئاسانتر ده‌کات و خۆشگوزه‌رانی و یه‌کسانی و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ ده‌هێنێت. چونکه ئه‌و بناغه‌یه‌ی که ئه‌و بزوتنه‌وانه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه یا دروست ده‌کرێت، ( مه‌به‌ستم له بزوتنه‌وه سائیده‌که‌یه) داخوازییه‌کانیان له بهسهرمایهدارکردنی باشتری وڵاته‌که ، زیاتر تێنه‌په‌ڕیوه و تێناپه‌ڕێت، چ له بواره‌کانی به‌روبووم و داهاتیدا ، له دابه‌شکردنی ئه‌م به‌روبووم و داهاته‌دا، له ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی دا، له ده‌سگه‌ی ڕاگه‌یاندنیدا، چ له پێوه‌ندی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگەکه و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێناندا.
ئه‌م بزوتنه‌وانه بۆ دروستکردنی حکومه‌تی مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌روه‌ربوونی یاسا و ڕێز لێگرتنی، نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و هه‌بوونی شه‌فافییه‌ت له‌سه‌رجه‌می بڕیاره‌کانی دەسهڵاتدا، هه‌وڵ ده‌دات. گه‌ر ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و دروشمانه، یا داخوازیانه‌ی، که ناونووسم کردن لەسەرهوه، بکه‌ین، ده‌بینین دروشم و داخوازی ناوکۆییه له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که ناوم بردن . ئه‌مه جگه له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی که ده‌سگه‌ی میدیای جیهانی و هه‌ر هه‌موو ڕۆشنبیرانی لیبراڵ له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا ، پیادا هه‌ڵده‌ده‌ن و پێی ده‌ڵێن “به‌هاری عه‌ره‌بی” ، تا ئێستا که له دوو وڵات‌دا ئه‌نجامێکی هه‌بووه ، دوو ده‌وڵه‌تی یا دوو ده‌سه‌ڵاتی ” ئیسلامی مه‌ده‌نی ” به‌رهه‌م هێناوه و چی تر نا.
به‌هه‌رحاڵ من لێره‌دا نامه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بدوێم و به درێژی هه‌ڵی سه‌نگێنم، به‌ڵکو ته‌نها وهکونموونەیهک بۆ به‌ستنه‌وه‌یان به بابه‌ته‌که‌مه‌وه، هێنامنه‌وه، تاکو ببنه شاهیدێکی عه‌یان.
دیاره من پێش له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرم . که من به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕام وانییە که ده‌بێت ده‌سته‌وسان بین لەبهرامبهریاندا، هه‌ڵبه‌ته من لایه‌نه ئیجابیه‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه و پێداویستی به‌شداریکردنیشیان له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی وەکو منه‌وه به زه‌رور ده‌زانم، چونکه ئه‌وه‌نده‌ی تێدا ده‌بینم که بزوتنه‌وه‌که تۆزێک ده‌باته پێشه‌وه و ده‌توانین له‌وێشه‌وه هه‌ر لەسەرهتاوه هۆکاره‌کانی فهشهلبوونمان بدۆزینه‌وه و میکانیزمی نوێ بۆ کاری ده‌سته‌ویه‌خه و ئاینده‌مان دروست بکه‌ین. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که من به‌ش به‌حاڵی خۆم هانده‌ر و کۆمه‌ککه‌ر و به‌شداریکه‌ری هه‌ر جوڵه و ڕاپهڕینێکم که خه‌ڵکه‌که‌ی به‌هێز بکات و سه‌ربه‌خۆیی خۆشی بپارێزێت، بڕوا به‌خۆی په‌یدا بکات ، باوه‌رێ به بوونی گۆڕان هه‌بێت، نامۆیی و په‌راوێزکه‌وتن بخاته لاوه، دژی هه‌موو جۆرێک له زوڵم و زۆر و چهوساسندوه بێت ، دژی نادادوه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت …هتد له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وه تێده‌گه‌م که ئه‌مه‌ی ڕووده‌دات حوکمی مێژووه و ڕه‌نگه خه‌ڵکانی ئه‌و وڵاتانه‌ش و کوردستانیش، که تامه‌زرۆی بینینی حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌روه‌ریی یاسان، بیانه‌وێت تاقیکردنه‌وه‌ی خۆیانیان هه‌بێت له‌و بوارانه‌دا، به‌ڵی ئا له‌و بوارانانهدا که ئه‌مڕۆ سه‌ده‌ها هه‌زارانی وه‌کو من له‌م وڵاتانه‌دا خه‌بات بۆ گۆڕینی و لابردنی ده‌کات.
ئه‌ی که‌واته ده‌بێت چی بکه‌ین تاکو گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی بکه‌ین؟
بێگومان ئه‌مه‌ی که من لێره‌دا ده‌یڵێم و ته‌رحی ده‌که‌م که به‌رچاوخستنی میکانیزمی کارکرنمانه بۆ خه‌باتی ئێستا و ئاینده‌مان، ڕه‌نگه لای گه‌لێک شیاو یا کارێکی کرده‌یی ( عه‌مه‌لی ) نه‌بێت، به بیانووی جیا جیای وه‌کو : ئه‌وه بۆ ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه‌ی ئێمه نابێت ، کۆمه‌ڵگەی ئێمه هێشتا زۆری ماوه بۆ ئه‌وه و له‌م ڕێگەیه‌وه ئه‌م سسیسته‌مه هه‌ره‌س ناهینێت ، یا ئه‌وانه کار و چالاکی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نیین و زۆری تر له‌م پاساوانه.
به‌ڵام لەگەڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌بێت ئه‌وه بزانین که زهرورهی ژیان، دووباره‌نه‌کردنه‌وه‌ی مێژوو، به‌هه‌ده‌رنه‌دانی گیانی هه‌زاره‌های تر، پێمان ده‌ڵێت گه‌ر بمانه‌وێت گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی بکه‌ین ده‌بێت له دروستکردنی گروپه لۆکاڵییه‌کانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، ده‌بێت له بنی کۆمه‌ڵگەوه هه‌نگاو هه‌ڵبنێین. کردنی گۆڕانکارییه زه‌روورییه‌کان ئاسانتره له پاڵدانه‌وه و هیچ نه‌کردن و ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ بارودۆخی مه‌وجوددا و دوایش باجی سه‌رئه‌نجامه‌کانی بده‌یت.
گه‌رچی بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م و کورتیش بووه به‌ڵام ئه‌زموونه‌کانی چه‌رخی ڕابوردوو، نیشانی ده‌دات که گۆڕینی کۆمه‌ڵگه مومکینه، گه‌رچی ئاسان نییه، به‌ڵام ده‌هێنێت هه‌وڵی بۆ بده‌ین، ئه‌و گۆڕینه‌ش ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موومانه، له‌به‌ر خاتر و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمانه، بهرپرسیاریمانه له ژینگه و نه‌وه‌کانی داهاتوومان و بۆ ئه‌وانه.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم که ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌ک نییه تاکو فه‌رز بکرێت به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، قاڵبێکیشم نییه تاکو خه‌ڵکه به‌شداربووه‌که‌ی پێ له قاڵب بده‌م، به‌ڵام دڵنیام به ئه‌نجامدانی گه‌لێک شت له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ترەوه، وه‌رگرتن و فێربوون له ته‌جروبه‌ی ئه‌وانه‌وه، به‌کارهێنانی کۆمۆن سێنس ( Common Sense) ، هه‌موو ئه‌مانه یارمه‌تیده‌رن و کۆمهککهرن له کێشانی کڵێشه‌یه‌ک یا فۆرمـێک بۆ ڕێڕه‌وی ئاینده‌و ئیتیجاههکهی، که به‌ره‌و کوێمان به‌رێت.
به‌ڵام له هه‌موو شت گرنگتر لێره‌دا ئه‌وه‌یه که باوه‌ڕ به‌وه بهێنین که سیسته‌می مه‌وجود نه مه‌رغوبه لای زۆربه‌ی زۆرمان و نه بێکه‌لێن و خاڵی لاوازیشه و نه به‌رده‌وامبوونیشی مسۆگه‌ر و حه‌تمییه. ئه‌م سیسته‌مه ئه‌وه‌نده لاوازه به پژمه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک، به ته‌سریحی کابرایه‌کی ده‌سه‌ڵاتدار یا پاوه‌ر فوڵ، به ته‌نها هه‌ر ئه‌وه، کافییه بۆ ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سه‌رجه‌می دراوه سه‌ره‌کییه‌کانی جیهان. له شوێنێکی وه‌کو بریتانیادا که کاپیتاڵیزم چه‌ند به‌هێزه و له لوتکه‌دایه، بۆ نموونە، مانگرتنی به‌رده‌وامی یه‌کێک له که‌رتی کرێکارانی وه‌کو هاتووچۆو ڕێگەوبان، فڕۆکەخانه، ئاگرکوژێنه‌ره‌وه، کۆکه‌ره‌وه‌ی باجوخهراج، هه‌تا کرێکارانی کۆکه‌ره‌وه و فڕێدانی زبڵ که لەبهریتانیادا ژماره‌یان زۆر که‌متره له کرێکارانی که‌رته‌کانی تر ، له پاڵ هاوکاری و سۆڵیدارێتی چه‌ند به‌شێکی تری کرێکاران، ده‌توانن ئه‌وه‌ی که ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا فه‌رزی بکه‌ن و حکومه‌تیش بگۆڕن. که‌واته ته‌نها که‌مه‌کێک له‌و که‌مایه‌تییه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارن له‌گه‌ڵ ده‌سگه ئیداریه‌کانیان ، ڕێکخراو و پاوه‌رفوڵ و به‌هێزن.
ده‌بێت ئاستی خه‌بات و چالاکیمان فراوان بکه‌ینه‌وه تاکو هه‌م هه‌موو کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بگرێته‌وه و هه‌م به‌شی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگه‌که‌ش، له‌و خه‌باته‌وه بگلێت. سه‌رجه‌می توێژاڵ و به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگه به چه‌شنێک له چه‌شنه‌کان ، له بوارێک له بواره‌کانی ژیاندا ، وجودییهتی یا مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه و پارێزه‌رانی که ده‌سه‌ڵاتدارانن، به هیچ شێوه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندییان نییه.
من ڕام وایه ئێمه پێویستمان به‌وه هه‌یه که لیجان و گروپ له هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رێکی کۆمه‌ڵگه‌که‌ماندا، له ناو کارگه و کۆمپانی و قوتابخانه و زانکۆکان‌دا، له کێڵگه و شوێنه کشتوکاڵییه‌کاندا، له ناو شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌کاندا، له نه‌خۆشخانه‌کاندا، له بازاڕه‌کاندا له هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کاندا، بۆ هه‌موو کێشه‌یه‌ک بۆ هه‌موو داخوازی و پێداویستییه‌کانمان دروست بکه‌ین.
له کوردستاندا که‌لێن و بۆشایی زۆر هه‌یه له ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ماندا، داخوازییه‌کان و پێداویستییه‌کانی ژیان ئه‌وه‌نده زۆرن که به ده‌یه‌ها گروپ بگره زیاتریشمان ده‌وێت له خهباتکردنماندا، تاکو به‌ده‌ستیان بهێنین . ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه به‌ته‌واوی له گرێژه‌نه ده‌رچووه ، زۆر زیاتر له وڵاتانی ئه‌وروپا. لەسەرکردهکانی ئه‌و میلله‌ته و بهرپرسیارهکانییەوه هه‌تا ئۆپۆزیشۆن و زۆربه‌ی تاکه‌کانی ناو کۆمهڵگەکهش کار لەسەر زیاتر داڕمان و وێرانکردنی ئه‌و وڵاته ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه لای من سه‌یر نییه که شتێک نییه له‌و وڵاته‌دا پێویست نه‌کات گروپێکی بۆ دروست نه‌کرێت. ئه‌مه: هه‌ر له چاککردنی ڕێگەوبانهوه ، که‌مپه‌ین دژی سه‌یاره و هێنانی سه‌یاره‌ی زیاتر و کردنی خه‌ڵکی کوردستان به کڕیاری سه‌یاره‌ی بێگانه ، واته ڕه‌وێنه‌ره‌وه‌ی به‌شیک له‌و قه‌یرانه‌ی که سیسته‌می کاپیتاڵیزمی تێی که‌وتووه، که‌مپه‌ین بۆ هه‌بوونی هۆکانی هاتووچۆی گشتی له چه‌شنی پاس و شه‌مه‌نه‌فه‌ر و میترۆ و…هتد به نرخێکی زۆر هه‌رزان و هاتنی له وه‌ختدا و زه‌مانه‌تی سه‌لامه‌تی نه‌فه‌ره‌کانی و ده‌وروبه‌ره‌که‌شی ، که‌مپه‌ین بۆ باشکردنی په‌روه‌رده و خوێندن، که‌مپه‌ین دژی قوتابخانه و زانکۆ‌و کلینیک و خه‌سته‌خانه‌ی ئه‌هلی، گروپی که‌مپه‌ین بۆ چاککردنی ته‌ندروستی چاره‌سه‌ری خه‌ڵکی ، بۆ ئاوی پاک، بۆ ژینگه، که‌مپه‌ین بۆ چاککردنی سه‌رجه‌می خزمه‌تگوزارییه‌کان، دژی گرانی شتومه‌ك و پێداویستییه‌کانی خه‌ڵک، بۆ مه‌سه‌له‌ی خانوبه‌ره و ئه‌و قه‌یرانه سهکهنییهی که ئێستا هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌کات ، که‌مپه‌ین دژی به‌رزێتی و به‌رزبوونه‌وه‌ی کرێی خانوو، مه‌سه‌له‌ی به‌تاڵه، که‌مپه‌ین بۆ هه‌بوونی ئه‌کسێس بۆ که‌مئه‌ندامان له هه‌موو دائیره‌کان و شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌کاندا هه‌تا له ناو شۆپه (دووکانه) گه‌وره‌کان و بازاڕه‌کاندا، که‌مپه‌ین دژی کردنه‌وه‌ی سۆپه‌رمارکێتی گه‌وره که خه‌ڵکێکی زۆر که‌م کاری تێدا ده‌کات و کاڵ او شته‌کانیشی هه‌موویان هاورده‌ن له وڵاتانی بێگانه‌وه، که ته‌نها هانی وابه‌سته‌ییمان به بازاڕی بێگانه‌وه و په‌راوێزکردنی کاڵاو به‌روبوومی خۆمانه، ده‌دات، که‌مپه‌ین بۆ مه‌سه‌له‌ی ئافره‌ت و دژی به‌کارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ریان، که‌مپه‌ین دژی ده‌ستدرێژکردنه سه‌ر ئافره‌تان و منداڵان و کرێکارانی کۆچەر و پەنابەران، که‌مپه‌ین بۆ کردنه‌وه‌ی یانه و شوێنی حه‌وانه‌وه و به‌سه‌ربردنی وه‌خت ، به خۆشێیه‌وه، بۆ خه‌ڵکانی پیر و که‌مئه‌ندام، که‌مپه‌ین بۆ چاکبوونی کاره‌با و هه‌بوونی ئاو به‌به‌رده‌وامی ، که‌مپه‌ین دژی هه‌ڵکه‌ندنی بیری ئیرتیوازی، بیری نه‌وت و دروستکردنی به‌ندی ئاو( سه‌د) که زۆربه‌یان زه‌روور نین، بۆ باشکردنی هه‌لومه‌رجی کارکردن له شوێنه‌کانی سه‌رکار به زیادکردنی کرێی کاریشه‌وه ، که‌مپه‌ین بۆ دروستکردنی گروپی هاوپشتی ئه‌م خۆپشاندان و سه‌پۆرتی ئه‌و مانگرتن و هاوکاری لەگەڵ ئه‌و که‌مپه‌ین ، دروستکردنی گروپی که‌مپه‌ین دژی ده‌ستدرێژیکردن و لێدان و کوشتنی کرێکارانی بێگانه که بۆ نان په‌یداکردن ئاواره‌ی وڵاتی ئێمه بوون هه‌ر وه‌کو چۆن زۆر له ئێمه ئاواره‌ی وڵاتانی تر بووین، که‌مپه‌ین دژی ڕایسیزم و فاشییه‌ت و فاشیزسم، که‌مپه‌ین بۆ هه‌بوونی زیاتری پارک، که‌مپه‌ین دژی دروستکردنی هۆتێلی ڕاقی و به‌رز، که به‌شی زۆری خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌ی کوردستان ته‌نهاو ته‌نها پیاههڵڕوانینیانه، دژی کردنه‌وه‌ی لۆقه‌نته و چێشتخانه‌ی گرانبه‌ها، که دیسانه‌وه سه‌رجه‌می خه‌ڵکه هه‌ژاره‌کان نه‌ک هه‌ر هه‌لی ئه‌وه‌یان بۆ ڕێک ناکه‌وێت که ژه‌مێک خواردنی تێدا بخۆن به‌ڵکو ژیان ئه‌و هه‌له‌شیان پێڕه‌وا نابینێت که بۆنی خواردنه‌کانیشی بکه‌ن.
بێگومان ئه‌م لیسته‌ی سه‌ره‌وه کۆتایی بۆ نییه چونکه هه‌موو که‌موکوڕیه‌کان و پێداویستییه‌کان ناگرێته‌وه و ده‌توانرێت درێژتر بکرێته‌وه، به‌ڵام من هه‌ر وه‌کو نموونەیهک لێره‌دا ڕیزم کردوون .
مکتبة القط الاسود الالکترونیة
ئیندمێدیا
الفسائل
الانارکیین اردن
جغرافیای آنارشی
سەکۆی ئەنارکیستان
شقیق
leave a comment